داگرتنی وتارەکە: پییەر ئەندرێ تاگییەف – دیکۆڵۆنیاڵیزم خه‌ڵه‌فانی چه‌پی ڕۆشنبیره له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا
ڕۆژنامەی فیگارۆ
نۆڤامبری2020
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
پرسی کۆمەڵایەتی
پییه‌ر ئه‌ندرێ تاگییه‌ف، فیلسووف و بیرمەندی بواری سیاسه‌ت، مێژوونووسی ئایدیاكان و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری نه‌ته‌وه‌یی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی فهڕانسایه. ئەو له‌تازه‌ترین بڵاوكراوه‌یدا، به‌ناوی “چه‌واشه‌ی دیكۆڵۆنیاڵ”[1]، سه‌ركۆنه‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیكۆلۆنیاڵیزم له‌ناو چه‌په‌كاندا ده‌كات.
فیگارۆ: له دووایین كتێبتاندا به‌ناوی چه‌واشه‌ی دیكۆلۆنیاڵ، ده‌ڵێن: «مه‌ترسی پۆست-كۆڵۆنیاڵیزم ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئاراسته‌كانی چه‌پ به‌ره‌و ڕوانگه‌ی شوناسته‌وه‌ر[2] په‌لكێش دەکات.» ئه‌م ڕوانگه شوناستهوهره كه ئێوه‌ی نیگه‌ران كردووه چییه؟
تاگییه‌ف: زۆر به كورتی، پۆست-كۆڵۆنیاڵیزم ڤێرژنێكی نه‌رمی دیكۆڵۆنیاڵیزمه، كه نه‌ک به‌هۆی پته‌ویی بناغه‌ی تیۆریک به‌ڵكوو له‌به‌ر “ڕادیكاڵیته” و ئایدیالۆژی یان سیاسیبوونهكهی[3]، سه‌رنجی زۆركه‌سی ڕاكێشاوه. ئایدیالۆگە دژە-كۆڵۆنیاڵهكان، بانگه‌شه‌ی دابڕانێكی ته‌واو و هه‌مه‌لایه‌نه له ڕابردووی شوومی فه‌ڕانسا؛ و له ئاستی گه‌وره‌تردا ئه‌ورووپا و خۆرئاوا ده‌كه‌ن و مێژووه‌كه‌ی له نه‌ژادپه‌رستی، بازرگانیی كۆیله‌داری و كۆڵۆنیاڵیزم و ئێمپێریاڵیزمدا كورت ده‌كه‌نه‌وه. به‌م جۆره ئه‌وان خۆیان له به‌ره‌ی ئه‌و چالاكوانه “دژه-مێژوو”انه‌دا[4] ده‌بیننه‌وه كه به مێژووی جیهانی (مۆندیال) یان (گلۆباڵ) ناسراوه و داوای لێكترازانی (deconstruction) ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی فهڕانسی ده‌كه‌ن. ئه‌وان یونیڤێرساڵیزم به جوودۆكریستیانیزم، رۆشنگه‌ری به یورۆسێنتریزم پێناسه ده‌كه‌ن و به تاسه‌وه هه‌وڵی لێكترازانی ده‌ده‌ن؛ هاوكات له هه‌وڵدان بۆ “بە پارێزگاکردنی ئه‌ورووپا”[5] و كەلتوورهكهی. ئه‌وان لاییسیتهش تاوانبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه لێبورده نییه و ڕێگری له فره‌یی و پیرۆزییه جیاوازه‌كان ده‌كات.
بایەخی پۆست-كۆڵۆنیاڵیزم لای چه‌پ و چه‌پی توندڕه‌و، له‌سه‌ر بنه‌مای بۆشایی وه‌ستاوه، كه هۆكاره‌كانی ئاسان ده‌ناسرێنه‌وه. لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی چه‌پ و ته‌واوبوونی مۆدێلی سۆسیاڵ دێمۆكراتی، بێ باوه‌ڕی به‌رده‌وام به‌رامبه‌ر ماركسیزم و یۆتۆپیای كۆمۆنیستی؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئێمه دیسان دژە-سه‌رمایه‌داری و دژە-ئێمپێریاڵیزممان وه‌ک میراتێگ وه‌رگرته‌وه. ئەمە بریتییە لە نیو-فێمێنیزمێک وا ئێستا له كۆڕوكۆبوونهوهی ڕۆشنبیران به‌بازاڕی بووه و پێی ده‌ڵێن ڕادیكاڵ، و هاوكات ده‌ركه‌وتنی دژە-ڕەیسیزمێكی چه‌واشه‌كار و ده‌مامكدار، كه له‌گه‌ڵ خۆیشیدا نهژادپهرستییهكی دژه-سپی[6] هێناوە و هاوكات جوودۆفۆبییەکەشی به ڕوخساری دژە-زایۆنیزم ده‌شارێته‌وه.
ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ست به شه‌رمه‌زاری و گوناه به‌رامبه‌ر به ئیسلام، “دینی هه‌ژاران” و “بنده‌ستان”ـی موسڵمانان هاتۆته سه‌ر، به‌و مانایه‌ی كه دژایه‌تی ئیسلامۆفۆبیا، ده‌بێ به یه‌كه‌م فه‌رمانی ڕێزگرتن لە “دینی ئه‌ویتر”[7] بزانرێت (فلیپ ئیربیارن). ده‌بێ هه‌روه‌ها ئاماژه به كاریگه‌ری چه‌پی شوناسته‌وه‌ر[8] به فۆڕمی ئه‌مریكی بكه‌ین، كه مژار و بابه‌ته‌كانی زۆر به چڕوپڕی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌م ڕوانگه‌یه هه‌موو چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی جیهان به په‌یوه‌ندییه‌كی نایه‌كسان لە نێوان “سه‌رده‌ست” و “بنده‌ست” و بە زاراوه‌ی نهژادخواز و قوربانی ڕوون ده‌كاته‌وه: “سپییه‌كان” سه‌رده‌ست و “ناسپییه‌كان” بنده‌ستن. نه‌ژاد و ڕه‌یس دیسانه‌وه دەکەونە به‌رباس: ئه‌گه‌رچی وه‌ك لێكسازراوێكی (construct) كۆمه‌ڵایه‌تیش پێناسه ده‌كرێت، به‌ڵام ڕه‌نگی پێست وه‌ک بنچینه‌ی ده‌ستنیشانكردن ده‌مێنێته‌وه.
بۆ نموونه ئێمه زۆر به تاسه‌وه بانگه‌شه‌ی “ئاگایی ڕه‌ش”، “شوناسی ڕه‌ش”، “غرووری ڕه‌ش” ده‌كه‌ین، به‌ڵام سه‌ركۆنه‌ی ئه‌وانه ده‌كه‌ین كه باسی سه‌رده‌ستی سپییه‌كان و “شوناسی سپی”، “ویژدانی سپی” و “غرووری سپی” ده‌كه‌ن (كه بێگومان ده‌بێ سه‌ركۆنه‌ی بكه‌ین). به‌مجۆره ئێمه خۆمان له دنیایه‌كدا ده‌بینینه‌وه كه به‌ناوی دژە-ڕەیسیزمێكی گوماناوییه‌وه، كه دژه سپییه، دابه‌ش ده‌بێته سه‌ر دوو به‌ره‌ی سپی و ڕه‌ش یان ناسپییه‌كان. به‌و مانایه‌ی كه شێوه‌یه‌ك له ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئه‌رێیی و ڕه‌وا (correct) دێته ئاراوه و پێچەوانەبوونەوەیەکی گه‌وره‌ی به‌ها و نۆرمه‌كان له‌به‌رچاوماندا خه‌ریكه ڕووده‌دات.
فیگارۆ: ئایا چه‌پ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆشنبیری و فیكری هه‌یه بۆ خۆڕاگری له‌به‌رده‌م ئه‌م ڕه‌وته؟
تاگییه‌ف: چه‌پی ڕۆشنبیر یه‌ک بۆچوونی بۆ ئه‌م ململانێ ناوخۆییه فیكرییه نییە. بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌كه من سێ ئاراسته‌ی ئایدیالۆژیکم جیا كردۆته‌وه؛ پێش هه‌موو شتێک لایه‌نگرانی لاییسیتهی په‌ڕگیر، له نه‌ریتی كۆمارییدا، له ڕوانگه‌یه‌كی یونیڤێرساڵه‌وه به‌رگری له یه‌كسانی ده‌كه‌ن، كه به‌شێكن له كه‌مپی چه‌پ: چه‌پی پێ‌داگر، كه له سه‌ر پرنسیپه‌كانی خۆیان پێداگرن و کۆتا نایەن. دووه‌م لایه‌نگر و چالاكوانانی لاییسیتهی كراوه، كه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی فرهكەلتووریان هه‌یه، و به‌شێكن له چه‌پی نه‌رم (ناوه‌ڕاست) کە ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ دینی ئه‌ویتر. دوواجار جۆرێكی تر هه‌ن كه دژی لاییسیتهن، كه ده‌ربڕینی “ڕەیسیزمی ده‌وڵه‌تی”[9] وه‌ك ماشینێك بۆ دژایه‌تی ئیسلامۆفۆبیا به‌كار ده‌هێنن. دروشمی “ده‌ست بۆ حیجابه‌كه‌م مه‌به”[10]، ئەم پێگه دژە-ڕەیسیستییه درۆیینە ئاشکرا دەکات كه داوای لێبورده‌یی و ڕێز له جیاوازییه‌كان له‌به‌رده‌م بنه‌ڕه‌تی لاییسیتهدا کورت ده‌كاته‌وه. ئه‌مە، جۆره چه‌پێكی شێتانه‌یه و ئێستا گه‌یشتۆته پۆست-كۆڵۆنیاڵیزم، دیكۆڵۆنیاڵیزم و پاڵنه‌ر و بزوێنه‌ری بڵاو بوونەوەی ڕقه له خۆرئاوا. ئه‌م چه‌پی چه‌په به قووڵی دژ به خۆرئاوایه، لە یەک کاتدا هەم هێسپرۆفۆبە[11] هەم گالۆفۆبە[12]، چونکە فەڕانسا له وڵاتێكی ڕەیسیست و ئیسلامۆفۆب كورت ده‌كاته‌وه. ئه‌م چه‌په له دۆخی هیستریکی خۆیدا خۆراكی خۆی له زانكۆكانی ئه‌مریكا وه‌رده‌گرێت كه له‌وێدا ئه‌زموونی ڕادیكاڵیتهیەکی گرووپی و کاڵتی ده‌كه‌ن. ده‌یانه‌وێ هه‌موو شتێک لێكترازانسازی و دێكۆڵۆنیاڵیزه بكه‌ن. ڕێگه‌یه‌كی ئێجگار مه‌ترسیداریان گرتۆته‌به‌ر كه بریتییه له “سیاسه‌تی شوناس [identity politics]”[13]. چه‌پی نه‌رم، واتە خۆش خه‌یاڵه‌كان[14] (هه‌لپه‌رست، ترسا‌و، لاواز و كه‌م زانیاری) كه تاكه ئاسۆیان كرانه‌وه‌یه، بەرهەمهێنەری “گه‌مژه‌ی به‌سوود” و “هه‌ندێجار بێسوودن” بۆ كه‌مپی چه‌پێكی شێتانه، تا ئه‌م سه‌مایه به‌ڕێ بخه‌ن. دیکۆڵۆنیاڵیزم، خه‌ڵه‌فانی چه‌پی رۆشنبیرییه.
فیگارۆ: ئێوه پێداگری له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی لهكۆڵخۆخستنهوه و نابهرپرسیاركردنی تاک له تیۆرییه‌كانی “سیستمه‌كه (le systeme)” ده‌كه‌ن. پێتوانوایه هۆكاری بنه‌ڕه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕوانگه‌یه ئه‌مه‌یه؟
تاگییەف: كه باسی “هه‌ڵاواردنی سیستماتیک” ده‌كه‌ین به ڕوواڵه‌ت وا دیاره كه به شێوه‌یه‌كی بابه‌تی و بێلایه‌ن هۆكاری هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ر تاكه‌كانی ناو ئه‌و كه‌مینانه ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م كاره‌یان به‌رامبه‌ر كراوه. ئه‌مەش وا ده‌كات ئه‌و تاكانه له توانایی خۆیان دوور كه‌ونه‌وه: ئه‌وان ده‌توانن “سیستمەكه” تۆمه‌تبار بكه‌ن كه تاكه به‌رپرسی ئه‌م دۆخه ناله‌باره ئه‌وه، دەشتوانرێت “نه‌ژادپه‌رستی ده‌وڵه‌تیی” ناڕوون و “هه‌ڵاواردنی سیستماتیک”، ئەم لەکۆڵخۆخستنەوەیە بۆ قوربانییه‌كان بكات. بێگومان ئه‌مه نكۆڵی نییه له هه‌ڵاواردنی ڕاسته‌قینه له دامه‌زراندن و كه‌رتی نیشته‌جێبوون، به‌ڵام بێگومان هۆكاره‌كه‌ی له ڕه‌گوڕیشه‌ی ئیتنۆ-ڕەیسیستیدا كورت نابێته‌وه. سه‌ركۆنه‌كردنی “نەژادپه‌رستی سیستماتیک” به‌شێكه له ڕێتۆریكی دیكۆلۆنیاڵ و چه‌پی ئیسلامی.[15] به‌م دوواییانه تێرمی “ڕەیسیزمی دامه‌زراوه‌یی”[16] هاتۆته سه‌ر، كه له لایه‌ن دوو شۆڕشگێری ئه‌فریقی-ئه‌مریكی، دوو پارتیزان، به‌ناوه‌كانی ستۆكی كارمیشایل و ئاكادێمیستێک به‌ناوی چارلس. فی. هامیڵتۆن له كتێبی “هێزی ڕه‌ش: سیاسه‌تی ڕزگاری له ئه‌مریكا”[17] باس كراوه و له ساڵی 1967دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م چه‌مكه ئاماژه‌یه به ناوه‌ڕۆكی “سیستماتیک” (ئه‌مڕۆ ده‌ڵێین سیستماتیک) یان بنه‌مای ڕەیسیزمی دژه-ڕه‌ش له كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكای باكووردا، به گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی له ناو نۆرمه كەلتوورییهكان، دامه‌زراوه‌كان و پراكتیكی كۆمه‌ڵایه‌تییدا “هه‌ڵكۆڵراوه.” كه‌وابوو كه‌سی ڕەیسیست ده‌یتوانی بێ مه‌به‌ست و به‌شێوه‌یه‌كی ناهۆشیارانه ده‌ستبه‌كار بێت. گریمانه‌ی ئه‌م مۆدێله ڕه‌خنه‌ییه بۆ ڕەیسیزم ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا نەژادپه‌رستی سپی بوونی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سپی و كۆمه‌ڵگای سپی ئاوێته‌یه و ته‌نیا شۆڕشی ڕه‌ش ده‌توانێ بیڕوخێنێت! به‌كورتی ده‌توانین بڵێین كه ئه‌مجۆره له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌ژادپه‌رستی كه له ئه‌مریكا و له كۆتاییه‌كانی 1960دا درووستكرا، شوێنكاتی خۆی هه‌یه و ناتوانین به‌چاوی به‌ستراوه‌وه بۆ شیكردنه‌وه‌ی ڕەیسیزم له كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی فهڕانسیدا به‌كاری بهێنین. به‌ڵام به دیاریكراوی ساده‌بوونی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه سه‌رنجی چه‌په ڕادیکاڵەکانی ڕاكێشاوه؛ “ڕەیسیزمی نادیار” هه‌موو شتێک ڕوون ده‌كاته‌وه و ڕێكخستنی دژە-ڕەیسیزمیش بۆنوبهرامهیهكی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌یه. ئێمه به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه كه فه‌ڕانسا كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ناوه‌ڕۆک نه‌ژادپه‌رسته، ئێمه خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیهانی بهسهرچووین (جیهانی پیر)، جیهانێک كه حوكمی ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا داوه کە چاک ناكرێت. چه‌مكی “ڕەیسیزمی سیستماتیک” زۆر به باشی ئه‌و باسه ڕوون ده‌كاته‌وه كه ریمۆن بۆدۆن به “سۆسیۆلۆژیزم”[18]، ناوی ده‌برد؛ كه پێی وایه تاک بوكه‌ڵه‌یه‌كه به‌ده‌ست ستراکچێر (پێکهاتە) و دامه‌زراوه‌كانه‌وه و ئەوە وامان لێده‌كات ته‌نیا یه‌ک پرسیار بكه‌ین: “(سیستمه‌كه) له به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه؟” وه‌ڵامه‌كه‌ش هه‌میشه ئاماده و به‌رده‌سته. “زڕه دژە-ڕەیسیزم”[19] وه‌ڵامێكی پلانگێڕی پێیه: سوودمه‌نده‌كان، ئه‌ندامانی نه‌ژادی سه‌رده‌ستن (سپییه‌كان) و به‌رژه‌وه‌ندی ڕەیسیزمی سیستماتیكیش ده‌چێته گیرفانی خۆیان، ئه‌مه‌ش پاساوه بۆ “هه‌ژموونی سپی” و “سەردەستی سپییه‌كان”.
فیگارۆ: ئێوه ئاماژه به وته‌یه‌كی سه‌رۆكی حزبی ئێندێجێنیسی كۆمار، هۆریا بوتێلجا ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێت: «(من)ـی دێكارتی بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سپێتی داده‌ڕێژێت.» بێ ئه‌وه‌ی بمانه‌وێ تێرمه‌كان دووباره بكه‌ینه‌وه ئایا یۆنیڤێرساڵیزمی ڕۆشنگه‌ری شتێكی تایبه‌ت نییه به جیهانی خۆرئاوا، مه‌به‌ستم ئەوەیە جۆرێک هۆشیاری جیهانگه‌رایی مه‌سیحییه؟
تاگییه‌ف: پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی گه‌مژانه و خۆبه‌زلزانانه‌ی چالاكوانێكی چه‌پی ئیسلامی فه‌ڕانسییه كه سه‌رچاوه‌كه‌شی سهرلێشواوییەکی زۆر قووڵه كه نیو سه‌دە له فه‌لسه‌فه‌دا پێی ده‌وترێ “لێکترازانسازی”[20] (هه‌موو شتیك ده‌بێ لێكبترازێت) یان “لێکسازانخوازیی [کانستراکتیڤیسم]”[21] له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (هه‌موو شتێك لێكسازراو و درووستكراوەیەکی كۆمه‌ڵایه‌تییه).
له ناوه‌ند و كۆڕوكۆبوونه‌وه دیكۆلۆنیاڵهكان له فهڕانسادا، بابه‌تی “سپێتی” بابه‌تی ئه‌م چه‌ندساڵه‌ی دوواییه و كێشه‌یه‌كی چاره‌نه‌كراو به‌رهه‌م ده‌هێنێت؛ ئه‌گه‌ر دژە-ڕەیسیستێکی باش بین و زاتخوازی[22]، وه‌ك گریمانه‌ی پێشوه‌ختی ڕەیسیزم ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، چۆن ده‌توانین بیر له سپێتی به‌بێ زاتخوازی بكه‌ینه‌وه. سپێتی؟ وه‌ڵامدانه‌وه به‌مه به فڕێدانی تێرمێكی سیحراوی وه‌ك “کانستراکشێنی كۆمه‌ڵایه‌تی” جگه له ورته‌ورت هیچی تر نییه. زڕه دژە-ڕەیسیزم به فۆڕمی ئه‌مریكی، ژێنەکانی مرۆڤ ده‌كاته شتێكی شه‌یتانی، به‌ڵام پیرۆزی ده‌به‌خشێته ڕه‌نگی پێست. نه‌ژاد، كه له ده‌رگای دژە-ڕەیسیزمی زانایانی ژنێتێک فڕێدراوه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌مجاره له په‌نجه‌ره‌ی ئه‌م جۆره دژە-ڕەیسیزمهوه دیسان دێته ژووره‌وه! ئایدیالۆگهكانی دێكۆڵۆنیاڵ كه “سپێتی”یان كردووه به په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش، هه‌وڵ ده‌ده‌ن جیهانیبوون وه‌ک چه‌كی كۆمه‌ڵگای سپی بۆ سووكایه‌تی یان لهكهڵكخستنی ناسپییه‌كان پێناسه بكه‌ن؛ كهرهستهیهک بۆ پێداگری له‌سه‌ر دۆگمایه‌كی بنه‌ڕه‌تی كه بریتییه له‌وه‌ی كه خۆرئاوا له زات و ناوه‌ڕۆكی خۆیدا ڕەیسیسته. به‌ڵام نابێ ئه‌وه له بیر بكرێت كه ئه‌وه رۆشنبیره خۆرئاواییه‌كان بوون كه تێرمی “سپێتی”یان خسته نێو بازاڕی ئایدیاكانه‌وه. ئه‌مڕۆ خۆنفرەتییەکی سزاخواز، به‌شێكه له خه‌سارناسی ناوه‌نده ڕوناكبیرییه‌كانی خۆرئاوا. نه‌بینینی هیچ شتێك له جیهانخوازیی جگه له سیاسه‌تی ئامرازی و گه‌نده‌ڵی ئایدیالۆژیک، یان لە گه‌مژه‌ییه‌وه دێت یان له نیهتخراپییهوه.
فیگارۆ: «ده‌توانین زۆر به ئاسانی سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆمۆنیستی له‌م زبڵه گوتارییه‌دا بدۆزینه‌وه»،[23] چی واده‌كات بیر له‌وه بكه‌نه‌وه ئێمه له‌به‌رده‌م ماركسیزمێكی نهژادیداین[24]، له‌سه‌رده‌مێكدا كه ماركسیسته توندڕه‌وه‌كان كه‌متر به‌رچاو ده‌كه‌ون؟
تاگییه‌ف: هه‌ندێ ڕیزپه‌ڕ هه‌ن، به‌تایبه‌ت رۆشنبیرانی ماركسیست-لێنینیست كه ژماره‌یان له حه‌فتاكانه‌وه تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زۆر بوو. دووای ده‌سله‌ملانێ له‌گه‌ڵ جیهانی سێیه‌م و ئاڵتهرمۆندیالیزم (دژە-موندیالیزم)، ئێستا چیتر ڕاشكاوانه هاتوونه‌ته پاڵ ڕه‌وتی سهبئاڵتهرنیزم [Subaltern] و دیكۆلۆنیاڵیزم. دیكۆلۆنیاڵیزم خۆی وه‌ک شیكارێكی هایپهرڕهخنهیی له‌سه‌ر مێژوو و وه‌ک به‌رنامه‌ی كرده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رنجڕاكێش پێناسه ده‌كات. ڕه‌وتی گۆڕانكارییه‌كانی كۆڕوكۆبوونهوهی لایه‌نگرانی ترۆتسكی، له‌م لایه‌نه‌وه سه‌رنجڕاكێشه: هه‌ندێک له رۆشنبیره‌كانیان بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی دیكۆلۆنیاڵیزم (ڕەیسیزمی سیستماتیک، ڕەیسیزمی ده‌وڵه‌تی، ئیسلامۆفۆبیای ده‌وڵه‌تی)یان بۆ ڕوانگه‌یه‌كی تر به‌ناوی نه‌ژادگه‌رایی كۆمه‌ڵگا و هه‌ندێك چه‌مكی دیكه وه‌ك شوناسی نه‌ژادی یان هۆشیاری نه‌ژادی گۆڕیوه. ئه‌وان پێیان باشه خه‌باتی چینایه‌تی له پێناو خه‌باتی نه‌ژادی و جێندێری و هه‌ندێ تێرمی زڕه زانستی وه‌ك ئینتێرسێکشناڵ (تێكهه‌ڵكێش)[25] له‌بیر بكه‌ن.
دووای ئه‌وه‌ی پرۆلێتاریای پێشوو بوونه لایه‌نگری ئه‌و پارتانه‌ی پێیان ده‌ڵین پۆپۆلیست، ئه‌وه ماركسیسته‌كانی بەرەو درووستكردنی پرۆلێتاریایهكی نوێ له كۆچبه‌ر و كەلتووری موسڵمانان هاندا. دوواتر پابه‌ندی بێ چه‌ندوچۆنی ئه‌وان بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین هاتە ئاراوە كه وه‌ك پرسێكی جیهانی چه‌سپاندیان؛ پاشان په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه، لێكدانه‌وه‌یان بۆ ئیسلامی سیاسی كه وه‌ك هێزێك له‌ناوه‌ڕۆكدا شۆڕشگێڕ ده‌یانناسی، وایكرد له‌گه‌ڵی یه‌كبگرن. هه‌روه‌ها گرنگیدانیان به پرسی نه‌ژاد (نه‌ژاد لێكسازراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه) و خه‌بات دژی ڕەیسیزم، هه‌موو ئه‌مانه وایكرد خه‌باتی چینایه‌تی پشتگوێ بخه‌ن. دوواجار ئه‌وه مه‌یلی ئه‌وانه بۆ ڕه‌خنه‌ی ڕادیكاڵ له كۆمه‌ڵگاكانی خۆرئاوا كه به چه‌ند ناوێكی نه‌رێیی وەک (سه‌رمایه‌داری، ئێمپێریاڵیزم، كۆڵۆنیاڵیزم، نه‌ژادپه‌رستی، سێكسیزم، هێترۆباوكسالاری) ده‌یناسێنن؛ هه‌ر بۆیەش مه‌حكومه به له‌ناوچوون. دوواتر خه‌یاڵی یۆتۆپیایی خۆیان بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێگرفتی (پۆست سه‌رمایه‌داری، پۆست ڕەیسیزم، پۆست-سێكسیزم و …هتد) داڕشت. به‌مجۆره تاكه شتێک بۆ چوونه نێو ڕیزی پۆست-كۆڵۆنیاڵهكان مایه‌وه، بریتی بوو له ڕه‌یس (نه‌ژاد)، كه وه‌ک بنه‌ڕه‌تێك بۆ شیكردنه‌وه‌ی مێژوو قبوڵیان كرد. به‌مجۆره‌ش ماركسیزم بوو به “نیو-گۆبینیزم”[26] و به‌رنامه‌كه‌ش بوو به تۆڵه‌كردنه‌وه له “كۆمه‌ڵگای سپی”، “پیاوی سپی” كه سوودمەندن لە سیستمی “هێترۆ باوكسالار”.
فیگارۆ: ئایا له بیرتانه كه چالاكوانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (توویته‌ر) ڕوقه‌یه دیالۆ، ئه‌كاونتی ته‌نزی “تیتانیا مهكگراس”ی ڕیتویت كردووه كه لە یەک کاتدا تانه له وه‌همی وۆكیزم و وتاره‌كانی پرۆگرێسیستهكان ده‌دات؟ ئایا سنووری نێوان پارۆدی و پله‌ی یه‌كه‌م له ناوناچێت؟
تاگییه‌ف: ئه‌مه گه‌مژه‌یی ئه‌م كه‌سانه‌یه كه ده‌توانین پێیان بڵێین خۆش-خه‌یاڵ.[27] ئەمە نه‌زانییه‌كی ئاسایی و بێ‌تاوان نییه، به‌ڵكوو نه‌زانییه‌كی خۆبه‌زلزان، سه‌فسه‌ته‌یی و هاوكات ئایدیالۆژییهكی سەخت و فرتوفێڵێكی كه‌متازۆر زیرهكانهشه؛ گه‌مژه‌ییه‌ک كه له‌ناو نوخبه‌ی میدیایی و زانكۆییدا ده‌ركه‌وتووه كه بوونه‌ته پسپۆڕی ڕادیكاڵیته. ڕوقەیە دیالۆ و لیلیان تۆران كۆپییه میلیتانت و چالاكوانهكهیهتی، جودیت باتلێر و گایاتری چ. سپیفاک، كۆپییه تیۆرییه‌كه‌ی، ده‌توانین بڵێین كۆپییه كۆمیدییه‌كه‌ی.
وه‌ک ڕیمۆن ئارۆن پێمان ده‌ڵێت ئێمه ڕۆڵی گه‌مژه‌ییمان له مێژوودا له بیر كردووه، به‌ڵام ترسناكترین گه‌مژه‌یی، گه‌مژه‌یی ئێ‌لیتی ڕووناكبیره كه مۆدی ئایدیالۆژی و ڕێتۆریکیان گرتووەتەبەر: ئاسوودهخواز و كانفۆرمیست، له خه‌یاڵی ڕادیكاڵیته و هاوسۆز بۆ توندوتیژی “چەوساوەکانی سه‌رزه‌وی”ی فرانز فانۆن و بڕیاری “هه‌میشه له‌سه‌ر حه‌قبوون.” هیچ شتێک بێزراوتر له ویژدانی هێمنی كه‌سانێک نییه كه وه‌ک ئه‌لبێر كامۆ ده‌ڵێت «كورسی یان مایكرۆفۆنهكانیان له مه‌یدانێكدا چه‌قاندووه كه پێیان وایه مانای مێژوو ئه‌وه‌یه.»
_______________________________________________________________________________
سه‌رچاوه:
Taguieff: «Le décolonialisme est la maladie sénile de la gauche intellectuelle contemporaine».
پەراوێزەکان:
[1] L’imposture décoloniale».
[2] Vision identitaire.
[3] Idéologico-politique.
[4] Contre-histoire.
[5] «provincialiser» l’Europe ئاماژه به یه‌كێك له كتێبه‌كانی دێپش چاكرابراتی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ورووپا و به پارێزگاکردنی له ڕوانگه‌یه‌كی پۆست-كۆڵۆنیاڵهوه.
[6] Anti-Blanc.
[7] «Religion de l’Autre».
[8] Gauchisme identitaire.
[9] Racisme d’État.
[10] «Touche pas à mon voile».
[11] Hespérophobe.
Gallophobe. [12]
[13] «Politique de l’identité».
[14] Des bien-pensants.
[15] Islamo-gauchistes.
[16] «Racisme institutionnel».
[17] Black Power «La politique de libération en Amérique».
[18] le «sociologisme».
[19] Pseudo-antiracistes.
[20] Déconstructionnisme.
[21] «Construction sociale».
[22] l’essentialisme.
[23] پرسیاركه‌ر دێڕێكی ناو نووسراوه‌كانی تاگییه‌ف ده‌كاته‌وه به پرسیار.
[24] «Marxisme racialisé».
[25] l’«intersectionnalité».
[26] comte de Gobineau پێی وابوو كه ئاریاییه‌كان نه‌ژادێكی سه‌رترن.
[27] Des bien-pensants.