وتاردانی سەرەتایی، گەیەندراو بە زانکۆی بەرلین (1818)
جۆرج ویلهلم فریدریش هێگڵ

و

داگرتنی وتارەکە: هێگڵوتاردانی سەرەتایی 1818

 

وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
بیرکردنەوەی فەلسەفی

 

بەڕێزان،

لەو ڕوووە کە ئەمڕۆ یەکەم دەرکەوتنی من لە پێگەی فەرمی مامۆستای فەلسەفە[1] لەم زانکۆیەیە کە بە بڕیاری لە ڕووی گەورەیی پادشایەوە[2] بۆ ئەم ئەرکە دیاری کراوم؛ ئیزنم بدەن وەکوو وتنی پێشەکی ئاماژە بەوە بکەم کە بەدەستگرتنی پێگەیەکی بەرینتر بۆ کارتێکەریی ئاکادێمیک بە شێوەیەکی تایبەت پەسەند و هەروەها مایەی خۆشحاڵی دەبینم چونکە لە چرکەساتێکی تایبەت و لە نێو شوێنگەیەکی تایبەتدا ڕوو دەدات.[3]

تا ئەو ئاستەی کە بە چرکەساتە تایبەتەکە گرێدراوە، دۆخ وەها زەروورەتێکی بەرجەستە کردووە کە فەلسەفە ڕەنگە بۆ جارێکی دیکە چاوەڕێی ئەوە بێت سەرنج و عەشق وەربگرێت. وە لە نێو وەها زانستێکدا کە ماوەیەکی زۆر لە نێو بێدەنگی[4] تێکەوتبوو؛ ڕەنگە بۆ جارێکی دیکە دەنگی خۆی هەڵ بێنێت. بۆ ماوەیەکی نەک زۆر درێژ؛ زەروورەتی[پێویستییەتیی] کات لە لایەکەوە وەها گرنگییەکی زۆری بە بەرژەوەندییە بچووکەکانی ژیانی ڕۆژانە داوە؛ و لە لایەکی دیکەیشەوە بەرژەوەندییە ئاست‌بەرزەکانی واقعیەت، بەرژوەندی و ناکۆکیگەلێک که بە ڕوونی لە نێو ڕەوتی چاککردنەوە و  ڕزگارکردنی گشتێتی سیاسی ژیانی نەتەوەیی و دەوڵەت تێ‌گیر ببوو؛ ئەمە خواستێکی گەورەی لەسەر فاکەڵتە زەینییەکانی ئێمە و هەوروەها هێزێکی بەرچاوی بەسەر هەموو کڵاسە [کۆمەڵایەتییەکانمان] دروست کردووە – هەر بەو شێوەیش بەسەر سەرچاوە دەرەوەییەکان. بۆیە ژیانی ناوخۆیی ڕۆح نەتوانێت بە ئاشتی و حەسانەوە بگات. ڕۆحی جیهانی وەها لەگەڵ واقعیەت بەسترابوویەوە و زۆرەملانە بەرەو دەرەوەی خۆی وەرچەرخا کە ڕێگری لێکرا تاکوو بەرەو ناوخۆی خۆی بێتەوە و لە ماڵی شایانی خۆی چێژ بەرێت.[5] ئێستا کە ئەم ڕەوتەی واقعیەت بەسەرداچوونەوەی لێ کرا و نەتەوەی ئاڵمان لە مەزنیدا نەتەوایەتیی خۆی، بنچینەی هەموو زیندوویەتی و ژیانی ڕزگار کرد؛ سەرەڕای ئێمپراتۆریای جیهانی واقعی، ڕەنگە ئەو کاتە هاتبێت پانتایی ئازادیی ئەندێشە لە نێو دەوڵەتدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەرە بسێنێت. لە سەر هەموو ڕووداوەکاندا، هێزی ڕۆح وەها تا ڕادەیەک لە زەمەنی ئێستادا ئیدعا دەکات کە تەنیا ئایدیاکان، تەنیا ئایدیاکان و ئەوەیکە لەگەڵ ئایدیاکان کۆک دەبێت؛ دەتوانێت زیندوو بمێنێت. بۆیە هیچ شتێک ناناسرێتەوە بە بێ ئەوەیکە لە پێش تێڕوانین و بیرکردنەوە تەسدیق کرابێت.[6] ئەوە دەوڵەتە لە تایبەتێتیدا،[7] ئەو دەوڵەتەی من دەباتە نێوەڕاستی خۆی، کە بە بۆنەی «فەزیلەتی باڵادەستیی ڕۆحانی خۆی»، خۆی لە نێو گرنگایەتی [ئێستای]، لە نێو واقعیەت و پانتایی سیاسی بەرجەستە کردووە؛ هەروەها لە نێو هێز و سەربەخۆیی، خۆی یەکسان کردووە لەو دەوڵەتانەی که وا ڕەنگە لە سەرچاوە دەرەوەییەکانەوە لێی پێش بکەون. لێرەدا چاندن و پشکوواندنی زانستەکان لە گەوهەریترین چرکەساتەکان – تەنانەت ژیانی سیاسی بە هەژمار دێت. لەم زانکۆیەدا – وەکوو زانکۆی ناوەندی – ناوەندی (هەموو کەلتوورە ڕۆحانییەکان و هەموو زانست و حەقیقەت) واتە فەلسەفە، دەبێ پێگەی خۆی بدۆزێتەوە و هەروەها دڵ‌لەدوواییانە و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

هەرچەن تەنیا ئەوە ژیانی ڕۆحانی نییە کە چرکەساتێکی بنچینەیی لە نێو بوونی ئەم دەوڵەتە پێک دەهێنێت؛ بەڵکوو تایبەتیتر، ئەو خەباتە مەزنەی خەڵک، هاوکات لەگەڵ فەرمان گێڕەکەیان، بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئازادی بۆ تێکشکاندنی زۆرەملیی «بێڕۆحی دەرەوەیی» سەرچاوەی ئاستبەرزی خۆی لە نێو ڕۆحدا جێگیر کردووە؛[8] ئەمە هێزی ئەخلاقی ڕۆحە کە پەی بە وزەی خۆی بردووە؛ ئاڵای خۆی بەرز کردووەتەوە و ئەم پەیبردنە وەکوو زۆر و هێز لە نێو [پانتایی] واقعیەت دەردەبڕدرێت. ئێمە دەبێ ئەمە جێی ستایشت لە بەرچاو بگرین کە بەرەی ئێمە ژیاویەتی، ڕۆڵی بۆ گێڕاوە و کاری لە نێو ئەم پەیبردنە(هەستپێکردن) کردووە؛ هەستێک کە لەنێویدا هەمووشتێک یاسایی، ئەخلاقی و ئایینی چڕ بووەتەوە. لە نێو وەها چالاکییەکی قووڵ و فرەلایەندا، ڕۆح لە نێو خۆیەوە بەرەو مەزنیی خۆی بەرز دەردەکەوێت؛ ڕەمەکیبوونی ژیان و بێماناییی بەرژەوەندییەکان تێکهەڵدەوەشێت و بێناوەڕۆکیی بۆچوون و بیروڕاکانی ئەم بەرژەوەندییانە لە داپۆشراوی دەکەون و ڕادەوەستن. ئێستا ئەم بەڕشتییە قووڵترە کە بە شێوەی گشتی دزەی کردووەتە نێو ڕۆح هاوکات بناغەی حەقیقی فەلسەفەیشە. ئەوەی لە بەرانبەر فەلسەفە دەوەستێت لە ڕوویەکەوە نوقمبوونی ڕۆح لە بەرژوەندیی پێویست و ژیانی ڕۆژانەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەیشەوە بێهوودەیی بیروڕاکانیشە؛ گەر ڕۆح لە دووەمیاندا پڕ بێتەوە هیچ هەلێک بۆ عەقڵ نامێنێتەوە و هەر بەو شێوەیش شوێنکەوتووی ڕاکێشان و بەرژەوەندییەکانی خۆی نابێت. ئەم بێهوودەییە(بەرزەدەماخی) دەبێت لە نێو بەتاڵیی خۆی بە هەڵم ببێت؛ کاتێک پێویستییەک هەیە  کە خەڵک بۆ ناوەڕۆکێکی جەوهەری  کار بکەن و کاتێک ئەم قۆناخانە تێپەڕێنێت ئەوە تەنیا یەک جۆر لە ناوەڕۆک هەیە کە دەتوانێت لای هەمووان بناسرێتەوە. بەڵام ئێمە ئەم سەردەمەشمان لە نێو ناوەڕۆکێکی جەوهەری بینیوە و هەروەها بینیومانە ناوەکە سەرەکییەکە جارێکی دیکە لەگەل گەشەی زۆرتری لە هەموو ڕەهەندەکانیدا(سیاسی، ئەخلاقی، ئایینی و زانستی) بە زەمەنەکەی ئێمە ڕاسپێردراوە.[9]

ئەرکدارێتی و هەروەها پیشەی ئێمە ڕاهێنانی گەشەکردنی فەلسەفەیە وەکوو بنچینەیەکی جەوهەری، کە لە ئێستادا بووژاوەتەوە و یەکلایی کراوەتەوە. یەکەمین کاریگەری و دەربڕینی بووژانەوەکەی لە نێو واقعیەتی سیاسی هەست پێ کرا، ڕوواڵەتی بەرچاوتری خۆی لە نێو بەڕشتیی ئەخلاقی و ئایینی دروست کرد کە [ئێستا] بە گشتی داوای تۆکمەیی و وردبینی دەکات؛ وا لە نێو هەموو ڕێگاکانی ژیانی [خەڵک] قووڵ بووەتەوە؛ تۆکمەترین [جۆری] بەڕشتیی زاتەن خودی بەڕشتیی حەقیقەتە. ئەم پێویستییە کە لە لایەنیەوە سروشتی ڕۆحانی لە سروشتێک وا تەنیا هەست دەکات و چێژ دەبات جیا دەکاتەوە هۆکاری بنەمایی پێویستی قووڵی ڕۆحە؛[10] ئەمە زاتەن پێویستییەکی جیهانییە و بە شێوەیەکی تەواوەن قووڵ بە دەستی بەڕشتیی زەمەنی ئێمەوە دەورووژێت و لە لایەکی دیکەیشەوە، خەسڵەتی خاوەندارانەی ڕۆحی ئەڵمانییە. جیاوازیی ئەڵمانییەکان لە کەلتووری فەلسەفیدا، لە نێو توێژینەوە فەلسەفییەکاندا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و واتایەک وا ئەوان لە دەستەوشەی “فەلسەفە” مەبەستیانە پێشان دەدات؛ لە کاتێکدا ئەوان ناوەکەیان ڕاگرتووە بەڵام ماناکەی گۆڕاوە و خودی شتەکە [مەبەستەکە] وەها سووک و بەبا دراوە کە بە سەختی بیرەوەرییەک یان سووکە ئاماژەیەک لێی بە جێ ماوە. ئەم زانستە لەلای ئەڵمانییەکان پەنای وەرگرتووە و تەنیا لە نێوان ئەواندا زیندوو ڕاگیراوە؛ ئێمە سەرپەرشتیی ئەم ڕووناکییە پیرۆزەمان وەرگرتووە و ئەرکدارێتیی ئێمە ئەوەیە چاودێری بین و ڕای بهێنین؛ و هەروەها دڵنیابوون لەوەیکە ئاستبەرزترین شت کە مرۆڤ دەتوانێ هەیبێت، یانی خۆ-ئاگایی لە بوونی پێویستی خۆی، نادیار نابێت و لە دەست ناچێت.[11] بەڵام تەنانەت لە ئەڵمان، پێش لەدایک بوونی دووبارەی وڵات، بێهوودەیی زەمەنە سەرەتاییەکەی (فەلسەفە) تا ئەو شوێنە پێش چووبوو کە باوەڕ و ئیدعا هەبێت سەبارەت بەوەیکە کەشف و سەلماندنێک کراوە کە هیچ ناسینێک لە حەقیقەت بوونی نییە؛ ئەوەیکە خوا و بوونیی پێویستی جیهان و ڕۆح ناتێگەیشتنی و نادیارە. ڕۆح [وەها ئیدعا کرابوو] کە دەبێت بە ئایینەوە بچەسپێت و بەبێ زانینی عەقڵانی، ئایین بە ئیمان، هەست و شهوود بنووسێت.[12] ناسین [وەها وترابوو] هیچ پەیوەند و کارێکی بە سروشتی موتڵەقەوە نییە [واتە خوا و ئەو شتەیکە لە نێو «سروشت و ڕۆح»، حەقیقەت و موتڵەقە]، بەڵام هاوکات لەگەڵ [ئاکامێکی] نەرێیی[negative] کە هیچ حەقیقەتێک ناناسرێتەوە و ئەوەیکە تەنیا [ئەو شتەی] ناحەقیقەتە، کاتییە و کورت‌ماوەیە لەم ئیمتیازە (ناسینەوە) بەهرەمەندە؛ هاوکات لە لایەکی دیکەیشەوە، لەگەڵ ئامانجەکەی خۆی، شتە دەرەوەییەکان (واتە شتی مێژوویی وەکوو بارودۆخی کت‌وپڕ کە لە نێو ناسینی ئیدعا و  سەپێنراوە، ڕوواڵەتەکانی درووست دەبێت)؛ وە ئەم ناسینە دەبێت [تەنیا] وەکوو مێژوویی ناو بنرێت و لە نێو ڕەهەندە دەرەوەییەکانی [ئاماژەپێکراو لە سەرەوە] بە شێوەیەکی ڕەخنەیی و زانیارانە پشکنینی بۆ بکرێت، لە حاڵێکیشدا ناوەڕۆکەکەی ناتوانێت بە جدی وەربگیردرێت.[13] ئەوان [فیلسووفانی باسکراو] زۆرتر لە پیلات(جێگری کۆنسولی ڕۆم) نین؛ چونکە کاتێک ئەو وشەی حەقیقەتی لە زاری مەسیح بیست، بە شێوەی کەسێک وا خاوەن زۆریەک لەم وشانە بوو بەڵام دەیزانی هیچ ناسینێک لەمەڕ حەقیقەت نییە  بەم پرسیار وڵامی دایەوە “حەقیقەت چییە“. کەواتە ئەو شتەیکە لە سەردەمە زۆر کۆنەکانەوە بە تەواوەتی وەکوو شتێکی پەست و بێبایەخ لێی‌کۆڵیبوویانەوە واتە نکۆڵی‌کردن لە تیژایی حەقیقەت، لە بەردەم زەمەنی ئێمەدا وەکوو سەرکەوتوویی باڵادەستانە ڕۆح شکۆی پێ‌ بەخشرا. پێش گەیشتن بەم خاڵە ئەم بێ‌هیواییە لە نێو عەقڵ بە ئێش و مێلانکۆنی لکابوو؛ بەڵام گەمژەیی ئایینی و ئەخلاقی لەگەڵ ئەو ڕوانینە لێڵ و بێ‌هوودە سەبارەت بە زانین کە خۆی وەکوو ڕۆشنگەری شەرح دەکرد، زۆر زوو بێ‌پەردە و بەڕاشکاوی دانی بە لەکارکەوتوویی خۆی نا؛ لە کۆتاییشدا بەناو فەلسەفەی ڕەخنەیی بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە ئەم[واتە فەلسەفەی ڕەخنەیی] سەلماندوویەتی کە هیچ شتێکی ئەبەدی و ئیلاهی یان حەقیقەت ناناسرێت،  نەزانیی ئەبەدی و ئیلاهی لەگەڵ ویژدانێکی چاکەی پێکەوە گرێ دا. ئەم ناسینە فەڕزکراوە تەنانەت ناوی فەلسەفەشی داگیرکرد، و هیچ شتێک ئەوەندە کەڵکی لێ وەرنەگیرا و هیچ شتێک پەسند و خۆشتر لە دکتۆرینی [بیرۆکەی] بێ‌هوودەیی و پووچی بۆ زانینی بێهوودە و [ئەو] کەسایەتییە بێهوودانە بوونی نەبوو؛ [ئەمە] خۆی لە ئاست نەزانییەکی زۆر شەرح کردبوو، وەکوو باڵا، وەکوو ئامانج و ئاکامی هەموو هەوڵە فکرییەکان. نەزانیی حەقیقەت، تەنیا زانینی ڕوواڵەتەکان، کورتماوەکان، کت‌وپڕەکانە و لووتبەرزییەکی تەنیای هێشتەوە – ئەم لووتبەرزییە خۆی هەتا نێو فەلسەفە پەرە پێداوە و ئەمە تا ئێستا بەردەوامە و هێشتا ئەمڕۆش بناغەکەی ڕاگرتووە.[14] لە ڕاستیدا دەکرێ بوترێت لەو کاتەوە وا فەلسەفە بۆ یەکەمجار لە ئەڵمان دەرکەوت باردودۆخی ئەم زانستە وەها وەکوو ئێستا کە هەیە خراپ نەبینراوە، ڕوانینێکی وەها کە نکۆڵی لە ناسینی عەقڵانی دەکات بەم ئاستە لە پێ‌وابوون و کارتێکەریی نەگەییوە. ئەم ڕوانینە لە قۆناخگەلی پێش ئێمە [هەتاکوو ئێستا] درێژ بووەتەوە و لە دژیەکییەکی تەواو ساردوسڕ لە بەرانبەر هەستی بەبایەخ و ڕۆحی جەوهەریی نوێی [ئەمرۆ] ڕاوەستاوە. من دەیخوازم و سڵاو دەکەم لە بەرەبەیانی ئەم ڕۆحە بەبایەخترە، من دەڵێم ئەم فەلسەفەیە دەبێ ناوەڕۆکێکی هەبێت، من خودی خۆم بە تەنیایی ڕادەگوێزمەوە نێوی، کاتێک کە ئەم ناوەڕۆکەتان بە بەردەوامی بۆ شی دەکەمەوە. بەڵام لە ئەنجامی ئەم کارەدا، من لە ڕۆحی گەنجەکان(بە گشتی) داوا دەکەم، چونکە گەنجی ئەو زەمەنە زۆر باشەی ژیانە کە هێشتا لە نێو سیستمی ئامانجە پێویستە سنووردارکراوەکان گرفتار نەبووە و زاتەن توانستی ئازادی چالاکیی بێ لایەنانەی زانستی هەیە؛ و هێشتاش ڕۆحی نەرێیی لووتبەرزی [بێهوودەیی] و کاری‌ گیانکێشی تەنیا ڕەخنەگەرانە کاریگەریی لەسەر دانەناوە. دڵێک وا هێشتا لە نێو تەندروستییەکی باشدایە، هێشتا بوێریی داواکردنی حەقیقەتی هەیە و لە پانتایی حەقیقەتدایە کە فەلسەفە لە ماڵەوەیە، وا [خۆی] لێکی‌دەسازێنێت و ئێمە بە خوێندنەوەی پێکەوە هاوبەشی دەکەین. هەر شتێک وا لە ژیاندا حەقیقی، مەزن و ئیلاهییە بە بۆنەی ئایدیاوەیە؛ شوێن‌-مەبەستی فەلسەفە دەستپێڕاگەیشتن بە ئایدیایە لە قەوارەی حەقیقی و جیهانی‌بوونی خۆیدا. سروشت قەتیسکراوە ئەویش بۆ بەجێهێنانی عەقڵ تەنیا لەبەر پێویستی؛ بەڵام پانتایی ڕۆح پانتایی ئازادییە. تەنیا شتێک وا ژیانی مرۆڤی پێکەوە ڕاگرتووە، هەموو ئەو شتانەی بەها و دروستێتییان هەیە، ڕۆحانییەتی نێو سروشتە؛ ئەم پانتاییەی ڕۆح بە تەنیا لە ڕێگەی ئاگایی لە حەقیقەت و حەق، لە ڕێگەی تێگەیشتن لە ئایدیاکان بوونی هەیە.[15]

دەمهەوێ هیوا و ئۆمێدی خۆم دەربڕم کە بتوانم بەهرە و لێهاتوویی ئێوە کە لە نێو ئەم ڕێگادا وا قەرارە بیپێوین؛ بەڕێوە بەرم. بەڵام پێش هەموو شتێک ئەوەیکە دەبێ بوێرانە لە ئێوەی بخوازم ئەمەیە: ئێوە متمانەیەک لە نێو زانست، ئیمانێک لە نێو عەقڵ و متمانە و ئیمانێک لە نێوخۆتان لەگەڵ خۆتان دەهێنن. بوێریی حەقیقەت و ئیمان بە هێزی ڕۆح مەرجی سەرەتایی موتالای فەلسەفییە؛[16] مرۆڤ دەبێ  ڕێز لە خۆی بگرێت و خۆی شایستەی ئاستبەرزترین [شتەکان] بزانێت. ئەو(مرۆڤ) ناتوانێت مەزنیی و هێزی ڕۆح لەڕادەبدەر هەڵسەنگێنێت؛ زاتی داخراوی گەردوون لەخۆگرتووی هیچ هێزێک نییە کە بتوانێت لە بەرانبەر بوێریی «ناسین» خۆی ڕابگرێت؛ دەبێ لە بەرانبەر خۆی بیکاتەوە و دیمەن و ڕەزامەندیی پڕمایەیی و قووڵاییەکەی بۆ خۆی دابین بکات.

_________________________________________________________________

سەرچاوە:

Hegel, Georg Wilhelm Friedrich (1964). Political writings. New York: Garland. Edited by T. M. Knox & Z. A. Pelczynski.

 

 

پەراوێزەکان:

* پەراوێزی وەرگێڕی ئینگلیسی: بەکاربردنی چەندپاتەی ئیتالیک لەسەر ئەساسی خودی دەسنووسەکانی هێگڵە و بێ شک بۆ بەرچاوترکردنی ئەو وشە و ڕستەیانەیە وا خۆی ویستوویەتی لە وتارەکەدا لەسەری پێداگر بێت. لە وەرگێڕانی وتارەکەدا من ووەکوو هەمیشە شوێنکەوتووی (vol. xxi, pp. 399-404) – Werke بووم بەڵام لە نیشانەدانانەکانی هێگڵدا من زۆرتر لە ڕێگەی GW بە شێوەیەکی تەواو ڕێنمایی کراوم.

[1]   هەر ئەو جۆرەی کە بۆ ئەندامانی نوێی فاکەڵتی نەریتی و دەستووری بوو، هێگڵ دووای گەیشتن بە بەرلین لە ساڵی 1818، وتاردانی سەرەتاییی خۆی پێشکەش کرد. بە پێی زۆربەی گێڕانەوەکان؛ ئەم وتارە لە سەر ئاستێکی وردی مێژوویی و بە هەوڵێکی فەلسەفی، گرێدانی بەها مێژوویی و جیهانییەکانی کەلتوری ئەڵمان لەگەڵ دەوڵەتی پروس پێشان ئەدات.

(بڕوانە  Meinecke 1970: pp. 23-33, 148-59, and 233ff; cf. Haym 1857: pp. 357-9)

[2]   لەسەر گرژییەکانی پەیوەندیدار بە دیاری‌کردنی هێگڵ بۆ ئەم پێگە؛ بڕوانە  W. Jaeschke and K. Meist (1981: pp. 29-39).

[3]   لە درێژەی ساڵانێکی زۆردا هێگڵ بەردەوام بەشوێن بەردەنگی بەرفراوانتر بۆ فەلسەفەکەی دەگەڕا. پێش گەڕانەوە بۆ وانەوتنەوە لە هایدلبێرگ لە ساڵی 1816 هێگڵ لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی ئاماژەی بەم بابەتە کردووە (Hegel 1984b: p.462). لە 1816، لە HIA، ئەو بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرپرسیارەتیی خۆی بۆ یارمەتیدان بە پەرەی “ویستی باڵاتری زانست” بۆ بەردەنگێکی بەرفراوانتر ڕاگەیاند. Freiherr K. S, von Altenstein، کەسێک وا چاودێری «هەڵبژاردنی هێگڵ بۆ زانکۆی بەرلین» بوو؛ هەڵگرتنی ئەرکێکی هاوشێوەی لەلایەن هێگڵ دەدی. (بڕوانە Altenstein in Hegel 1984b: pp.457, 459, 467). هەروەها ڕاشکاوانە هێگڵ لە PWE ستایشی گەنجانی ئەڵمان دەکات کە “ڕۆحی کۆیی و گشتی”ـی خۆیانیان لە شەڕی ڕرزگاریدا پێشان داوە. (Hegel 1964: pp. 259-65).

بیری “سەربەخۆیی” کە گەنجانی ئەڵمان لە شەڕی 15-1813 یارمەتی ئەڵمانی پێ دەدەن، هێگڵ لە PWE ناوی «بەشداری لە ژیانی سیاسی دەوڵەت»ـی لێ دەنێت. هێگڵ هاوکات باسی ئەوە دەکات “سیستەمێکی” سیاسیی عەقڵانی، پێویستی بە بەشداری هاووڵاتییانە، بەڵام زۆر وردبینانە دەیهەوێ ڕوانینی “عەقڵانی”ـی خۆی لە ڕوانینی ئەتۆمیستیک کە ئیدعای ئەوەی هەیە «ڕەفتاری سیاسی لە فەڕانسا ئیدارە دەکات» جیا بکاتەوە.

[4]   ئاماژە بە بارودۆخی خەمباری فەلسەفە لە ئەورووپا و بە تایبەت ئەڵمانە. هێگل پێش گەیشتن بە بەرلین بەردەوام باسی ناوبانگی «فەلسەفەی بێمایەی فرایس» وەکوو بەڵگەی «دۆخی شڵەژاوی فەلسەفە لە ئەڵمان» دەکات.

[5]   هێگڵ لەم ڕستەدا ئاماژە بەو ڕووداوە گۆڕانسازانەی ئەو شەڕانە دەکات وا دۆخی ئەورووپای لە 1789 ـەوە ئاڵۆز کردووە. ئەمە گرنگە سەرنج بدرێ کە باسکردنی هێگڵ سەبارەت بە “ژیانی ناوخۆیی ڕۆح” مانای ڕووخسار و شکڵێک نییە، بەڵکوو ئەوجۆرەی ئەرنوڵد ڕووگە  (80-1802) لە سەرەتای 1840 ئاماژە بە «کشانەوەی سەرەتایی پروتستانیزم لە ژیانی سیاسی بەرەو ماندارینیزم دەکات» دەبێ فام بکرێت. (Ruge 1983: pp. 218 and 222ff) هێگڵ پێشنیاری “وەرچەرخان” بۆ ناوخۆ دەکات بە شێوەیەک کە دەنگدانەوەی پێگەیشتوو (واتە ئازادی) سەبارەت بە چۆنیەتیی گێشتنەوەی واقعیەت بە عەقڵانیەت (واتە تێڕوانین و بیرکردنەوە) و دەستپێکردنیان بێت. “تێڕوانین” هەر ئەو جۆرەی کە [ڕووگە] بە هەڵە باسی دەکات، «جێگرەوەیەک بۆ کردەی سیاسی لە لای هێگڵ» نییە (1983: p.223). بەڵکوو تا ڕادەیەک، تێڕوانین خاڵی ترازانە بۆ داکوتاندنی عەقڵانیەت لە نێو ڕەوتی سیاسی. دەستەوشەیەک وا هێگڵ لە HIA بەکاری دەبات زۆرتر گونجاوە: ڕۆح بەرەو ناوخۆ وەردەچەرخێ بۆ ئەوەی کە پێش جووڵاندنی دووبارە بەرەو دەرەوە، “خۆی کۆکاتەوە”.

[6]   مەبەستی هێگڵ لێرەدا ئەوەیە جیاوازیی “تێڕوانین و ئەندێشە” لەگەڵ هەست ڕابگرێت. بۆ ساڵانێک، ئەمە هەڵوێستی ئەو بوو و هەمووکات لە فەلسەفەدا هەستی بە سابجێکتیڤیزم گرێ دەدا. لێرەدا (بۆ نموونە فرایس) و لە ئایینیشدا بە شلایرماخر.

[7]   ئەو دەوڵەتەی باسی لێ دەکرێ، ئاشکرایە کە پروسە. هێگڵ ئاماژە بە باڵادەستیی ڕۆحانی دەکات، کە پێزانین بۆ بەرپرسیاریەتیی پروس سەبارەت بە گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە ڕێگەی سیستەمە زانکۆییەکاندایە. لە ڕستەی دوواییندا ئەوەی کە پروس زانکۆی بەرلین لە 1809 بنیات دەنێت، بیرەوەرییەکی ڕوونە لە لای هێگڵ. ئاڵتنشتین لەم هەوڵەدا ڕۆڵی هەبوو، وە لەم زەمەنەدا بەردەوام پلانی ئەو دیاری‌کردنی هێگڵ بۆ پێشەنگایەتی بزووتنەوەیەک بوو کە ئەرکی گەشەی زانستەکان لە نێو زانکۆیە نوێیەکەدا لە ئەستۆگرتبوو. ئەمە بۆ پادشای پروس پڕۆژەیەکی گونجاو بوو، چونکە لە سەرەتای 1806، دووای شکستی ناپێلۆن لە پروس لە ساڵی 1806 لە یەنا؛ پادشا باوەڕی وا بوو کە پروس دەبێ لە ڕێگەی هێزی ڕۆحانی ئەو شتەی کە لە ڕەهەندی هێزی فیزیکاڵ لە دەستی‌ داوە، خۆی پێ سەقامگیر بکاتەوە. (بڕوانە  GW, vol. xvIII, p. 411).

[8]   هێگڵ لە ڕێگەی داڕشتنی ڕۆح لە ئاستی بنیاتی فەلسەفە، دروستکردنی کەلتووری ڕۆحانی وەکوو ئامانجی فەلسەفەکەی کە بیلدونگە چاو لێ دەکات. کەلتووری ڕۆحانی وەرگێڕانی Geist بۆ Sittlichkeit (یان کۆمەڵایەتی، Geist) ـــــە. سەرچاوەی دووایین لە پاراگرافی “پێویستی بە هەوڵدانی خەڵک بۆ ناوەڕۆکی جەوهەری”، شێوازی هێگڵە بۆ دەربڕینی ئەمەی کە تەنیا Sittlichkeit ــەکە دەتوانێت “ستانداری عەقڵانیەتی سیاسی” لە ڕێگەی ڕۆحی سەردەم هاواهەنگ بکات.

[9]   لە بەشی دووەمی پاراگرافەکەدا “لووتبەرزی و پێویستی ڕوانینەکان” وەکووو کۆسپی بەردەم بەدیهاتنی ڕۆح لە فۆرمی گونجاوی خۆیدا (واتە لە ڕەهەندی مێژویی) پێناسە دەکات. لە هەر دوو نموونەکەدا بەبۆنەی نوقمبوونی ڕۆح لە نێو زەینییەتی خۆ-پێوەر، کۆسپەکان دەخولقێن. پاژێکی گەوررەی PR پێناسەی ئەوە دەکات کە چۆن زەینییەتی خۆ-پێوەر خۆی لە ڕێگەی ئەنیستیتوسازی لە فۆڕمی کۆمەڵگای مەدەنی دەردەخات.

[10]   هێگڵ لێرەدا وەکوو پلاتۆ و سیسەرۆ بە ئایدیای “پێویستیی” [زەروورەت، need, necessity] یاری دەکات. پێویستیی قووڵ ڕۆحانی و بەکۆمەڵە، زیندەناسانە و تاکەکەسی نییە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هێگڵ فەلسەفە وەکوو ئەرک و کوششی ڕاگواستنی بیرکردنەوە بەرەو بەجێهێنانی پێویستییەکانی ڕۆح، دادەمەزرێنێت. بەڵام ئەم پێویستییانە ناتوانێت لە ڕێگەی دوو فۆڕمی زاڵی سابجێکتیڤیتە لە سەردەمی مۆدێڕندا واتە “هەست” یان “چێژ” بەدی بێن. دیسانەوە لێرەدا هێڵی سەرەکی تیۆری کۆمەڵگای مەدەنی هێگڵ بەرچاوە.

[11]   لێرەدا هێگڵ جەخت لەسەر پەیامی کەلتووری فەلسەفە لە ئەڵمان دەکات. لە دەیەی 1790 ئەم ئەرکە لە لایەن بیرمەندانی جۆراوجۆری ئەڵمانی لە ئاستی گەردوونیدا باس کرابوو. (بڕوانە  Meinecke 1970: pp. 42-7 and 55-6). وەک پێشتر بینیمان، هێگڵ تاقەتێکی کەمی لە نێو GC بۆ بیرکردنەوەی گەردوونی [cosmopolitan] پێشان دابوو. بەڵام لە نووسراووەکانی دووای 1813، ڕوونە ئەو وەها بیری دەکردەوە کە بارودۆخی ئەوروپا لە دووای شکەستی ناپێلۆن بۆ ئەو شتەیکە خواست و هەروەها چاوەڕوانی ئەڵمانییەکان بوو ئامادە بوووە: واتە وەرگەڕانێک؛ گۆڕانی ڕێبەڕایەتی ئەوروپا بەرەو ئەڵمان و لەم نموونەدا دوور بوونەوە لە فەڕانسا (بڕوانە  Voegelin 1971; Butler in Hegel 1984b: pp. 122, 300-2, 317, and 324). لە HIA، هێگڵ جەختی لەسەر زنجیرەیەک وەرگەڕان کردبوو کە لە ڕێگەی ئەوەوە “ئاگری پیرۆزی” تێڕوانینی ئایینی لە خەڵکێکی ئایینی بۆ خەڵکێکی دیکە دەگوازرێتەوە. لێرەدا ئەو بە تایبەت بە بەشداری جووەکان ئاماژە دەکات (ڕەنگە بۆ ڕەد کردنەوەی دژەجووخوازیی فرایس و شوێنکەوتووەکانی لە جڤاتی برایەتی [جڤاتێک وا خوێندکارانی زانکۆ بۆ بیری نەتەوەخوازی لە نەمسا، ئەڵمان و شیلی بنیاتیان نابوو]). هەرچەن هێگڵ بۆ ڕوون‌کردنەوەی گواستنەوەی ڕۆحی جیهان لە فەڕانسای کاتۆلیک بۆ ئەڵمانی پروتستان، خوازیاری کەڵک وەرگرتن لە ئایدیای وەرگەڕان [translatio] بوو. لەم کاتەوە زاتەن پروس و پروتێستانیزم لە نێو بیرکردنەوەی ئەو و لە ڕێگەی وەرگەڕانی “ڕۆحی جیهان” لە فەڕانسا بەرەو ئەڵمان، پەیوەندی خوارد.

[12]   هێگڵ دەیهەوێ سەرنج بەرەو ئینتمای سابجێکتیڤیستی لە نێو فەلسەفە ڕابکێشێت کە بە تایبەت لە لای کەسێک سەر بە فەلسەفەی کانت وەک فرایس پەرەی پێ درابوو. هێگڵ لە سەرەتای (1802) FK فەلسەفەی ڕەخنەیی لەبەر سابجێکتیڤیزمەکەی مەحکووم کردبوو.

[13]   ئەم ڕستە ڕەنگە تووڕەیی دوو قارەمانی بیرکردنەوەی مێژوویی واتە شلایرماخر و ساڤگنی بزواندبێت. بەڵگە هەیە سەبارەت بەوەیکە ئاڵنشتین بە کەڵک وەرگرتن لە هێگڵ دەیهەویست ڕووبەڕووی جۆری بیرکردنەوەی ئەو دو بیرمەندە لە زانکۆدا بوەستێت. (بڕوانە بۆ نموونە، Toews 1980: p.60).

[14]   هێگڵ بە درێژایی دەیەی 1820 سەبارەت بە جیاوازیی نێوان هەست و ناسین لێدوانی پێشکەش کرد. بە بۆنەی فەلسەفەی سابجێکتیڤیستی [زەینییەتخوازانەی] فرایس، هێگڵ لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە فرایس بە تەواوی ناسین لە نێو هەستدا دادەڕووخێنێت. هێگڵ ویستی جیاکردنەوەی ئەم دوانەی هەیە بە بێ ئەوەیکە چەمکی ناسینی خۆی لە ڕادەبەدەر عەقڵانی  بنەخشێنێت.

[15]   سێ ڕستەی کۆتایی، باسی هەڵسەنگاندنی پێشەوەچوونی ئاگایی مرۆڤ لە سۆنگەی «جووڵەی عەقڵ لە پێویستییەوە بەرەو ئازادی» دەکات. هەر ئەو جۆرەی ئاگایی پێشدەکەوێ، چەقی سەرنجی خۆی دەگوازێتەوە بەرەو شتی ڕۆحانی (بۆ نموونە ئەخلاقی و ئیلاهی). لە سەردەمی نیشتەجێ‌بوونی هێگڵ لە بەرلین، ئەو بەردەوام لە وانە و وتارەکاندا کاتێکی بەرچاو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پێشکەوتنە تەرخان دەکات.

[16]   لە سەرەتای ئەم وتاردانەدا هێگڵ بۆ “هێزی ئەخلاقی ڕۆح” دەگەڕێتەوە. لەم وتارە و لە شوێنەکانی دیکەدا ئەو بە ڕاشکاویی جەخت لەسەر “هێزی ڕۆح” دەکات. لە درێژەی ساڵانی بەرلیندا، بنیاتنانی ڕۆح لە نێو ژیانی ئەخلاقی (Sittlichkeit) ئامانجی فەلسەفەکەی هێگڵە. ئەمە خواستی وەرچەرخانی ئەخلاقی بۆ دەرەوەیە؛ لە دووای ئەوەیکە ڕۆح “کۆکردنەوەی خۆی” لە ناوخۆ ئەنجام دابێت.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌

ئه‌ستێڵ