گۆڕینی دەسەڵات لە سووریا و داهاتووی ناڕوونی ڕۆژاوا
ڕەنج نەوزاد

گ

داگرتنی وتارەکە: ڕەنج نەوزادگۆڕینی دەسەڵات لە سووریا و داهاتووی ناڕوونی ڕۆژاوا

گفتوگۆی ئەستێڵ ئینسایت لەگەڵ ڕەنج نەوزاد

 

ئەستێڵ: ئەم کاتەتان باش بەڕێز نەوزاد، مژارەکە سەرەتا وا بکەینەوە؛ ڕووداوە گرنگەکەی سووریا کە ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەدی لێ کەوتەوە لەگەڵ خۆی گۆڕانکاری و بەریەککەونتی جۆراوجۆری هێنا. ئاشکرایە کورد لە ڕۆژاوا یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانە کە هەم بە پرسی ناوخۆی سووریا و هەم بە جموجۆڵی هێزەکانی سەر بە تورکیا پەیوەند ئەدرێتەوە. بەرپرسانی ڕۆژاوا بەڵێنیان بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق داوە کە دەیانهەوێت لە داهاتووی سووریادا بەشدار بن. بە بڕوای ئێوە ئەم بەڵێنە دووایینەی کورد ئاکامی چ ڕووداو و گۆڕانکارییەک لە ڕۆژانی ڕابردوو بوو؟

نەوزاد: لە ئاکامی گۆڕانی ئەو دۆخ و هاوکێشە و زەمينە و فاکتەرانە بوو کە قەوارەی رۆژاوای کوردستانی تيا درووست بوو و بە گشتی بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی. سەرەتا پێويستە ئەو فاکتەرە سەرەکييانە دياری بکەين کە بوونە هۆکاری درووستبوونی ئەو دەسەڵاتە سياسيەی ڕۆژئاوای کوردستان؛ هەروەها بپرسین لە چ دۆخێکدا درووست بوو؟ چ گەمە و هاوکێشەیەکی ژێئۆپۆڵیتیکی هەبوو لەو کاتەدا؟

ڕووداوەکانی ٢٠١١ لە ناوچەکە و لە سووريا بووە هۆکاری کەوتنی سووريا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە هەموو خاکی وڵاتەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵ بێت و نوقمبوونی ئەو وڵاتە لە شەڕ و ناسەقامگيری و پەشێوی. وەک زۆربەی کات، لاوازی حکومەتی چوار وڵاتە داگيرکەرەکەی کوردستان، ڕوودانی شەڕ و ناسەقامگيری لە ناویاندا، لە بەرژەوەندی کوردە و دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ماف و دەستکەوتی سياسی و نەتەوەیی گرنگ لە لایەن کوردەوە. هەر ڕووداوەکانی ١٩٩١ و ٢٠١٤ لە عێراق بووە هۆی دەستکەوت بۆ کورد و بەهێزبوونی پێگەکەی.

کاتێک سووريا کەوتە ئەو دۆخەوە، بووە گۆڕەپانی ململانێیەکی ژێۆپۆڵیتیکی ئاڵۆز؛ ئێران و پاشان ڕووسيا بوونە دوو یاريکەری سەرەکی ئەو هاوکێشەیە. لە دووای کەوتنی سۆڤيەتەوە ئەوە یەکەمجار بوو ڕووسيا ئامادەیی و چالاکييەکی سەربازی و سياسی گرنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنواند، جگە لەوەی هەر لەو کاتەدا بوو نيمچە دوورگەی کرێميای داگير کرد لە ئۆکڕانيا، ئەم دوو ڕووداوە وەک زەنگێکی مەترسيدار تەماشا دەکرا لە لایەن ئەمريکاوە. بە هۆی دۆخی سوورياوە، ئێران هيلالە شيعييەکەی خۆی لە واقعدا نەخشاند، ئەمەش هەڕەشەیەکی تر بوو لە پێگە و هەژموونی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لەوەی بەرژەوەندييەکانی ئيسرائيڵ کە بایەخێکی تايبەتی هەیە بۆ ئەمريکا. هيلالی شيعیی ئێرانی، لە سێ لاوە گەيشتە سنوورەکانی ئيسرائيڵ (سووريا، لوبنان، فەڵەستين).

ئەم فاکتەرە و چەندين فاکتەری تر، وای لە ئەمريکا کرد بڕيار بدات بە پاساوی شەڕی داعش، بچێتە ناو گۆڕەپانی سووريا بۆ ڕێگرتن یان ململانێ و چاودێريکردن… بۆ ئەوەی سووريا بە تەواوی نەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسيا و ئێران کە هەردوو دەوڵەت دۆستی چين-ن کە رکابەری سەرەکی ئەمريکایە لەسەر ئاستی جيهانیدا. بۆ ئەوەی ئەمريکا شوێنی خۆی بکاتەوە لەو گۆڕەپانە، دەبوو ناوچەیەک یان گرووپێک هەبن کە پێشوازی لە هاتنی ئەمريکا بکەن و جێگەپێی بکەنەوە. بەشێکی سەرەکی ئەو ناوچەیە ڕۆژاوای کوردستان بوو و سەرەکيترين گرووپيش کوردەکان بوون. ئەمە یەکێک بوو لە دوو فاکتەرە سەرەکييەکەی درووستبوون و مانەوەی قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان تا بە ئەمڕۆ، بە تايبەت ئەگەر ئامادەیی ئەمريکا نەبوایە، تورکيا ڕێگەی نەدەدا ئەو دەسەڵاتە کوردييە بەو شێوەیە درووست بێت و بمێنێتەوە؛ لایەنی کەم بەو قەبارە و هێزە نەدەبوو.

فاکتەرە سەرەکييەکەی تر بريتييە لە پەيوەندی نێوان پەکەکە و بنەماڵەی ئەسەد. ئاشکرایە دەسەڵات و هەژموونی کورد لە ڕۆژاوا بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی پەیەدە/یەپەگە و پاشان هەسەدە بوو، کە گرووپێکی نزيک لە پەکەکەیە، ئەگەر نەڵێين لقی پەکەکە بووە لە رۆژئاوای کوردستان. بەشار ئەسەد پێی باش بوو ناوچە کوردييەکان شەڕ تيایدا ڕوو نەدات و هێزەکەی خۆی تەرخان بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرينەی خەڵکی سووريا کە عەرەبی سوننەن. لەو دۆخەدا بڕياری دا شارە کوردييەکان بە بێ شەڕ ڕادەستی پەیەدە و هەسەدە بکات، چونکە پێیوابوو لەگەڵ ئەوان بە هۆی پەکەکەوە پەيوەندييەکی باشی هەیە و لە پاش ئارامبوونەوەی دۆخەکە دەتوانێت ئاسانتر دووبارە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، یان ئاسانتر لەگەڵياندا بگاتە جۆرێک لە ڕێککەوتن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەو ناوچانە بکەوتنایەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە سوونييەکان یان تورکيا، ئەوە جگە لەوەی سوپای سووريا و هاوپەيمانەکانی ماندووتر دەبوون لە کاتی جەنگەکە، زۆر قورستريش دەبوو کە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵياندا لە ئەگەری ئارامبوونەوەی دۆخەکە. ئەم فاکتەرە وای کرد کە ڕووسيا و ئێران ميليشياکانی لەگەڵ هەسەدە پەيوەندييان باشتر بێت بە براورد بە پەيوەندييان لەگەڵ هێزە سوونييە جيهادييەکانی‌تر. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە هەندێک جار ڕووسيا و سوپاکەی ئەسەد هاوکاری هەسەدەیان دەکرد دژ بە گرووپەکانی سەر بە تورکيا.

ئەمريکا ئاگاداری ئەم بەرژەوەندييە هاوبەشانە بوو، بەڵام قبوڵی کردبوو و توانی بۆ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆی بيقۆزێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم قبوڵکردنە ئەوە بوو کە هەسەدە تا ڕادەیەکی باش توانی هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەسەد و هاوپەيمانەکانی و، پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەمريکا.

ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، ئەو هاوکێشە و هاوسەنگی و فاکتەرانە بوون کە ڕۆڵی سەرەکييان هەبوو لە درووستبوون و مانەوەی قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان بە نوێنەرایەتی هەسەدە. ئەم هاوکێشە بۆ چەندين ساڵ بەو شێوەیە بەردەوام بوو تا ڕووداوەکەی ٢٧ـی نۆڤامبری ٢٠٢٤ کە دەستەی تەحريری شام دەستی بە ئۆپراسيۆنەکەی کرد و لە ٨ـی دێسامبری ٢٠٢٤ بە فەرمی ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا. ڕووخانی ئەسەد کۆی هاوکێشە و هاوسەنگييەکانی پێشووی گۆڕی و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد لە سووريا. لە قۆناغی نوێدا جارێ ڕوون نييە هاوکێشە و هاوسەنگييەکان و سروشتی گەمەکە چۆن دەبێت و بکەرە سەرەکييەکانی دەگەنە چ ڕێککەوتنێک یان ململانێيەکی نوێیەوە.

لەم قۆناغە نوێيەدا زۆربەی ئەو فاکتەرانەی کە هاوکار بوون بۆ مانەوەی و بەهێزی هەسەدە گۆڕدران. سەبارەت بە فاکتەری ئەمريکا کە سەرەکييە بۆ درووستبوون و مانەوەی قەوارەی ڕۆژاوا، ئەوە ئامادەیی ئەمريکا لە سووريا بە شێوەیەکی سەرەکی سێ هۆکاری هەبوو: 1. پاساوی شەڕی داعش، کە ئەمە هۆکارێکی فەرمی بوو، زیاتر پاساوێک بوو بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکاری دووەم و سێيەم؛ 2. ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەکەی ئێران، کە ئەمە پەيوەندی بە بەرژەوەندیيەکانی ئەمريکا و ئيسرائيڵەوە هەیە؛ 3. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسيا وەک یەکێک لە رکابەرەکانی ئەمريکا لەسەر ئاستی سيستمی جيهانی؛ دوو هۆکارەکەی دووایی پەيوەندييان بە پرسی هەژموونی چينەوە هەیە کە گرنگترينە بۆ ئەمريکا. هۆکاری یەکەم ساڵانێکە کاڵ بووەتەوە، چونکە حوکمڕانی داعش کۆتایی هات و بەرەو لاوازی چووە، جگە لەوەی هەر لە سەرەتاوە، وەک ئاماژەی پێکرا، پاساوێکی فەرمی و یاسایی بوو بۆ مەبەستێکی تر. هەر بۆیە لە پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش، ئەمريکا هەر مایەوە لە هاوکێشەی سووريا. سەبارەت بە هۆکاری دووەم و سێيەم ئەوا بە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەژموونی ڕووسيا و ئێرانيش بەرەو ئاوابوون دەچن. واتە لە ئێستادا هەر سێ هۆکارە سەرەکييەکەی ئامادەیی ئەمريکا لە سووريا بەرەو کۆتایی دەچن. ئەمەش ئەگەر ببێتە مایەیی کشانەوەی ئەمريکا لە سووريا و ڕۆژاوای کوردستان، بە تايبەت لە سەردەمی ترامپ، ئەوا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەسەڵاتی هەسەدە و کورد لە ڕۆژاوا.

لە قۆناغی پێشوودا بەرەی ئەسەد بە هۆی پەکەکە و چەندين هۆکاری تر، بە ناڕاستەوخۆ و بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتی هەسەدە و کوردييان قبوڵ کردبوو. تەنانەت هەندێک جار بەرانبەر بە هەڕەشەکانی تورکيا و ميليشياکانی، هاوکاری هەسەدەیان دەکرد. لە قۆناغە نوێيەکەدا ئەم فاکتەرەش نەماوە.

تورکيا کە هەڕەشە و دووژمنی سەرەکی ڕۆژاوا بوو لە قۆناغی پێشوودا، لەم قۆناغە نوێیەدا یەکێکە لە براوەکان و هەژموونێکی گەورەی هەیە بەسەر کۆی هاوکێشەکەدا. لە قۆناغی پێشوو بەرەی ئەسەد زۆرترين ڕووبەری خاکی سووريایان کۆنتڕۆڵ کردبوو، پاشان هەسەدە و ئەمريکا، ئينجا تورکيا و ميليشياکانی. لەم قۆناغەی ئێستادا تورکيا زۆرترين ڕووبەری بەدەستەوەیە، جگە لەوەی هەژموونی سەرەکی بەسەر ديمەشقدا هەیە. لەم قۆناغەدا، هەنگاو و سياسەتەکانی تورکيا لەگەڵ بەرژەوەندی ئيسرائيڵ و ئەمريکادا دەگونجێت، بە تايبەت لە سەرەتادا کە بەشداربووییەکی سەرەکی بوو لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و شکاندنی هيلالی شيعی ئێران، ئەمە وەک جێبەجێکردنی ئامانجە سەرەکييەکەی ئيسرائيڵ بوو. لە ڕاستيدا لە پرۆسەی ڕووخانی ئەسەد، ئيسرائيڵ زەمينەکەی ڕەخساند و تورکيا جێبەجێی کرد. ئەمەش گومانێک درووست دەکات سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی ڕێککەوتنیکی نەهێنی لە نێوان ئيسرائيڵ و تورکيا سەبارەت بە دۆزی سووريا؛ نازانرێت ئەو ڕێککەوتنە تەنيا لەسەر ڕووخانی ئەسەد و دەرکردنی ئێران بووە لە سووريا، یان خود لەسەر داهاتووی سووريا و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوەشە.

ئێستا دەگەرێمەوە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی پرسيارەکە، ئەم گۆڕانکارييە ڕيشەییە لە هاوکێشە و سروشتی ململانێکەی سووريا کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، گومان و ترس و دڵەڕاوکێی لای هەسەدە درووست کرد، هەر بۆیە لە حەفتەکانی سەرەتادا، لێدوان و سياستەکانی زیاتر مۆرکێکی بەرگری و سازش و ترسی پێوە دياربوو. وا دەردەکەوت کە دەيويست دەسەڵاتە نوێيەکەی ديمەشق لە خۆی ڕازی بکات و نيگەرانييەکانی تورکيا کەم بکاتەوە. ئەمە لە ئێستادا تا ڕادەیەک گۆڕاوە، لێدوان و جوڵەکانيان زیاتر لە بەرگری و سازشەوە بەرەو هێرش و داواکاری دەچێت. وا ديارە لە سەرەتای کەوتنی ئەسەد، هەسەدە چاوەڕوانی ئەو سيناريۆ خێرا و گۆڕانکارييە ڕيشەییە نەبوو، یان ئاگاداری پلانەکان نەبووە. ڕەنگە لە ئێستادا پێی وابێت کە ئيسرائيڵ و ئەمريکا ڕازی نين بەوەی ئەردۆغان ببێتە بڕياردەری سەرەکی لە سووريا، ئەمەش واتە پارێزگاری لە پێگەی کورد، یان خود ڕێگرتن لە ڕووخانی، وەک ئەوەی ئەرۆغان دەيخوازێت. دەکرێت گفتوگۆ و هەندێک بەڵێن و ئاماژە ڕوويدا بێت لە نێوان ئەمريکا و ئيسرائيل لەگەڵ هەسەدە کە جۆرێک دڵنيایی بە کوردەکان داوە لەو بارەیەوە، لە سەرەتادا وا ديارە ئەم گفتوگۆ و دڵنياییە نەبووە.

 

ئەستێڵ: سەرەتایەکی مێژوویی وردتان بۆ گەیشتن بە باسی سیناریۆکانی بەردەم سووریا و ڕۆژاوا پێشکەش کرد؛ هەر لە چوارچێوەی ڕۆڵی دەرەکی لە داهاتووی سووریا، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەتەکەی جۆلانی بتوانێت ئاستی داخوازییە فەرمییەکەی تورکیا کە چەککردنی هەسەدە و تەنانەت کۆنترۆڵی خاکی ڕۆژاوایە، دابەزێنێت و کۆنترۆڵی کورد لەو ناوچەیە بەردەوام بێت؟ بە لەچاوگرتنی ئامادەیی کەم تا کورتی هێز و موستەشارە ئەمرییکەییەکان لە ڕۆژاوا.

نەوزاد: لە ئێستادا یاريکەرە سەرەکييەکانی گۆڕەپانی سووريا بريتين لە ئيسرائيڵ، ئەمريکا و تورکيا. جۆلانی بە بێ ئەو سێ دەوڵەتە ناتوانێت بمێنێتەوە و سووريایەکی نوێ درووست بکات. کەواتە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی و ويست و بەرنامەی ئەو سێ دەوڵەتە فاکتەرێکی سەرەکی دەبن لە درووستکردنی داهاتووی سووريا.

ويستی ئەمريکا و ئيسرائيڵ لە سووريا ئەگەر هاوشێوەی یەکتريش نەبن، ئەوا زۆر لە یەکەوە نزيکن؛بەڵام ويستی تورکيا لە هەندێک ڕووەوە، بە تايبەت سەبارەت بە دۆزی کورد لە ڕۆژاوا، جياوازە لەگەڵ ئەمريکا/ئيسرائيڵ. تورکيا دەیهەوێت قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان لەناو ببات، ئەمريکا/ئيسرائيڵ لەسەر ئاستی فەرمی بە ڕوونی، لەسەر ئاستی واقعی تا ڕادەیەک بە ڕوونی، وا دەردەکەوێت لەگەڵ ئەوەن قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان، بمێنێتەوە. ڕاستە تورکيا وا خۆی پێشان دەدات کە ڕێبەڕایەتی پڕۆسەی ڕووخانی ئەسەدی کردووە، لە ميدياکانيش ئەمە ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام ئەردۆغان باش دەزانێت بە بێ گورزەکانی ئيسرائيڵ لە بەرەی ئێران، بە تايبەت لە حزبوڵا، ئەوا هەرگيز نەيدەتوانی بەو شێوەیە ڕژێمی ئەسەد بڕوخێنێت. لە ٢٠١١ـەوە تورکيا هەوڵی ڕووخانی ئەسەدی دەدا و شکستی هێنا. تەنانەت تا  چەند مانگێک پێش ئێستا، ئەردۆغان بەردەوام داوای لە بەشار ئەسەد دەکرد کە بە یەکەوە دانيشن و پەيوەنديیەکانی تورکيا و سووريا ئاسایی بکرێتەوە، ئەسەد ڕازی نەدەبوو. ئەمەش بەڵگەیە کە ئەردۆغان بێ هيوا ببوو لە ڕووخانی ئەسەد؛ بەڵام ئيسرائيڵ دووبارە ئەو هيوایەی بۆ ئەردۆغان گەڕاندەوە. بە کورتی ئەوەی تورکيا بە سیانزە ساڵ پێی نەکرا، ئيسرائيل بە سیانزە ڕۆژ کردی. لێرەوەیە تورکيا ناتوانێت ڕۆڵ و ويستی ئيسرائيڵ لە سووريا پشتگوێ بخات. هاوکات هەبوونی سوپای ئەمريکا لە ڕۆژاوای کوردستان تا ئەمرۆ، وا دەکات تورکيا نەتوانێت بەو شێوەیە گورز لە کورد بدات کە خۆی دەیهەوێت.

هەروەها جۆلانی لە هەمووان باشتر دەزانێت بە بێ لێدانەکانی ئيسرائيڵ لە بەرەی ئێران نەيدەتوانی ببێت بە دەسەڵاتداری یەکەمی سووريا. دەستەی تەحريری شام پێشتر تەنيا ٢-٣٪ خاکی سووريای کۆنتڕۆڵ کردبوو، ڕژێمی ئەسەد و هەسەدە و ميليشياکانی سەر بە تورکيا، تەنانەت سوپای ئازادی سوورياش، لە دەستەی تەحريری شام زیاتر ڕووبەريان کۆنتڕۆڵ کردبوو. ئەگەر ڕێککەوتنە نێودەوڵەتييەکان نەبوایە لە ناوچەی ئيدلب و باکووری سووريا، ئەوا ئەسەد و ميليشياکانی ئێران تەحريری شاميان وێران دەکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەی دەهێنا لەو ناوچانەدا. زۆربەی کات ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جۆلانی لە ژێر بۆردومانی سوپاکەی ئەسەد و ميليشياکانی ئێران و فڕۆکەی ڕووسی بوو. کاتێک ئەم هێزە بچووکە لە ماوەیەکی کورت زۆربەی خاکی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوا هۆکاری سەرەکی ئيسرائيڵ بووە نەک خودی دەستەی تەحريری شام. بۆیە جۆلانی بە ئەگەری زۆرەوە دڵنيایە هەر وەک چۆن ئيسرائيڵ ڕێگەی بۆ خۆش کرد ببێتە کەسی یەکەمی سووريا، ئاواش دەتوانێت کێشەی گەورەی بۆ درووست بکات و تەنانەت دەسەڵاتيشی لێ بسەنێتەوە.

هاوکات جۆلانی ئەوەش دەزانێت بە درێژایی چەندين ساڵی حوکمی تەحريری شام لە ناوچەی ئيدلب، تورکيا هاوکاری کردووە و تەنيا سنووری ئەو دەوڵەتەی بەرانبەر کراوە بوو. بە بێ تورکيا دەستەی تەحريری شام نەيدەتوانی بمێنێتەوە. لە ئێستاشدا تورکيا سەرەکيترين دەوڵەتە بۆ پشتگيری کردنی دیپلۆماسی و کۆکردنەوەی هاوکاری ئابووری بۆ دەسەڵاتەکەی جۆلانی. لێرەوەیە جۆلانی بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، پێويستە هاوسەنگييەک ڕاگرێت لە نێوان ويستی تورکيا و ئيسرائيڵ؛ چونکە بە بێ ئەو دوو دەوڵەتە ناتوانێت پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی بکات.

کەواتە ئەگەر بەرژەوەندی ئيسرائيڵ/ئەمريکا ئەوە بخوازێت قەوارەیەکی کوردی هەبێت لە سووريا، ئەوا جۆلانی قورسە بتوانێت تەنيا ويستی تورکيا جێبەجێ بکات. دەکرێت هاوسەنگييەک درووست بکات بەوەی قەوارەیەکی کوردی لە دەستوور بچەسپێنێت، یان قبوڵی بکات بە هەندێک مەرج و سنوور بۆ ئەوەی تورکيا نيگەران نەکات. بە هۆی سروشت و مێژووی جۆلانی و بزوتنەوەکەی، هاوکات بە هۆی فراوانخوازی ئەردۆغان و گومان لە خەون و سياسەتەکانی، ئەگەر زۆرە ئەمريکا و ئيسرائيڵ بیناهەوێت پێگە و هێزی کورد لە ڕۆژاوا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی کۆی سووريا ڕادەستی تورکيا و جۆلانی نەکرێت، یان هەميشە کارتێکی گوشار هەبێت کە ئيسرائيڵ و ئەمريکا بتوانن بەکاری بهێنن دژ بە تورکيا و جۆلانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندييەکانی خۆیان.

بە کورتی، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی ئەو سێ دەوڵەتە پێويستە بۆ ئەم بابەتە، ڕێککەوتن واتە بەشێک لە ويستی تورکيا جیبەجێ دەکرێت و بەشێکی تر ناکرێت. واتە قەوارەی ڕۆژاوا لە ناو ناچێت، بەڵام دەکرێت بچوکتر بکرێتەوە، یان دەسەڵاتەکانی کەمتر بکرێن.

لەوانەیە لە ئێستادا و بە پێی پێدراوەکان ئەو ئەگەرە کەم بێت  کە ئەمريکا و ئيسرائيڵ بە تەواوی دەستبەرداری ڕۆژاوای کوردستان بن و ڕادەستی ئەردۆغان و جۆلانی بکەن، چونکە ئەوە پێويستی بەوە دەبێت کە ئەردۆغان کۆمەلێک بەڵێن و دەستکەوت بداتە ئيسرائيڵ و ئەمريکا کە تەواوی گومانەکانيان سەبارەت بە داهاتووی سووريا بڕۆێنێتەوە؛ ئەمەش قورسە. لەوانەیە ئەردۆغان هەوڵ بدات ئەم جۆرە ڕێککەوتنە لەگەڵ ترامپ بکات، بەڵام فاکتەری ئيسرائيڵ ڕێگر دەبێت.

 

ئەستێڵ: گەر ئیمکان و هەڵبژاردنەکانی ئێستای کورد بۆ بەردەوامی ڕۆژاوا وەکوو دەسەڵاتێکی خۆجێیی یان پێشکەوتنی بەرەو یەکەیەکی سەربەخۆتر کەم یان بەرتەسک بووە، ئایا ئەمە تەنیا دەرەنجامی نەمانی ڕژیمە لاوازەکەی ئەسەد بوو یان کورد لە هاوکێشە و گۆڕانەکان قورسایی و توانای بڕیاردانێکی ئەوتۆی نەبوو؟

نەوزاد: پێموایە لەم پرسەدا فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت. درووستبوون و نەمان و بەهێزبوون و لاوازبوونی… قەوارەیەکی سياسی کوردی هەميشە فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبينێت. هاوکێشەکە بەڵگە نەويستە، ئەگەر ئەمريکا و فاکتەرە دەرەکييەکانی وەک جەنگی کوێت و عێراق نەبوایە، هەرێمی کوردستان وەک ديفاکتۆ لە دايک نەدەبوو. ئەمريکا ڕژێمەکەی سەدامی نەڕوخاندایە هەرێمی کوردستان نەدەبووە هەرێمێکی فەرمی و دەستووری. ئەگەر شەڕ لە سووريا ڕووی نەدایە و ئەمريکا نەهاتایە، قەوارەی ڕۆژاوا درووست نەدەبوو. بە کشانەوەی ئەمريکا و هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ داگيرکەران، نە هەرێمی کوردستان نە ڕۆژاوا ناتوانن بمێننەوە. ئيتر هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا هەر جۆرە سيستمێکی سياسی و ئایدیالۆژیایان هەبێت، پەرتەوازە یان یەکگرتوو بێت، ئابوورييەکی باش یان خەراپی هەبێت، دێمۆکرات یان نادێمۆکرات بێت… توانای مانەوەی نابێت، ئەگەر فاکتەری دەرەکی هاوکار نەبێت.

فاکتەری ناوخۆ لە ئاستێکی تردا گرنگە. کاتێک دەرەفەت هەیە و فاکتەری دەرەکی هاوکارە، ئەو کات فاکتەری ناوخۆ، چ بە پازێتیڤ یان بە نێگەتیڤ، دەکرێت ڕۆڵی گرنگ و کاريگەر ببينێت. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان دەکرا سيستمێکی ئابووری باش درووست بکات کاتێک فاکتەری دەرەکی ڕێگەی پێدا سەربەخۆ نەوت بفڕۆشێت، نەک لەبەر موچە سازش لە پرسە نەتەوەییەکان بکات بەرانبەر بە عێراق. دەکرا سوپایەکی نيشتيمانی درووست بکات. ئەم دوو فاکتەرە جگە لەوەی لە ڕووی سياسی، ئابووری و کۆمەڵایەتييەوە سوودی گەورەی دەبوو، دەکرا فاکتەرە دەرەکييەکەش بەهێزتر و بەردەوامتر بکات، متمانەی زیاتر بکات، زیاتر هانی بدات بۆ پشتگيری و پاراستن. لە ڕۆژاوا کورد دەيتوانی گوتارێکی زیاتر نيشتمانی، ناسیۆناڵیستی و واقعی هەبێت، نەک چەپ و خەياڵ و دابڕان لە واقعی ڕۆژاوا و سووريا. ئەمە مانای زیاتری دەدا بە هەبوونی ئەو قەوارەیە، ئامانج و ويستەکان ڕوونتر دەبوون، کورد و جيهانيش زیاتر تێدەگەيشتن کە هەسەدە چی دەوێت و ئامانجی چييە! دەبوو لەو بەشەی کوردستانيش هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ درووستکردنی سوپایەکی نيشتمانی. لەم ڕووەوە دەکرێت فاکتەری ناوخۆ ببێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری و پشتگيری فاکتەری دەرەکی. بەڵام وەک ئاماژەی پێدرا، هەموو ئەو پلان و پێشنيارانەش جێبەجێ بکرایە، ئەگەر فاکتەری دەرەکی نەمێنێت، ئەوا کەوتن و شکست و لەناوچوون نزيکترين ئەگەرە بۆ هەردوو قەوارەکەی کوردستان. چونکە داگيرکەرانی کوردستان سەبارەت بە پرسی کورد، جگە لە ئامرازی ئەمنی، سەربازی و وێرانکەر… هيچ ئامرازێکی تر بەکارناهێنن، تەنيا لە کاتێکدا نەبێت کە فاکتەری دەرەکی ڕێگەیان لێ دەگرێت، یان لاواز دەبن و دەکەونە ناو جەنگ و قەيرانی گەورەوە. لە دۆخێکی وادا، کورد هەرگيز ناتوانێت خاوەن سوپا و ئابووری و تەکنەلۆژیایەک بێت کە بتوانێت قەوارەکەی بپارێزێت بەرانبەر بەو جەنگانەی کە بەسەريدا دەسەپێنرێت.

بە کورتی ئەوەی کورد لە ڕۆژاوا بەدەستی هێنا، هۆکارە سەرەکييەکەی لاوازی و قەيرانەکانی ديمەشق بوو، هەر کات ديمەشق بەهێز و سەقامگير بوویەوە، یەک لە دووای یەک دەستکەوتەکانی کورد کەمتر دەبنەوە، ئەگەر فاکتەری دەرەکی بە تەواوی نەمێنێت، ئەوا کۆی قەوارەکە لەناو دەچێت. بۆ گۆڕێنی ئەم چارەنووسە حەتمييە، سەرەکيترين هەنگاو و ئامراز بريتييە لە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، خودی ئەم هەنگاوەش پێويستی بە چەندين هەنگاو و فاکتەری ترە، کە سەرەکيترينيان فاکتەری دەرەکييە. بۆ دۆخی ڕۆژاوا، فاکتەری ناوخۆ (هەسەدە) جارێ تەنانەت بانگەشەی فێدێراڵیزمیش ناکات! ئەوە تورکيایە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کورد دەیهەێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سووريا درووست بکات. پێموایە هەسەدە لەو بارەیەوە، ناڕوونی و کەموکوڕی گەورەی هەیە لە درووشم و بەرنامە و بانگەشەکانی، دوورە لەم سەردەمە و واقعی کوردستان و سووريا. پێويستە هەسەدە ڕايبگەياندایە کە ئەگەر مافە کەلتووری، سياسی و کۆمەڵایەتييەکانی کورد لە چوارچێوەی قەوارەیەکی فەرمی و یاسایی مسۆگەر نەکرێن، ئەوا ناچارن پەنا ببەنە بەر بژاردەی سەربەخۆیی. ئەمە داواکارييەکانی کورد واقعيتر و ڕوونتر و کاريگەرتر دەکات، کارتێکی گوشاری بەهێزتر دەبێت لەوەی کە لە ئێستاوە داوای لامەرکەزی و بوون بە بەشێک لە سوپای سووريا بکەن.

 

ئەستێڵ: ئایا بوونی ئەمریکا و ڕاگەیەندراوە سیاسییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیڵ نەیدەتوانی پاشخانێکی گونجاو بۆ سیاسەتکردن یان بڕیاردانی باڵادەستانەتری کورد بڕەخسێنێت؟

نەوزاد: تا ئێستا، سەرەڕای مەترسی و هەڕەشەکان و دەرکەوتنی جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و ترس و گومان و ئامادەیی بۆ سازشی بەپەلە لە لایەن هەسەدەوە لە سەرەتاکانی کەوتنی ئەسەد -لەگەڵ ئەوەی کورد لە هەندێک ناوچەی پارێزگای حەلەب- وەک تەل رەفعەت و مەنبج و گەڕەکە کوردييەکانی حەلەب، جۆرێک لە پاشەکشێ و کشانەوەی ئەنجامدا، بەڵام بە گشتی تا ئێستا قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان و پێگەی هەسەدە زیانی گەورە و کاريگەری بەرنەکەوتووە لەسەر ئاستی واقع. تا ئەمڕۆ ناوچەیەکی فراوان بە دەست کوردەوەیە، چەک و هێزێکی سەربازی گەورە و باشی هەیە. تا ئێستا تورکيا نەيتوانيوە بڕياری ئۆپراسيۆنێکی سەربازی فراوان بدات دژ بە ڕۆژاوای کوردستان. هەموو ئەمانە بە هۆی هەڵوێستی ئەمريکا و پاشان فاکتەری ئيسرائيڵە لە هاوکێشەی سووريا.

ئەگەر فاکتەری ئەمريکا و ئيسرائيڵ بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا تورکيا ئەستەمە بتوانێت گورزی کووشندە یان زۆر کاريگەر لە ڕۆژاوا بدات. کوردانی ڕۆژاوا پێويستە هەموو هەولێک بدەن ئەمريکا بەردەوام بێت لە مانەوەی لە ڕۆژاوا، بە تايبەت لە کاتی ئيدارەی ترامپ. بۆ ئەم ئامانجە پەيوەندی درووستکردن و تەنانەت ڕێککەوتن لەگەڵ ئيسرائيڵ گرنگە، چونکە هيچ دەوڵەتێک بە ئەندازەی ئيسرائيڵ ناتوانێت کاريگەری لەسەر ئەمريکا و بە تايبەت ترامپ درووست بکات. نزيکترين و باشترين ڕێگا بۆ گەيشتن بە دڵی واشنگتن، ئيسرائيڵە. پێويستە کورد بە گشتی و هەسەدە بە تايبەتی ئيتر نەترسن لە درووستکردنی پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيڵ. ئەو سوودەی تورکيا و جۆلانی و بەناو جيهادييەکانی سووريا لە ئيسرائيڵيان بينی، ئەوەی ئەوان بۆ ئيسرائيڵيان کرد، ئەگەر کورد نيوەی ئەوەی بکردایە دەکرا بە زايۆنیست لە لایەن ميديا و پڕۆپاگاندا و سياسييەکانی ئەو چوار دەوڵەتە داگيرکەرە. کەچی کاتێک ئەردۆغان و جۆلانی ئەو کارە دەکەن، دەيکەن بە جيهاد و شۆڕش! پێويستە ميدياکانی کوردستان، بە تايبەتی ئەوانەی رۆژاوا، تەرکيز بخەنە سەر ئەم جۆرە بابەت و دوو فاقييە و زەقی بکەنەوە.

ئەستێڵ: گۆرانكارییه‌كان خێران و به‌ پێی پێشبینییه‌كان ڕه‌نگه‌ دیسان توركیا هێرش بكاته‌وه‌ سه‌ر رۆژاوا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م دۆخه‌ و هاتنی ترامپ، ئایا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هه‌مان سیناریۆی پێشوو دوباره‌ بێته‌وه‌ یان له‌گه‌ڵ گۆڕانی ئه‌كته‌ر‌ه‌ ناوخۆییه‌كانی سووریا و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئیسرائیڵ، ده‌كرێ ئه‌گه‌رێكی نوێ بێته‌ ئاراوه‌؟

نەوزاد: لە پرسيارەکانی سەرەوە زیاتر لە چوارچێوەی کۆمەڵێک گريمانە و ئەگەر وەڵامدراوەتەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک گريمانە و ئەگەری تر پشتگوێ خراون، نەک لەبەر ئەوەی هەڵەن یان ئەگەری ڕوودانيان کەمە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەرەفەت نييە هەموو ڕەهەند و گريمانە و ئەگەرەکان باس بکرێن، جگە لەوەی کۆمەلێک گريمانە و ئەگەر هەن لەوانەیە جارێ دەرکيان پێ نەکرێت، یان جارێ درووست نەبوونە.

سەبارەت بە سيناريۆ و ئەگەرەکان بۆ داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان و سووريا، چەندين سيناريۆ و گريمانەی جياواز و جۆراوجۆر هەیە. لەم جۆرە ململانێ و هاوکێشە ژێئۆپۆڵتیکانەدا چەندين فاکتەر و ويست و پلانی جياواز و دژ بە یەک کارلێک دەکەن؛ لە ئەنجامدا دەکرێت سيناريۆیەک ڕووبدات کە نەک تەنيا لە لایەن خەڵکی ئاسایی و چاودێران چاوەڕواننەکراو بووە، بەڵکوو تەنانەت بۆ بڕياربەدەست و هەواڵگری دەوڵەتانی ناو هاوکێشەکە چاوەڕواننەکراوە. چونکە لەم جۆرە ململانێیانەدا تەنيا یەک بکەر و ويست و پلان نييە، یان گرووپێک لە بکەر و ويستی هاوشێوە، بەڵکوو چەندين بکەر و پلانی جياواز و دژ بە یەک هەن؛ ئەم کارلێکردنە لە کۆتاییەدا دەگاتە ئەنجامێک لەوانەیە کتومت لە هيچ کام لە پلان و ويستەکان نەچێت. تەنانەت لایەنی براوەش کە دەگاتە ئامانجەکەی، کتومت بەو شێوەیە ناگات کە خۆی پلانی بۆ داڕشتبوو. بە گشتی بە پێی پێدراوەکانی ئێستا دەکرێت ئاماژە بە چەند گريمانە و ئەگەرێک بکەم بۆ داهاتووی ڕۆژاوا و سووريا:

گريمانەی هێرشی تورکيا بۆ سەر ڕۆژاوا: ئەگەری ڕوودانی ئەم هێرشە زۆرە، بە تايبەت ئەگەر دۆخی سووريا بە گشتی بەرەو سەقامگيری بڕوات و حکومەتەکەی جۆلانی بتوانێت زۆربەی ناوچەکانی سووريا کۆنتڕۆڵ بکات.

شێوە و کات و کاريگەری و ڕووبەر و قووڵايی ئەم هێرشە پەيوەستە بە چەندين فاکتەرەوە: 1. هەڵوێستی ئەمريکا و ئيسرائيڵ ڕۆڵی گرنگ دەبينن، ئەگەر بە توندی ناڕازی بن، ئەوا هێرشەکەی تورکيا لە ڕووی ڕووبەر و قووڵاییەوە کەمتر دەبێت، زیان و کاريگەرييەکانی بچوکتر دەبن. تەنانەت دەکرێت تورکيا ڕووبەڕووی شکست ببێت 2. ئەگەر ڕێککەوتنیکی نەهێنی هەبێت لە نێوان تورکيا و ئيسرائيڵ و ئەمريکا کە تورکيا و جۆلانی دەستی ئێران ببڕن لە سووريا و لەبەرانبەردا ئەمريکا دەستبەرداری ڕۆژاوای کوردستان بێت بۆ تورکيا. هەروەها سووريای نوێ بە هيچ شێوەیەک هەڕەشە بۆ ئيسرائيڵ درووست نەکات و دەستی ئیسرائیڵیش کراوە بێت بۆ ئۆپراسيۆنی سەربازی لە سووريا لە کاتی پێويست، یان خود ناوچەیەکی دياريکراوی سووريا، بۆ نموونە لوتکەی “جبل الشيخ” بدرێت بە ئيسرائيڵ. هيچ بەڵگە و هەواڵێکی فەرمی نييە لەبارەی ئەم ئەگەرە، بەڵام پێويستە کورد خەراپترين ئەگەريش لەبەرچاو بگرێت!لەم ئەگەرەدا قەوارەی ڕۆژاوا دەکەوێتە بەردەم مەترسی سڕينەوە و کاولبوون. بە پێی ئاماژەکان تا ئێستا وا ديارە ئەم سيناريۆیە دوورە لە واقعەوە. 3. ئەگەر هەسەدە و حکومەتەکەی جۆلانی نەگەن بە ڕێککەوتن، یان بەرەو ململانێ بچن، ئەوا تورکيا ئەم هەلە دەقۆزێتەوە و لە ڕێگەی هاوکاريکردنی ميليشياکانی و جۆلانی هەوڵدەدات گورزی کاريگەر لە ڕۆژاوا بدات. 4. ئەگەر تورکيا بزانێت ئەمريکا هاوکاری هەسەدە دەکات بۆ لێدان لە ميليشياکانی سەر بە تورکيا، ئەوا دەکرێت سوپای تورکياش بە شێوەیەکی سەرەکی بەشدار بن لە هێرشەکە. لەم دۆخەدا ئەمريکا خۆی بەدوور دەگرێت لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ بۆ دوورکەوتنەوە لە بەریەککەونتی دوو سوپای سەر بە ناتۆ. بەڵام لەم سيناريۆیەدا دەکرێت سوپای تورکيا تووشی زیانێکی گەورە بێت، هاوکات بە ئەگەری زۆرەوە تا قووڵایی ٣٠-٤٠ Km ئۆپراسيۆنی زەمينی ئەنجامبدات. 5. ئەگەر ئەم هێرشە ڕووبدات، لە ڕووی کاتەوە ڕوون نييە کەی ڕوودەدات. وا چاوەڕوان دەکرا هەر لە سەرەتای کەوتنی ئەسەد ڕووبدات، ئەو دۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگيرە بقۆزێتەوە. بەڵام ئەوە ڕووينەدا، دەکرێت لە سەردەمی ترامپ، واتە لە ٢٠/١/٢٠٢٥ـەوە ڕووبدات. یان خود چاوەڕوانی گفتوگۆکانی حکومەتەکەی جۆلانی و هەسەدە دەکات، ئەگەر نەگەيشتنە ڕێککەوتن، ئەو کات تورکيا ململانێی نێوان جۆلانی و هەسەدە دەقۆزێتەوە. 6. لە کۆتاييدا ئەنجامدانی هێرشی تورکيا تەنيا مانای کۆتایی پێهێنانی ئەزموونەکەی ڕۆژئاوای کوردستان نييە. دەکرێت تورکيا شکست بهێنێت، یاخود زیانێکی کەم و سنووردار لە رۆژئاوا بدات. پێويستە هەسەدە هەموو هەوڵێک بدات شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان دووربخاتەوە، هاوکات هەميشە خۆی ئامادە بکات بۆ شەڕ و پێکدادانی توند و ماوە درێژ.

گريمانە و ئەگەری ئەنجامنەدانی هێرشی تورکی بۆ سەر ڕۆژئاوا: بە پێی بنەماکانی سياسەتی تورکيا و تێگەيشتنی ئەو دەوڵەتە بۆ ئاسايشی نيشتيمانی خۆی، هەر وەها بە پێی لێدوانە فەرمييەکانی ئەردۆگان و وەزيرەکانی، ئەم ئەگەرە کەمە. ئەم گريمانەیە پەيوەندی بە چەندين فاکتەرەوە  هەیە: 1. ئەگەر سووريا بکەوێتە ناو ململانێ و ناسەقامگيریی و شەڕێکی ناوخۆی تر، بۆ نموونە شەڕی نێوان سووننە و عەلەوييەکان، یان شەڕی نێوان گرووپە سوننەکان لە ناو خۆیاندا، یان ڕازینەبوونی بەشێک لە گرووپە جيهادييەکان لە سياسەتی جۆلانی، یان سەرهەڵدانەوەی داعش… ئەم دۆخە مەترسی و هەڕەشەکان و تەرکيز لەسەر ڕۆژاوای کوردستان دوور دەخاتەوە. 2. ئەمريکا و تورکيا و ئيسرائيڵ بگەن بە جۆرێک لە ڕێککەوتن لەسەر ڕۆژاوای کوردستان. بۆ نموونە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام و بێ چەک لەسەر سنوورەکانی باکووری کوردستان (تورکيا) بە قووڵایی ٣٠ Km. 3. ترسی تورکيا لەوەی تێوەبگلێت بە جەنگێکی ئاڵۆز و پڕ لە زیان و ماوە درێژ. بە تايبەت کە ساڵانێکە قەيرانی ئابووری هەیە. ئەمە لە کاتێکدا دەبێت ئەگەر ئەمريکا و ئيسرائيڵ سوور بن لەسەر مانەوە و پارێزگاريکردن لە پێگەی ڕۆژئاوای کوردستان. ٤. ئەگەر هەسەدە و حکومەتی نوێی سووريا بگەنە ڕێککەوتنێک کە تيايدا تورکيا ڕازی بێت بەوەی ئۆپراسيۆنی سەربازی ئەنجام نەدات.

وەک دەردەکەوێت هەردوو گريمانەکە، ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هێرشی تورکيا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام ئەنجامدانی هێرشەکە ئەگەری زیاترە. فاکتەری ئەمريکا و ئيسرائيڵ، بە تايبەتی ئيسرائيڵ، ڕۆڵی سەرەکی دەبينن لەو پرسەدا. پێويستە هەسەدە هەوڵبدات جۆرێک لە پەيوەندی و لەیەک تێگەيشتنی هەبێت لەگەڵ ئيسرائيڵ. گرنگە هەسەدە دەستبەرداری کارتە دۆڕاوەکە بێت، واتە نزيکایەتی و ئەنجامدانی هەر کارێک یان پێشاندانی هەر ئاماژەیەک کە هەسەدە بۆ بەرژەوەندی ئێران کار دەکات، هەڵەیەکی گەورە دەبێت. لێرەدا مەبەست لە کاريگەری پەکەکەیە، لەوانەیە ئێران لە ڕێگەی پەکەکەوە هەوڵبدات لە سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە دووبارە بگەرێتەوە بۆ گۆڕەپانی سووريا. ڕۆژاوای کوردستان دەبێت بە تەواوی دوور بکەوێتەوە لەم مەترسييە. ئيسرائيڵ ئاشکرا ڕايگەياندووە ئەگەر حکومەتی نوێی سووريا دووبارە هەژموونی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ سەر سنوورەکانی ئيسرائيڵ، لەوا لێیدەدات. هەر گرووپێکی تری ناو سووريا ئەو ئاماژەیە بدات، ئەوا ئيسرائيڵ گورزی بەهێزی لێدەدات، بە تايبەت لە ئێستادا ئيسرائيڵ لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرييەوە هێزی سەرەکی ناوچەکەیە.

کارێکی تر کە گرنگە هەسەدە ئەنجامی بدات ئەوەیە کە پەلە نەکات و هەوڵ بدات کات بە فيرۆ بدات لە ئەنجامدانی هەر ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووريا، پێويستە چەند مانگێکی تر چاوەڕێ بێت تا ڕوون دەبێتەوە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات. کارێکی هەڵەیە ئەگەر لە ئێستاوە کورد خۆی ببەستێتەوە بە چەند ڕێککەوتن و ئيمزا و بەڵێنێکەوە، چونکە ناسەقامگيری و درووستبوونی پەشێوی و شەڕی ناوخۆ ئەگەری هەیە دووبارە ببێتەوە.

ئەستێڵ: سپاس بۆ بەشداریتان لەم گفتوگۆیە و هەروەها بۆ ئەم شڕۆڤە گشتگیر و فرەلایەنە.

______________________________________________________________________________

سەرچاوە: بەشی “کاروباری جیهانی” ئەستێڵ.

ڕەنج نەوزاد، خوێندکاری دوکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان، زانکۆی وارشۆ-پۆڵەند.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌