داگرتنی وتارەکە:
کاروباری جیهانی
1. هەموو جەنگەکانی پێشووی ئیسرائیڵ لەسەر سنوورەکانی خۆی بووە، واتە ئامانج و پێوەری سەرەکی پرسی خاک بووە. سەرکەوتن و شکست بە پلەی یەکەم پەیوەست بووە بەوەی ئایا ئیسرائیڵ خاک لە دەست دەدات یان نا، یاخود خاکی زیاتر بەدەست دەهێنێت. چونکە دووژمنانی ئيسرائيڵ ئامانجيان سڕينەوەی ئيسرائيڵە و بە هاوکێشەیەکی سفری شەڕ دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە ئیسرائیڵ لە 48ـەوە هیچ جەنگ و شەڕێکی نەدۆڕاندووە. پێوەری دووەم و سێیەم، پرسی زیانی ماددی و مرۆیی و پرسی ڕەدع بووە. ئیسرائیڵ بەو پێوەرانەش هەموو جەنگەکانی تری بردەوەتەوە. بۆیە خۆیان بە سوپاکەیان دەڵێن ئەو سوپایەیی کە نابەزێت. لەم جەنگەدا پرسی خاک بوونی نییە، بەو مانایەیی ئەگەری لە دەستدان و بەدەست هێنانی خاکی زیاتر بوونی نییە. شەڕەکە لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیڵ نییە، هێزی زەمینی لە لایەن ئیسرائیڵ و ئێرانەوە بەکارنایەت. گریمانەیەک هەیە کە لاوازە، ئەویش ئەگەر ئێران لە ڕێگەی حیزبوڵاوە هەوڵبدات لە لوبنانەوە هێرشی زەمینی بکات.
2. لەم جەنگەدا چەند پێوەرێک هەیە بۆ سەرکەوتن و شکست: کام لایەن زۆرترین ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنن، بە چ شێوەیەک و بە چ مەرجيک جەنگەکە کۆتایی دێت، کام لایەن سازشی زیاتر دەکات، پرسی ڕەدع، زیانی مرۆیی و ماددی و سەربازیی کام لایەن زیاترە.
3. ئامانجی ئیسرائیڵ بە فەرمی لەناوبردن یان گەياندنی زیانێکی گەورەیە بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران. تا ئێستا بە دڵنیاییەوە زیانی گەیاندووە بە پڕۆژەی ئەتۆمی، بەڵام ڕوون نییە جارێ زیانەکە تا چ ئاستێکە یاخود تا کۆتایی جەنگەکە دەگاتە چ ئاستێک. ئامانجەکانی تری ئیسرائیڵ بریتییە لە لاوازکردنی ئێران لە ڕووی مووشەکی بالیستی و سەربازی و سیاسی و هەژموون. لەسەر ئاستی هەژموون و سیاسەت پێش شەرەکەش ئیسرائیڵ براوە بوو، هەژموونی ئیسرائیڵ لە دووای حەوتی ئۆکتۆبر زۆر زیاتر بووە، هێ ئێران زۆر کەمتر بووە و گەورەترین گورزی بەرکەوتووە. لە ڕووی زیانی سەربازییەوە زیانەکانی ئێران زۆر گەورەیە و دەیان جار زیاترە لە هی ئیسرائیڵ. لەسەر ئاستی مرۆیی زیانەکانی ئێران وەک ژمارە زیاترە، وەک کواڵێتی سەدان جار زیاترە لە هی ئەوەی ئیسرائیڵ.
4. ئامانجێکی تری ئيسرائيل بريتييە لە درووستکردنەوەی رەدع و ترساندنی ئێران و هەر دەوڵەت و لایەنێکی تر کە جارێکی تر هێرشی نەکەنە سەر. ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر درووست بووە، هەموو لایەنەکانی بەرەی ئێران، بە خودی ئێرانەوە، یەک مەرجيان هەیە ئەويش ئەوەیە ئيسرائيڵ جەنگ ڕابگرێت. ئەمە مانای وایە ئەو هێزانە، لایەنی کەم بۆ ماوەیەکی درێژ، بير لەوە ناکەنەوە دووبارە شەڕی ئيسرائيڵ بکەن.
5. لە ڕووی ئابووری و تێچوونەوە، بە پێچەوانەی شەڕەکانی ئیسرائیڵ لەگەڵ حەماس و حیزبوڵا کە تێچوونی جەنگ لە ڕووی مووشەک و کەرەستەی سەربازییەوە هی ئیسرائیڵ زۆر گەورەترە، لەم جەنگەدا تێچوون بۆ ئێرانيش زۆر بەرزە. بۆ نموونە ئەو مووشەکانەی ئێران ئاڕاستەی ئيسرائيڵی دەکات، زۆر گرانترە لە موشەکەکانی سيستەمی بەرگری ئيسرائيڵ. رۆژانە ئێران بایی سەروو لە 100 مليۆن دۆلار تەنيا لە بەکارهێنانی ئەو مووشەکە باليستيانە خەرج دەکات. هاوکات، لە ڕووی زیانی ژێرخانەوە، زیانەکانی ئێران تا ئێستا زۆر گەورەترە لە هی ئيسرائيڵ. چونکە لەناوبردنی دەيان و سەدان خانوو و باڵەخانەی مەدەنی، ناگاتە تێچوونی یەک ژێرخانی ئەتۆمی یان مووشەکی و سەربازی. ئێران زیانەکانی زیاتر لە ژێرخانی سەربازی و ستراتيژی و ئەتۆمی و نەوت و گازە، ئيسرائيڵ زیانەکانی زیاتر لە ژێرخانی مەدەنييە، وەک باڵەخانە و خانوو. جگە لەوەی زیان گەياندن بە بەندەرێک یان ژێرخانێکی گرنگ، لە ڕێگەی فرۆکەوە زۆر زیاترە بە براورد بە مووشەکی باليستی. فڕۆکە توانای کاولکاری زیاترە و وردترە بە براورد بە باليستی. ئيسرائيڵ لە ڕێگەی فڕۆکەوە زیان لە ئێران دەدات، ئێران لە ڕیگەی مووشەکەوە. فڕۆکە ئاسمان کۆنتڕۆڵ دەکات، موشەک ئەو توانایەیی نييە. ئيسرائيڵ توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر ئاسمانی تاران کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بە ئارەزوی خۆی کوێی بوێت دەيکاتە ئامانج. مووشەکی باليستی ئەو توانایەیی سنووردارە. فڕۆکە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندين سەعات دۆخی جەنگ بسەپێنێت بەسەر شارێکدا بە بۆردومان و چاودێری، مووشەکی باليستی ئەو توانایەیی نييە. بۆیە ئەگەر ئيسرائيل ڕۆژانە 10 سەعات بتوانێت لە ئێران بدات، ئێران یەک سەعات دەتوانێت لە ئيسرائيڵ بدات.
6. ئێران لە ڕووی ڕووبەرەوە نزيکەی 75 جار لە ئيسرائيل گەورەترە، دانيشتووانی 8 بۆ 9 جار گەورەترە لە هی ئيسرائيڵ. ئەمە فاکتەرێکی گرنگە لە هێز و توانای دەوڵەت. ئەگەر ئيسرائيڵ زۆر پێشکەوتووتر نەبێت، ئەستەمە دەوڵەتێکی وا بچوک بتوانێت لەگەڵ دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئێران شەڕ بکات، بە تايبەت دووای ساڵ و نيویک لە شەڕ لەگەڵ ميليشياکانی ئێران، پاشان شەڕ لەگەڵ سەرکردەی ئەو مليشيانە بکات. لە مێژووی جەنگ و تيۆرييەکانی تايبەت بە هێز و توانای دەوڵەت، ئەمە لۆژيکی نييە و ڕوونادات، بەڵام موعجيزەی ئيسرائيڵ ئەوەی کردووە بە واقع و نزيکەی دوو ساڵە تەماشای دەکەين! پاساوی ئەوەی گوایە ئيسرائيڵ تەنيا بە هاوکاری ئەمريکا ئەوە دەکات، پاساوێکی نا زانستی و وەهمە و ئامانجی ئەوەیە دان بە هەقيقەتێکی تاڵ نەنێت. ڕوون ديارە هێرش و پلان و گورزەکان ئيسرائيڵ خۆی جێبەجێی دەکات، زیانەکانيش هەر بەر خۆی دەکەوێت. مەسەلەی هاوکاری لە هەموو جەنگێک هەیە، ڕووسيا کە زلهێزیکی جيهانە لە لایەن ئێران و کۆریای باکور و تا ڕادەیەک چينەوە هاوکاری دەکرێت. خودی ئێران لە لایەن ڕووسيا و چينەوە هاوکاری دەکرێت، جگە لە ميليشياکانی. لە زۆربەی جەنگەکانی ئەمريکا، بە دەيان دەوڵەت هاوکاری دەکەن.
7. بە هۆی سيستەمی بەرگری و ژێرزەمين و شوێنی تايبەت بۆ پاراستنی هاووڵاتی، ئيسرائيڵ زیانی مرۆیی کەمتر بەردەکەوێت. ئەمە بۆ هاووڵاتيانی ئێران وا نييە. بەڵام لە ئيسرائيڵ هاووڵاتی ڕۆڵی گرنگ دەبينێت لە بڕياری جەنگ و کۆتایی پێهێنانی، لە ئێران ئەوە نييە. حکومەت و سوپای ئيسرائيڵ پشتگيری کۆمەڵگەی لەگەڵە، هی ئێران وا نييە.، بەڵکو زۆرێکی دژين. ئەم فاکتەرانە کاريگەری درووست دەکەن لەسەر ماوەی جەنگەکە.
8. ئەگەر خۆپێشاندان و چالاکی ناوخۆ دژی ڕژێم ڕووبدات، ئەوا ڕژێمی ئێران بە ئەگەری زۆرەوە دەڕوخێت لە کۆتایی ئەم جەنگە. ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، بە ئەگەر زۆرەوە جەنگەکە بە ڕێککەوتن کۆتایی دێت (لەوانەیە پاش چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک). لەو ڕێککەوتنە، بە پێی پێدراوەکان، ئێران دەبێت سازش بکات، زیانەکانی زۆر ستراتيژی و گەورەترن، ميليشيا و پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی، زۆربەی سەرکردە گرنگەکانی لە پاساداران… لە دەست دەدات یان بە لاوازی دەمێننەوە. ئێران لە ئێستاوە هەژموونی ناوچەیی خۆی تا ئاستێکی زۆر بەرز لەدەستداوە. ئيسرائيڵ بە پێچەوانەوە. ئێران لە پاش جەنگەکە، ڕووبەڕووی چەندين قەيرانی بێ وێنە دەبێت لەسەر ئاستی ئابووری، ناوخۆ، سەربازی و سياسی.
9. بە پێی هەڵسەنگاندنی سوپا و دەزگا ئەمنييەکانی ئيسرائيڵ لە پێش شەڕەکە، پێشبينی کراوە کووژراوەکانی ئيسرائيڵ لە شەڕی ئێران لە نێوان 800 بۆ 4 هەزار کەس بن. واتە پێش وەخت ئيسرائيڵ زانيویەتی و خۆی ئامادەکردووە بۆ زیانێکی مرۆیی مامناوەند و زیانێکی ئابووری و ژێرخانی گەورە.
10. بە پێچەوانەی ميديا و زۆربەی خەڵک، شێوەی جەنگ و گورز و هێرشەکان، بۆ ئيسرائيڵ و ئێران سوپرایز نييە. ئێران باش دەزانێت توانا هەواڵگری و تەکنەلۆژييەکەی ئيسرائيڵ تا چ ئاستێکە، هەر بۆیە هەميشە خۆی لادەدا لە جەنگی ڕاستەوخۆ. ئيسرائيڵيش باش زانيویەتی ئێران دەتوانێت بە مووشەک ئەو زیانانە بگەيەنێت. ئەگەرنا، دوو ساڵ بۆچی شەری بەرەی ئێران دەکات؟ بێ گومان چونکە دەيزانی ئێران بەهێزە و هەڕەشەیە و دەبێت لاوازبکرێت. ئەوەی مایەیی شۆک بوو بۆ ئێران، تەنيا کاتی هێرشەکەی ئيسرائيڵ بوو، نەک توانا هەواڵگری و گەيشتن بە ئامانج و هێزە ئاسمانييەکەی. کاتی هێرشەکە وای کرد، کۆمەلێک ئامانج کە دەکرا بە شەش مانگ بەدەست بێن، ئيسرائيڵ بە یەک ڕۆژ بەدەستی هێنا. تەنيا ئەمە ئێرانی شۆک کرد. وەڵامەکانی ئێران هەر هەمووی چاوەڕوانکراوە لە لایەن ئيسرائيڵەوە، تەنانەت دەزگا ئەمنييەکانی ئيسرائيڵ پێيانوایە تا ئێستا دەستکەوتەکان زیاترن و زیانەکان کەمترن لەوەی پلانی بۆ دانرابوو و چاوەڕواندەکرا. پێشبينی کردنی ئەوەی شەڕەکە دەکرێت ببێتە مایەیی کووژرانی 4 هەزار ئيسرائيڵی، ئەوە دەردەخات کە مۆساد و شاباک و سوپا زانيویانە ئەم جەنگە قوورس و گەورە دەبێت. خودی نەتانياهۆش یەکەم رۆژ ئاماژەی پێکرد، کە رۆژگارێکی سەخت بەڕێوەیە، بەڵام سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدواوەیە.
11. ئامانجی ئێران تەنيا ڕاگرتنی شەڕەکەیە و پاشان بانگەشەی سەرکەوتن. بۆ ئەم ئامانجە، یەک ئامرازی سەرەکی هەیە، ئەويش بۆردومانکردنی ئيسرائيڵ بە سەدان مووشەک بەو هيوایەیی زیانە مرۆییەکان وا بکەن ئيسرائيڵ بوەستێت یا خەڵک ناڕەزایەتی دەرببڕن. هەمان پلانی حەماس و حيزبوڵایە، کە وێران کران و ئەو ئامانجە نەهاتە دی. ئەگەر بێتە دی، ئەوا کاتی دەوێت و تا ڕوودەدات، ئێران بە تەواوی لاواز کراوە. دووژمنانی ئيسرائيڵ هەميشە ئەوە وەک چەک دژی ئيسرائيل بەکاردەهێنن کە دەوڵەتێکی ديموکراتە و بایەخ بە ژیانی هاووڵاتيانی خۆی دەدات! دووژمنانی ئيسرائيڵ خۆیان بەهای مشک و جرج بۆ خۆیان و هاووڵاتيانيان دادەنێن. تەنيا ئەم خاڵە بەسە بۆ ئەوەی بزانين بۆچی لە 48ـەوە ئيسرائيڵ براوەیە و ئەوان دۆڕاو. ناکرێت گرنگترين چەک و تەکتيک تەنيا ئەوە بێت کە ئيسرائيڵ بە ئەخلاق و بەرپرسە بەرانبەر بە مرۆڤی خۆی، بەڵام دووژمنانی ئيسرائيڵ بەد ئەخلاق و نا بەرپرسن بەرانبەر بە مرۆڤی خۆیان. هەر بۆیە یەک تەرمی ئيسرائيڵی دەکرێت لەگەڵ 100 فەڵەستينی زيندوو ئاڵوگۆری پێبکرێت. شەڕەکە لە نێوان ئەخلاق و بەدئەخلاقييە، لە نێوان مرۆڤ و کۆمەلێک جرج و مشک و گيانلەبەری قێزەونە.
12. لەوە دەچێت ئيسرائيڵ دوو هەفتەی تر بەردەوام بێت لە شەڕەکە، لەو ماوەیەدا توانا ئەتۆمييەکەی ئێران تەواو لاواز دەکات و ڕايدەگرێت بۆ چەندين ساڵی تر، توانا مووشەکييەکەی لاواز دەکات، گورزێکی سەربازی گەورەشی لێدەدات، قەيرانێکی ئابووری گەورەی بۆ درووست دەکات، جگە لە گورزێکی کووشندە لە هەژموونە ئيقليميەکەی ئێران (تا ئێستا زۆربەی هاتووەتە دی). لەم دوو هەفتەیەدا ئەگەر ئيسرائيڵ بزانێت لەناوخۆ خەڵک هيچ چالاکیيەک ناکات دژ بە ڕژێم، ئەوا شەڕەکە بەو دەستکەوتانەوە ڕادەگرێت، ئەگەر جوڵەیەکی جەماوەری درووست ببێت، لەوانەیە بەردەوام بێت تا کەوتنی ڕژێم. ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە بە فەرمی ڕايگەیاند ئەگەر ئيسرائيڵ شەڕ بوەستێنێت، ئێرانيش دەوستێت. واتە دەستپيکردن و کۆتایی هاتنی جەنگەکە لە دەست ئيسرائيڵە تا ئێستا. بە بێ جوڵەیەکی جەماوەری لەناوخۆ، ڕژێمی ئێران ناڕووخێت، ئيسرائيڵيش ئەمە دەزانێت، بۆیە ڕووخانی ڕژێمی نەکردووەتە ئامانج.
13. کووشتنی خامنەیی ئەگەرێکی کراوە و نزيکە، بە تايبەت ئەگەر ئێران زیانێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو لە ئيسرائيڵ بدات.
14. لێرەدا تەنيا ئاماژە بە خودی شەڕەکە کرا لە یەک رەهەندەوە، کە هەردوو لایەنی جەنگەکەن. هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئيقليميەکان ڕۆڵی گرنگ دەبينن. ڕۆڵی ئەمريکا و چين و ڕووسيا لەم جەنگەدا دەبێت بە گرنگ تەماشا بکرێت. بە گشتی، هاوکێشەی ناوچەکە لە دوای جەنگەکە گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت، بە تايبەت لە ڕووی هاوکێشەی هێز و هەژموونەوە.
________
سەرچاوە: بەشی کاروباری جیهانی ئەستێڵ
ڕەنج نەوزاد لێکۆڵەری دوكتۆرا له زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانكۆی وارشۆ، له وڵاتی پۆڵهندا.