داگرتنی وتارەکە:
First Published In Middle East Forum
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی
هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان دەتوانێت فەزایەک بۆ گەشەی بزووتنەوە نالیبراڵ و دژە-خۆرئاواییەکان بڕەخسێنێت.
لە ڕێکەوتی 12ـی مەی 2025دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەدووای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند. پەکەکە هەروەها ڕایگەیاند کە هەموو چالاکییەکانی وەکوو جموجۆڵە سەربازییەکان ڕادەوەستێنێت. پرسیار ئەوەیە کە ئێستا کوردەکان بە چ شێوەیەک بۆ ماف و نیشتمانەکەیان تێدەکۆشن؟
ئەم بڕیارەی پەکەکە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان. سەرەڕای ئەمە، کۆنگرەکەی پەکەکە ڕایگەیاند کە ئەرکی لەمێژینەوەی خۆی بەجێهێناوە و «پرسی کوردی گەیاندووەتە شوێنێک کە ئێستا دەتوانێت لە ڕێگەی سیاسەتە دێمۆکراتیکەکان چارەسەری بکات.» ئەم کۆنگرەیە باسی ئەوەی کرد کە ئامانجەکەی بریتییە لە “کۆمەڵگای دێمۆکراتیک” لەسەر ئەساسی “نیشتمانی هاوبەش و شارومەندی یەکسان” لەنێوان کورد و تورک.
ئەم کۆنگرەیە ئاماژە دەدات بە “گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، کەوتنی ڕێژیمی ئەسەد و سەرکەوتنی ئیسرائیڵ لە پاشەکشەکردن بە پڕۆکسییەکانی ئێران؛ وە ئەمانەی وەکوو هۆکارگەلێک بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی کورد-تورک باس کرد. کۆنگرەی پەکەکە ئارگیۆمێنتی ئەوەی دەهێنایەوە کە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری «بناغەیەکی گرنگ بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و ڕێگەچارەیەکی دێمۆکراتیک ئامادە دەکات» بەڵام هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاشتییەکی درێژمەودا پێویستی بە «ناسینی ماف بۆ سیاسەتە دێمۆکراتیکەکان و هەروەها دابینکردنی گەرەنتییە یاساییەکانە.»
ئەم چرکەساتە نیشانەیەکە لە گۆڕانکارییەک کە دەتوانێت ئەوبەری سنوورەکانی تورکیاش بگرێتەوە و ئەم پرسیارە بهێنێتە ئاراوە کە: بۆچی ئێستا؟ لە ساڵی 1993دا، سەرۆککۆمار تورگوت ئوزەڵ، لە حاڵێکدا دەیویست ئەندامێتی یەکێتی ئەورووپا وەربگرێت، هەوڵیشی دەدا کە ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ پرسی پەکەکە بدۆزێتەوە، بەڵام پێش ئەوە بتوانێت هەجۆرە پڕۆسەیەکی ئاشتی بە ئاکامی خۆی بگەیێنێت، بەشێوەیەکی لەناکاو و گۆماناوی بە هۆکاری جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا. ئێستا چ شتێک لە دەوڵەتی قووڵی تورکیادا ڕووی داوە کە ڕێگەی بۆ هەوڵێکی دیکە خۆش کردووە؟
ئاشکرایە کە پێکدانانی درێژمەودای پەکەکە و سوپا هەمووکات بەسوودی پێکهاتە و دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکانی دەوڵەت بووە. کۆتاییهێنان بەم دوژمنایەتییە دەتوانێت دەسەڵات و دەسڕۆشتوویی بەشگەلی سەربازی و نوخبە بیرۆکراتیکەکان لاواز بکات. دەیان ساڵ پەروەردەی ناسیۆناڵیستی لە میدیا، قوتابخانە و مێژووی فەرمی ببووە هۆی شکڵپێدان و قووڵبوونەوەی هەستی دژە-کورد لە دەروونی تورکەکاندا. پێچەوانەکردنی ئەم نەریتە نەک بەخێڕایی دەکرێت و نەک ئاسانە.
چارەنووسی شەڕڤانانی پەکەکە کە هەڵگڕی ڕەگەزنامەی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیان چی دەبێت؟ ئایا شەڕڤانانی کورد کە شارومەندی ئێران هەژمار دەبن دەچنە پاڵ پژاک یان پارتە کوردییەکانی دیکە و بەردەوام دەبن لە شەڕکردن؟ ئایا ئەندامانی پەکەکە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیان مافی ئەوەیان پێدەدرێت کە بخرێنە ناو سوپای تورکیاوە یان دوور دەخرێنەوە؟ ئایا دەکرێت بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی کورد لە سووریا و عێراق بەکار بهێنرێن؟
تورکیا بیانووی شەڕکردن لەگەڵ پەکەکەی بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان بە بوونی سەربازی خۆی لە هەرێمی کوردستان و هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا -لە ساڵی 2018ـەوە-. ئەگەر پەکەکە چیتر چالاک نەبێت، ئایا تورکیا کۆتایی بە داگیرکاری و پاکتاوی نەژادی ئەو ناوچانە دەهێنێت؟
ئەمە دوور لە واقعە؛ تورکیا لە سیاسەتی دژە-تێرۆریزم بۆ شاردنەوەی سیاسەتە پاوانخوازەکانی کەڵکی وەرگرتووە. ناوچە کوردییەکان -بەتایبەت لە تورکیا- چەن دەیە لە ژێر سەرکوتی توندا بوون: ئینکاری سیاسی، سڕینەوەی کەلتووری، ئەشکەنجە، مانگرتن و دەستبەسەربوونی بەکۆمەڵ. هەزاران کەس گیانی خۆیان لەدەستداوە. ئایا دەوڵەتی تورکیا تاوانەکانی خۆی قبووڵ دەکات؟ ئایا ئانکارا پێشنیاری قەرەبوو کردنەوە یان حەقیقەت و ڕێککەوتن دێرێتە بەرباس؟
پەکەکە لە درێژەی تەمەنی خۆیدا لە ڕیشە مارکسیست-لێنینیستییەکانی خۆی کە پەیوەندی بە شەڕی ساردەوە بوو دابڕاو و بەرەو “کۆنفێدێڕاڵیزمی دێمۆکراتیک” هەنگاوی هەڵگرت کە لە جوداییخوازیی خۆی لادەدات. پەکەکە وەک هێزێکی پڕۆگرێسیڤ بووە. ئایا هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەتوانێت فەزایەک بۆ گەشەی بزووتنەوە نالیبڕاڵ و دژە-خۆرئاواییەکان بڕەخسێنێت؟؛ بە تایبەت کە بەشێک لە کوردەکان دێمۆکراسییە خۆرئاواییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد وەکوو شتێکی ناکاریگەر و “فریوکار” دەبینن؟
ئانکارا هیوای ئەوەی هەیە کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە بزووتنەوەی کورد لە تورکیا شکڵێکی دیکە ببەخشێت؛ بەڵام وا دیارە کە سەرۆککۆمار -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان- ئەم هەڵوەشاندنەوەیەی وەکوو دەرفەتێک دەبینێت بۆ پێشگیریکردن لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و پەرەپێدان بە بەرەی دژە-ئیسرائیڵ.
ئەگەر هێزە جیهانی و ناوچەییەکان ئاوا گۆڕانگەلێک قبووڵ بکەن ئەوە دانیان بە گۆڕانێک لە ناوچەکە داوە کە دەتوانێت لێکەوتەی ناوچەیی و جیهانی هەبێت و زۆربەی ئەم لێکەوتانە نە تەنیا دەتوانێت بۆ هیواکانی کورد خەساری هەبێت بەڵکوو لیبڕاڵیزمی خۆرئاوایی و بایەخە پێشکەوتووەکانیشی بە ئامانج دەگرێت.
_________
سەرچاوە:
https://www.meforum.org/mef-observer/what-does-the-dissolution-of-the-pkk-mean-for-the-middle-east
- د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.