پەراوێزێک لەسەر وتاری هایدگێر: لێکۆڵینەوەی دیڵتای و تێکۆشان بۆ جیهانبینییەکی مێژوویی (1925)

پ

داگرتنی وتارەکە:

 

ئەستێڵ ئینسایت
بیرکردنەوەی فەلسەفی

 

Chapter Ten

___________

پەراوێزێک لەسەر وتاری هایدگێر؛ لێکۆڵینەوەی دیڵتای و تێکۆشان بۆ جیهانبینییەکی مێژوویی (1925)

___________

لەم وتارەدا هایدگێر لە سۆنگەی دیڵتایەوە دەیهەوێت لە دەروازەی پرسیاری “واقعیەتی ژیان چ واقعیەتێکە” بەرەو وردەکاری زۆرتر لەسەر مانای مێژوو، جیهانبینی و بوونی مێژوویی هەنگاو هەڵ بێنێت.

_ ئەو ڕوونی دەکاتەوە جیهانبینی تەنیا شێوەیەکی تیۆریک نییە لە زانین، بەڵکوو وەک ڕوانینێکی پراکتیکاڵ و سەقامگیرە سەبارەت بە جیهان و هەبوون. واتە لە جیهانبینیدا زانین یان زانستی مێژوو، کۆی فام لە جیهان و دازاین دەستەبەر دەکات. لەم ڕێگەیەدا زانین بە تایبەتمەندی مێژوویی جیهانبینییەوە، بنەڕەتی ئەو چوارچێوەیەیە کە جیهان و دازاین فامهەڵگر دەکات. کاتێک کە مێژوو هەڵگری ئەمە بێت کە واقعیەتی تاک لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا ئاشکرا بکات ئەوسا دەتوانین باسی “ئاگایی مێژوویی” بکەین.

_ ئاماژە بەوە دەکرێت کە دووای پارادایمی هێگڵی، مێژوو وەکوو مانای بوونی مێژوویی دەگۆڕدرێت بەرەو زانستێکی سیستماتیک کە لە ژێر ناوی زانستی مێژوو پۆلێن دەکرێت. لەم کاتەدا فەلسەفە دەبێت بە تیۆری زانست. هایدگێر دەیهەوێت لەسەر هەوڵەکانی دیڵتای، “بوونی مێژوویی” لە ماتێریاڵی زانستیی مێژوو جیا بکاتەوە و بیسەلمێنێت تەنیا بە وەرگرتنی مانای مێژوویی ژیانە کە دەکرێت زانستی مێژووش هەبێت. کەواتە بەدەستهێنانی ئاوا جیهانبینییەکی مێژوویی بەستراوەتەوە بە دیاریکردن و سەرقاڵبوو بە دۆخی مرۆیییەوە. «جیهانبینی مێژوویی، کرانەوەی باس نییە سەبارەت بە چەمکی مێژوویی جیهان؛ بەڵکوو سەبارەت بە خودی مانای بوونی مێژووییە (150).» کام واقعیەت بە مانای ڕەسەنەکەی مێژووییە؟ «واقعیەتی ڕەسەنی مێژوویی بە واتای خودی بوونی دازاینی مرۆییە. ڕەوشتی بنەمایی دازاین کاتە (151).»

_ هایدگێر لە بەرانبەر سێ ڕوانیندا بۆچوونی دیڵتای پێناسە دەکاتەوە (152) : 1. پازێتیڤیزمی فەڕانسی؛ دیڵتای پازێتیڤیزم وەکوو دەروازەیەک دەبینێت بۆ ڕەخنە لە مێتافیزیک. بەڵام ئەم ڕوانینە ڕەد دەکاتەوە کە پێی وایە مێژوو و زەین (وەکوو شتێکی مرۆیی) لە سروشت پێکهاتبێت. (مێکانیکی بێت) دیڵتای پێی وایە پازێتیڤیزم پێناسەی شت و دیاردەکانە لە دەرەوەی خۆیان. 2. قوتابخانەی مێژوویی؛ دیڵتای لەم ڕوانینەوە ئەو شتە بنەماییەی بیرۆکەی خۆی وەرگرت کە تێیدا زەینی مرۆیی وەکوو بەرهەمی تەجربەی مێژوویی دەبینێت. 3. کاریگەری فەلسەفەی کانت لەسەر دیڵتای ئاوا بوو کە زاتی زانین و زانست وەکوو بەرهەمی مرۆیی وەربگرێت و هەروەها زانین لە بەستێنی گشتی ژیاندا ببینێت. ئەو فامی دۆخی مرۆڤ پەیوەند دەداتەوە لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو لە بوونی مرۆیی.

_ مێژووی زانستە مێژووییەکان جیاوازە لە مێژووی زانستە سروشتییەکان؛ چونکە لە ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە لە نێو زانستە مێژووییەکان بە شێوەیەک ژیانیش دەکەوێتە بەر ناسین. کەڵکەڵەی دیڵتای ئەوە بوو کە واقعیەت لە واقعیەتی خۆیدا بخاتە بەر باس و ئەم کارە نەک بە سیستمێکی زانستی ڕەبەق بەڵکوو بە سەرنج و ناوک بەخشین بە چەمکی ژیان ڕوون کاتەوە. ئەو دەیویست ڕەوتی خۆ-زانینی (خۆ-ناسین) مرۆڤ بکاتە بابەتێک کە بۆ تێگەیشتن بشێت (155). ئەو بۆ پێناسە و فامی واقعیەت بەدووای پرسی بوونی مێژووییدا دەگەڕا نەک ئەوەی کە بیهەوێت بە شێوەیەک تایبەتمەندی زانستی مێژوویی لە زانستی سروشتی جیا بکاتەوە. بۆیە واتای بوونی مرۆڤ نەک تەنیا پەیوەندی بە ئاگایی لە جیهان و پەیوەندییە سیستمییەکانی نێوان دیاردەکانەوە هەیە، بەڵکوو ئەوەی کە بنچینەیی ترە خۆ-ناسیی بوونی مێژووییە. «زانینی مێژویی فۆرمێکی جیاواز لە خۆ-ناسییە (155).» هەر بۆیە پرسیاری سەرەکی دیڵتای لای هایدگێر چەمکی ژیانە کە بۆ جەخت کردنەوە لەسەری دەبێت خودی ژیان لە چەمکاندنێکدا وێنا بکرێت. هایدگێر پێی وایە لە ئاوەها مەڵبەندێکی توێژینەوەیی «تەجربەی مرۆیی واقعیەتێکە کە لە نێو جیهان بوونی نییە، بەڵکوو لە نێو چاولێکردنێکی دەروونی گەڕانەوەدا، واتە لە نێو خودی ئاگایی کەسدا دەسدەکەوێت.» کەواتە لای دیڵتای دەروونناسیی زانستێک نەبوو کە وەک شتێکی سروشتی واتای هەبێت بەڵکوو دەروونناسیی زانستی بەستێنەکانی تەجربەیە. لەم ڕوانینەدا جیهانی دەرەوە وەک واقعیەت هاوشێوەی جیهانی ناوەوەی زەین-دەروون نییە کە لە خۆگرتووی ڕەگەزی سروشتی بێت.

_ هایدگێر لێرەدا دەیهەوێت ڕوانینی هاینریک ڕیکێرت (فیلسوفی نیۆکانتی ئاڵمانی) لەگەڵ ڕوانینی دیڵتای لەسەر دەروونناسیی وەکوو زانستی ئاگایی بە شێوەی دوو چوارچێوەی جیاواز شڕۆڤە بکات. بە شێوەی کورت: ئەگەر زەین-دەروونی مرۆڤ وەکوو بابەتێکی سروشتی سەیر بکرێت کە مێژوو تەنیا ڕۆڵی کاریگەربوونی شتە سروشتییەکانی هەبێت، کەواتە تەجربەی مرۆییمان وەکوو بابەتێکی گەردوونی فام کردووە؛ بۆیە مرۆڤ یان تاک وەک تێگەیشتوو و بە میراتهەڵگری مێژوو یان زانستی مێژوو پێناسە ناکەین (ڕیکێرت وا دەیبینێت). لای ڕیکێرت چەمکی ژیان خاوەن هیچ واتا و پەیوەیندییەکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی نییە؛ بەپێچەوانەوە لای دیڵتای زەین-دەروونی مرۆیی لە بەستێنی خودی مرۆڤدا ڕوو دەدات، نەک وەک تەجربەگەلێکی دابڕاو و وەستاو بەڵکوو وەک ڕەوەند و بابەتێکی لەگەڕ دەبینرێت. دیڵتای چەمکی ژیان بە گرنگ دەنرخێنێت تاکوو دەروونی مرۆڤ وەک بابەتێکی ڕۆحی و نامادی پێناسە بکات. بۆیە لای ئەو ئاگایی خۆ-ناسینە.

 

بەشی V

_ هایدگێر لە سەرەتادا پێش چوونە نێو بابەتی دیاردەناسیی وەکوو ڕوانینێک کە تێیدا ژیانی مرۆیی گرنگ دەنرخێت، دەیهەوێت سێ بابەت لە یەک جیا بکاتەوە. یەکەم گرنگیدان بە مێژوویی‌بوون نەک شتی مێژوویی، بوون نەک بوونەوەرەکان، خودی واقعیەت نەک شتی واقعی.

مێژوویی‌بوون، واقعیەتی مێژوویی وەکوو دراوەییەک-پێدراوەییەک (givenness) سەیر ئەکات کە تێیدا دەکرێ واتای بوون یان بوونی مێژوویی بەرچاوتر بکەوێت. هایدگێر ئاماژە دەکات کە فەلسەفەی نەریتی بە بۆچوونگەلێک سەبارەت بە چەمک و شتەکان دەس پێ دەکات بەڵام دیاردەناسی وەکوو ئەرکێکی فەلسەفی، لەوەوپێش لە خودی شتەکانەوە دەس پێ دەکات. شوێنی دەسپێکردنی دیاردەناسی ئاگایی ڕۆژانەی دازاینی مرۆییە؛ لەم پێگەوە بەرەو دەرخستنی بنەمایی چەمک و دیاردەکان هەنگاو هەڵدێنێت. کاتێک هایدگێر دەیهەوێت ئاماژە بە مێژووییبوونی دیاردەناسی یان بوونی مێژوویی بکات لە ڕستەیەکی گرنگدا دەلێت کە دیاردەناسی دەبێت خۆی بەرێتە نێو ئیمکانی دەرباز‌بوون لە نەریت، بۆ ئەوەی کە ڕابردووی فەلسەفە بۆ وەرگرتنێکی ڕەسەن ئازاد بکات (160). دیاردەناسیی لە بنەمای خۆیدا جەخت لەسەر پێوەبوویی (intentionality) دەکات؛ واتە بە نیشانەگرتنی شتێک لە هەبووندا یان ئەوەی کە بیرکردنەوە هەمووکات بیرکردنەوە لە شتێکە. هەبوون یان بوونی-ئائێرە وەک دازاینیش هەمووکات پێوەبووی شتێکە. لای دیاردەناسی، بوونی مرۆیی بەستێنی تەجربەیە. کەواتە ئەوەی کە هەیە یان واقعیەتە، دراوەیەکە لەسەر بەستێنی تەجربە کە دازاین یان بوونی-ئائێرەیە. کاتێک دەگوترێت شتێک هەیە دەبێت بە شێوەی دیاردەیی یان دەرکەوتووانە لە ڕووی توانای دراوەییەوە پێشان بدرێتەوە. دیاردەناسی، ژیان بە گریمانە دەگرێت؛ چونکە ئەوەی کە بڕیارە بە شێوەی دیاردەیی بسەلمێت لە جیهانی تەجربەدا وەستاوە و دراوەیە. جیهان هۆکاری تەجربە نییە بەڵکوو ژیان ڕەوەندی ئەم تەجربە کراوەیییەیە (162).  بەشی VI، VII-VIII و IX چونکە لەسەر شڕۆڤەی ئێگزێستنشیاڵی دازاینە بەجێی دەهێڵین و ڕاستەخو لە بەشی کۆتاییەوە (X) دەس پێ دەکەین.

_ لە 173دا دەڵێ مێژوو واتای ڕوودانێک ئەدات کە ئێمە خۆمان لە نێویداین و تووشیین. جیاوازییەک لە نێوان مێژوو و جووڵەدا هەیە. مێژوو بریتییە لە جۆرێک جووڵە. جووڵە ڕوودانە؛ وەکوو ئەوە وایە شتێک لە ڕابردووەوە هەبێت کە بە شێوەیەکی تایبەت دەیناسین و هەڵمان گرتووە و بەرگەی دەگرین (173). لە کاتێکدا زانستی مێژوویی بە واتای ئەوەیە شتێک ڕوویداوە و لەبەر ڕوودانی لە ڕابردوودا، بکەوێتە بەرناسین. ئەم ناسینە شتی ڕوودراو بە مێژوویی پێناسە دەکات. هایدگێر ئەمە وەک زانینی ڕوودان باسی دەکات. ڕوودان بە شێوەی ڕەسەن لە بوونی-ئائێرەدا دەرکەوتووە. «ئێمە مێژووین، ڕابردووی خۆمانین. داهاتووی ئێمە لە ڕابردووەوە دەژی. ئێمە ڕابردوومان هەڵدەگرین. ئەمە بە ڕوونی لە نێو هەر بوون-لەگەڵ-یەکترێکی نێوان بەرەکان دەبینرێت (174).» هایدگێر لێرەدا باس لە گرنگایەتی چەمکی بەرە (نەوە) لە نێو مانای مێژووییبوون دەکات و پێی وایە پەیوەندی نەوە و ڕابردوو وەکوو پەیوەندییەکی نوێخواز و بەرهەمهێنەرە. بۆیە دەڵێ ئێمە تەنیا خۆمان نین بەڵکوو سەر بە نەوەیەکیشین. واتە نەوە وەک نەهێنی مێژوو و هەڵگری داهاتوویەک کە لە ڕابردووەوە هەڵگیراوە پێشەکی بەسەر تاکدا هەیە. دازاین لێرەدا تاکە، بەڵام وەکوو بەدەستهێنانی بوونی مێژوویی خۆی، ژیانێکی بەستراو بە نەوەی خۆیەتی. بۆیە بە بڕوای هایدگێر لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی کە بەسەر مێژوویی‌بوونی بابەت و بوونی مێژوویی دازاین ئاگایە، گەڕانە بۆ ئەگەرێک بۆ ڕزگارکردنی ڕابردوو بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕیشەگەلی ڕەسەن و وەبەرهێنانەوەیان لە ئێستادا. هەروا کە «ئاگایی مێژوویی یان مێژوومەند ڕابردوو بۆ داهاتوو ئازاد دەکات، لەم کاتەدایە ڕابردوو هێز دەگرێت و دەبێتە بەرهەم‌هێنەر (175).»

___________________________

بەشی “بیرکردنەوەی فەلسەفی” ئەستێڵ

Van Buren, John (ed.) (2002). Supplements: From the Earliest Essays to Being and Time and Beyond. State University of New York Press.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌