داگرتنی وتارەکە: لوقمان ڕادپەی – هەوڵ بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ لە سەردەمی دووای 7ی ئۆکتۆبر
ژووری هزری کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Forum :First Published in
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کوردستان وەک دەوڵەتێکی پراگماتیکی لێدێت کە بەدووای بەرژەوەندی هاوبەش، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بازرگانی دەگەڕێت.
ساڵێک دووای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیڵ لە 7ی ئۆکتۆبری 2023، ئێستا هێڵە ئایدیالۆژیکەکان ڕوون بووەنەتەوە. ئیسرائیڵ وەکوو تەنیا لیبراڵ دێمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە تەنیایی ڕووبەڕووی ئەو هێزانە وەستاوە کە پاشکەوتنخوازن. ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری، پەرەپێدان بە بایەخە دێمۆکراتیکەکان و بەرپرچدانەوەی سەرهەڵدانی دەسەڵاتخوازیی، پێویستی بە ستراتژییەکی نوێیە. کورد بە تێڕوانینێکی لیبراڵەوە و پابەندی بە بنەما دێمۆکراتیکەکان، جەوهەری چارەسەرییەکی جێگیرە.
ژێئۆپۆڵێتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیشەی لەو پەیمانانەدا هەیە کە زیاتر لە یەک سەدە لەمەوپێش واژۆ کراون. ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ-سازونوف (1916)، پەیماننامەی سیڤێر (1920)، پەیماننامەی لۆزان (1923)، سیستمی سەرپەرەشتی کۆمەڵەی نەتەوەکان کە سەرجەمیان کوردیان لە بەرچاوو نەگرت. جیا لە پەیماننامەی سیڤێر، ئەم ڕێککەوتننامانە، دانینان بە مافەکانی خەڵکی کوردا بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەنا. کوردەکان لە لایەن ڕژیمە سیاسییە یەک لە دووای یەکەکانەوە ڕێگری لە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان کرا؛ هەر بۆیە چەندین جار شۆڕشیان هەڵگرساندوو و لە پێناو کوردستانێکی سەربەخۆ خەبات و تێکۆشانیان کردووە. بڕیاری ستالین بۆ نەهێشتنی کوردستانی سوور (Krasnyi Kurdistan) و هەروەها لکاندنیان بە ئازربایجان و دوورخستنەوەی کورد، بوو بە هۆی قۆناخێکی نوێ لە مێژووی درێژی ئاوارەیی و سەرکوت بۆ ئەم نەتەوەیە. بە هەمان شێوە لە ئێرانیش، ڕژیمی پەهلەوی کۆماری کورتماوەی کوردستانی لە دێسامبری 1946 بە شێوەیەکی دڕندانە لە ناو برد و لە دووای ئەوەش ڕێبەڕانی ئەو بزووتنەوەیەی لە سێدارە دا.
نکۆڵی سیستماتیک لە بە فەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد، ناسەقامگیری و ئاژاوەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژە پێداوە. دابەشکردنی کوردستان بزوێنەرێکی جدی بووە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، هەروەهاش قووڵترکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئێستاش لاوازی ئاسایشی ناوچەیی لێکەوتۆتەوە. ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، بە بێ گرنگیدان بە تێچووی مرۆیی، چنگیان لە سنوورەکانیان گیر کردووە، لە هەمانکاتیشدا جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاک دەکەنەوە بە پشتبەستن بە یاسای نێونەتەوەیی. پەنابردن بۆ یاسای نێونەتەوەیی لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن، نیشانەی دوو ڕوویی و گاڵتەجاری ئەوانە بۆ خنکاندنی ئاواتەکانی کورد.
ئەم وڵاتانە و دراوسێکانیشیان زۆربەی جار دەڵێن فراوانخوازیی کوردەکان دەبێتە هۆی لێکترازان و نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکەدا. ئەوان تۆمەتی ئەوە دەبەخشنەوە کە بەردەوام دەڵێن درووستبوونی هەر کوردستانێک دەبێتە “ئیسرائیڵی دووەم”. ئەمە بەراوەردێکی فریودەرە؛ ئیسرائیڵ نە ئایدیالۆژیای خۆی بردووەتە دەرەوەی سنوورەکانی و نە گروپی چەکدار و میلیشیایی لە وڵاتانی ناوچەکەدا درووست کردووە. کوردستانیش دەبێتە دەوڵەتێکی پراگماتیک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بازرگانی، مامەڵە دەکات و پەیوەندی درووست دەکات. نە خواستی پانخوازی و نە دەمارگرژیی ئایینی نابنە بزوێنەری دەوڵەتی کوردی. ئەمە مۆدێلێک لە حوکمڕانی لیبراڵ، ڕکابەری ئابووری و هاوکارییە، نەک دەزگای درووستکردنی دووبەرەکی یان توندڕەوی.
ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا سەربەخۆیی کوردستان ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە یان بە پێچەوانە، ئەوە نەبوونی کوردستانێکی سەربەخۆیە کە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات؟
لە ناوچەیەک وا بە دەسەڵاتخوازیی، دژە-لیبراڵیزم و مەیلی ئایینی شکڵی گرتووە، کوردستانی مۆدێرن و سەربەخۆ تەنیا ئاواتی کورد نییە بەڵکوو ئەمە پێویستی ستراتژیکە بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا. کوردەکان شایستەیی خۆیان وەک هێزێکی سەقامگیربەخش سەلماندووە، داعەشیان تێکشکاند و لە بەرانبەر ئایدیالۆژیا پاوانخوازەکان بەرگری دەکەن. ئەوان پێشەنگی شۆڕشی ژینا -ژن، ژیان، ئازادی- لە ئێراندا بوون؛ بزووتنەوەیەک وا لە بەرانبەر دیکتاتۆری و سەرکوتی ئێرانییەکاندا وەستایەوە.
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێی زۆرتر نزیک دەبێتەوە، کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت وەکوو قەڵایەکی بەرگریکەری لیبراڵیزم و مۆدێرنیتە لە ناوچەکە کار بکات؛ ناوچەیەک وا هێشتاش گیرۆدەی سێکتاریانیزم و دیکتاتۆرییە. هەر دوو بەشی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ڕۆژاوا لە سوریا، لە ئێستادا خاوەن توانست و پێداویستییە زاتییەکانی دەوڵەتبوون بۆ بنیاتنانی وەها داهاتوویەکن؛ لە هەمانکاتیشدا کوردەکان لەم دوو ناوچەیەدا چاوەڕوانی ئەم ئەگەرەن کە هاوچارەنووسەکانیان لە ئێران و تورکیاوە لە کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆدا بچنە پاڵیان.
داڕێژەرانی سیاسەت لە خۆرئاوا بە جێی وەرگرتنی پرۆپاگاندای دیکتاتۆرانی ناوچەکە دەبێت پرسیار بکەن: ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ ئاوا هێزێکی پێشکەوتنخواز بوونی دەمێنێت کە داهاتووی خۆی بەرەو ئاشتی و سەقامگیری دابڕێژێت؟
___________________________________________________
سەرچاوە:
https://www.meforum.org/mef-observer/the-push-for-sovereign-kurdistan-in-the-post-october-7-era
د. لوقمان ڕادپەی لێکۆڵەرێک لە سکاتلەندە. کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.