داگرتنی وتارەکە:
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
بیرکردنەوەی فەلسەفی
لە کتێبی زانستی لۆژیکدا هێگڵ ڕاستەقینەیی (actuality) وەکوو «یەکگرتوویی زات و بوون» پێناسە دەکات.[1] ئەم پێشکەوتنە لەسەرخۆیە بەرەو بەدیهاتنی ئەو یەکگرتووییەیە کە بۆ هێگڵ مانای مێژوو بنیات دەنێت. فیلسووف لە دەرەوەی ئەو بێسەرووبەرییە دەرە-تێگەیشتنەی کە دەرەدەکەوێت، دەبێت ئەو مانا نهێنییە بپاڵێوێت کە لە ڕێگەی عەقڵەوە تێیدا نووسراوە. لە کاتێکدا فەلسەفەکانی پێشوو و بەتایبەت کانت، مەیلیان هەبوو کە لە نێوان مەڵبەندەکانی زات و بووندا جیاکاری بکەن و تەنانەت لەبەراوردنەهاتوویی کۆتاییدا ئەو دووانەیان وەک گریمانە وەردەگرت؛ هێگڵ مێژووی وەکوو بەستێنێک دەبینی کە نووس (Nous) لە نێو ڕەوتی بەدیهاتنیدایە. لە مێژوودا ڕۆح خۆی دەرەکی دەکاتەوە و دەبێتە ئابجێکتیڤ و ئاگایی مرۆڤیش وشیارییەکەی خۆی بەدەست دەهێنێت:
«حەقیقەتی ڕیشەیی، گواستنەوەی سەرسوورهێنەری ناوخۆیە بۆ دەرەوە، [واتە] درووستکردنی عەقڵ لە ناڤبەندی جیهانی واقعیدایە و ئەرکی جیهانیش درێژەدان بووە بە گشتێتیی مێژووەکەی. لە ڕێگەی کار لەسەر ئەم ئەرکەوەیە کە مرۆڤی شارستانی بەشێوەی واقعی، لە نێو یاسا و حوکمڕانیدا گیانی بە عەقڵ بەخشیوە و ئاگایی لە واقعدا بە دەست هێناوە.»[2]
ئەوەی کە ڕوانینێکی وا لە مێژوو دەتوانێت ببێتە تیۆرییەکی دێتێرمینیستی لەسەر گەشە (development)، بۆ خودی هێگڵ زۆر ڕوون بوو و بەردەوام هوشداریی سەبارەت بە روودرانی ئەمە دەدات و هەمیشە ئاماژە بە پێگەی ئاگایی لەنێو پڕۆسێسی مێژوودا دەکات. لەبەرئەوەی کە ڕۆح بۆ ئەو ناوەڕۆکی مێژووە، کەواتە مێژوو شانۆیەک نییە کە بەدەسەڵات یان هێز قسەی کۆتایی تێدا بکرێت. لەنێو گەشەی مێژووییدا تاکە زەروورەت پێشکەوتنی ئازادییە بەرەو خۆ-بەدیهێنان لەنێو ئاگایی مرۆییدا، دەرخستنی عەقڵ لەنێو مێژوو بۆ خۆی زەروورەتێکی فەلسەفییە:
«سەرەڕای ئەمەش، مێژووی جیهان تەنیا بڕیاری دەسەڵاتێکی ڕەها نییە؛ واتە پێشگیریلێنەکراویی ئابستراکت و ناعەقڵانی چارەنووسێکی کوێر [هەڕەمەکی] نییە. بە پێچەوانەوە، لەو ڕووەوە کە زەین بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەقینە خودی عەقڵە، و عەقڵ بۆ خۆی لە نێو زەین وەک زانینێک ڕوونە، مێژووی جیهان گەشە کردنێکی زەروورییە، واتە [گەشەکردن] بەتەنیا لە دەرەوەی خودی ئازادیی زەین، لە چرکەساتەکانەکانی عەقڵ و هەروەها خۆ-ئاگایی و ئازادیی زەین بە هەژمار دێت.»[3]
ئەمە ئەو مژارەیە کە ناوکی سەرەکیی وانەکانی هێگل لەسەر فەلسەفەی مێژوو بنیات دەنێت. وەکوو زۆربەی وانەکانی هێگڵ، ئەو دەقەی کە لە بەردەستماندایە؛ دەقی خودی هێگڵ نییە، بەڵکوو دەسنووس و یادنووسی خوێندکارانیەتی کە لەدووای مەرگی لە لایەن شوێنکەوتووانی هێگڵەوە پێداچوونەوەتەوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمە کێشەگەلێکی لەسەر باوەڕپێکراویی دەقەکە ساز کردووە؛ بەتایبەت کە هێگڵ چەند جار لەسەر فەلسەفەی مێژوو وتاری داوە و لە هەر کام لە وانەکاندا گۆڕان و جیاوازیی بەرچاو دەبینرێت. بەڵام لەم دوواییانەدا ئەم کێشەیە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و بەراوەردی یادنووسەکانی خوێندکاران لەگەڵ خودی پلان و تێبینییەکانی هێگڵ لەسەر وانەکان چارەسەر کراوە. بۆ خوێنەری ئینگلیسی ئەم کێشەیە بە بۆنەی نەبوونی وەرگێڕانێکی مۆدێرنی باوەڕپێکراوی دەقپێوەر، زیاتر بووە.[4]
قۆناخەکانی مێژوو بۆ هێگڵ وەبەرچاوهێنەری قۆناخەکانی ئاگاییە کە لە دووابەدواییەکترهاتنی کەلتوورەکاندا،… ئابجێکتیڤ و عەینی دەبێتەوە. هێگڵ چوار کەلتووری سەرەکی دەناسێتەوە: خۆرهەڵاتی، گریکی، ڕۆمی، ئەڵمانی-مەسیحی. لە هەر قۆناخێکی مێژوودا ئەوە یەک نەتەوە و یەک کەلتوورە کە زاڵە؛[5] بەڵام زاڵبوونەکە سیاسی نییە -و تێڕوانینی هێگڵ بۆ Volksgeister (ڕۆحی نەتەوە) جیاوازە لەو شتەی کە لە چوارچێوەی تیۆرییە سیاسییەکانی سەدەی نۆزدیەمدا دەخوێنرێتەوە. هێگڵ لەو باوەڕەدایە کە فۆلک یان نەتەوە دەبێت دەوڵەتێک دابمەزرێنێت، چونکە خودی هەبوونی جەستەیەکی سیاسی دەربڕی ڕاستەقینەیی و تواناییەکەیەتی بۆ کارکردی لەنێو جیهانی ئابجێکتیڤ و عەینیدا. بەڵام ئەم ئاماژەیە بە واتای سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو یان تەنانەت دەوڵەت-نەتەوە نییە؛ چونکە زاڵبوونی نەتەوەیەک داناشکێت بە هێزە سیاسییەکەی. فۆلکی گریکی [یۆنانی] نموونەیەکە بۆ ئەمە: دەربڕینی تایبەتی ڕۆحیی گریکی، پۆڵیس بوو، بەڵام هەرگیز یۆنانی کلاسیک یەکێتی سیاسی بەدەست نەهێنا و کاتێک یۆنان بە بۆنەی بنەماڵەی مەکدۆنی یەکی گرت و بەسەر خۆرهەڵاتدا سەرکەوت، زاڵێتیی یۆنان ڕووی لە نەمان کرد. ئەمە هەر ئەو تواناییەیە بۆ درووستکردنی دەوڵەت کە بۆ هەر فۆلکێک هەلومەرجی زەروورییە؛ یەکێتیی “نەتەوەیی” بەتەواوی پەیوەندیی بەم باسەوە نییە، هەر ئەو جۆرەی کە هێگڵ سەبارەت بە ناتەباییی یۆنانی کلاسیک لە کۆتاییهاتن بە ئێمپراتۆری یۆنانی-مەکدۆنیدا بەتەواوی ڕوونی دەکاتەوە. کەواتە ئەو شتەی کە فۆلکێکی زاڵ جیا دەکاتەوە، کەلتووری گشتییە نەک دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییەکەی: «لەنێو هەموو خەڵکێکی مێژوویی جیهاندا، ئێمە شیعر، هونەرە جوانەکان، زانست و هەروەها فەلسەفە دەدۆزینەوە.»[6] بۆ هێگڵ سەردەمی دووای 1815 لووتکەی مێژووە، ئەو ئاماژە دەدات کە لەم سەردەمەدا ئێمە لەگەڵ فرەیی دەوڵەتەکان لە خودی ئەڵمان و هەروەها جیهانی بەرفراوانتری خۆرئاوای ئەورووپا ڕووبەڕووین، کە لە نێویدا نە یەک دەوڵەت، بەڵکوو ڕۆح زاڵە.
قۆناخەکانی مێژوو
دابەشکاریی مێژووی هێگڵ بەسەر ماوەگەلێک لە فەلسەفەی مێژووەکەیدا، بە سەرەتاییترین نووسراوە مێژوویەکانی گرێ دەدرێتەوە.[7] شرۆڤەی هەڵە بۆ دەوڵەمەندی و ئاڵۆزییەکانی تێڕوانینی هێگڵ بۆ گەشەی مێژوویی، کێشەی تێدایە. وە هەوڵ دەدات خاڵەکانی ڕەهەندی سیاسیی ئەم فەلسەفەیە بێنێتە پێشچاو: فراوانیی زانینی مێژوویی کە لەنێو شرۆڤەی هێگڵ بۆ گەشەی مێژوویی جێی گرتووە، بە حەقیقەت سەرسوورهێنەرە و شایانی ئەوەیە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی وردی لێ بکرێت کە لێرەدا ئەم دەرفەتەمان نییە.
بۆ هێگڵ مێژوو لە خۆرهەڵاتەوە دەست پێ دەکات، نەک لە خۆرهەڵاتی مێدیتەرانە، بەڵکوو لە چین و هیندستانەوە. هێگڵ لە یەکەم بیرمەندانی ئەورووپایی بە هەژمار دێت کە لەنێو شێمای [پلان] مێژووییەکەی خۆیدا، جیهانی ئاسیای گونجاندووە و جیهانی نا-ئەورووپایی لە ژێر پەراوێزخراویی مێژوویی-فەلسەفی دەرهێناوە.[8] بە پێی لێدوانی هێگڵ، بنەمای سەرەکیی جیهانی خۆرهەڵاتی نەجووڵە (static)، وە خۆی لە نێو کۆبوونەوەی دەسەڵاتی موتڵەقی پاشایەک دەردەخات، کە تایبەتمەندیی ئیلاهی بۆ خۆی ڕەچاو دەکات:
«قۆناخی یەکەم کە دەبێت لێیەوە دەست پێ بکەین خۆرهەڵاتە. ئاگایی نەگەڕاوە، ئێگزیستێنسی جەوهەری، ئابجێکتیڤ و ڕۆحانی شکڵ بە بنچینەکەی دەدات… فۆڕمگەلی جەوهەری، بینا ڕازاوەکانی ئێمپراتۆرییە خۆرهەڵاتییەکان بنیات دەنێت کە ئێمە تێیدا هەموو فەرمان و داوەرییە عەقڵانییەکان دەدۆزینەوە، بەڵام بەشێوەیەک کە تاکەکان وەک هەڵکەوتێکی پەتی دەمێننەوە… شکۆی هزری خۆرهەڵاتی، تاکێکە لە ئاست بوونێکی جەوهەرمەند کە هەمووان دەگەڕێنەوە بۆی، تا ئاستێک کە هیچ تاکێکی دیکە ئێگزیستێنسێکی سەربەخۆی نییە یان ئەوەی کە بتوانێت خۆی لە نێو ئازادیی سابجێکتیڤیدا بهێنێتە بەرچاو… لە لایەکیشەوە ئێمە مانەوە، چەقبەستوویی -ئێمپراتۆرییەکان تەنیا بە فەزا بەستراونەتەوە- دەبینین وەکوو [شتێکی] جیاواز لە کات -مێژوویەکی نامێژوویی… لەم لاشەوە، فۆڕمی کات دژیەکە لەگەڵ چەقبەستوویی فەزایی. ئەم دەوڵەتانە بە بێ هیچ جۆرە گۆڕانێک لە نێو خۆیان یان لەنێو بنەماکانی بوونیان، بەبەردەوامی هەڵوێستیان لەبەرانبەر یەکتر دەگۆڕن. ئەوان بێوەستان لە نێو تێکهەڵچوونێکدان کە تیاچوونی خێرای لەگەڵە… ئەم مێژووە لە زۆر بواردا بەڕاستی نامێژووییە، چونکە تەنیا دووپاتبوونەوەی هەر ئەو وێرانییە بەشکۆیەیە. ئێلێمێنتە نوێکان کە بە شکڵی بوێریی، قارەمانێتی، شوێنی ڕێوڕەسمە زۆردارانەکەی پێشووی گرتووەتەوە، لەنێو هەمان بازنەی داڕمان و ڕۆچووندا هەنگاو دەنێت.»[9]
لەو ڕووەوە کە ئاگایی تا ئەو ئاستەی کە لەنێو ئەم کەلتوورەدا دەردەکەوێت، تەنیا لەنێو کەسێکی تاک کە ڕێبەرایەتی پێکهاتەی سیاسیی پێیە دەخرێتەڕوو نەک لە نێو گشتێتیی ئاسایش و بەرژەوەندیی هاوبەشدا. ئاوەها کەلتوورێک توانای ئەوەی نییە لە نێوخۆیەوە خۆی بگۆڕێت. کەواتە بڕیار وایە نەجووڵ و چەقبەستوو بمێنێتەوە. لە جیهانی خۆرهەڵاتیدا تاک بەتەواویی نوقمی جەوهەریەتە. شتی پیرۆز هێشتا لە ناپیرۆز [و کفراوی] جیا نەبووەتەوە و زۆرداری موتڵەقیی خۆرهەڵاتی بە هەر شێوەیەک وەکوو وێنای خوایەتی دەردەکەوێت.[10]
بە پێی لێدوانی هێگڵ بنەمای [جیهانی] خۆرهەڵاتی بەسەر بنەماگەلێکی پلەدوودا دابەش دەبێت. سەرەتا چینییەکان کە بەکامڵی و بەبێجیاوازیی، لەنێوان بوونی ئابجێکتیڤ و ئاگایی سابجێتکتیڤ کڵۆم بوون. ستاتیک “نەجووڵی-وەستاوی” بۆ هەتاهەتایە خۆی دووپات دەکاتەوە: سەرەڕای هەموو وڵاتگرتن و سەرکەوتنە دەرەکییەکان، چین بەڕاستی هیچ مێژوویەکی نییە و لە هەمانکاتیشدا “نوێترین و کۆنترین” قەڵەمڕەوە؛[11] ئەمڕۆش هەر بە شێوەی چوارسەد ساڵ پێشوو هەیە. بنەمای چینی بۆ ئەخلاق لەنێو بنەماڵەدایە، و ئەم چرکەساتە دیسانەوە لە نێو دەوڵەت دەردەکەوێتەوە، کە لەسەر مۆدێلێکی سەرەتاییی پیاوسالاری وەستاوە. ئەمە ئێمپراتۆری چینی کردووەتە مۆدێلی پاشایەتییەکی موتڵەق؛ ئەخلاقی تاک بەتەواوی لە Sittlichkeit (ژیانی ئەخلاقی)ـی سیاسی جیانەکراوەتەوە، و خاوەن فەرمانەکان بەرژەوەندی و بیروڕای تایبەت لەبەرچاو ناگرن و ڕێزیان بۆی نییە. هەروەها ئایین لەگەڵ ئەخلاقی بنەماڵەیی هاودەقە و ئەمە دەیکاتە کەرەستەیەکی ڕووت بۆ گوێڕایەڵیی سیاسی. هەر بۆیە بنەماڵە، کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەت یەکێکن.
هێگڵ شرۆڤەی ئەوە دەکات کە هەر ئەم ڕەهەندەی ئێمپراتۆری چین بوو کە وەک سیستمێکی حوکمڕانی بۆ خەڵکانی نزیک لە لوویی چواردەیەم و هەندێک لە چرابەدەستانی ڕۆشنگەری، ڕێز و سەرسامی درووست کردبوو. حاکمی چین وێنا و دەرکەوتەی خاوەن فەرمانێکی موتڵەقی ڕوشنگەر بوو، ئەو Fenelon’s Telemaque یە، هەر مۆدێلی ئاوەزی موتڵەقی سولەیمان بوو. بەڵام هێگڵ زیادی دەکات کە ئەم شێوازە لە حوکمڕانی بۆ ئەورووپا بەتەواوی نەگونجاو بوو، [چونکە لە ئەورووپا] ئاگایی سابجێکتیڤ لەنێو وشیاری و درێژەی مەسیحیەت بەدیهات. [ئەم مۆدێلە] تەنیا لە چین دەیتوانی کار بکات، چونکە ئەوێ شوێنێک بوو کە هەمووان لەبەرانبەر ژێردەستبوونی خۆیاندا یەکسان بوون و لە یەک ئاستدا گرێدراو و موحتاجی بورۆکراسیی ئێمپراتۆری بوون. هەر بۆیە موتڵەقخوازیی ئەورووپی هەر لە قۆناخی یەکەمەوە بڕیار بوو شکست بخوات و سەر نەگرێت.[12]
لە ڕوویەکی دیکەوە، هیندستان وەبەرچاوهێنەری جیاوازییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی-کەلتوورییە. بەڵام بنەمای ئەم جیاوازییە خۆی لە نێو سیستمی کاست دەردەخات، کە سەرەڕای ئەوەی کە هەڕەمەکی و سروشتخوازانەیە، بگرە بەتەواوی لە ڕەهەندی ڕۆحانی [مەعنەوی] خاڵییە. سیستمی کاست کە لەسەر هەڵکەوتی لەدایکبوون بنیاتنراوە، لەوەوپێش لەلایەن هێگڵەوە -لە فەلسەفەی حەق- بەتوندی ڕەخنەی لێگرابوو، شوێنێک کە پەیوەند دەدرێتەوە بە نەزمی کۆمەڵایەتی ئەفلاتوونی: پێگەیەک بۆ ئاگایی بوونی نییە، مرۆڤ دادەشکێت تەنیا بەسەر کارکردەکەی و جیاوازیی نێوان ئەو شتەی کە مرۆڤە و ئەو شتەی کە ئاژەڵئاسایە لە بەین دەچێت. لەم ڕووەوە دەوڵەت تەنیا لەسەر ئەرکە زۆرەملێکەی دەمێنێتەوە، کە لەلایەن هیچ جۆرە چاودێری و تێبینییەکی ئەخلاقییەوە مەرجدار نەکراوە.[13]
سێیەم بەشی قەڵەمڕەوی خۆرهەڵات، “پێرشیەن”ـە: بەپێی لێدوانی هێگڵ، پێرشیەنەکان لەنێو ئایینی زەردەشت عەقڵ و ناعەقڵیان کەشف کردبوو، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی لەم دژیەکییە تێپەڕن. پاشا لەپێناو شتە باشەکاندایە. گەرچی ئێمپراتۆری فرە-نەتەوەی پێرشیەن لەنێو بنچینەی تۆلێرانس و پلۆڕاڵیزمی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە بەرەو خۆرئاوا دەگۆڕدرێت، بەڵام ئازادی لە نێو کردەی ئابستراکتی مۆنارش (پاشا)دا بەرتەسک دەمێنێتەوە و نەگێشتووەتە ئاستی هیچ جۆرە لە ئاگایی کە لە کردەی جەماوردا ڕەنگ بداتەوە.[14] بەم بۆنەوە، یاسا و ڕەوایی مووزاییکی، گوێڕایەڵییەکی کوێرانە و بیرلێنەکراوەیە کە بەسەر خەڵکێک دەسەپێت کە هێشتا ئاگاییان لە حەقیقەتی گەڕانەوەیی و ناوخۆیی نییە.
دووەمین پانتایی کەلتووری یان جیهانی شارستانی، یۆنانە. ئەو شتەی کە فۆلکی یۆنانی جیا دەکاتەوە فراوانی ئەو فۆڕمانەیە کە لە نێو پلۆڕاڵیتەی دەوڵەت-شارەکان خۆی دەنوێنێت. جیهانی گریکی قەڵەمڕەوی “ئازادی جوان”ـە کە تێیدا جوانی و ئەخلاق لە نێو جۆراوجۆری فۆڕم و وردەجیاوازییەکان دەناسرێتەوە. ئازادیی سابجێکتیڤ لەوەوپێش دەرکەوتووە، بەڵام هێشتا لەنێو یەکگرتوویی جەوهەری [چەمکمەندی] پۆڵیس تێچەقیوە. پۆڵیس بوونەوەرێکی دراوەیە[15] نەک ئیرادەکراو. ڕەفتاری ئەخلاقی بەشێوەی سروشتی لە نێو تاکدا پڕ دەکڕێتەوە، نەک ئەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنێکی ئەخلاقی ئاگایانە بێت.[16]
ئەو شتەی کە کەلتووری یۆنانی خاوەنی نییە سابجێکتیڤیتەی تاکە، کەواتە جیاوازی نێوان دێمۆکراسیی کلاسیک و مۆدێرن دەبێتە ئەمەی کە: دێمۆکراسیی کلاسیک لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە بڕیاری خەڵکی، دەربڕینی ناسینەوەی هاووڵاتییە لەگەڵ کۆماردا، و ئەمە دەرخەری بنچینەی بنەڕەتیی پۆڵیسە، کە تێیدا هیچ گرژی و ناکۆکییەک لەنێوان ئیرادەی تاکەکان و ئیرادەی هاوبەشدا بوونی نییە. لە ڕووەکەی دیکەوە، دێمۆکراسیی مۆدێرن بەو شێوەیە لەسەر ئازادی سابجێکتیڤ ڕاوەستاوە کە بەشێوەی سەرەتایی لەلایەن “مەسیحیەت”ـەوە ناسرا، و ئەمە بەتەواوی دیاردەیەکی جیاوازە.[17]
کەواتە بۆ یۆنانییەکان ژیانی دێمۆکراتیک بەواتای ژیانی نەریتی بوو، نەک ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵبژاردنە پڕئازارەکانی ژیانی مۆدێرن؛ واتە شوێنێک کە گرژی هەیە لە نێوان تایبەت و گشت لە ناوەندی ژیانی مەدەنیدا. یۆنانییە کەونارەکان سەبارەت بەم بابەتە شتێکیان نەدەزانی؛ ئەوان لەنێو پێکهاتەیەکی بەگەشتی بێنێوانجی دەژیان:
«لە شێوەی سەرەتایی و ڕیشەیی فۆڕمی ئازادی لەلای یۆنانییەکان، دەتوانین وا بڵێین کە ئەوان خاوەن ئاگایی نەبوون؛ عادەت بە ژیان لەنێو وڵاتەکەیان بە بێ [شرۆڤە] و [ئاگایی] گەڕانەوەیی، وەکوو بنەمایەکی زاڵ بوو لەناو ئەواندا. لێکدانەوەی دەوڵەت بەشێوەی ئابستراکت -کە بۆ تێگەیشتنی ئێمە خاڵێکی زاتییە- بۆ ئەوان شتێکی نامۆ بوو. ئامانجی گەورەی ئەوان هەبوونی وڵاتەکەیان بوو لەنێو ژیان و ڕەهەندی واقعیدا. ئەمە ئاسینای ڕاستەقینە بوو، ئەم سپارتا، ئەم پرستشگەیانە، قوربانگە، ئەم فۆڕمەی ژیانی کۆمەڵایەتی، یەکێتی هاووڵاتییان، ئەم شێوە لە دابونەریتەکان. بۆ یۆنانییەکان وڵات زەروورەتێکی ژیان بوو، و بەبێ ئەوە بوون مومکین نەبوو.»[18]
ئەم هارمۆنییە جوان و بێنێوانجییە، سەرەتا لە ڕێگەیەکی نەرێیی و بە دەست سوفیستەکان و دوواجاریش لە ڕێگەی سۆکراتەوە شێوا و جیابوویەوە. هەوڵی ئەفلاتوون بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڕۆحە، ئەم کەسایەتییە ئازاد و پێناسەنەکراوە، «خۆی چەقێک بوو کە شۆڕشی جیهانی لەسەر ئەو بنەمایە و لەو کاتەدا وەرچەرخا[19]» و لە ئاکامیدا گەیشتە مەسیحیەت. نەبوونی ئازادیی سابجێکتیڤ لە جیهانی کلاسیکدا، بەپێی لێکدانەوەی هێگڵ، هۆکاری گەڕان بەشوێن ڕەهەندێکی ئابجێکتیڤ بوو کە زۆرەملانە بڕیار دەدات کە ئیرادە لە واقعدا چییە: لەو ڕووەوە کە تاک نەیدەتوانی بڵێت “من ئیرادە دەکەم” دەبوایە بۆ سیمبوڵیزمی جادوویی بگەڕایەتەوە، وەکوو پەرستگەی دێلفی، ئاسپێسیوم و… هتد. لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ هێشتا بوێری بڕیاردانی کۆتایی بە خۆی نەبەخشیبوو، پێویستی بەوە بوو کە ئۆتۆریتەیەکی سەرتر و نەبەزیو ئەم بڕیارەی بۆ بدات.[20]
لەدەرەنجامدا هێگڵ تەنانەت تاڵانی پەرستگەی دێلفی بەدەست فووسی وەکوو نیشانەیەکی سیمبوڵیکی داڕمانی یۆنانی کلاسیک دەدیت. لەکاتێکدا لێکدانەوەی ڕەخنەیی هێگڵ لە یۆنان ستایشی بەرچاو بۆ کەلتووری پۆڵیس لەخۆ دەگرێت -ستایشێک کە لە نووسراوە سەرەتاییەکان سەبارەت بە وەسفکردنی پۆڵیس دەبینرێت- هێگڵ هاودڵییەکی کەم دەردەخات بۆ ئەو شتەی کە لە سێیەمین حاڵەتی مێژووەکەیدا دەردەکەوێت، کە بریتییە لە جیهان ڕۆم. ڕۆم هێزێکی تەواو زۆردارانە و دەرەکییە:
«بەم شێوەیە، بنەمای ڕۆمی خۆی وەک ئابستراکشنێکی ساردوسڕ لە دەسەڵات و سەروەری پێشان دەدات: وەکوو خۆپەرستییەکی (egoism) پەتی لە ئیرادەی ناکۆک لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. [ئەم بنەما ڕۆمییە] خاوەن هیچ پێکهێنەرێکی ئەخلاقی لە دیاریکراویی (determination) نییە؛ بۆیە وەک فۆڕمێکی کۆنکرێت، تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی تاکدا (تایبەتی) خۆی دەردەخات.»[21]
لە جیهانی ڕۆمیدا، نەک گشتێتیی ژیانی کۆمەڵایەتی -کە بۆ یۆنانییەکان بنەما بوو- بەڵکوو دەوڵەت دووایین ئامانجە. تاک تەنیا کەرەستەیەکە لە دەستی دەوڵەتدا، وە پۆڵیس وەردەچەرخێت بەرەو ئێمپراتۆرییەکی یونیڤێرساڵ (جیهانی)؛ کەواتە پانتایی ئازادیی بێنێوانجی و جوان، دەبێتە بوار و پانتایی کاری قورس و کۆیلایەتی. ئەم بوونەوەرە یونیڤێرساڵە (ئێمپراتۆری) وەها تاکەکان لەخۆ دەگرێت کە تێیدا ون دەبن -کەسەکان، خەڵک و هەموو یەکە تایبەت و جیاوازەکان. ئەمە ئابستراکشێنی -(ڕووتکردنەوەی)- تەواوی دەسەڵاتە و لەگەڵ گەشەی ئێمپراتۆریش، تێکۆشان بۆ دەسەڵات لەنێو خودی ڕۆمدا بوو بە کێشە، چونکە هیچ شتێک نەیدەتوانی خواستی بێکۆتایی بۆ دەسەڵاتی زیاتر و زیاتر تێر بکات. شێوەگۆڕانی کۆمار بەرەو ئێمپراتۆری، هیچ نییە جگە لە دەربڕینی هەوەسی بێکۆتایی بۆ دەسەڵات لەبەر دەسەڵات.[22] فەرمانی کارکاڵا -ئێمپراتۆری رۆم- کە هەموو ژێردەستەکان لە بەرانبەر یاسادا یەکسان دەکات، تەنیا قۆناخێکی کۆتایی بوو لە سڕینەوەی دەسەڵاتی سەربەخۆ لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی، کە لەلایەن ئێمپراتۆرەوە وەبەرچاو دەهێنرا: ئێمپراتۆری لە دەسەڵاتەکەی (dominium) جیا نەدەکرایەوە.[23]
لە کۆتاییدا، مەسیحیەت وەکوو وڵامێک بۆ نەبوونی ئەم نێوانجییە لەنێوان سابجێکت و دەسەڵاتی سیاسیدا، دەردەکەوێت. لێکدانەوەی هێگڵ لەسەر مەسیحیەت لە فەلسەفەی مێژوو، ڕێگەیەک پێشان دەدات کە لەوەوپێش لە نووسراوە سەرەتاییەکانی دەدۆزرێتەوە، هەرچەندە ئاماژەکانی جیاوازن. مەسیحیەت ئێلێمێنتی ئاگایی سابجێکتیڤی پێشکەش کرد. و ەگەرچی ئەمە دەبوایە لە چەن قۆناخ تێپەڕێت کە بگاتە چاکسازی لووتێری و لەکۆتاییدا لە شۆڕشی فەڕانسە گەیشتە ترۆپکی خۆی؛ بەڵام لە کاتی دەرکەوتنی مەسیحیەتەوە، مێژوو بریتییە لە ئاشکراکردنی بەردەوامی بنەمای ئازادیی سابجێکتیڤ لە جیهاندا.[24] جیهانی خۆرهەڵات تەنیا یەک مرۆڤی بە ئازاد دەناسی -زۆردار- پۆڵیس پێشتر دەیزانی هەندێک لە مرۆڤەکان ئازادن؛ بەڵام مەسیحیەت ئەم بنەمایەی ڕاگەیاند کە هەموو مرۆڤەکان دەکرێت ئازاد بن. ئەم خاڵەی کە بەبۆنەی بنەمای ئازادیی سابجێکتیڤ لەنێو مەسیحیەت، ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی شۆڕشی فەڕانسەی لێ کەوتەوە، لە لایەن هێگڵ لە باسێکی ڕوون سەبارەت بە “خاوەنداریەتی” ئاماژەی پێ دەکرێت:
«هەزار و پێنسەد ساڵ لەو کاتەوە تێدەپەڕێت کە ئازادی کەسایەتی لە ڕێگەی پەرەسەندنی مەسیحیەت دەستی پێکرد تا ئەم بیرۆکەیە وەک بنەمایەکی یونیڤێرساڵی مرۆڤایەتی بشکوێت و بەفەرمی بناسرێت. بەڵام وەک ئەوەی دوێکە بوو کە دەمانتوانی بڵێین: بنەمای ئازادیی خاوەنداریەتی لە هەندێک شوێندا بەفەرمی ناسرابوو. ئەمە نموونەیەکە لە مێژوو کە دەتوانێت بێ ئۆقرەیی بیروڕاکان سەرکۆنە بکات و پێشانی بدات مەودایەک لە کات بۆ زەینی [مرۆڤ] پێویستە، تاکوو پێشکەوتن لەنێو خۆ-ئاگایییەکەیدا مسۆگەر بکات.»[25]
بەڵام ئەم بەستێنە مێژووییەی کە مەسیحیەت تێیدا زاڵ بوو، تاقانە بوو. لە ڕێگەی بکەرێکی مێژوویی -خەڵکی جێرمەن- کە لە ڕیشەدا لەگەڵی بێگانەبوون هەڵدەگیرا. هێگڵ چوارەمین قۆناخی مێژوو بە “جیهانی جێرمەنی (ئەڵمانی)” ناو دەبات. ئەم دەستەوشەیە هاوکاتە لەگەڵ دەستەوشەی مەسیحیەتی خۆرئاوایی -و ئەو دەوڵەتانەی کە بەدەست نەوەکانی خەڵکانی ئەڵمانی و لەسەر وێرانەکانی ئێمپراتۆریی ڕۆمی خۆرئاوایی دامەزرا: “جیهانی ئەڵمانی” نەک تەنیا ئەڵمان و نەتەوەکانی سکاندیناڤی، بەڵکوو فەڕانسا، ئیتاڵیا، سپانیا و ئینگلستانیشی دەگرتەوە. خەڵکانی ڕۆمی و بەهەمان شێوە تیۆتونیکەکان (Teutonic)، بەشێوەی ڕاشکاو لەلایەن هێگڵەوە وەک بەشێکی “جیهانی جێرمەن” باس کرا، و هەر هەوڵێک بۆ دیتنی چوارەمین و دوواهەمین قۆناخی مێژوو لە فەلسەفەی مێژووی هێگڵ، وەکوو ڕوانینێکی ناسیۆناڵیستی یان ئێتنۆ-زمانی و ڕۆمانتیست و ناسیۆناڵیستەکانی دووایینیش، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە بەکاربرنی دەستەوشە و تێرمی “جیهانی ئەڵمانی” لەلای هێگڵەوە نییە. وەرگێڕانی سیبری لە die germanische Welt لە واتای “جیهانی ئەڵمانی” زۆربەی خوێنەرە ئینگلیسی زمانەکانی تووشی هەڵە کردووە و ئەم تێگەیشتنە نادروستەی بەرهەم هێناوە کە گوایە هێگڵ ئاماژە بە باڵادەستی ئەڵمانی دەکات.[26]
لێرەدا ئێلێمێنتێکی (element-پێکهێنەر) دیکە هەیە کە پێویستە سەرنجی بدرێت: سەرەڕای ئەم واقعیەتە کە هێگڵ دووایین قۆناخ بە خەڵکی ئەڵمانی دەبەستێتەوە، ئەو بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە کەلتووری ڕەسەنی هۆزە کۆنەکانی ئەڵمان. بۆ هێگڵ Ur-Volk (خەڵک/فۆلکی کۆن-سەرەتایی) کە نەریتی ڕۆمانتیک لە ئەڵمان وەک شتێکی بتئاسا و زۆر خۆشەویست دەیدیتم و لە هەمانکاتدا بەئوستورەی دەکرد، شتێکی بەتەواوی ناپەیوەندیدار بوو. تەنانەت لە هەندێک نموونەدا هێگڵ بەتوندی گاڵتەی دەکرد بە چەند جۆر لە ڕۆمانتیزمە ئەفسانەییەکانی “تیۆتونیک”ـی خەڵکانی کۆن-سەرەتایی.[27] ڕۆلی خەڵکانی ئەڵمانی لە مێژوودا تەنیا لەبەر ئەوە بوو کە ئەوان مەسیحیەتیان لە ڕۆمییەکان وەرگرت -گەرچی ئێمپراتۆری ڕۆمیان تێکشکاند- بەڵام نوقمی کەلتوورەکەی بوون کە لەو سەردەمەدا ئایینی مەسیحی بوو:
«جێگەی ئاماژەیەکی گرنگە کە جەخت بکەینەوە لەسەر ئەمەی کە چەندە ڕەوتی مێژووی ئەڵمانی لەگەڵ یۆنانییەکان و ڕۆمییەکان جیاوازە. [ئەڵمانییەکان] گیانیان کردە بەر بنەما ڕیشەییەکانیان. پاڵنان بۆ گەشەی ئەڵمان شتێک بوو کە لە کەلتووری بیانییەوە بۆ ئەڵمانییەکان گوازرایەوە. کەلتوور، یاسا و ئایینەکانیان بۆ ئەوان [ئەڵمانییەکان] بێگانە بوو.»[28]
هەروەها هێگڵ تیۆری ئازادیی ئاژەڵی دەستەمۆکراو، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەڵمانەوە سەرچاوە دەگرێت وەلا دەنێت:
«ئێمە نامانهەوێت شوێنکەوتووی گەڕانەوەی ئەڵمانییەکان بۆ دارستانەکانیان بین، سەبارەت بە ڕیشەی کۆچەکەشیان هیچ شتێک ناپرسین. دارستانەکانی ئەوان هەمووکات وەکوو ناوچەی خەڵکانی ئازاد ئاماژەی پێکراوە، وە تاسیتوس وێنەیەکی بەناوبانگ لە ئەڵمان بە هەست و عەشقێکی زۆرەوە درووست دەکات -[چونکە ئەو] ئەو جیهانەی وەک شتێکی لێکدژ لەگەڵ گەندەڵی و دەسکردبوونی ئەو جیهانەدا دەدیت کە خۆی تێیدا دەژیا، وە هەر بۆیە لە تەنیشت یەکتر وێنای دەکرد. بەڵام ئێمە نابێت ئاوا حاڵەتێک لە بەربەریزم و کێویبوون وەک حاڵەتێکی سەربەرز ببینین، شاگەشکەی بین یان وەکوو ڕووسۆ بەو هەڵەدا بچین کە پێی وابوو کێوییەکانی ئەمریکا لە دۆخێکدان کە تێیدا مرۆڤ خاوەن ئازادییەکی حەقیقی و تەواوە. بەدڵنیاییەوە نەهامەتی و خەمێکی زۆر بوونی هەیە کە کێوییەکان هیچ شتێکی لەبارەوە نازانن. بەڵام ئەمە ئیمتیازێکی نەرێییە، لەحاڵێکدا ئازادی بەشێوەی زاتی ئەرێییە. تەنیا نیعمەتەکانی ئازادی ئەڕێییە کە وەکوو باڵاترین ئاستی ئاگایی ڕەچاو دەکرێت.»[29]
هەر ئەو جۆرەی کە لە باسەکانی پێشوودا دیمان، ئەوە ئازادی ئاگایانەیە کە هێگڵ لە جیهانی هاوچەرخی خۆیدا ڕاستەقینەی (actualize) دەکاتەوە. ئێمە دەبێت بزانین ئەم قۆناخە بەڕاستی چۆناوچۆن قۆناخی کۆتاییە.
فێڵی عەقڵ و تاکی مێژوویی جیهان
یەکێک لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی فەلسەفەی مێژووی هێگڵ، گرژی دیالێکتیکیی گریمانەگیراوە لەنێوان “ویست” و “ئەنجام”. مێژوو، ئاشکراکردنی دڕامای هاتنەوەی مرۆڤ بۆ نێو خۆیەتی، وە لەنێو ئەم دڕامایەدا، هێگڵ ڕۆڵێکی گرنگ و ناوەندی بە بەرهەمی پیاوە مەزنەکان دەدات. بەڵام ئەمانە تەنیا بکەرگەلی ئامانجێکی باڵاترن و بەبێ ئەوەی خۆیان بیزانن، ئەوان ڕادەکشرێن بەرەو ئامانجگەلێک کە بە دەگمەن بەتەواوی دەیناسن.
پیاوە مەزنەکانی مێژوو، “تاکە مێژووییەکانی جیهان” -بەپێی تێرمینۆلۆژییەکەی هێگڵ- پێگەیەکی دوولایەنەیان هەیە لەنێو شکڵی مێژووەکەی ئەودا. لای هێگڵ، ئەو کەسانە نەک بەبۆنەی ویستەکانیان، بەڵکوو بە پێی ئاکامی ئابجێکتیڤی کارەکانیان داوەری دەکرێن. هێگڵ پێشووتر لە باسەکانی ویرتێمبێڕگ، هۆشداری دابوو لەسەر تێڕوانینە جووڵێنەر (motivastional) و دەروونناسانەکان سەبارەت بە مێژوو:
«جووڵێنەر و ویستە نهێنیینەکانی تاکەکان و هەروەها چیرۆک و ویستە سابجێکتیڤەکان، وەکوو گرنگترین شت لەنێو سۆنگەی دەروونناسانە ڕوو بە مێژوو -لە ڕابردوویەکی نە زۆر دوور- بڕەوی هەبوو. بەڵام ئێستا ئەم سۆنگەیە پووچەڵ کراوەتەوە و مێژوو جارێکی دیکە دەیهەوێت هاوکۆک لەگەڵ شکۆکەی، سروشت و پێشڕەوی خۆی لە نێو بوونە جەوهەرییەکەی دەربخات و فامی پیاوانی کردار (عەمەڵ) لەو شتەی کە دەیکەن دەستەبەر بکات.»[30]
ڕۆڵی تاک لەنێو مێژوو، بە بەهێزی لەنێو ئەندێشەی هێگڵدا پەیوەند دراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی پێکهاتە سیاسییەکان. لەو لایەنەوە کە ڕەوایی ڕێکخستەی سیاسی لە ئەندێشەی هێگڵدا، بەتەواوی لەو بارودۆخە مێژوویییەی کە تێیدا هاتەتەبوون دابڕاوە، بەڵام هێگڵ هیچ کێشەیەکیشی نییە کە دەوڵەتە مێژووییەکان نەک لەسەر بنیاتی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە ڕێگەی کردەی مرۆڤێکی گەورەوە پێشان بدات؛ هەرچەندە هێگڵ بەڕوونی جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی مرۆڤی گەورە پەیوەندی زۆر کەمی بە زۆرلێکردنی فیزییکەوە هەیە:
«کەواتە هەموو دەوڵەتەکان لە رێگەی هێزی باڵای پیاوانی مەزنەوە دامەزراون؛ نەک لە ڕێگەی هێزی فیزیکییەوە، چونکە زۆرن ئەوانەی لە هەر کەسێک بەهێزترن. بەڵام پیاوی مەزن شتێکی لەنێو خەسڵەتەکانیدا هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەمووانی دیکە ئەو وەک گەورە و سەرۆک ناو ببەن؛ ئەوان بەپێچەوانەی ئیرادەی خۆیانەوە بەقسەی دەکەن… هەموو لەژێر ئاڵای ئەودا کۆدەبنەوە: ئەو خوای ئەوانە. ئەمە ڕێگەیەک بوو کە تێسیووس دەوڵەتی ئاسێنای لەسەر دامەزراند. بەهەمان شێوە لە شۆڕشی فەڕانسادا، هێزێکی ترسناک دەوڵەت و هەمووشتێکی بە دەستەوە بوو. ئەم هێزە زۆرداری (despotism) نەبوو بەڵکوو سەرکوتگەری (tyranny) و هێزێکی ترسێنەری پەتی بوو. بەڵام تا ئەو شوێنەی کە دەوڵەتەکان وەک تاکێکی ڕاستەقینە بنیات دەنێت و دەرپارێزێت، [ئەمە] زەرووری و ڕەوایە.»[31]
بەم هۆیەوە، تێڕوانینی دوولایەنەی هێگڵ بۆ وەها دیکتاتۆرییەکی پێکهێنەر (constitutive dictatorship) بەڕوونی باس کراوە و ڕۆڵێکی دیالێکتیکی هەیە: دەبێت خەڵک بەرەو “گوێڕایەڵی” پەروەردە بکات، عادەتکردن بە گوێڕایەڵی، ئیرادەی گشتی لە جێگەی ئیرادەی تایبەت دەخاتە گەڕ. بەڵام کاتێک ئەم ئەرکە ئەنجام دەدرێت، وردەوردە وەک شتێکی ناپێویست و لاوازی لێدێت، ئەمە (aufheben)ـە [واتە هەڵوەشاندنەوە بەرەو قۆناخی دووایی]:
«لە ڕێگەی فێرکردن و پەروەردەی پەیڕەویکردن… سەرکوتگەری لاواز دەبێت و دەستپێکێک دەبێت بەرەو حوکمی یاسا. ئەو هێزەی وا سەرکوتگەری دەیسەپێنێت لەنێو خۆیدا هێزی یاسایە. لە ڕێگەی پەیڕەوییەوە، چی تر ئەمە وەک هێزێکی بیانی نامێنێت، بەڵکوو دەبێتە ئیرادەیەکی گشتیی ئاگایانە. سەرکوتگەری لەلایەن خەڵکەوە تێکدەشکێت، چونکە سووکایەتی و بێزارکەرە. هۆکاری واقعی [ئەم گۆڕانە] ئەوەیە کە ئیتر [سەرکوتگەری] ناپێویست و زیادە دەردەکەوێت.»[32]
بەپێی لێکدانەوەی هێگڵ، لە مێژوودا “ڕەزامەندی” لە ڕێگەی ماناگەلێک کە پەیوەندیدار بە ڕەزامەندییەوە نەبووە هاتووەتە ئاراواە. کەواتە هێگل خۆی دوور ڕادەگرێت لە بنەما بچووکەکانی زۆربەی تیۆرییە لیبڕاڵەکان؛ کاتێک ئەو تیۆرییانە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بێزارکەرە دەبنەوە کە بۆ نموونە، چۆناوچۆن حکومەتی زۆرینە لە سەرەتادا بڕیار دەدات و ڕەوایی وەردەگرێت. لە ڕوویەکی دیکەشەوە، هێگڵ بەتەواوی ئاگای لەم واقعیەتە ناخۆشە هەیە کە هەر بنیاتێکی دەوڵەتێکی نوێ و هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە لە مێژوودا، ڕووداوگەلێکن کە ڕەواییەکەی خۆیان دەتوانن تەنیا لە ناواخنی خۆیاندا بدۆزنەوە، نەک بەپێی پێوەرێکی پێشووتر. بنیاتی دەوڵەتێکی نوێ یان دەستپێکی نەزمێکی نوێی کۆمەڵایەتی بەپێی ئەم پێناسەیە، ناتوانێت لەسەر بنەمای هاودەنگییەکی گشتی و سەرەتایی بێت؛ هەر بۆیە ئاوا ڕووداو و قۆناخگەلێک هەمووکات لەنێو نەریتی تیۆرییەکانی ڕەوایی (شەرعیەت)، نیشانەیەک لە زۆڵێتی (bastardy) پێوە دیارە. سەرەڕای ئەوەی کە [ئەم تیۆرییانە] سیستمێکی ئاڵۆز و چەن ڕەهەندیان بۆ ڕەواییبەخشین بە شۆڕشەکان -لە بارودۆخی بەرتەسکدا- هەیە، بەڵام خودی جان ڵاک هەمیشە لێیان دردۆنگ بوو و لای هێگڵیش گەڕانەوە بۆ “حەقیقەتە گومانهەڵنەگرەکان” ڕاهێنانێکی فێڵەبازانە بوو لەلایەن بەشێک لە سەرکەوتووانی شۆڕشەوە: شۆرشگێڕانی دوێکە، ئەمڕۆ بە بەرگێکی دەستبەسەرداگیراوی ڕەوا، ڕێژە دەڕۆن.
لە واتایەکی دیکەدا “مرۆڤی مەزن”ـی مێژوو، بۆ سەردەمی خۆی قسە دەکات و ئیرادەی دێنێتە بەر باس، گەرچی ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ئیرادەیە هەمووکات ڕاشکاوانە نەبێت. ئەگەر ئەو هێزی شاردراوەی پشت نەزمی کۆمەڵایەتی بەرەکەی خۆی باس نەدەکرد، هەرگیز لە بەئەنجامگەیاندنی هیچ کارێکدا سەرکەوتوو نەدەبوو: «پیاوی مەزنی سەردەمی خۆی کەسێکە کە دەتوانێت ئیرادەی سەردەمی خۆی لە وشەکاندا جێبخات، بە سەردەمی خۆی بڵێت ئیرادەکەی چییە و بەئەنجامی بگەیێنێت. کارێک وا ئەو دەیکات دڵ و زاتی سەردەمەکەی خۆیەتی، ئەو سەردەمەکەی ڕاستەقینە دەکاتەوە.»[33] هێگڵ لە دەستووری ئەڵمانیدا سەبارەت بە ڕێشڵوو دەنووسێت و ئاماژە بە دوژمنەکانی ئەو دەکات کە «جێگەی خۆیان نەک بە ڕیشڵوو وەک مرۆڤێک، بەڵکوو بە بلیمەتبوونی ئەو داوە کە کەسایەتییەکەی دەبەستێتەوە بە بنەمای زەرووری یەکێتیی دەوڵەتەوە… لێرەدا ئەو شتەی کە نهێنییە، بلیمەتی سیاسییە کە لە ناسینەوەی تاکێک لەگەڵ بنەمایەک، یەک دەگرێتەوە.»[34]
کەواتە هێگڵ توانای ئەوەی هەیە لەنێوان پاڵنەرەکانی کەسی مێژوویی و ئەنجامی کردەوەکانیدا مەودایەک بهێڵێتەوە. عەقڵ لە مێژوودا لە ڕێگەی ئامرازێتی ئێلێمێنتە سابجێکتیڤەکانەوە کار دەکات. ئەمە فێڵکردنی عەقڵە، List der Vernunft. لە لایەکەوە، تاکی مێژوویی جیهان وەکوو بکەری نوێگەری و گۆڕانی گەورە لە گەشەی مێژوودا، پێگەیەکی سەرەکی هەیە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو [تاکە] تەنیا ئامرازی دەستی هێزە باڵاکانە و سۆنگە و ئایدیاکانی گرنگایەتییەکی ئەوتۆیان نییە. ئەمە بڕوا سابجێکتیڤەکان نییە کە لە مێژوودا بەدی دێن؛ بەڵکوو شتێکی بەرزەوەبوو لە خودی تاکە.[35] بە وتەیەکی دیکە لە ڕاستیدا دەکرێت پاڵنەری سێزار یان ناپێلۆنێک خواستگەلێکی بچووک بووبێت نەک سۆنگەیەکی گشتی لەسەر چارەنووسی مێژوویی. بەڵام دەستی شاراوەی عەقڵ تەنانەت ئەم خواستە بچووکانەی، لەنێو گۆشەنیگایەکی بەرفراوانترەوە سەرپرشتی کرد. کەواتە، هەستوسۆز، بەرزەفڕی، و تەماحەکان وەکوو خزمەتکارانی کارکردنی عەقڵ لە مێژوودا دەبینرێن. لە ئاکامدا، جیاوازییەکی بنچینەیی لەنێوان ئەو سۆنگەیەی هێگڵ بۆ قارەمانی مێژوویی و بۆ نموونە ستایشەکانی کارلیل بوونی هەیە.
بەپێی لێکدانەوەی هێگڵ ئەم تاکانە،
«ئامرازە زیندووەکانی ئەو شتەن کە لەنێو جەوهەری کردەی زەینی جیهاندایە، کەواتە ڕاستەوخۆ لەگەڵ کردەدا، یەکێکن، گەرچی لێیان داپۆشراوە و ئامانج و بابەتی ئەوانیش نییە. کەواتە لەبەر کردەکانی زەینی جیهان، ئەوان هیچ شانازی و دەسخۆشییەک لە کەسانی سەردەمی خۆیان یان بیروڕای گشتی سەردەمەکانی دیکە وەرناگرن. تەنیا شتێک کە بە ئەوان دەبەخشرێت ناوبانگێکی نەمرە بەبۆنەی فۆڕمی سابجێکتیڤی کارەکانیان.»[36]
چارەنووسی شەخسی تاکی مێژوویی جیهانیش، گرنگایەتییەکی ناسەرەکی هەیە؛ لە ڕووی ئامانجەکانیانەوە زۆربەی ئەم کەسە مێژووییانە ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە. بەڵام ئەو شتەی کە ئەوان بە ئەنجامیان گەیاندووە دەبێت لە بەرچاو بگیردرێت:
«ئەوان دووای دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان وەکوو جەستەگەلێکی ناوبۆش لە کرۆکی خۆیان دەکەون. ئەوان هەروەکوو سکەندەر زوو دەمردن، هەر وەکوو سێزار دەکوژرێن و هاوشێوەی ناپێلۆن دەگوازرێنەوە بۆ سەینت هێلێنا….ئەوان لە بووندا بەختڕووتێکردوون کە بکەرانی ئاوا ئامانجێکن کە هەنگاوێک بەرەو پێشکەوتنی ڕۆحی یونیڤێرساڵ جێ دەخەن. بەڵام وەکوو تاک، ئەوان ئەو شتە نین کە زۆرجار پی دەگوترێت خۆشحاڵ… یان نەیانویستووە ببن.»[37]
سەرەڕای ئەمە، ئەم سێناریۆ دڕاماتیکە ئاڵۆزییەکی مەعریفەناسانە لەخۆ دەگرێت کە ئاماژەی ئاشکرا بە هەندێک پرسیار دەکات، کە دەبێتیش بۆ زەینی خودی هێگڵ یەکلایینەکراو مابێتەوە. کاتێک کە هێگڵ تاکی مێژوویی جیهان وەکوو “بکەر” یان “ئامراز” ناو دەبات بە واتای ئەوە نییە کە ئەم تاکانە ڕەنگە بە هۆی شتی بچووکتر لە ئامانجە کۆتاییەکانی مێژوو جووڵێندراون؛ بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەبووە کە لەبنەڕەتەوە وشیارییان لەسەر گرنگایەتی مێژوویی کاری خۆیشیان نەبووبێت. ئەوەی کە لێرەدا بابەتێکی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە وا دێتە بەڕچاو کە هێگڵ سەبارەت بە ڕێژەی وشیاری وردی تاکە مێژووییەکانی جیهان لە ئاست گرنگی ئەو شتەی کە ئەنجامی دەدەن دڵنیا نییە. پێشتر ئاماژەمان بەم ڕوانینەی هێگڵ دا کە «پیاوی مەزنی سەردەمی خۆی کەسێکە کە دەتوانێت ئیرادەی سەردەمی خۆی لە وشەکاندا جێبخات» و هەروەها، ئەم وتەیەی هێگڵ کە دەڵێت کردەکانی زەینی جیهان «لە ئەوان داپۆشراوە و ئامانج و بابەتی ئەوانیش نییە». لەنێو هەندێک بڕگەی فەلسەفەی مێژوو کە دەچێتە سەر کەسایەتییە مێژووییەکان، دەکرێت سێ جۆریان جیا کەینەوە:
- پیاوانی مێژوویی، تاکە مێژووییەکانی جیهان، ئەوانەن کە دەست بەسەر ئەم تێگەیشتنەدا دەگرن… کە شتێکی باڵاتری یونیڤێرساڵ دەکەنە ئامانجی خۆیان و ئەم ئامانجە بەپێی یاسایەکی باڵاتری ڕۆح بەدیدەهێنن… دەبێت کەسە مێژووییەکانی جیهان، قارەمانەکانی سەردەمەکەیان، وەکوو بینەری داهاتوو بناسرێن.[38]
- سێزار نەک تەنیا بەپێی بەرژەوەندییە کەسییەکان دەجووڵا، بەڵکوو بەشێوەی خۆڕسکیش ئەکتی ئەکرد تاکوو ئەو شتانە بەئەنجام بگەیێنێت کە سەردەم دەیخوازێت.[39]
- [کەسانێکی دیکەش] کە هیچ ئاگاییەکیان لە ئایدیاکان نییە [چونکە] ئەوان پیاوانی پڕاکتیکاڵ و سیاسین.[40]
کەواتە هێگڵ بەم شێوەیە تاکی مێژوویی جیهان پێناسە دەکات، (a) بەتەواوی ئاگایە بەسەر ئایدیای مێژوو و گەشەکەی، (b) تەنیا بەشێوەی خۆڕسک ئاگایە بەسەریدا، (c)، بەشێوەی گشتی لێی بێخەبەرە. سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانین پێناسەی جۆرەکانی دەربڕین و وردەکارییەکان بکەین، بەڵام لەکۆتادا ناکرێت شرۆڤەیەکی گونجاو پێشکەش بکرێت کە بەشێوەی کۆیەک ئەم پێوابوونە ناکۆکانە لەخۆبگرێت. ئەڵبەت ئەمە ڕوونە کە ئارگیۆمێنتەکەی هێگڵ کە باسی ئەوە دەکات: پێشکەوتنی مێژوو پەیوەندیی بە نێوانجییە جووڵێنەرە سابجێکتیڤەکانەوە لەگەڵ خودی ئامانجی دووایی (تێلۆس)ـی مێژوو نییە، بەڵام ئاستەنگی هەرەگرنگ سەبارەت بەوەی کە تاکە مێژووییەکانی جیهان تا چ ئاست و چۆن لەسەر ڕەهەندی مێژوویی کردەکانیان وشیارن، ئەوە بەشێوەیەکی چارەسەرنەکراو دەمێنێتەوە.
هەر لەم باسەدا ئاستەنگ و کێشەیەکی دیکەش بوونی هەیە؛ بۆ هێگڵ بڕگەکانی مێژوو قۆناخە یەک لەدووای یەکەکانی گەشەی خۆ-ئاگاییە. ئەو خاڵەی کە لە لێکدانەوەی هێگڵ بۆ وشیاری سابجێکتیڤیی تاکە مێژووییەکانی جیهان سەرسووڕهێنەرە، ئەوەیە کە ئەو ناڕوونی و دوو واتایییەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، -پەیوەست بە واتای کردەوەکانی ئەو تاکانە- هیچ گەشەیەک لە کاتدا بەخۆیانەوە نابینن. هەروەها دەکرێت چاوەڕوانی ئەمە بین کە تاکە مێژووییەکانی قۆناخەکانی دیکە کە لە مێژوودا وەبەرچاوهێنەری قۆناخێکی ئاستبەرز و دیارترن، [بەو پێیەش] دەبێت وشیارییان لەسەر ڕۆڵی خۆیان لە ڕەوتی مێژووییدا زۆرتر بێت. لە هەمان کاتیشدا هیچ باسێک لە لێکدانەوەکانی هێگڵدا بوونی نییە کە بپڕژێتە سەر ئەوەی کە ئاوا گەشەیەکی ئاگایی مێژوویی لەنێو خودی ئەکتەرە مێژووییەکەدا بوونی هەیە. گەرچی کردەوەکانی ناپێلۆنێک بەرچاوهێنەری قۆناخێکی بەرزتر لە کردەی سێزارێکە، بەڵام دیسانەوە وا دێتە بەرچاو کە فامی مێژوویی ناپێلۆن لە هەمان ئاستی سێزارەکەدایە. کەواتە، لەنێو ناوکی فەلسەفەی مێژووی هێگڵدا، بەشێوەی نائاسایی ئێلێمێنتێکی ستاتیک (نەجووڵ)، [یان بە وتەیەکی دیکە] نامێژوویی، دەمێنێتەوە.
لێرەدا کێشەیەکی دیکەش سەبارەت بە پێکبەستی پەیوەندی نێوان مێژوو و ئاگایی سەرهەڵدەدات. پرسیار ئەوەیە، گەر ئەکتەری مێژوویی لە عەقڵی نێو ڕەوتی مێژوویی بێخەبەرە، کەواتە کێ خەبەرداریەتی؟ وڵامەکە بۆ هێگڵ ڕوونە: فیلسووف، ئەو کەسەی بیر دەکاتەوە، لەڕێگەی وێنەکێشی «خۆڵەمێشی لەسەر خۆڵەمێشی»دا کە ئاماژەیە بەوەی کە «شێوەیەک لە ژیان کە بەپیری پێگەیشتووە». کەواتە هەر ئەو جۆرەی کە بینیمان، فیلسووف نابێت «ڕێکارنامەیەک پێشکەش بکات کە جیهان دەبێت چۆن بێت»، یان نابێت بە هیچ شێوەیەک لەنێو شکڵبەخشین بە جیهانێک کە دێت بەشدار بێت یان هەوڵ بدات بەرگی ئەکتەرێکی مێژوویی بکاتە بەر. فەلسەفە «هەمیشە زۆر دڕەنگ دێتە سەر پەردە»، «کاتێکش دەردەکەوێت کە ڕاستەقینەیی (actuality) لەوەوپێش لەوێ بێت، [فەلسەفە] دادەتاشرێت و دەگرسێتەوە، دووای ئەوەی کە ڕەوتی فۆڕمبەخشین کامڵ دەبێت»[41]
بۆیە هێگڵ پاڕادۆکسێکی سەیر دەردەخات: کەسانێک مێژوو درووست دەکەن، فامی ناکەن و کەسانێک وا فامی دەکەن درووستی ناکەن (و نابێت) بیکەن. لە کۆتاییی ئەم ڕێگە دوورودرێژەی هێگڵدا، ئاگایی و کردە، سابجێکت و ئابجێکت، بکەر و زانا، هێشتا دابڕاو لە یەکتر دەمێننەوە و گرژییەکانی نێوانیان نەبووەتە aufgehoben -[یان] هەڵنەوەشاوەتەوە.
چاوخشاندنێک بە داهاتوو؟
پێداگریی هێگڵ لەسەر ئەوەی کە فەلسەفە وەک بیرکردنەوە، لەوەوپێش خۆی لە جیهانی ڕاستەقینەدا بەرهەست کردووەتەوە، نەک لەڕێگەی ئامۆژگاری و پێشبینیکردن، بەچڕی لە فەلسەفەی مێژووەکەیدا هاتووەتە بەر باس. لە جیهانی مۆدێرندا و دووای 1815، ئەوە ئەورووپای خۆرئاوایە کە هێگڵ بە لووتکەی گەشەی مێژوویی دەیبینێت. لێرەدایە کە «ئێمپراتۆریی ئەندێشە بەشێوەی ڕاستەقینە و بەرهەست دادەمەزرێت… ئازادی، ڕێگەکانی بەدیهێنانی ئایدیاڵەکەی -ڕاستەقینەیی حەقیقەتەکەی- دۆزیوەتەوە.»[42] لەڕاستیدا هێگڵ دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا «کاری زۆر هەیە بکرێت». بەڵام ئیدعا دەکات کە ئەمە بۆ «لایەنی ئەزموونی»[43] دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە بەتوندی جەخت دەکاتەوە لەسەر موتڵەقبوونەوەی ئەم بڕگە هەنووکەییەی مێژوو.
هەرچەند لەوەوپێش بینیمان کە سەبارەت بە باسی کۆمەڵگای مۆدێرن، هێگڵ ئاگاداری ئەوەیە کە مێکانیزمەکانی ئەم کۆمەڵگایە هەندێک کێشە و پرس بەرهەم دەهێنێت، کە لەوە دەچێت بۆ خۆیشی وڵامێکی گونجاوی بۆیان نەبێت. لەکۆتاییدا ئەم سیستمە زۆر کەمتر لەو شتەی کە سەرەتا دیبنرا داخراوە. بەهەمان شێوە یەکجار زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئاماژە بکەین کە لە پەراوێزی ئاسۆی بەڕوواڵەت داخراوی مێژووەکەی هێگڵدا، هەندێک نموونە دێنە بەرچاو کە ئەو تێیدا هەر لە ڕێگەی سیستمەکەی خۆیەوە، لەو سنوورە دیاریکراوانە تێدەپەڕێت، هەرچەندە بەوریایی و نابەدڵانە. ئەم نموونانە بەشێوەی گشتی پەیوەندییان بە ڕۆڵی داهاتووی ڕووسیا و ئەمریکاوە هەیە لە مێژووی جیهاندا.
چەندین جار هێگڵ لە لێکدانەوەی مێژووی ئەورووپا، ناوی سلاڤییەکان دەهێنێت. لە ڕوویەکەوە ئەو لەو باوەڕەدایە کە سلاڤییەکان بەردەوامی دەبەخشنە «پێوەندیی جیهانی مەسیحی-ئەڵمانی لەگەڵ ئاسیا.»[44] لە ڕوویەکی دیکەشەوە ئەمە زیاد دەکات کە: «گشتێتی ئەم ئێلێمێنتە، هێشتا لەنێو گەشەی ڕۆحدا دەرنەکەوتووە، وە ئێمە ناچار نیین بەبۆنەی ئەوانەوە «لە باسەکەماندا» دابخرێین.»[45] ڕەنگە نەشێت قورساییەکی یەکجار زۆر بە ئەو شتە بدرێت کە “هێشا نییە”، بەڵام لە شوێنێکی دیکە و لە لێدوانێکی بەربڵاو سەبارەت بە سلاڤەکان، هێگڵ دەڵێت:
«ئێمە لە خۆرهەڵاتی ئەورووپادا، نەتەوەی گەورەی سلاڤ دەدۆزینەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە خۆرئاوای ئیلب تاکوو دانووب درێژەی هەیە… لەڕاستیدا ئەم خەڵکە پاشایەتیگەلێکیان بنیات نا و ناکۆکییە ڕۆحییەکانیان لەگەڵ ئەو نەتەوە جۆراوجۆرانە کە هاتنە سەر ڕێیان پاراست. هەندێکجار وەکوو پاسەوانێکی پێشڕەو -نەتەوایەتییەکی نێوانجی- ئەوان [سلاڤەکان] بەشێک بوون لە پێکدانانی نێوان ئەورووپای مەسیحی و ئاسیای نامەسیحیدا. تەنانەت پۆلەندییەکان ڤییەنایان کە تورکەکان گەمارۆیان دابوو ڕزگار کرد؛ و سلاڤەکان تا ڕادەیەک لەنێو مەڵبەندی عەقڵی خۆرئاواییدا پەلکێش کران. گشتێتی ئەم خەڵکانەمان لەبەرچاو نەگرتووە، چونکە هەتاکوو ئێستا وەکوو ئێلێمێنتێکی سەربەخۆ دەرنەکەوتوون کە عەقڵ لە زنجیرە بڕگەکانی نێو جیهان بەخۆیەوە دەیگرێت. ئەوەی کە پاش ئەمە ڕوو دەدات یان نا، پرسیارێکە کە ئێستا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە؛ چونکە لە مێژوودا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ڕابردوو دەکەین.»[46]
دیسان ڕەنگە پێویست نەبێت گرنگایەتییەکی ئەوتۆ بەم لایەنانەی باسەکە بدەین، بەڵام هەڵوێستێکی توندتری هێگڵمان هەیە کە لە نامەیەکدا بۆ بەگزادەیەکی ڕووسی-بالتیکی لە ستۆنی ئاماژەی پێ دەکات؛ ئەو کەسە لە وتاردانەکانی هێگڵدا لە هایدڵبێرگ بەشدار بوو. هێگڵ بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەستبوونی ئەم خوێندکارە پێشووەی خۆی بۆ خزمەت بە ئێمپراتۆریی ڕووسیا دەڵێت:
«بەڕێز، ئێوە بەختەوەرن کە خاوەن نیشتمانێکن کە لە مەڵبەندی مێژووی جیهاندا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە و بەدڵنیاییشەوە تەنانەت ئەرکێکی باڵاتریشی هەیە. وا دێتە بەرچاو کە زۆربەی دەوڵەتانی مۆدێرنی دیکە پێشووتر ڕێگەی خۆیان تێپەڕاندووە و ئێستا بە بارودۆخێکی سەقامگیر و نەگۆڕ گەیشتوون. لەلایەکی دیکەوە، ڕووسیا لە ئێستادا کە بەهێزترین هێزی ناویانە، لە ناواخنیدا ماتەوزەیەکی بەربڵاوی هەیە، تاکوو گەشەی چڕوپڕ بە سروشتی خۆی بدات.»[47]
کۆمەڵێک ئاماژەی هاوشێوەی هێگڵ سەبارەت بە ئەمریکا دەبینرێت: لەوێدا کەلتوورێکی نوێ خەریکی دەرکەوتنە کە تێکەڵەیەکی فۆڕمپێبەخشراوە لە ئێلێمێنتە ئەورووپایی، ئەمریکی-هیندی و ئەفریقاییەکان.[48] لە پەراوێزی وانەکانی ساڵی 1826-7ـی هێگڵ لەسەر فەلسەفەی مێژوو، ئاماژە دەدات کە “ئەمریکا”: «بەئاشکرا وڵاتی داهاتووە کە هێشتا لەنێو ڕەوتی وەبوونەدایە (becoming).»[49] ڕوونترین پێوابوونی هێگڵ سەبارەت بە ئەمریکا لەسەر ڕۆڵی داهاتوویەتی کە هۆشدارییەکیشی لەگەڵە -ئەم ئاماژەیە زۆر هاوشێوەی ناونانی سلاڤەکانە لەلایەن هێگڵەوە:
«کەواتە ئەمریکا وڵاتی داهاتووە، شوێنێک کە باری مێژووی جیهان لەگەڵ خۆیدا و لەنێو سەردەمەکانی پێش چاومان، ئاشکرا دەکات -ڕەنگە لە کێبەرکێی نێوان ئەمریکای باکوور و باشوور. ئەمە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ژوورە دارینەکانی ئەورووپای کۆن ماندوو بوون، وڵاتی ئاواتەکانە. ناپێلۆن وتوویەتی:
«Cette vieille Europe m·ennuie -لەم ئەورووپا کۆنە بێزارم» ئەمە لەسەر شانی ئەمریکایە کە ئەو زەوییەی کە مێژووی جیهان لەسەریدا گەشەی کردووە وەلا بنێت. ئەو شتەی کە تا ئێستا لە جیهانی نوێدا ڕوویداوە تەنیا دەنگدانەوەیەکە لە جیهانی کۆن -واتە دەربڕینی ژیانی دەرەوە؛ ئەمریکا وەکوو وڵاتی داهاتوو هیچ تامەزرۆییەکی بۆ ئێمە نییە چونکە سەبارەت بە مێژوو ئەو شتەی کە دڵلەدووایی ئێمەیە هەمووکات دەبێت سەبارەت بەو شتە بێت کە بووە و ئێستا هەیە. لە ڕووی فەلسەفیشەوە ئێمە دەبێت مامەڵە لەگەڵ شتێک بکەین کە نە بەتەواوی ڕابردووە و نە داهاتووشە، بەڵکوو ئەو شتەیە کە هەیە، ئێگزیستێنسێکی بێ سەرەتا و کۆتایی -لەگەڵ عەقڵ؛ و ئەمە شتێکی کامڵە بۆ ئێمە کە سەرقاڵی بین.»[50]
ئەڵبەت ئەمە پێوابوونێکی گرنگە بۆ هێگڵ و تێبینییە کۆتاییەکەی پێشانی دەدات کە ئەو وشیارە لەسەر ئەوەی کە چەندە ئەگەری ئەوە هەیە دڵۆپ دڵۆپ بە ناوچەیەکی گەمرۆدراودا تێپەرێت. بەڵام ئەم تێبینییانە لەسەر ڕووسیا و ئەمریکا، بۆ چەند ساڵ پێش نووسراوە بەناوبانگەکەی تۆکڤێڵ[51] دەگەڕێتەوە. [ئەمانە] بەڕوونی پێشانی ئەدەن کە سەرەڕای ئەوەی کە هێگڵ لەڕێگەی پێشڕەوی بەرەو خۆ-ئاگایی مرۆڤ، مێژووی لە سەردەمی خۆیدا گەیاندووەتەوە لووتکەی خۆی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە باشی ئاگادارە کە داهاتوو لە چوارچێوەی دەرکەوتنی کەلتوورە نوێکانەوە، هێشتا کراوەیە. بەدڵنیاییەوە ئەم شتە دەتوانێت ئەو دۆخە موتڵەقەی کە هێگڵ بە فەلسەفە و سەردەمەکەی خۆی بەخشیوە، تا ڕادەیەک ڕێژەیی بکاتەوە. ئەڵبەت ئەمەش ڕوونە کە ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لەم ئاکامە نابینرێت و نایشکرێت ئەم شتە لەگەڵ [گشتێتی] فەلسەفەی خودی هێگڵدا هاوتەریب بکەین. ئەوەی کە بەڕاستی کراوە دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە گەشەی داهاتووی ڕووسیا و ئەمریکا بە واتای “بنەماگەلی” نوێی مێژووی جیهانە یان تەنیا درێژبوونەوەی ئەو بنەمایانەیە کە پێشووتر دەستەبەر کراون؟؛ [لەم بارەوە] خودی دەقەکە لێڵی و ناڕوونی پێوە دیارە.
کەواتە دەبێت ئەم خاڵە گرنگە بناسینەوە، کە سەرەڕای ئەو ڕوانینە پەسەندکراوانە لەسەر هێگڵ، دەبێت هەمووکات نیشانەی پرسیارێک لە تەنیشت ئەو شتەی کە وەکوو موتڵەقبوونەوەی کامڵی سەردەمی هاوچەرخی هێگڵ دەبینرێت، دابنێین. گەر وا بکەین ئەو ئایرۆنییە دیالێکتیکی و شاراوەیە ئاشکرا دەبێت کە هێگڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مێژوودا بەکاری دەبات. بینیمان کە چۆناوچۆن هێگڵ لە درێژەی کۆرسەکانیدا سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو، بەردەوام دژی پێشبینیکردن هۆشداری دەدات. ئەو لەو باوەڕەدایە کە فیلسووف وەکوو کەسێکی تاک، منداڵی سەردەمی خۆیەتی و خەیاڵی ئەوەی کە فەلسەفەیەک دەتوانێت لە جیهانی هاوچەرخی خۆی بەرزەوە بێت «هەر ئەوەندە پووچ و ئەبسۆردە کە تاکێک بتوانێت لە تەمەنی خۆی زیاتر تێپەڕێت و بەسەر ڕۆودس (گەورەترین دوورگەی دەریای ناوەڕاست) باز بدات.»[52] بە هەرحاڵ سەرنجڕاکێشە ئەمە لەبەرچاو بگرین، کە هێگڵ ڕێک ئەو فیلسووفە بوو کە بەشوێن بەدیهێنانی عەقڵ لە ڕاستەقینەییدا بوو، کەسێک کە بەشێوەی سیستماتیک خۆی لە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ پێشبینی و ئامۆژگاری لەسەر ئەوەی کە شتەکان چۆن دەبن یان دەبێت چۆن بن، دوور ڕادەگرت؛ بەڵام هەر ئەو کەسەش بوو کە توانی چاو بەسەر ئەو شتەدا کە لەوپەڕی دوورگەی ڕۆودسدا بوو، بخشێنێت.
[بەم بۆنەشەوە] دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر ڕازیکەرانە ئارگیۆمێنت بهێنرێتەوە کە نابێت بۆ ئەوەی زیاتر لە ئاستی خۆی ئەم تێبینییانە بۆ داهاتوو بەشێوەی جدی بخوێنرێتەوە. بەهەر شێوەیەک بێت ئەمانە زیاتر نین لە هەندێک پەراوێز لەنێو کۆمەڵێک بابەتی گشتگیر و بەرچاوی بیرکردنەوەی فەلسەفی، وە دەبێت سیستمەکە بەپێی ئەو شتەی کە لەنێویدایە داوەری بکرێت، و نەک لەسەر بنەمای هەندێک نۆت و نووسراوەی پەراوێزەکەی. هەر بۆیە لەڕاستیدا ئەم پەراوێزانە پێشانی دەدەن کە هاوشێوەی باسی پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان پرسی عەقڵانی و واقعی و ئەو باسانەی دیکە کە سەبارەت بە تانوپۆی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مەدەنیی مۆدێرنن -ئەوە سیستمەکەی هێگڵ هێشتا زۆر کراوەتر لەو شتەیە کە پێکهاتەی سیستمەکە سەرەتا ئێمەی بەو باوەڕە گەیاندبوو. سروشتی داینامیکیی دیالێکتیک -سەرەڕای ئەوەی کە وا دێتە بەرچاو- داخراو نییە. کاتێک کە موسا هێس لەدووای ئاگۆستی فۆن چایکۆفسکی لە ساڵی1841دا دەپرسێت «ئەگەر تێگەیشتن لە زاتی خودا بەپێی ئیمکانەکانی عەقڵ لە مەڵبەندی ئازادی و هەتاهەتاییبووندا جێ دەگرێت، بۆ دەبێت زاتی داهاتوو لەم تێگەیشتنە بسڕینەوە؟»[53] کەواتە ئەو پرسیارێک دەکات کە پێشووتر لەنێو خودی سیستمی هێگێڵیدا بە شێوەی شاراوە چێندرابوو.______________
سەرچاوە:
“History – the Progress towards the Consciousness of Freedom” In Hegel’s Theory of the Modern State, by Shlomo, Avineri. London: Cambridge University Press (1972).
شڵۆمۆ ئەڤینێری (Shlomo Avineri)
شڵۆمۆ ئەڤینێری پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان و بەڕێوەبەری پەیمانگای موتاڵاتی ئەورووپی بوو لە زانکۆی هیبرو لە ئۆرشەلیم. هەروەها توێژەری میوان لە سەنتەری ویڵسۆن و ئەندامی پەیمانگای نێونەتەوەیی فەلسەفە بوو. کتێبەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون: بیری کۆمەڵایەتی و سیاسی کاڕڵ مارکس، کاڕڵ مارکس لەسەر کۆلۆنیالیزم و مۆدێرنیزاسیۆن، تیۆری دەوڵەتی مۆدێرنی هێگڵ، ئیسرائیڵ و فەڵەستینیەکان، بنیاتنانی زایۆنیزمی مۆدێرن، موسا هێس: پێغەمبەری کۆمۆنیزم و زایۆنیزم، کۆمەڵایەتی و تاکگەرایی، یاسای ناسنامەی ئایینی: مۆدێلەکانی پۆست کۆمۆنیزم.
- Avineri, Shlomo (1968). The Social and Political Thought of Karl Marx. Cambridge University Press.
- Avineri, Shlomo (1984). The Making of Modern Zionism: The Intellectual Origins of the Jewish State. International Journal for Philosophy of Religion 15 (3):181-182.
- Avineri, Shlomo (1961). The problem of war in Hegel’s thought. Journal of the History of Ideas 22 (4):463.
- Avineri, Shlomo (1973). Comment on Doull’s ‘Hegel and Contemporary Liberalism, Anarchism, Socialism’. In Joseph J. O’Malley (ed.), The legacy of Hegel. The Hague,: M. Nijhoff. pp. 249–252.
[1] G. W. F. Hegel, Science of Logic, trans. W. H. Johnston and L. G. Struthers (London and New York, 1929), II, 160.
[2] Philosophy of Right, § 270. Cf. Karl Lowith, Meaning in History (Chicago, 1949), pp. 52-9.
[3] Philosophy of Right, § 342. See also Ivan SolI, ‘Hegels Rechtfertigung der Geschichte’, Hegel-lahrbiicher (1968-9), pp. 81-8.
[4] سەبارەت بە کێشەکانی سەر بە دەق بڕوانن بۆ:
Hoffmeister’s remarks on pp. 272-8 of his edition of Die Vernunft in der Geschichte (Hamburg, 1955).
وەرگێڕانی ئینگلیسی سیبری (Sibree) کە یەکەمجار لە 1858دا بڵاو بوویەوە، بەداخەوە لەسەر دەقێکی ناتەواو و کێشەلەسەری ئەڵمانی داڕێژرابوو و هەروەها هەندێک هەڵەی بەرچاوی وەرگێڕانی لەگەڵ بوو. بۆ نموونە وەرگێڕانی die germanische Welt بۆ “جیهانی ئەڵمانی” (German World) و جیاوازیدانەنان لە نێوان Sittlichkeit و Moralitiit و… هتد. وەرگێڕانێکی نوێتر لە پێشەکیی فەلسەفەی مێژوو بە ناو عەقڵ لە مێژوودا لە لایەن ڕابێرت هاڕتمەن بڵاو بووەتەوە. (New York, 1953). لەبەر نەبوونی دەقی ئینگلیسی باوەڕپێکراو، من لێرەدا پشت دەبەستمە کارەکەی سیبری، هەندێک لە وەرگێڕانە ئاشکرا هەڵەکانیش ساخ دەکەمەوە و لە هەندێک نموونەی دیکەش دەگەڕێمەوە بۆ کارەکەی هاڕتمەن یان بە پێی پێویست وەرگێڕانی خۆم پێشکەش دەکەم.
[5] Philosophy of Right, § 347.
شایانی ئەوەیە ئاماژە بکرێت کە بەکارهێنانی دەستەوشەی Volk بۆ هێگڵ ماناگەلێکی جیانەکراوەی هەیە: هەندێکجار بە واتای نەتەوەیە لە مانا مۆدێرنەکەی، هەندێکجاریش بە مانای گرووپێکە لە خەڵک بە زمانی هاوبەش، هەر ئەو جۆرەی کە ئاماژە بە فۆلکی سلاڤی دەکات.
[6] Reason In History, p. 85.
[7] See above, p. 8. Berliner Schriften, pp. 718-31.
[8] هەروەها چەند شوێنێک سەبارەت بە ئەفریقا هەیە کە بەڵگەیەکە لەسەر پانتایی بەرفراوان و سەرسوورهێنەری خوێندنەوەکانی هێگڵ. (Philosophy of History, ed. Sibree, pp. 91-9).
[9] Ibid. pp. 105-6.
مارکسیش تێڕوانینێکی هاوشێوەی هەبوو کە ڕەنگە لە هێگڵەوە وەریگرتبێت. سەبارەت بە سروشتی نەگۆڕ و نەجووڵیی شتێک کە ئەو ناوی “شێوەی بەرهەمهێنانی ئاسیایی” لێ نابوو. بڕوانە:
Karl Marx, On Colonialism and Modernization, ed. S. Avineri (Garden City, 1968), pp. 88-9, 125, 418.
[10] هێگڵ بەتوندی ڕەخنەگەری ئەو جۆرە لە ئایدیاڵیزەکردنی ڕۆمانتیکی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکانە، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم ببوو بە مۆد و شتێکی باو. سەبارەت بە ڕەخنەی هەڵتەکێنەر لەسەر ڕوانینەکانی ویلهیم ڤۆن هومبولت و یۆهان جۆزێف ڤۆن گۆرێس، بەتایبەت لەسەر هیندستان بڕوانە:
Berliner Schriften, pp. 85-154, 428.
[11] Philosophy of History, p. 116.
[12] Ibid. p. 124.
[13] Ibid. pp. 145, 161.
[14] Ibid. pp. 173-6.
[15] Ibid. pp. 106-7.
[16] Rectorial Address, 2 September 1813 (Nurnberger Schriften, p. 363).
[17] Philosophy of History, p. 251.
[18] Ibid. p. 253.
[19] Philosophy of Right, p. 10. G. W. F. Hegel, Lectures on the History of Philosophy, trans. E. S. Haldane (London, 1892), II, 384-447
[20] Philosophy of History, p. 254.
[21] Ibid. pp. 308-9.
[22] Ibid. p. 311.
[23] Ibid. pp. 318-14. Cf.
لە نووسراوە مێژووییەکانی هێگڵ لە سەردەمی فڕانکفۆڕت، ئێمپراتۆریی ڕۆم وەکوو لوتکەی بەکۆیلەکردن پێناسە دەکرێت. (Dokumente, p. 265).
[24] سەبارەت بە ڕۆڵی چاکسازی بڕوانە بۆ وتاردانی هێگڵ بەبۆنەی سەدساڵەی درکاندنەکانی ئاگسبۆرگ. (Berliner Schriften, pp. 32-55).
[25] Philosophy of Right, § 62.
سەبارەت بە باسە فەلسەفییەکان لەسەر شۆڕشی فەڕانسا بڕوانە بۆ:
Philosophy of History, pp. 449-54, Political Writings, p. 234.
سەبارەت بە کاریگەرییە نایەکسانەکانی ڕۆشنگەری فەڕانسا لەسەر ئەڵمان:
Hegel’s critique of Hamann’s writings in Berliner Schriften, pp. 224-5.
[26] Philosophy of History, p. 349.
بۆ جیاوازی نێوان ئەڵمانی و دۆچ بڕوانە بۆ:
Historical fragment printed in Berliner Schriften, p. 734.
[27] سەبارەت بە هێرشەکان بۆ بەڕۆمانتیککردنی تیۆتۆنیکی کۆن بڕوانە بۆ:
Berliner Schriften, p. 677.
[28] G. W. F. Hegel, Vorlesungen iiber die Philosophie der Weltgeschichte, ed. G. Lasson (Leipzig, 1923), p. 758.
وەرگێڕانەکەی سیبری ئەم بەشەی لابردووە، بەڵام ئاماژە بە خاڵە لێکچووەکان دەکات:
«ڕەوتی کەلتووریی ئەوان [ئەڵمانییەکان] کە کەوتنە ژێر کاریگەرییەکەی، لەخۆگرتووی ئێلێمێنتە دەرەکییەکان و تێکڵاوکردنی داشکێنەرانە بوو لەگەڵ ژیانی نەتەوەیی خۆیان. کەواتە مێژووی ئەوان دەروونیبوونەوە (introversion) دەردەخات -واتە سەرنجڕاکێشبوونی فۆڕمە بیانییەکان و دەستپێکردنی ئەم فۆڕمانە بۆ بەرگەگرتنی خۆیان… جیهانی ئەڵمانی، کەلتوور و ئایینی ڕۆمی لە چوارچێوەی خۆیدا بەشێوەیەکی گۆڕدراو درووست کرد… لە هونەر و فەلسەفەدا هەمان کاریگەری هاوشێوەی بیانی زاڵ بوو.» (Philosophy of History, pp. 341-3).
[29] Ibid. p. 347.
[30] Political Writings, p. 247.
[31] Realphilosophie II, 246.
“The German Constitution” (Political Writings, pp. 219-23).
هێگڵ ئاماژە بە مەکیەڤێڵی وەک ڕێکخەری ئەم تیۆرییە دەدات؛ دیکتاتۆریی پێکهێنەر. بۆ ئاماژەدانی زیاتر بە تێسیووس بڕوانە: Political Writings, pp. 219, 241.
[32] Realphllosophie II, 246-7.
بەهەمان شێوە هێگڵ کەوتنی ڕۆبسپییێر ڕوون دەکاتەوە کە چۆن «دەسەڵات ئەوی وەلا ناوە، چونکە زەروورەت ئەوی لابردووە و هەرەسی هێنا» (ibid. 248). سەرنجڕاکێشە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەندێشەی مارکس سەبارەت بە دیکتاتۆری پڕۆڵتاریا و (aufheben/هەڵوەشاندنەوەی) کۆتایینی دەوڵەت، خاوەن هەر ئەم پێکهاتە دیالێکتیکییەیە. سەبارەت بە دیالێکتیکی سەردار و کۆیلە بڕوانە: Phenomenology, pp. 233-40.
[33] Philosophy of Right, addition to § 318.
[34] Political Writings, p. 216.
[35] Sidney Hook, The Hero in History (London, 1955), pp. 59-66.
[لەم کارەدا] هەمیشە لێکدانەوەی پەیوەندی دیاڵێکتیکی وەرناگیرێت.[36] Philosophy of Right, § 348.
بۆ بابتێکی سەرنجڕاکێش و پەیوەندیدار سەبارەت بە پریسلێس، بڕوانە بۆ ئەم نامەیەی هێگڵ بۆ دودێرڵێین:
Hegel’s letter to Doderlein, 29 April 1817 (Brlefe von und an Hegel, II, I57).
[37] Reason in History, p. 41.
[38] Ibid. pp. 39-40.
[39] Ibid. p. 39.
[40] Ibid. p. 40.
[41] Philosophy of Right, pp. 12-13.
[42] Philosophy of History, p. 110.
[43] Vernunft in der Geschichte, p. 257.
[44] Philosophy of History, p. 102.
[45] Vorlesungen aber die Philosophie der Weltgeschichte, p. 758.
[46] Philosophy of History, p. 350.
[47] Hegel to Boris von UexkUll, 28 November 1821 (Briefe von und an Hegel, n, 297-8).
ئەوەی کە لقێکی فەلسەفەی هێگڵی کە مارکسیسمە، بۆ خۆی بووە هێزێکی جووڵێنەر لە درووستکردنی ڕووسیا وەکوو دەسەڵاتێکی جیهانی دەتوانێت ئاماژە بە ئایرۆنییەکی دیالێکتیکی بێت لەم نامەدا کە ئەمڕۆ ئێمە لە گۆشەنیگایەکی سەردەمیانەوە دەیخوێنینەوە.
[48] Philosophy of History, p. 82.
هێگڵ زیادی دەکات کە ڕەشپێستەکان لێهاتوویی وەرگرتنی کەلتووری ئەورووپاییان هەیە و ئاماژە بە نموونەگەلێک لە ڕەشپێستەکان دەکات کە بوونەتە ئایینکار و پزیشکگەلێکی داهێنەر و… هتد. ئەمانە وەکوو نیشانەی توانستە کراوەکانی داهاتوو بۆ کۆمەڵگای ڕەشپێشت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینێت. پێویست بە وتن ناکات کە ئەم ڕوانینە بەپێچەوانەی باوەڕی زاڵی ئەو کاتەی ئەورووپا و ئەمریکا بوو. بەڵام لە هەمانکاتیشدا جەختکردنەوەی هێگڵ سەبارەت بە تێکڵاوبوونی ڕەشپێشتەکان لەنێو کەلتووری ئەورووپاییدا، هاودەقە لەگەڵ ڕوانینێکی نزمی خودی هێگڵ بۆ کەلتووری ئەفریقی؛ هەر بۆیە لێرەدا ئایدیاڵیزەکردنێک بوونی نییە.
[49] Vernunft in der Geschichte, p. 265.
[50] Philosophy of History, pp. 86-7.
هەروەها هێگڵ وێنەیەکی بەکەڵک سەبارەت بە کۆمەڵگای ئەمریکای باکوور دەکێشێت. لەو لایەنەوەی کە هەموو سەرنجەکان لەسەر کارکردنە، بەڵام “ویستی ئاسوودەیی، دامەزراندنی مافە مەدەنییەکان، ئاسایش و ئازادی” دەبێتە بنچینەی بوونی ئەمریکی وەکوو جەستەیەکی یەکانگیر. کۆمەڵگایەک کە بەم شێوەیە لە ئەمریکا درووست بووە «کۆبوونەوەی تاکەکان وەک پێکهێنەرە ئەتۆمیکەکان بوو»؛ هەر بۆیە دەوڵەت بوو بە «شتێکی دەرەکی کە تەنیا پارێزەری خاوەنداریەتییە.» (p. 84) لە درێژەدا هێگڵ شرۆڤە دەکات کە چۆن لە ئەمریکای باکووردا «هێشتا ئامانجی گشتی لە بوونی دەوڵەت، نە ڕوون و نە دیاریکراوە… دەوڵەتێکی واقعی و حکومەتێکی واقعی کاتێک بەدی دێن، کە جیاکاری چینایەتی سەری هەڵدابێت، واتە جیاوازیی دەوڵەمەندی و هەژاری بە گرژی بگات… بەڵام ئەمریکا هێشتا لەم گوشارە بەدوورە.» (pp. 85-6).
[51] Alexis de Tocqueville, Democracy in America, ed. P. Bradley (New York,1954), 452.
[52] Philosophy of Right, p. 11.
[53] Moses Hess, <Die europiiische Triarchie’, in Philosophische ‘lind sozialistische Schriften, ed. A. Cornu and W. Mi:inke (Berlin, 1961), p. 83.