داگرتنی وتارەکە: لوقمان ڕادپەی – بەرنامەی ئازادیـی ئەمریکا و هەڵەتێگەیشتنی لە پرۆکسییە گوتارییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دامەزراوەی “هاوپەیمانی ئەورووپایی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی”
(The European Consortium for Political Research)
ئۆکتۆبری 2024
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
ئێستا زیاد لە یەک ساڵ لە 7ی ئۆکتۆبر و هێرشی تێرۆریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیڵ تێدهپهڕێت. بزوێنهری بنەمایی هێڕشبەران چی بوو؟ زۆرجار بانگهشهی ئهوه دەکرێت کە حەماس تەنیا بە هۆکاری بەرژەوەندی ناوچەیی یان دوژمنایەتی ئایدیالۆژیک جووڵاوە. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەمە وێنە گشتییەکەیە یان فاکتۆرگەلی دیکە ڕۆڵ دەگێڕن؟
لە سەردەمی سەرۆککۆماری جۆرج دەبلیوو بووشدا، دوو کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەتی دەرەوە بریتیبوون لە شەڕی جیهانی دژ بە تێرۆر و بانگەشەکردن بۆ دێمۆکراسی. بووش لە ساڵی 2003دا دەیهەویست لە ڕێگەی پڕۆژەیەک كه ناوی “بەرنامەی ئازادی” بوو، دێمۆکراسیی پەرە پێ بدات.
ئەمریکا ئەم بەرنامەیەی لەسەر ئەم باوەڕە دامەزراندبوو کە ئازادی و دێمۆکراسی دەتوانێت توندڕەوی سنووردار و کۆنترۆڵ بکات و ببنە ڕێگەی سەقامگیریی و ئاسایش لە سەرانسەری جیهاندا. هەرچەند، ڕووداوگەلی چەن دەیەی ڕابردوو پێشانی ئەدەن کە ئەم بەرنامەیە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاکامگهلی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە. بە تایبەت بووە هۆی سەرهەڵدانی پرۆکسیی گوتاریی دژە-خۆرئاوا کە لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندییە ئانارشیکەکانی ئێران هاوئاراستهیه.
گۆڕانی ئایدیالۆژیک و ڕێژەخوازیی پۆست-مۆدێڕن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بهتهواوی گرتۆتهوه؛ هەر بۆیە واقعیهته ناوچەییەکانی بە هەڵە لێک داوەتەوە. بەم هۆیە توانایی ئەمریکا لە بەرانبەر مەترسییە ڕووڵەگەشەکانی هێزگەلی ناوچەیی لاواز بووە، بۆ نموونە ئێران لە گوتاری زاڵی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کارتێکەریی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
بەرنامەی ئازادی: ئایدیاڵەکان و ڕەخنە
بەرنامەی ئازادی سیاسەتێکی بەرزەفڕی ئایدیالۆژیک بوو، بەڵام لەگەڵ بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکادا یهک دههاتهوه. ههر چۆنێک بێت، ئەم ڕوانینەی ئەمریکا ڕەخنەی کردەیی و تیۆریکی بهرامبهر بهخۆی هەڵگیرساند. ڕەخنەگران بەڵگاندنیان دەکرد كه لە بەر گریمانە یونیڤێرساڵهكان، بەرنامەی ئازادی بە شێوەی زاتی ناتەواوە.
ئەم ڕەخنەگرانە لیبراڵ-دێمۆکراسییان وەکوو چەمکێکی “ئەمریکا ناوەند” دەدیت کە لە ڕەچاوكردنی بەستێنە جۆراوجۆرە سیاسی و کەلتوورییەکان شکستی خواردووه. هەروەها بەڵگاندیان کە ئەو پڕۆژەیە ئاڵۆزییەکانی حوکمڕانیی لۆکاڵی لە ناوچەکه لە بەرچاو نەگرتووە. ئەمەش کاراییی بەرنامەکەی لە بەدەستهێنانی سەقامگیری درێژمەودادا لاواز کرد.
ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “به ئەمریکایی” کراوە؛ واتە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە توندی ئایدیالۆژیک بووتەوە و خاوەن ڕوانینێکی عەقڵانی نییه. تەنانەت لێکۆڵەران بەرنامەی ئازادییان وەکوو ئایدیاڵیزمێکی چەقبەستووی لیبراڵ پێناسە دەکرد.
دارێژهرانی سیاسهت له ئەمریکا دەیانهەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو بوونەوەرێکی نەگۆڕ و یەکپارچە کە خاوهن پێكهاته نییه، ببینن. ئەوان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دێمۆکراتیزەکردن لە سەرەوەو بۆ خوار بیگۆڕن. سەرەڕای ئەمانە، ئاماژەی سەرەکی ڕەخنەکان بۆ ئهوهیه کە ڕوانینی وشکی داڕێژهرانی سیاسهت، چاوپۆشی كردووه لە ڕۆڵی گرنگی کۆمەڵگای مەدەنی یان واقعیەتە سیاسییە لۆکاڵەکان بۆ ورووژاندنی ناسەقامگیری.
پهیوهستكردنهوهی ڕەخنەکە لەگەڵ مەترسییە هەنووکەییەکان
هەوڵی ڕێونی ئەمریکا بۆ جیهانیکردنەوەی دێمۆکراسی، بۆشاییی دەسەڵاتی بە تایبەت لە عێراق، سووریا و لوبنان درووست كرد. بە تایبەت ئێران ئەم بۆشاییانەی بە باشی، بۆ دەستڕۆشتووییی زیاتری خۆی بەکار هێناوە؛ بەڵام نەک تەنیا بە شێوەی دەستێوەردانی سەربازیی نەریتی بەڵکوو لە ڕێگەی بەکارهێنانی پرۆکسییە گوتاری و ئایدیالۆژیکەکان، بۆ دووبارە داڕشتنەوە و گۆڕینی سیاسیی دیمەنی ناوچەکە.
ئەم داینامیکە بە تایبەت لە ڕێگەی ئیدعای بووش سەبارەت بە گەورەترین مەترسی بۆ ئازادی کە بریتییه له بە یەکگهیشتنەوەی ڕادیکاڵیزم و تێکنۆلۆژیا، هەستی پێ دەکرێت. توانایی ئێران بۆ پڕچەککردنی ئایدیالۆژی، بە شێوەیەکی ترسناک ئیدعاکانی بووش دەخاتە ڕوو و هاوکاتیش ئاکامە نەخوازراوەکانی بەرنامەی ئازادی ئەمریکا ئاشکرا دەکات. ستراتژی ئەمریکا بۆ دێمۆکراتیزەکردن، لە هەمان کاتدا کە ئایدیاڵیستی بوو، بهرچاوڕوونیی ستراتژیکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژەخوازیی پۆست-مۆدێرن له خۆ نهگرتبوو. ڕێژە خوازییەک وا ئێستا گێڕانەوەی دژە-خۆرئاوایی لە ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە.
سەرهەڵدانی پرۆکسییە گوتارییەکان
ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبری 2023، ئاماژەیان بە ههڵچوونی بەرچاوی هەستی دژە-خۆرئاوا ودژە-زایۆنیست دا. ئەو ڕووداوانە شکستی قووڵ و ڕیشەییی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد. دەستڕۆشتووییی ئێران لە ناوچەکە لە ڕێگەی یەکخستنی ئیسلامی سیاسی دژە-کۆڵۆنیاڵ لەگەڵ گوتاری دژە-خۆرئاوا زیاتر بووە و ئەمەش گێڕانەوەیەکی ساز کردووە کە لە نێوان خەڵکانی پەراوێزخراودا دەنگ دهداتهوه.
دەکرێ هێزی گوتاری ئێران بە ڕەخنەی پۆست-مۆدێرن لە عەقڵانیەتی ڕۆشنگەری ببهسترێتهوه. پۆست-مۆدێرنیزم گێڕانەوە گشتی و گەورەکان ڕەد دەکاتەوە و لەسەر ڕێژەخوازیی پێداگری دەکات. ئاوا دیمەنێک، بناغەیەکی بهپیت بۆ ئێران و ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکە بەرهەم دەهێنێت تاکوو بەربەست بۆ هەژموونی خۆرئاوا درووست بکەن. بە لەچێوەگرتنی کردەوەکان لە ژێر ناوی بەرخۆدان دژ بە ئێمپێریاڵیزم و زایۆنزم، ئێرانییەکان تووانیویانە لە نێو جیهانێک كه لیبراڵیزمی خۆرئاوایی بە تایبەت بە شێوەی زاتی وەکوو فۆڕمێک لە نیو-کۆڵۆنیاڵیزم دەبینرێت، ڕەوایی وەربگرن.
ئێران لەسەر بنەمای ئەم ڕەواییە هەوڵ دەدات هێڵی ستراتژی ناسیۆناڵیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کاڵ بکاتەوە. ئامانجی ئێران ڕێگریکردن لە دەوڵەتانی دراوسێی خۆیهتی بۆ نەگەیشتن بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە پێشووتر پەیمانی ئیبراهیم کۆیانی کردبوویەوە. یەکگرتوویی ئیسلام و گوتاری شۆڕشگێڕانە لەسەر بنچینەی سیاسەتی دەرەوەی نادەوڵەتی یان ئێمپراتۆریایی -بۆ نموونە نیوسەفەویزم و نیوعوسمانیزم– گەرەنتی دەکات کە ڕژیمی تاران لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە و هەروەها قهڵغانێكی بەرگریشی بۆ ساز دەکات.
بەستێنی پۆست-مۆدێرن: ڕێژەخوازیی و فرەکەلتووریی
لەم بەستێنە پۆست-مۆدێرنەی ڕێژەخوازیی و فرەکەلتووریدا، دەرکەوتنی دیاردەی ئیسلامۆ-لێفتیزم [چەپی ئیسلامی]، بایەخی جیهانی لیبراڵ-دێمۆکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم ئایدیالۆژیایە بنەڕەتێک بۆ بزوووتنەوەگەلی دژە-خۆرئاوا دابین دەکات و دژی کارتێکەری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێتەوە؛ ههروهها پێشوازی لە سیاسەتی دەرەوەی “پۆست-بووش” و تەنانەت جیهانی پۆست-ئەمریکاش دەکات. لە نێو ئەم بزووتنەووەگەلەدا، پۆست-مۆدێرنیزم )یان پۆست-کۆڵۆنیاڵیزم( دەبێتە مۆدێلی سیاسەتی دەرەوە، شوێنێک کە تێیدا پۆست-کۆڵۆنیاڵیزم -یان ڕێژەخوازیی توندڕهو- جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەمووی کێشە جیهانییەکان بە تەنیا تاوانی ئێمپێریاڵیزمی ئەورووپاییە.
ڕژیمی ئێران، دەوڵەتە ئیسلامییەکان و ئیخوان موسلمین، هەموویان سەرمایەگوزارییان لەسەر ئەم گۆڕانە فکری و ڕووناکبیرانەیه کردووە و خۆیان وەکوو پاڵپشتی فرهییی کەلتووری و خۆبهڕێوهبهریی سیاسی ناساندووە. ئێران لە ڕێگەی یارمەتیدانی گرووپگەلێکی وەکوو حزبوڵڵا و حەماس، پێگەی خۆی وەکوو ڕێبەری ئایدیای دژە-خۆرئاوایی، دژە-زایۆنیستی جێ خستووە و ئەمەش ناوچەکەی زیاتر لە ڕابردوو ناسەقامگیرتر کردووە.
بەرنامەیەکی شکستخواردوو و واقعیەتێکی نوێ
ئەم ناجێگیرییە بە هۆکاری لەبەرچاونهگرتنی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن “بەرنامەی ئازادی”، خراپتریش بووە. ئێستا ناوچەکە لە بەرانبەر سەرهەڵدانی پرۆکسییە گوتارییەکان، بە تایبەت سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێراندا لاواز بووە. ئەم پرۆکسییانە کە لە ڕێگەی ڕێژەخوازیی پۆست-مۆدێرنەوە بەهێز کراون، فۆڕمێکی نوێ لە مەترسییان درووست کردووە، مەترسییەک كه تەنیا بە کردەی سەربازی و چەکدارانە بچووک نابێتەوە بەڵکوو بە شێوەیەکی قووڵ ئایدیالۆژیکە.
سڕینەوەی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵا، وەبەرچاوهێنەری واقعیەتێکی نوێ و مەترسییەکی تازهیه بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەمەش، هێشتا پێویستمان بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە، تا سروشتی گوتاری و ئایدیالۆژیکی وهها مەترسیگەلێکی نوێ قبوڵ بكات. بە بێ ئاوا پێداچوونەوەیەک، ناوچەکە وەکوو گۆڕەپانی شەڕی گێڕانەوە لێکدژەکان دەمێنێتەوە و ئێران و ئەکتەرەکانی دیکەش لە شێوهبهخشینهوهی داهاتووی ناوچەکە بەردەوام دەبن. گەر ئەمریکا هیوای بە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، نەک ههر تەنیا دەبێت لە بەرانبەر واقعیەتە سەربازییەکانی ئەم ناکۆکییە بوەستێت بەڵکوو دهبێت بهرپهرچی ڕهههنده ئایدیالۆژیكهكانیشی بداتەوە.
___________________________________________________
سەرچاوە:
د. لوقمان ڕادپەی لێکۆڵەرێک لە سکاتلەندە. کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.