داگرتنی وتارەکە: لوقمان ڕادپەی – چما دەبێت داڕێژەرانی سیاسەت دەستەوشەی کوردی بەکار بهێنن؟
ژووری هزری کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Forum :First Published in
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
كوردستان بنیاتێکی تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه. له هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایینه‌وه ئاماژه به “كارد” كراوه. له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای ئهمهوییهكانیشدا، له نووسراوه‌كاندا ناوی كورده‌كان و كوردستان هاتووه. دووابه‌دووای ئه‌و، لە سەردەمی سهلجوقییەوە له ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی دوانزه، پارێزگایه‌ک به‌ناوی “كوردستان” له نزیک هه‌مه‌دان دامه‌زراوه.
ئه‌مڕۆ، كوردستان به ئێران، عێراق، توركیا، سوریا و قه‌وقازی باشووردا بڵاوبووه‌ته‌وه. سەرەڕای ئەوەیکە کوردەکان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیان نییه به‌ڵام له زەینی خه‌ڵكدا، كوردستان ماوه‌ته‌وه. به‌درێژایی سه‌ده‌كان و به‌تایبه‌ت له سه‌د ساڵی ڕابردوودا، ده‌وڵه‌ته‌كان له‌ڕێگه‌ی ته‌فریس (بهفارسكردن)، ته‌عریب (به‌عه‌ره‌بكردن) و ته‌تریک (به‌تورككردن)ـی زۆره‌ملێ، له هه‌وڵی گۆڕانی دێمۆگرافی و سڕینه‌وه‌ی شووناس و هەبوونی كورده‌كاندا بوون.
دیپلۆماتکارانی خۆرئاوا دانی پێدا بنێن یان نا، پشتگوێخستنی ئەو دەستەوشانەی کە کوردەکان خۆیان بەکاری دەهێنن و پەسەندکردنی وشەگەلی ئه‌وانه‌ی کە کوردیان ژێردەست کردووه، سیاسەتوانانی خۆرئاوا دەخاتە ژێر گوشارەوە و تووشی گیروگرفتیان ده‌كات و هاوکات ڵێڵییەکیش له‌سه‌ر دینامیزمی ڕووداوه‌كان و ململانێكان درووست ده‌كات.
ڕه‌نگه ئەمڕۆ دیپلۆماته‌كان سەبارەت بە “كوردستانی سوریا” و ” كوردستانی عێراق” یان “كورده‌كانی ئێران و توركیا”وه بدوێن؛ به‌ڵام سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر وشه‌كان به‌جۆرێكی دیكه بوون. دیپلۆماتکارانی بریتانیا بە شێوەیەکی فراوان باسی هەر چوار هەرێمەکەی کوردستانیان کردووه: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (له ئێران)، رۆژاوای كوردستان (سوریا)، باكووری كوردستان (توركیا) و باشووری كوردستان (باشوور). جێگیركردنی ئه‌م وشانه له پڕۆژەی پێرشیا (كه بوو به ئێران) و دەوڵەت-نەتەوەکانی تاڕاده‌یه‌ک تازه‌دامه‌زراوی -توركیا، عێراق و سوریا- بۆ وێناكردنی كوردستان وه‌کوو چواربه‌شی لێكدابڕاو و كورده‌كانیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌كی ناپه‌یوه‌ست، ناهاوشێوه و په‌رته‌وازه‌دا، ڕۆڵێكی به‌رچاوی گێڕا.
هەرچەن دەستەوشە كوردییه‌كانی وه‌کوو رۆژهه‌ڵات (له ئێران)، رۆژاوا (له سوریا)، باكوور (له توركیا) و باشوور (له عێراق) وەکوو چوار پارێزگای نێو وڵاتی نەتەوەیەک ده‌چن. گەرچی زنجیرهچیاكان سنووری نێوان توركیا-عێراق و عێراق-ئێران ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بەڵام به‌شێوه‌یه‌ک مانادار و تەواوکەر نه‌ته‌وه‌ی كوردیان دابه‌ش نه‌كردووه: ڕێگه بازرگانییه‌كان و تێکئاڵاویی، تەنانەت لە دووای سه‌پاندنی سنووره‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی بیانیه‌وه هه‌ر به‌رده‌وام ماوەتەوە. ناسینه‌وه‌ی ئه‌م ڕایه‌ڵانه بۆمان ڕوون ده‌كاته‌وه كه بۆچی كوردی به‌شه جیاوازه‌كان له سەردەمە ئاستهمهكاندا، به ده‌م یه‌كه‌وه هاتوون. گریلا كورده‌كان لە ڕۆژاواوە له مانگی ئاگۆستی 2014 كوردانی ئێزدییان له ده‌ست داعش ڕزگار كرد و پێشمه‌رگه‌كانیش له باشوورەوه به‌ڕێكه‌وتن بۆ شكاندنی ئابڵۆقه‌ی سه‌ر كۆبانێ -لە ڕۆژاوا- له‌كاتی هێرشی ئه‌و ڕێكخراوه ئیسلامییه‌دا. دووای بوومەلەرزەکانی 2011، 2017 و 2023، پزشكه كورده‌كان سنووره‌كانیان بڕی بۆ یارمه‌تیدانی هاونیشتمانییه‌كانیان و ئه‌مڕۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه له‌سه‌ری نووسراوه “بەرهەمهاتوو لە كوردستان”.
ئه‌وكاته‌ی كه باسی ناوی شوێنه نێوخۆییه‌كان ده‌كرێت، هه‌ڵبژاردنی وشه‌كان زیانبه‌خشتر ده‌بن: سه‌دام حوسێن، ناوی پارێزگای كه‌ركووكی زۆرینه كوردی گۆڕی بۆ “التامیم” تا شوناسێكی ساخته‌ی عه‌ره‌بی ببه‌خشێته شاره‌كه، زۆر له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش كه كوردی تێدا ده‌ژین، ناوه كوردییه‌كان ده‌گۆڕن؛ هەر وه‌کوو سه‌دام كه ناوچه كوردییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووكی خسته سه‌ر موسڵ بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان بكات بە عه‌ره‌ب، له هه‌ركوێ کە دەژیان. ئێرانیش له سنووره‌كان كورده‌كانی دابڕی تا جگه له پارێزگای “كوردستان”، له هه‌موو شوێنێک كه‌مینه بن.
یاری زمانه‌وانی له ئاستی شار و گونده‌كاندا زیانی كوشندهتری گه‌یاندووه. ده‌وڵه‌تی سوریا ناوی كۆبانێی به‌عه‌ره‌بی كردووه و كردوویەتی به “عین العرب”، گرێ سپی كردووه به “تل الابیض”. توركیاش ناوی ده‌رسیمی گۆڕیوە بۆ ” تونجه‌لی Tunceli ” و …هتد. بۆ سیاسه‌توانان ئه‌گه‌ر ناوه عه‌ره‌بی و توركییه‌كان قبوڵ بكه‌ن و ناوی خۆماڵییه‌كه‌ی پشتگوێ بخه‌ن، له خۆیدا به‌مانا قبوڵكردنی پاكتاوی ئێتنیكییه كه له‌و ناوچانه‌دا كراون یان ده‌كرێن. به‌و پێیه‌ش كه ستراتیژی پاكتاوی کەلتووری به باشی سه‌رده‌گرێت، توركیا له 2018دا له‌گه‌ڵ پرۆكسییه عه‌ره‌به‌كانی و به هێرش بۆسه‌ر ڕۆژاوا دووباره‌ی كرده‌وه. بۆ نموونه ناوی گوندێكی كوردیان له قوستان میقداده‌وه گۆڕی بۆ Seljuk Obası و ناوی كهرزیلایان بۆ Dja’ar Obası گۆڕی. دووای داگیركردنی عەفــرین، توركه‌كان ڕێگریان كرد له‌وه‌ی ناوی كوردی ناونووسی بكرێت و ته‌نیا ناوی عه‌ره‌بیان په‌سه‌ند ده‌كرد و پرۆگرامی خوێندنی توركییان له قوتابخانه‌كاندا داسه‌پاند.
تا ئێستا له توركیا، ده‌سه‌ڵاتداران پیته كوردییه‌كانیان وه‌کوو x, q, w قه‌ده‌غه كردووه چونكه له زمانی توركیدا نییه. وه‌کوو ئه‌وه وایە ئێف، بی، ئای (FBI) هێرش بكاته سه‌ر ماڵه‌كان و خه‌ڵک به‌ره‌و به‌ندیخانه په‌لكێش بكات له‌به‌ر بهكارهێنێنانی umlaut (ü).
دووای سه‌ده‌یه‌ک له په‌یماننامه‌ی لۆزان كه كورده‌كانی له ده‌وڵه‌تی خۆیان بێبه‌ش كرد، هێشتا ناسنامە و بوونی كورده‌كان به‌رچاوه. زۆر جار بەرپرسانی خۆرئاوا ئەم لایەنەی ناڕەزایەتییەکانی کورد نابینن، تەنیا لەبەر ئەوەی دەستەوشەی عەرەبی، تورکی و فارسی قبوڵ دەکەن.
له واشنگتن زۆر كه‌س باس له‌وه ده‌كه‌ن كه خۆپیشاندانەکانی “Woman, Life, Freedom” بزووتنەوەیەکی خۆڕسک بوو بۆ هێنانەدی ئازادی لە ئێران. لە حاڵێکدا ڕووداوەکە له‌وه زیاتر بوو. له‌و كاته‌دا كه ناسیۆناڵیسته ئێرانییه‌كان و ڕاوێژكاره ئه‌مریكی و ئهورووپییەکان، بڵێسه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌یان به كوشتنی مه‌هسای 22 ساڵه -له بنكه‌ی پۆلیس- ده‌زانی، ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌یان پشتگوێ خست: ژینا. به‌رپرسانی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی ڕه‌گوڕیشه كوردییه‌كه‌ی ناڕەزایەتییەکان، ئه‌م كاره‌یان كرد. بە شوێنکەوتنی ئەوان و ڕەدکردنەوەی ناولێنانی ڕاپەڕینەکە به “شۆڕشی ژینا” -وەک کوردەکان خۆیان ده‌ڵێن-، به‌رده‌نگه خۆرئاواییەکان ئەو گێڕانەوەیەی کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرن و بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە.
باوه‌شی كراوه‌ی خۆرئاوا بۆ ناوی پێشمه‌رگه -كه ناوێكی كوردییه بۆ هێزی چه‌كداری كورد- ڕه‌نگه جیاکارییەک بێت کە ئەو ڕێسا گشتییە دەسەلمێنێت. پێشمه‌رگه به‌گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه باندێكی چه‌كداری تاوانباری سه‌ر به ئێرانن. ئەگەرچی هه‌ر دوو هێزی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی، وه‌ک هێزی به‌رگری له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان باس ده‌كرێن و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ و ماناداریان له ڕه‌فتاردا نییه، به‌رپرسانی خۆرئاوا بە ئاسانی پێشوازی له پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن به‌ڵام خۆیان له هاوتا شیعه‌كانیان به دوور ده‌گرن.
زمان گرنگه. هێزه ناوچه‌ییه‌كان به شێوه‌ی دیپلۆماسی هەوڵی سڕینەوەی کورد و کوردستانیان داوه، بەڵام لە ڕووی کەلتووری و سیاسییەوە شکستیان هێناوە. كورد وه‌کوو هەبوونێکی گرنگ دەمێنێتەوە و ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه‌كان بەردەوام له شكستی خۆیاندا پشگوێی ده‌خه‌ن. کاتێک بەرپرسانی خۆرئاوا لاسایی زمانی چەوسێنەرانی کورد دەکەنەوە نەک هەر لایەنگری هەڵدەبژێرن، بەڵکوو یه‌كێک له پێكهێنه‌ره گرنگه‌كانی سیاسه‌ت و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ده‌ست ده‌ده‌ن، پێكهاته‌یه‌ک كه له‌ناو ناچێت.
___________________________________________________
سەرچاوە:
https://www.meforum.org/mef-observer/why-policymakers-should-use-kurdish-terms
د. لوقمان ڕادپەی لێکۆڵەرێک لە بریتانیایە. کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.