داگرتنی وتارەکە: لوقمان ڕادپەی – کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژاوا وەک دەوڵەتێکی خۆسەری کوردستان بناسرێت
ژووری هزری کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Forum :First Published in
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ڕژیمی ئەسەد لە سووریا، دیمەنی ژێوپۆڵیتیکی ناوچەکە چووەتە نێو دۆخێکی قەیراناوییەوە. چرکەساتەکە بۆ ئیسرائیڵ، گۆڕانێکی ستراتژیک لە هاوپەیمانییەکان دەخوازێت، گۆڕانێک کە سەقامگیری درێژمەودا، بەسەر دەسکەوتی کورتماوەدا، به پێشتر دەزانێت. هەروەها هاوهێڵبوون لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیستی داهاتوو لە سووریا دەتوانێ دەرەنجامگەلێکی لێکەوێتەوە کە مەترسیدارتر لەو شتانە بێت کە حەماس درووستی کردبوو. ئەم گرووپانە کە ڕیشەیان لە سهر ئایدیالۆژیاگەلی لاسارانە و چهقبهستووانه، داکووتیوە، سووڕن لەسەر هێڵی دوژمنایهتی لەگەڵ ئیسرائیڵ. هەر بەو شێوەی کە دەگوترێ، “ئایدیالۆگەکان بە دەگمەن دەنگی خۆیان دەگۆڕن. “باڵی تێرۆریستە توندڕەوهكان بە سهركردایهتی دەستەی تەحریر ئەلشام (HTS) به پاڵپشتی تورکیا و قەتەر، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پۆلێن کراوە. ڕەچەڵەکی ئەم ڕێکخراوە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام )داعش( و هێشتا مەترسییان کۆتایی پێ نەهاتووە.
بەرامبەر بەم پاشخانە ئاڵۆزەدا، ڕۆژاوا -ناوچەی خۆ-بەڕێوبەری کورد لە سووریا- وەکوو مەشخەڵی هیوا و سەقامگیری وەستاوە. لە سەردەمی پەرەسەندنی شەری ناوخۆیی سووریا، کورد توانی بەڕێوبەرایەتی خودموختاری ڕۆژاوا بنیات بنێت. ئەم دیاردە نوێیە وەکوو پەناگەیەک بۆ هەموو کەمینە ئێتنیکی و ئایینەکان کاری کردووە و بە ڕێبەرایەتی کورد، لە ساڵی 2012ـەوە پەرەی داوە بە هاوژیانی و ئاشتی لە ناوچەکەدا. هەرچەند مۆدێلە حکومەتییەکەی ڕۆژاوا هێشتا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دێمۆکراتیک تاقی نەکراوەتەوە، بەڵام خۆی وهکوو سیستمێکی بەڕێوبەرایەتی سەقامگیر و ڕێکخراو، توانستە سەربازییەکان لەگەڵ سوپایەکی ڕاهێنراو لە ژێر ناوی هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریا (SDF) و بە فەرماندەیی ژێنراڵ مەزڵووم عەبدی، سەلماندووە.
سهرباری ئهمهش، ڕووبەڕووی توندوتیژی و هێرش بووەتەوە. هێزەکانی تورکیا بەشگەلێکی ئەم ناوچەیان داگیر کردووە و هاوکات سیاسەتی دژە-کورد و بەرنامەی پاکتاویی ئێتنیکی و بەتورککردنی بەڕێوە بردووە. دەستێوەردانەکانی تورکیا دوورە لە بەها دێمۆکراتیکەکانی ناتۆ و لە هەمانکاتیشدا ئەم پڕۆژانە نەیتوانییە ئاکامی خوازراو دەستەبەر بکات. لەم نێوانەداش، ڕۆڵی تورکیا لە یارمەتیدان بەم گرووپە توندڕەوانه، خۆی ئاماژەیە بە لادانی تورکیا لە بنەماکانی خۆرئاوا و دەرخەری مەترسییەکی واتادار و کاریگەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کورد لە مێژە ڕووبەڕووی کڵێشەگەلێکی کوشندە بووەتەوە — وەکوو تێکدەر، جنۆکە، تێرۆریست، کافر و کەرەسەی ئێمپێریاڵیزم باسیان کردوون — لە حاڵێکدا کوردەکان سەلماندوویانه کە هاوپەیمانێکی وەفاداری خۆرئاوا و بەها بنەماییەکانین. لەگەڵ ئەوەشدا کە کورد بە درێژایی لە دانوستاندنەکانی ئاشتی لە ژێر دەسەڵاتی ئێران، تورکیا و ڕووسیا —کە خودموختاری کورد بە مەترسی دەزانن — دوور خراونەتەوە، بەڵام پابهندی خۆیان بە ئایدیاڵە دێمۆکراتیکەکان و سەقامگیرییهوه ڕاگرتووە. تەنانەت دووای كشانهوهی دەوڵەتی ترامپ، کوردەکان وەکوو هاوکارێکی جێگە متمانەی ئەمریکا مانەوە و ئەمە پێشاندەری وەفاداری و كراوهیی بەرچاوڕوونانەی ئەوانە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە جیهان، بە تایبەت ئیسرائیڵ و ئەمریکا، گرنگی ستراتژیکی ڕۆژاوا بە فەرمی بناسن. هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیڵ و ڕۆژاوا نەک تەنیا سنوورەکانی ئیسرائیڵ لە توندڕەوخوازیی ئیسلامی دەپارێزێت، بەڵکوو بەستێنێکە بۆ بهدیهاتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی سەقامگیر و پێشکەوتنخواز. لە 10ـی نۆڤامبری 2024دا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیڵ، گیدیۆن ساعر، جەختی لەسەر وەها پەیوەندییەک کردەوە و پێداگری کرد کە ئیسرائیڵ پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورد فەرمی بکاتەوە. دامەزراندنی شاندێکی دیپلۆماتیکی لە حەسەکە -پێتەختی دیفاکتۆی ڕۆژاوا- دەتوانێت لە پێناو ئەمنییەت و کامەرانی دوولایەنە، به هەنگاوێکی مێژوویی ههژمار بكرێت.
بەفەرمی ناسینی ڕۆژاوا دەرگا دەکاتەوە بەرەو یارمەتی زۆر گرنگ له بواری سەربازیدا، ئاستی توانای بەرگری بەرز دەکاتەوە و گەرەنتییەکیشە بۆ ئاسایشی کورد لە بەرانبەر مەترسییە ناوچەییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگایەتی ستراتژیک، هەم ئیسرائیڵ و هەم ئەمریکا بۆ بەرگری لە کورد، بە تایبەت لە بەرانبەر دەستدرێژیی دەرەکی دراوسێ نەیارەکانی، دەبێت پاڵپشتی سەربازی ئەنجام بدەن. هێزە کوردەکان لە شەڕی سەر زەوی لێهاتوو و بە ئەزموونن، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشە ئاسمانییەکاندا -بە تایبەت لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە-پێویستییان بە چەکی دژە-درۆن و فڕۆكه هەیە. لەمەش زیاتر ، هیلالی شیعی ئێران لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە؛ بە فەرمی ناسینی ڕۆژاوا بە یەکجاری و بۆ هەمیشە یارمەتی دەبەخشێت بە تێکشکانی ئەم پڕۆژە ناوچەییەی ئێران.
تێکۆشانی کوردەکان بۆ چارەی خۆنووسین . مێژووی خەڵکی جوومان بیر دهخاتهوه و هابەشییەکی سروشتی درووست دەکات کە بناغەی خۆی لەسهر ئایدیاڵ و ئاواتە هاوبەشەکاندا داکوتیوە. کاتی ئەوە هاتووە کە باوهش بۆ ئهم هاوپهیمانییه ستراتیژیكه بكرێتهوه. بەفەرمی ناسینی ڕۆژاوا وەکوو دەوڵەتێکی خودموختاری کوردستان خاوەن پێویستییەکی ژێئۆپۆڵیتیکە. ئیسرائیڵ ناتوانێت به بوونی ڕژیمێکی ئیسلامی سوننەی توندڕەو لەسەر سنوورەکانی خۆی دان بهخۆیدا بگرێت. بۆ بەدیهێنانی وەها ئامانجێک، بوونی ڕێڕهوێكی ستراتژیک لە نێوان ئیسرائیڵ و دەوڵەتێکی کورد لە داهاتوودا زۆر گرنگە.
مێژوو بانگهێشتمان دەکات. ئیسرائیڵ و کوردەکان لە ڕووی مێژووییەوە خەڵکانێکی خۆڕاگر و نهبهردن، دەبێت لە وەها چرکەساتێکی پڕ لە دەرفەت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە ئاسایش، سەقامگیری، دێمۆکراسی و ڕێزی دوو لایەنە پێناسەی دەکات، کەڵک وەربگیردرێت.
___________________________________________________
سەرچاوە:
- د. لوقمان ڕادپەی لێکۆڵەرێک لە بریتانیایە. کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”(Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی و سیاسی دۆزی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.