لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا بێباکانە و نابەرپرسیارانەیە
لوقمان ڕادپەی

ل

داگرتنی وتارەکە:

Washington Times
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی

 

لە گۆڕانکارییەکی دراماتیک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، سەرۆک دۆناڵد تڕامپ دووای دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا، ڕایگەیاند سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت .هەرچەندە ئەم هەنگاوە لە هەندێک بازنەدا وەک هەنگاوێک بەرەو سەقامگیری ستایشی دەکرێت، بەڵام بڕیارەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەپەلەیە و زیان بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا و سەقامگیری ناوچەکە و تەنانەت ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە مەبەست لێی پاراستنی سزاکان بووە.لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە کە سزاکان کاریگەری خۆیان لەدەستداوە، هەڵگرتنی سزاکان لە دەرەوەی گواستنەوەی سیاسیی ڕەوا یان بەبێ پلانێک بۆ لێپرسینەوە، مەترسییە چونکە هەمان ئەو گرووپانە بەهێز دەکات کە سووریایان گەیاندووەتە لێواری داڕمان.

 

ڕیژێمێک بەبێ ڕەوایی

لەوەتەی ئەسەد لە دێسامبری 2024دا لادرا، سووریا لەلایەن حکومەتێکی راگوزەری هەڵنەبژێردراوەوە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع بەڕێوە دەچێت، کە ئەندامی پێشووی ئەلقاعیدە و ئێستا خۆی وەک ڕیفۆرمیست دەناسێنێت. ڕەوایی ڕێژیم هێشتا بە هیچ هەڵبژاردنێکی دیموکراسی تاقی نەکراوەتەوە، هەروەها هیچ نیشانەیەکی پابەندبوونی بە حوکمڕانی گشتگیرەوە نیشان نەداوە. هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بەهۆی ڕۆڵی خۆیان لە تاوانەکانی جەنگدا لە ژێر سزادان و نەبوونی پرۆسەی پشکنین یان میکانیزمی گواستنەوە ئەوە پیشان دەدات کە دیکتاتۆریەت تەنیا بە بەرگی نوێ ئاوەدان کراوەتەوە نەک هەڵوەشێنراوەتەوە.

جگە لەوەش دەستووری کاتی بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی عەرەبی دەوڵەتی سووریا و بە پەراوێزخستنی مووزاییکی هەمەچەشنی نەتەوەیی، ئێتنیکی و ئایینییەکانی سووریا کە کورد و دروز و ئاشووری بریتین لی. ڕێژیمی نوێ هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ لەخۆگرتنی پلۆڕاڵیزم یان فێدێڕاڵیمکە توخمە سەرەکیەکانی سەقامگیرین.

 

توندوتیژی دژ بە کەمینەکان و دۆخێکی هەڵگری تێکشکان

پێشت سەرکردایەتی نوێ تۆمەتبار کرابوو بە توندوتیژیی ئامانجدار دژی کەمینەکان، بەتایبەتی عەلەوییەکان، مەسیحییەکان و دروزەکان. ئەگەر توانای سەربازی و ڕێکخستنی سیاسی هێزەکانی سووریای دێمۆکرات (هەسەدە) و پشتیوانی دیفاکتۆی ئیسرائیڵ نەبوایە، پێدەچێت کورد ڕووبەڕووی هەمان ئاستی توندوتیژی ببوایەتەوە. ڕێژیی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (کە 40٪ خاکی سووریا دەگرێتەوە) و ناوچەکانی دانیشتووی دروزەکان لە باشوور و بوونی عەلەوییەکان بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست چەسپێنێت.

سووریا وڵاتێکی یەکگرتوو نییە، خاکێکی پارچە پارچەیە کە گرووپە جیاوازەکان بە ئۆتۆنۆمییەکی لەرزۆک و ناسەقامگیرەوە بەردەوامن تێیدا. هەڵگرتنی سزاکان بەبێ گفتوگۆی نیشتمانی و مێکانیزمی ئاشتەوایی، یان بەبێ نەخشەڕێگایەک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، دەرخەری ستراتیژییەکی جێگیر نییە؛ بەڵکوو دەستبەرداربوونە لە بەرپرسیاریەتی.

 

نە لێپرسینەوە، نە چاکسازی

یەکێک لە کەلێنە هەرە سەرنجڕاکێشەکان لە تێڕوانینە نوێکەی ئەمریکا بۆ سووریا، نەبوونی چوارچێوەیەکە بۆ لێپرسینەوەیە. نە تاوانەکانی سەردەمی ئەسەد و نە خراپ بەکارهێنانەکانی ڕێژیمی ئێستا چارەسەر نەکراون. سیستمی دادوەری سووریا تا ئێستاش بێ توانایە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری ئینتقالی. هەروەها هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکان لەنێو وەزارەتی  دەرەوەدا بوونی نییە، لەوانە لەناوبردنی تەواوی جبەخانەی چەکی کیمیایی و توانای بەرهەمهێنانیان کە داخوازییەکی گرنگە و ساڵانێکە هەوڵەکان بۆ جێبەجێ کردنی شکەستیان خواردووە.

هەروەها چاکسازییە دامەزراوەییەکان غایبن. ئامێرە بیرۆکراتیکەکانی سووریا، دامەزراوە ئەمنییەکان و کەرتە ئابوورییەکان تا ئێستاش بەدەست تایفەگەرایی و کاریگەریی گرووپە دەسەڵاتدارەکانەوە دەناڵێنن. هیچ پشکنین و هاوسەنگییەک نییە و نەبوونی ڕێسای دارایی ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی نوخبەکان سامان کۆبکەنەوە و تۆڕەکانی چاودێری فراوان بکەن. لە نەبوونی ئابوورییەکی کارا و چاودێرییەکی کاریگەر، هەڵگرتنی گەمارۆکان تەنیا نەختینەیی دەگوازێتەوە ناو ئەم تۆڕانەوە؛ دۆخێکی هاوشێوەی ئێران لە دووای ساڵی 1979، کە نوخبەی شۆڕشگێڕ لە ئابووری بەهرەمەندبوو لە کاتێکدا خەڵک تاکوو ئێستاش لە هەژاریدا نوقمن.

 

نەبوونی ستراتیژییەکی گەورە

لە تیۆرییدا، داشکاندنی سزاکان لە بنەڕەتدا خراپ نییە و دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ چاکسازیی و ئاشتەوایی. بەڵام تێکڕا هەڵوەشاندنەوەیان پاداشتێکی بەبێ بەرپرسیاریەتی دەردەخات. سەرۆککۆمار تڕامپ ئەم هەنگاوەی بە “دەرفەتێک” وەسف کرد -بەڵام بۆ کێ؟ بەبێ ڕێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر، گەرەنتی دابەشکردنی دەسەڵات، یان مێکانیزمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، هەڵگرتنی سزاکان بە شێوەیەکی کاریگەر کلیلی سووریا دەداتە دەست هەمان بازنەی نوخبەیی کە سەرپەرشتی داڕمانی سووریایان کردووە. سیاسەتی ئەمریکا کە سەردەمانێک لەسەر بنەمای دێمۆکراسی و پشتیوانی لە کۆمەڵگە نەپارێزراوەکان بوو، ئێستا پێدەچێت بێ ئامانجە و پێشەکی داوە بە کاریگەری کورتخایەن بەسەر دیمەنی درێژمەوداتر.

ئەم بۆشاییە سیاسەت‌داڕێژیی فەزای بۆ تورکیا و قەتەر ئامادە کردووە کە کاریگەرییەکانیان فراوانتر بکەن و دەسەڵاتە تاکڕەوەکانیش بتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە -کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ قۆناغێکی نوێی کێبڕکێی لە ڕێگەی پڕۆکسییەکانەوە.

 

خیانەت لە هاوبەشە ڕاستەقینەکان

ڕەنگە لایەنی هەرە نیگەرانکەری ئەم بڕیارە وازهێنان بێت لە هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی ئەمریکا، واتە کوردەکان. هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک بە سەرۆکایەتی ژێنێڕاڵ مەزلوم عەبدی، متمانەپێکراوترین و کاریگەرترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی داعش و توندڕەوی لە ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سووریا. کورد کە زیاتر لە 1200 شەهید و 15000 برینداری بەرکەوتووە، ئیدارەیەکی فرەیی درووستکردووە کە مەسیحییەکان و عەرەبەکانیش دەپارێزێت -سەرەڕای دووبارە لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە ساڵی 2018ـەوە. بەڵام لە کاتێکدا سەرۆکایەتی بۆ ئەحمەد شەرع گەرەنتی کرا، ژێنێڕاڵ عەبدی تەنانەت بانگهێشتی خولی دانوستانیش نەکرا. سەرەڕای قوربانیدان و تێچووی کوردەکان، تێڕوانینیان بۆ سووریایەکی فرەلایەن و لامەرکەزی پشتگوێ خراوە لەپێناو ئاساییکردنەوەی رژێمێک کە پەراوێزخەرە، ناسەقامگیر و هەر وەها نادێمۆکراتیکە. بە فەرمی ناسینی کورد دەبێت وەکوو وەبەرهێنانێکی ستراتیژیکی باش بۆ سووریای داهاتوو ببیندرێت کە لەسەر بنەمای فێدێڕاڵیزم و تەنانەت سەربەخۆیی بۆ ئەوان دابمەرزرێت. پشت کردن لە کورد پەیامێکی ترسناکە دەنێرێت: بەرژەوەندی سیاسی گرنگترە لە وەفاداری و قوربانیدان.

 

گریمانەیەکی بێباکانە

ئەم ڕێکخستنەوە دیپلۆماتیکە کێشەی لەوەدایە کە پێشینەیەکی مەترسیدار دابنێت: ڕێژیمە ئینتقالییەکان دەتوانن بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕەوایی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن. ئەمەش پەیامێک بۆ سەرکردە پاوانخوازەکان دەنێرێت کە خۆرئاوا دوواجار ماندوو دەبێت و دەرگای ئاساییبوونەوەیان بۆ دەکرێتەوە. ئایا ستانداردەکانی ئەمریکا گۆڕاون- یان بە تەواوی وازی لێهێنراوە؟ ئایا ئەمە ئاستێکی نوێی ناساندنە؟

داهاتووی سووریا دەبێت لەسەر لێپرسینەوە، چاکسازی و گشتگیری بنیات بنرێت. هەڵگرتنی سزاکان دەتوانێت بەشێک بێت لەم ڕێگایە- بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی یەکگرتوو و پابەند بە بەهاکان. ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ متمانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت، دەبێت پرەنسیپەکانی خۆی دووپات بکاتەوە، هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی بناسێت و داوای لێپرسینەوە بکات و بازرگانی بە سەقامگیری درێژخایەن بۆ دەستکەوتە ڕواڵەتییە کورتخایەنەکان ڕەد بکاتەوە، تەنانەت لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئێران.

_____________

سەرچاوە:

https://www.washingtontimes.com/news/2025/may/20/lifting-us-sanctions-syria-outright-irresponsible-reckless/

 

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌