کورد نابێت متمانە بە دەسپێشخەریی ناڕاستگۆیانەی تورکیا بۆ ئاشتی بکات
لوقمان ڕادپەی

ک

داگرتنی وتارەکە: ⁨لوقمان ڕادپەی – کورد نابێت متمانە بە دەسپێشخەریی ناڕاستگۆیانەی تورکیا بۆ ئاشتی بکات ⁩

 

ژووری هزری کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Forum :First Published in
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت

 

لە کاتێکدا ئێسرائیڵ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حەماس، حزبوڵڵا و هێزە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە ئێران دەستی باڵای هەیە، داینامیزمیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە. بە بۆنەی لاوازبووونی پرۆکسییەکانی ئێرانەوە، چی دیکە ئیسرائیڵ پێویستی بە تورکیا وەکوو هاوکارێکی ستراتژیک نییە. تورکیا بە  تێگەیشتن لە ئەگەری کەوتنە پەراوێزیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ڕێچکەی خۆی گۆڕیوە و لەناکاو پێشنیاری گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد دەدات. دووای کوشتنی دوو پۆلیسی تورک لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تۆمەتباربوونی تورکیا لە هاوکاری لەگەڵ داعش بۆ بومبدانانی لە پیرسوس (سوروچ) و کوژرانی زۆرتر لە سی کەس و برینداربوونی زیاتر لە سەد کەس لە چالاکوانانی کورد، هەنگاوێکی هاوشێوە بۆ ئاشتی لە ساڵی 2015دا شکستی هێنا.

تورکەکان دەڵێن ڕێگەیان بە عەبدوڵا ئۆجالان (کە لە ساڵی 1999ـەوە لە دورگەی ئیمرالی زیندانییە) داوە کە لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە لە شاخەکانی قەندیل پەیوەندی بگرێت. لە هەر حاڵەتێکدا، ڕۆژنامەنووسان نابێت ئەم لێدوانانەی تورکیا بە سانا وەربگرن. پەکەکە چوارچێوەیەکی توندی ئەمنی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ڕەچاو دەکات و لەم دووایانەش بۆنەی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕێبەرانی پەکەکە لە قەندیل، ئەگەری هەبوونی پەیوەندی تەلەفونی دەگمەنە.

بەڵام ئەگەر ئەم پەیوەندییە ڕووی داوە، چ شتێک دەتوانێت ناواخنی ئەم وەرچەرخانەی تورکیا ڕوون بکاتەوە؟

لەو سەردەمەوە کە موستەفا کەماڵ ئەتاتورک لە ساڵی 1923، تورکیای وەکوو دەوڵەت-نەتەوەیەکی ئێتنیکی-شۆڤێنی بنیاتنا، دەوڵەتی تورکیا بوونی کوردەکانی وەکوو نەتەوەیەکی جیا کە لە سەر نیشتمانی مێژوویی خۆیان دەژین ڕەد کردەوە. تورکیا لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنەوە، دەستی بۆ پاکتاوکردنێکی توندوتیژ دژ بە کورد برد؛ هەروەها لە درێژەیدا ڕێکخستنێکی بۆ سڕینەوەی کەلتووری دەستپێکرد کە قەدەغەکردنی زمان، موسیقا و میراتی کوردی لێکەوتەوە. تورکیا بەردەوام لە رێگەی لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی رێبەڕەکانیانەوە، هەوڵی بەتورککردنی کوردەکان و سەرکوتی ناسنامەکەیانی داوە؛ ئەشکەنجە و تواندنەوەی لە ڕێگەی سیستمی  پەروەردە گرتووەتە بەر. ئەمڕۆکەش سەرکوت بە بێ وەستان بەردەوامە. لە راستیدا بوردومان و وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان لە لایەن هێزی سەربازی تورکیا، لە دووای ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەکانی پەکەکەش لە ساڵانی ڕابردوو دیسان بەردەوامە و زیاتریش بووە.

ئێستا سەرۆکی حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (MHP) لەگەڵ هاوسەرۆکی حزبی یەکسانی و دێمۆکراسی (DEM) کە لایەنگری کوردەکانە دەستی تەوقە ڕادەکێشێت؛ جووڵەیەکی سیاسی کە لە لایەن سەرۆککۆمار و بەڕێوبەری حزبی داد و گەشە (AKP)، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان پاڵپشتی لێکرا.

لێکدانەوە ستراتژیکەکانی تورکیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەڵام ناواخنی سیاسەتەکەی وەک خۆی ماوەتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا سەرقاڵی شانۆگەری و پێشاندانی وێنەی تەوقەکردنەکەیە، دەیان ناوەند و دامەزراوەی زمانی و کەلتووری کوردی لە سەرانسەری باکووری کوردستان داخستووە. ئەم کردەیە هاوکات بووە لەگەڵ داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان -بۆ بەتورککردنی ناوچەکە- کە ئاوارەیی و جێهێشتنی ماڵی هەزاران کوردی لێکەوتووتەوە. نوێنەر و سەربازانی تورک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی دێمۆکراتی سۆریا (SDF) [هەسەدە] دەست بۆ تێرۆر و کوشتنی خەڵکی سڤیل دەبەن تاکوو بەم بۆنەیەوە ژمارەیەکی بەرفراوانتر لە کوردەکان لەو ناوچەیە ڕابگوێزن. هەروەها لە باشووری کورردستان، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گرژتر کردووە و سەدان کەسی لە ناوچەیەش کوشتووە.

کۆی ئەم ڕەفتارانە دەیسەلمێنێت کە ئەنکەرە هیوای ئەوەی هەیە کە لە هەرجۆرە نەزمێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک وەک هێزێکی پەسیڤ بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی چالاک بەشدار بێت. ڕاگرتن و پاراستنی ڕۆڵی سەردەست لە لایەن تورکیا گرنگییەکی زۆری هەیە و هاوکات لە چاوی بەرپرسانیانەوە، کوردەکان نەک نەتەوەیەکن بۆ ڕێزگرتن بەڵکوو کەرەستەیەکن بۆ دەستکاریکردنی ناوچەکە. ڕەنگە تورکیا هەوڵی ئەوە بدات کە کوردەکان پەراوێز بخات بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی و وڵاتانی عەرەبی ناوەڕاست نابێت وەها شێوازێک بگرنە بەر. لە نێو هەر جۆرە قەوارەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە، کوردەکان هاوپەیمانێکی پێویست و گرنگن. هەم لە عێڕاق و هەم لە سوریا، کوردەکان هێزێکی سەلمێنراوی پاڵپشتی خۆرئاوان کە لە بەرانبەر داعش و گرووپە ڕادیکاڵ و جیهادییەکان خۆڕاگرانە وەستاون. هەروەها کوردەکان لە ئێڕان توانستی ئەوەیان هەیە کە هاوکارێکی جێ متمانە بۆ هەر جۆرە چوارچێوەیەکی نوێی سیاسی و ئابووری بن.

ڕاستی ئەوەیە کە تورکیا لە ترسی ڕۆڵێکی بەرچاو کە کوردەکان دەتوانن بیگێڕن و دەستڕۆشتوویی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کەم بکەنەوە، دیسان یارییەکی فێڵەبازانەی گرتووەتە بەر. تورکەکان پێش کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم و پێش یاسای بنەڕەتی 29- ی ئۆکتۆبری -1923 کە بوونی کوردەکانی ڕەد کردەوە، پێشنیار و بەڵێنی خودموختارییان بە کورد دابوو. تورکیا تا ئێستاش لە سیاسەتی سەرکوتی ئێتنیکی و کەلتووری بەردەوامە: دادگاکانی دژ بە سیاسەتوان و شارەوانە کوردەکان بەکاردەهێنێت کە لە زمان و پیتە کوردییەکانی x و q کەڵک وەردەگرن وا لە زمانی تورکیدا نین. سەرەڕای ئەمە، تورکیا جل و سەرپۆشگەلێک کە ڕەنگی سوور، زەرد، سەوز و شێوەی ئاڵای کوردستانی هەبێت قەدەغە دەکات. کوردەکان بە بۆنەی گوێدان بە موسیقای کوردی یان جەختکردن لەسەر ناسنامەیان دەکوژرێن. زمانی کوردی لە دادگاکانی تورکیا بە فەرمی نەناسراوە.

زۆرجار مێژوو ڕیتمی هەیە و کوردەکان دەبێت لەمەڕ پێشنیارەکانی تورکیا چاوکراوە و ئاگادار بن. زۆربەی جار حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا وەکوو کارتێکی مشتومڕی سیاسی کەڵکیان لە پرسی کوردستان وەرگرتووە و هەروەها سیاسەتی دژە-کورد و نیگەرانی ئەمنییان وەکوو دەرفەتی بزواندنی هەستی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردن بەکارهێناوە. بە بێ بە فەرمی ناساندنی واقعی و جەوهەرییانەی خودموختاری و مافەکانی کورد، ئەم جۆرە شانۆیانە بۆ ئاشتیخوازی، وەکوو بازنەیەکی بۆش دەبینرێت. پەیام بۆ کوردەکان زۆر ڕوونە: کوردینە، هەڵنەخڵەتێن. بانگەشەی “یەکێتی”و “ئاشتی” هیچ نییە جیا لە تەڵەکەیەکی دیکە بۆ دەستکاریکردنی ئامانجەکانی کورد بە قازانجی تورکیا.

ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسیدایە و لە ساڵی 2019ـەوە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵە یان پارێزەرەکانی مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵیدا نییە. متمانە تەنیا دووای بڕیار و کردەی ڕاستەقینە و بەرچاو دەستەبەر دەبێت. سەد ساڵ نکۆڵی و سەرکوت ناتوانێ بە شەوێک کۆتایی پێبێت یان تەنیا بە قسە و تەوقەیەک چارەسەر بکرێت.

___________________________________________________

سەرچاوە:

https://www.meforum.org/mef-observer/kurds-shouldnt-trust-turkeys-insincere-peace-outreach

د. لوقمان ڕادپەی لێکۆڵەرێک لە بریتانیایە. کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاریکۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبیبەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌

ئه‌ستێڵ