داگرتنی وتارەکە: شڵۆمۆ ئەڤینێری – دەوڵەت؛ ئاگابوون لە ئازادی
وەرگێڕان و پێشەکی: ئەستێڵ ئینسایت
بیرکردنەوەی فەلسەفی
پێشەکی
ئهم كورتهنووسینه كه به بیانووی بڵاوبوونهوهی وهرگێڕانی بابهتی خوارهوه دهربارهی هزری سیاسیی هێگڵ نووسراوه، نایهوێت ئهو دهقه كه له خستنهڕووی بابهت و وردهكاریدا، یهكێكه له دهقه پڕبایهخهكان، شی بكاتهوه، بهڵكوو ههوڵ دهدات بابهتێكی گشتیتر پهیوهست به گرنگیی گفتوگۆ لهم بابهتانهدا بخاتهڕوو.
دووای بزوتنهوهی ژینا و دوواتریش شهڕی ئیسرائیڵ و بهرهی بهرخۆدان (مقاوهمه) و پاشان ئاڵۆزبوونی داهاتووی سیاسیی ناوچهكه، دهبێ بهدیاریكراوی قسه لهسهر ئهو گوتاره سیاسییه باوانه بكهین كه هیچیان له ڕووی ناوهڕۆكهوە له ئاستێكی سواو زیاتر نین. ئێستا لهم قۆناخه قهیراناوییهدا دهبێت بهجدی و بهرپرسیارانە له خۆمان بپرسین، به بڵاوكردنهوه و فراوانكردنی ئهم بیركردنهوانه، بهدیاریكراوی كام مانا و چهمک و كام پانتاییی زەرووری، دهخرێته ژێر ڕۆشناییی ناسین و تێگهیشتنهوه. هێگڵ ڕێكخستنی هاوكاتی شتهكان و بیركردنهوه به مێژویی و جێی باس دهزانێت، چونكه به ههرشێوهیهک بڕوانین گهشهی زانسته مرۆییه نوێكان، تهنیا به تێگهیشتن له مێژوویێتیی بیركردنهوه مهیسهر دهبێت. گرنگایەتی بارزی هێگڵ و دۆزینهوه و ڕایهڵی جهوههری عهقڵانیی دهوڵهتی مۆدێرن و ڕێسامهندكردنی، له سیستمێكی چهمكیدایه كه هاوكات تایبهتمهندییهكی نوێخوازانەی ههیه و ههروهها خۆی وهکوو پهیدۆزی و جوڵهی ئهم ڕهگهزه عهقڵانییه دهناسێنێت.
ڕهنگه پێویست به وتن نهكات كه باسی هێگڵ، باسی ئایدیالۆژیک نییه، به مانایهكی تر هێگل نایهوێت بهرژوهندیی گرووپ و ههژموونی جیهانبینییهكی دیاریكراو له ئاستی حكومداریدا ڕوون بكاتهوه. به “بۆرژوا” و “تۆتالیتێر”زانینی چوارچێوهی چهمكاندنی هێگڵ له وڵاته پێشكهوتووهكانی ئهورووپادا كارێكی بێسوود و بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستیش گاڵتهجاڕییه. سنووردارکردنی كاری هێگڵ تهنیا بۆ سهردهمی خۆی، ئهگهرچی دهكرێ بۆ خوێندنهوهی سوودێكی ههبێت، بهڵام به هیچ شێوهیهک ناواخنی باسهكهی ئهو ڕوون ناكاتهوه. هزری هێگڵ، هزری كۆكردنهوهی ههلومهرجی پێویسته له پێناو بهدیهێنان، پاراستن و گهشهی دهوڵهتدا. لهم ڕوانگهوه شیكردنهوهی باسی دهوڵهت هاوكات پهیوهندیی لهگهڵ تێگهیشتنی مێژوویی نهتهوهكان له ئهزموونی مێژووی خۆیان بهتایبهت و ئهزوموونی مرۆیی بهگشتی ههیه. ئهم كراوهییه به سهر پێکهێنەرە عهقڵانییهكان له ئهزموونی مێژووی مرۆڤدا، تاكه پێوهری ڕاستهقینهی هێگڵه. ئهمه بهو مانایهیه كه به هۆی خهسڵهتی گشتی و پهتیی ئهم عهقڵه و پشتهستوور به خهسڵهته مێژووییهكهی، دهوڵهتی مۆدێرن بریتییه له بهدیكردن و گهشهی هاوكاتی ئهگهره دهروونییهكانی مرۆڤ و بهدیهاتنی ئابجێکتیڤی بوونیهتی.
كاری هێگڵ لهم بارهوه، تهنیا پهرهپێدانی تیۆریک نییه لهبهردهم تیۆرییهكانی دیكهدا، بهڵكوو گرنگییهكهی له ڕوونكردنهوه و جێخستنی ئهو چهمكانەدایه كه له پاراستن و پهرهپێدانی دهوڵهت، زهروورهتێكی گرنگیان هەیە. هێنانی ئهم چهمكانه له سیستمێكی تێرمینۆلۆژیکدا ئهو تایبهتمهندییهی ههبووه كه سهقامگیریی كۆمهڵایهتی وهکوو گشتێک بخاته بهرچاومان. ئازادی شاچهمكی فهلسهفهی هێگڵه له فهلسهفهی سیاسیدا و ڕهنگه ئهمهش ئهو قهرزه بێت كه هێگڵ له ڕهههندی سیاسیدا به ڕێنسانس و ڕهوتی كۆماریخواز دهداتهوه. له دوو تا سێ سهده بهر له شێوهگرتنی ڕێنسانس و دووای گۆڕانكارییه گرنگهكانی پاش سهرههڵدانی شێوهكانی حوكمڕانی نوێ له ئهورووپا و بهتایبهت ئیتاڵیا و ههروهها گهڕانهوه بۆ نهریتی گریکی دووای وهرگێڕانی كتێبی “سیاسهت”ی ئاریستۆ و ههروهها گەڕانەوەی نهریتی یاسایی و حوكمی ڕۆمی، چهمكی ئازادی وەکوو سهربهخۆبوون له ئهویتر و توانایی خۆبهدیهێنان؛ بوو به چهمكێكی جهوههری له بهستێنی سیاسهتدا. له كاتی خستنهڕووی ئهم چهمک و ناوهڕۆكه تا جێخستن و ڕوونكردنهوهی تهواوی ئهو دامهزراوانهی كه دهرهاوێشتهی بوون، چهندین سهدهی خایاند و تا سهردهمی هێگڵ، زۆربهی ئهم دامهزراوانه له دهوڵهته جیاوازهكانی ئهورووپادا ڕهگی داكوتابوو. بهڵام له سهردهمی هێگڵدا ئهڵمان كه كهوتبووه بهر هێرشی دهوروبهر و بهدهست ناسهقهماگیرییهوه دهیناڵاند، بوو به باسی فهلسهفی هێگڵ و ڕێک لهم كاتهدا بوو كه پرسیار له دامهزراوهكان و لانیكهمی پێویست بۆ پاراستن و چاكسازیی دهوڵهتی نهتهوهیی، وهک دووابڕیاردهری ململانێ سیاسیهكان، بوو به چهقی بیركردنهوهی هێگڵ. ئهو له یهكهم نووسینه بڵاونهكراوهكانی خۆیدا (لهوكاتهدا) به ناونیشانی “یاسای بنهڕهتی ئهڵمان” سهرنجی خۆی خسته سهر پێویستیی بهرگریلهخۆكردنی ئهڵمان لهبهرامبهر هێزه بیانییهكاندا و له نووسراوه كامڵ و پوختهكانی دوواتریشدا، گرنگیی دا به ئاڵۆزیی پهیوهندییه یاساییهكان و ناوهنده پهیوهندیدارهكانی لهگهڵ گۆڕانی خواست و مهیلی جۆراوجۆر و دژیهكی تاكهكان له كۆمهڵگهدا.
سهربهخۆیی دهوڵهتی نهتهوهیی له ئهویتر و توانای خۆبهڕێوهبهردنی لهڕێگهی یاسا گشتییهكانەوە، بهرههمی میراتی سهردهمی نوێیە لە نووسراوه سیاسییهكانی هێگڵدا، و ئهم باسه لهگهڵ شیكردنهوهی بهستێنی سیاسی وهکوو پانتاییهكی سهربهخۆ له شهرع و ئهخلاق، لانیكهم له سهردهمی مەکیەڤێڵیدا بابهتێكی جێی مشتومڕ بوو. چونكه مەکیەڤێڵی له ڕێگهی بهفهرمی ناسینی دابڕینی بهستێنی سیاسی له ئهخلاق و شهرع، پهیوهندییه كۆمهڵایهتییهكانی وهک هاوسهنگییهكی ناجێگیر لهنێوان هێزه دژبهیهكه كۆمهڵایهتییهكاندا پێناسه كرد، و تهنانهت بوونی ئهم ململانێیانهی له بهرژوهندی یاساكاندا دهبینی. به لهبهرچاوگرتنی ئهم بابهته له بهستێنی سیاسیدا، دهتوانین لە ئاكام و ئامانجی دیالێكتیكی هێگڵ له سیاسهتدا تێبگەین. ئهوهی زیاد له ههر شتێكی دیکە، سهرنجی هێگڵی ڕاكێشاوه، ههوڵ بۆ ناسینی بواری كۆمهڵایهتییه وهک پانتاییهک كه ململانێ و گرژی تیایدا حهتمییه و ههروهها هەنگاو بەرەو ڕوونكردنهوهی ئهو پهیوهندییانهیە كه لهگهڵ بهفهرمی ناسینی پێویستی ئهم ململانێیه، ههوڵی هاوسهنگكردنهوەیش دەدات.
كهواته ههوڵی هێگڵ ئهوه نییه ڕوونی بكاتهوه یان پاساو بهێنێتهوه كه دهوڵهت دهبێ چۆن بێت. ئهو ڕوانینەی كه تهنیا دژ بەوەیە كه ههیه و دەڵێت «دەبێت» هەبێت، له ڕووانینی هێگڵدا تهنیا دهبێته نەرێکردنی پهتییانهی ئابستراکتی ئهوهی ههیه. ئهم تێڕوانینه له بیری دهكات ئهوهی كه ههیه، واقعیەتی جێگیر و بهرههمی ئهگهره مێژووییه بهدیهاتیووهكانە و بۆ دهرچوون له ههلومهرجی ناسهقامگیری ههنووكه، ڕێگهیهكی دیكهمان نییه جگه له شیكاری ههلومهرجی ئهگهرهكانی دۆخی ههنووكهیی.
ئهو شتەی كه لهم بڕگه مێژووییهدا دێته بهرچاو، ئهوهیه كه لهسهر بنهمای گهورهییی ڕیسكهكان و گەورەییی دوواكهوتوویی ئێمهش له خستنهڕووی بنهمایهک بۆ ئهم جۆره باسانه، زۆر درهنگ ههنگاو دهخهینه ڕێگهیهک كه دهبوا ههر لهم كاتهدا بهرههمه دهستنشانكراوهكانیمان دهستهبهر بكردایه. ئهم بابهته به مانای سڕبوونێکی پشتبەخۆبەستوو نییه كه بههۆی پهراوێز و سوكایهتییهوه گیرۆدهی بووبێتین، بهڵكوو پێویسته پرسیاریش بكهین بۆچی نهخراوهته ڕوو و گرنگی پێنهدراوه؟
_________________
بێهزاد خەشایار
لێکۆڵەر و هاوکاری بەشی “بیرکردنەوەی فەلسەفی” ئەستێڵ
هیرۆگلیفی عەقڵ
هەر باسێک سەبارەت بە تیۆری دەوڵەتی تایبەتی هێگڵ، دەبێت بەرەنگاری ئەم گریمانە ناوخۆییە بێتەوە کە لەو باوەڕەدایە هێگڵ لایەنگری فۆڕمێکی زۆردارانە (ئۆتۆریتاریەن) لە حکومەتە. پاژەکانی پێشووی ئەم کتێبە هەوڵی پێشاندانی ئەوەیان دا کە ڕوونکردنەوەیەکی ئاوا ڕووکەشی و سادە چەندە لە حەقیقەت دوورە. ئێستا کە گەیشتووینەتە ناوەندی تیۆری دەوڵەتی هێگڵ، هەر بەو جۆرەی کە لە فەلسەفەی حەقدا شی کرایەوە، دەبێ ئاگادارکردنەوەیەکی دووبارە لەسەر لێکسازرانی پێوابوونەکانی هێگڵ سەبارەت بە ڕۆڵی دەوڵەت تۆمار بکرێت.
یەکێک لە پێوابوونەکانی هێگڵ کە ڕەنگە لە پێوابوونەکانی دیکە زۆرتر بەرپرسیار و کاریگەر بووبێت لە سەرهەڵدانی ئەو پێشگریمانەی کە باسمان کرد، لە پاشکۆی 258§ دەردەکەوێت. لە دەقی سەرەکی ئەڵمانیدا ئاوا دەخوێنرێتەوە: ‘Es ist der Gang Gottes in der Welt, dass der Staat ist.‘ «دەوڵەت ڕێڕەوی خودایە لە جیهاندا.»[1]، «بوونی دەوڵەت، ئامادەیی خودایە لەسەر زەوی.»[2] یان «ڕێڕەوی خودا لە جیهاندا هەر ئەو شتەیە کە دەوڵەتە.»[3]
نیشانە و چەمکەکان ڕوونن، بەڵام هێشتا هیچ کام لەم بەرانبەر و وەرگێڕانانە تەواو نین. ڕستەسازی ئەڵمانیی هێگڵ لێرەدا بێ گومان جۆرێک پەرۆشی پێوە دیارە؛ و دەکرێت بەم واقعیەتەوە پەیوەندی بدەین کە ڕستەکە لە هاوپێچێکەوە هاتووە. لە دەقێکەوە هاتووە کە لە چاپەکەی هێگڵ بۆ فەلسەفەی حەق نەگونجێنراوە، بەڵام لە لایەن سەرنووسەری پاش مەرگی، ئێدوار گەنس، ئێستا لە ڕێگەی یادداشتی خوێندکارانی بەشدار لە وانەکانی هێگڵدا زیاد کراوە. هەر بەو شێوەی کە لەم دووایانەدا کاوفمن ڕوونی دەکاتەوە؛ وەرگێڕان و داڕشتنی درووستی ئەم ڕستەیە ئاوایە: «ئەمە ڕێگەی خودایە لە جیهاندا کەوا دەبێت دەوڵەت بوونی هەبێت.»[4] ئەو شتەی کە هێگڵ مەبەستیەتی ئەوە نییە کە دەوڵەت “ڕێڕەوی خودا” لەسەر زەوی یان هەر شتێکی پەیوەندیدار بەم بابەتەوەیە؛ بەڵکوو مەبەستەکە ئەوەیە کە بوونی دەوڵەت خۆی بەشێک لە ستراتژییەکی ڕۆحانی (خودایی)ـیە، نەک ئەوەیکە تەنیا دەسکردێکی بە ڕێکەوتی مرۆیی بێت. دەکرێت بە ئاوا ڕوانینێکەوە بەڵگاندێکی دیکە بکرێت، بەڵام ئەمە هیچ لەو بێزاری و هەڵەتێگەیشتنەی کە وەرگێڕ و نووسەران سەبارەت بە هێگڵ درووستیان کردووە، ناچێت. ئەوان پەیام و مانایەکیان لە کاری ئەودا خوێندووەتەوە کە لە دەرەوەی باسی ڕستەسازی (سینتاکس) بوونی نییە. گەر ئەمە تەنیا وەرگێڕانێکی هەڵە بووایە، تەرخانکردنی کات بۆی سوودی نەدەبوو، بەڵام ئەم وەرگێڕانە هەڵەیە بۆ دەستەوشەکەی هێگڵ، لە ئەدەبیاتی ڕەخنەییدا بووەتە سەلماندێکی پەسەندکراو و حاشاهەڵنەگر لە ناواخنی ئۆتۆریتاریانیزمی تیۆری دەوڵەتی هێگڵ.
سەرەڕای خاڵی سەرەوە، دەبێ ئاماژەش بەوە بکرێ کە تیۆرییەکەی هێگڵ ناتوانرێت بە شێوەیەک وەربگیردرێت و ڕاڤە بکرێت کە بگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە دەوڵەت؛ ئەمە ئایدیایەک لە دەوڵەتە کە هێگڵ کاری لەگەڵ دەکات. هیچ جۆر یان شێوەیەک لە دەوڵەت ناتوانێت هەبێت مەگەر تەنیا لێکچوونێک لە خودی ئایدیاکە.[5]
لە ئاستی بەڵگە مێژووییەکانیشدا، ئێمە دەزانین تێڕوانینی هێگڵ سەبارەت بە دەوڵەتی پرووس، زۆر لە قبوڵکردنێکی چارەنووسباوەڕانە دوور بوو؛ ئەو شتەی کە دەبێت جەختی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە کە لە ڕووی تیۆرێتیکاڵیشەوە، ئایدیای دەوڵەت ناتوانێت لەگەڵ هیچ شێوەیەک لە دەوڵەتێکی بابەتی یان دەسنیشانکراو بناسرێتەوە؛ هەر وەکوو مۆدێلی کۆمەڵگای مەدەنی کە ناکرێت لەگەڵ هیچ مێکانیزمێکی واقعی بازاڕ بە یەک جۆر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لە هەمان پەرەگرافدا کە ئەو ڕستە بە هەڵەوەرگێڕدراوەی لێ زەق دەکەنەوە، هێگڵ سەبارەت بەم خاڵە یەکجار ڕاشکاوە:
«بە سەرنج لەسەر ئایدیای دەوڵەت، ئێمە نابێت دەوڵەت یان دامەزراوە تایبەتەکان بهێنینە پێش چاو… بە شێوەی بنەمایی هەر دەوڵەتێک دەتوانرێت خراپ پێشان بدرێت، یان ئەم یان ئەو ناتەواوییەی تێدا بدۆزرێتەوە… دەوڵەت بەرهەمێکی هونەری ئایدیاڵ نییە. لەسەر زەوی وەستاوە و بەم بۆنەوە لە نێو پانتایی ئارەزوو، شانس و هەڵەدا جێ دەگرێت. کردەی هەڵە ڕەنگە لە زۆر ڕەهەندەوە لە قەوارەی بخات. دزێوترین، تاوانبارترین یان پەککەوتووترین مرۆڤەکان هێشتا [خاوەن] بوونێکی مرۆیی زیندوون. بواری ئەرێیی، ژیان، سەرەڕای ناتەواوییەکانی، هێشتا زیندوو و لەسەرپێ دەمێنێتەوە و ئەم بواری پازێتیڤەیە (ئەرێیی) کە لێرەدا مژاری ئێمەیە.»[6]
ئەمە هەر ئەو مەبەستەی هێگڵە کە ناوی “هیرۆگلیفی عەقڵ”ـە[7] کە بە هۆیەوە دەبێت هەر شتێکی هەڵکەوت و هەڕەمەکی لابچێت، تاکوو لە ژێڕەوەڕا شتە عەقڵانی و زاتییەکەی بدۆزرێتەوە.
هێگڵ دەیسەلمێنێت عەقڵانیەتێک کە لە جیهانی مرۆڤدا تەشەنە دەسێنێت، بۆ یەکەمجار لە نێو دەوڵەتدا دێتە ئاشکرا بوون. ئەم عەقڵانیەتە لە نێو بنەماڵەدا هێشتا لە پشت سۆزداری و هۆگریدا شاراوەیە؛ و لە نێو کۆمەڵگای مەدەنیدا لە ئاست کەرەستەیەک بۆ بەرژەوەندی تاک ئاشکرا دەبێت. تەنیا لە مەڵبەندی دەوڵەتدایە کە عەقڵ ئاگای لە خۆی دەبێت؛ بە وتەیەکی دیکە، تەنیا لە نێو دەوڵەتدا کردەکانی مرۆڤ لەگەڵ ڕاکێشانەکانیدا دەبێتە یەک. مرۆڤ دەزانێت کە چی دەوێت و بە پێی ئەوە کردار دەنوێنێت:
«دەوڵەت ڕاستەقینەبوونی ئایدیای ئەخلاقییە. ئەمە زەینێکی ئەخلاقییە کە وەک ئیرادەیەکی جەوهەری بۆ خۆی دەردەکەوێت و ئاشکرا دەبێت، خۆی دەناسێت و بیر لە خۆی دەکاتەوە، بەڕێوەی دەبات ئەو شتە تا ئەو ئاستەی کە دەیزانێت… خۆ-ئاگایی… لە نێو دەوڵەتدا لە شێوەی زات، کۆتایی و بەرهەمی چالاکییەکانی و ئازادییە جەوهەرییەکەی خۆی، دەدۆزرێتەوە.»[8]
ئەم چرکەساتە ئەخلاقییە لە نێو دەوڵەتدا، یەکێتی ئاگایی زەینی (سابجێکتیڤ) و نەزمی عەینییە (ئابجێکتیڤ) لە نێو خۆ-ئاگاییدا کە لە نێو تاکەکاندا بە دەست هاتووە؛ خۆ دەناسێت، کەواتە ئابجێکتێکە بۆ زانین.[9] کەواتە چالاکی مرۆڤ لە نێو دەوڵەتدا دەکەوێتە جوڵە، ئەویش لە ڕێگەی ناسینەوەی ئەو شتەی کە ڕێکخراوە [یان نەزمی وەرگرتووە] دووا سەرچاوەکەی خۆی لە نێو ئیرادەی زەینیدا (سابجێکتیڤ) دەبینێتەوە: یاسا سەپاندنێکی دەرەکی نییە کە دەقاودەق بە هەر شێوەیەک ڕەوایی هەبێت، بەڵکوو دەربڕینی ئیرادەی تاکە:
«[یاساکان] شتێک نامۆ بۆ سابجێکت نین. بە پێچەوانەوە سابجێکت بە پێی زاتەکەی، کە خۆییبوونی (Selbstgefühl) خۆیەتی، ڕۆحەکەی، شایەتیدان لەسەر ئەوان [یاساکان] دەخاتە ئەستۆی خۆی. وەکوو پارچەگەلێک کە لە خۆی دابڕاو نییە، دەژیت – پهیوهندییهک كه ڕاستهوخۆ بهستراوهتهوه به نهزمێكی ئهخلاقی لهڕێگهی پهیوهندێک، كه له ناسنامهوه نزیكتره، نهک ئیمان و متمانه.»[10]
دەرەنجامە سیاسییەکانی ئاوا ڕوانینێک لە لای هێگڵ ڕوون کراوەتەوە: «ئێستا گەر بڵێین مرۆڤەکان ڕێگە بە خۆیان دەدەن کە دژ بە بەرژەوەندی، ئامانج و خواستەکانی خۆیان بەڕێوە بچن ئەوە [دەربڕینێکی] گەمژانەیە.»[11] لە جێگەیەکی دیکەشدا دەڵێ:
«کاتێک شەو لە شەقامدا بە ئاسایش پیاسە دەکەین، سەرنجڕاکێش نییە کە جیا لەمە بێت. ئەم عادەتی هەستکردنە بە ئاسایش، دەبێتە سروشتی دووەم، هەروەها ئێمە ناگەڕینەوە بۆ ئەوەی کە چۆن چۆنی هۆکاری ئەم شتە تەنیا لەبەر کاری دامەزراوە تایبەتەکانە. بیرکردنەوەی ئاسایی زۆرجار وا دەڕوانێت کە دەسەڵات [یان هێز] دەوڵەت ڕاگیر دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا پێکەوەبەستراوییەکەیەتی کە واتای بنەڕەتی نەزمەکەیە [ڕێکخستن]. هەمووانیش خاوەنی [ئەم واتای بنەڕەتی نەزمەن].»[12]
ئەم ناسنامە ئاگایەی سابجێکت و دەوڵەت، هەلومەرجێکە بۆ پێئاژۆی [کارکردی] گونجاوی ئاسایشی گشتی و وڵات. کاتێک ئەم ئاگاییەی ناسنامە کار نەکات، ئەوە دەوڵەت ڕوووبەڕووی تیاچوون بووەتەوە:
«دەوڵەت تەنیا کاتێک ڕاستەقینەیە کە ئەندامەکانی هەستی خۆییبوونی خۆیانیان هەبێت و تەنیا کاتێک ئەمە سەقامگیرە کە ئامانجە کەسی و گشتییەکان وەک یەک بن. زۆرجار دەگوترێت کۆتایی دەوڵەت بەختەوەری هاووڵاتییانە. ئەمە بە تەواوی ڕاستە. گەر هەموو شتێک بۆ ئەوان [هاوڵاتییان] باش نەبێت، ئامانجە سابجێکتیڤەکانیان بەدی نەیێت، گەر ئەوان پێی بەوە نەبەن کە دەوڵەت بە واتای ڕەزامەندی ئەوانە، ئەو کات جێ پێی خودی دەوڵەتە کە لەق بووە.»[13]
هێگڵ ئاماژە دەکات کە نیشتمانپەروەری تەنیا ئامادەیی نییە بۆ فیداکاری لە کاتی تەنگەتاویدا، بەڵکوو زۆرتر ئەوە زانینی منە کە بەدیم دەهێنێت؛ ئەویش لە ڕێگەی ژیان لە پەیوەندیی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا. واتە لە نێو «ئاگایی بەوەی کە بەرژەوەندییەکانم -کە هەم جەوهەری و هەم تایبەتن- لە نێو بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەویتر (واتە لە نێو دەوڵەت) دەگونجێت و دەپارێزرێت؛ واتە لە نێو پەیوەندیی من لەگەڵ ئەوانیتر وەکوو تاکێک.»[14] بە پێی تێڕوانینی هێگڵ، سڕی نیشتمانپەروەری لە نێو تێگەیشتنی هاووڵاتییاندا شاراوەیە «کە دەوڵەت وەکوو جەوهەری خۆیان دەناسن، چونکە ئەوە دەوڵەتە بوارە تایبەتەکانی بەرژەوەندیی خۆی لەگەڵ مافی خاوەنداری، ئۆتۆریتە و بەختیاری پێکەوە دەپارێزێت و ڕای دەگرێت.»[15]
هێگڵ لە لێدوانێکدا کە وەبیرهێنەرەوەی ڕووسۆیە دەڵێت «لە نێو دەوڵەتدا، وەکوو شتێکی ئەخلاقی، لە پێناو تێکەڵبوونی شتی جەوهەری و شتی تایبەت، پابەندی و وەفاداریی من بۆ ئەو شتەیە کە جەوهەرییە، چونکە لە هەمانکاتدا وێنای ئازادیی تایبەتی منیشە.»[16] هێگڵ ئەوەش زیاد دەکات کە لە نێو ئەم ناسنامە جیهانی و ئیرادە تایبەتەدا «حەق [ماف] و ئەرک دەبنە یەک» چونکە مرۆڤ «تا ئەو کاتەی ئەرکی هەیە مافیشی هەیە؛ تا ئەو ئاستەش ئەرکی هەیە کە خاوەن مافە.»[17]
کەواتە دەوڵەت لەسەر ئازادیی عەقڵانی ڕاوەستاوە، بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە هەرکەس بەتوانا دەکات تا ئازادی خۆی لە نێو پەیوەستبوون بە ئەوانی ترەوە بەدی بهێنێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای مەدەنی تەنیا لە ڕێگەی لەبەرچاونەگرتنی ئامانجەکانی ئەوانی تر دەتوانێت لە ئامانجەکانی خۆی تێبگات. هەر بۆیە مانای یەکسەر تاکخوازانەی ئازادی، کە هیچ سنوورێک بۆ هەڵبژاردنی دڵخوازانەی تاک دیاری نەکات، دەبێت جێگەی خۆی بە نەزمێکی ئەخلاقی بدات کە ئازادی من بە ئازادی ئەوی تر دەبەستێتەوە. دەوڵەت «ئازادیی جیهانی و عەینییە (ئابجێکتیڤە).»[18] بۆیە ئایدیای دەوڵەت بە دەست نەهاتووە، بەڵکوو دەرەنجامی گەشەی مێژووییە؛ لەم لاینەوەیە کە تەنیا لە سەردەمی مۆدێرندایە کە ڕەگەزی سابجێکتیڤیتە و ئازادی لە نێو دەوڵەتدا پەیدا دەبن؛ ئەم ڕەگەزە لە نێو چەمکی پۆلیسی کەوناردا نادیار بوو: «لە دەوڵەتانی سەردەمی کەوناردا ژیانی ئەخلاقی لە نێو ئەم سیستمە ئازادەی نەزمی ئابجێکتیڤی خۆ-ڕاوەستاودا گەشەی نەکردبوو. کەواتە لە ڕێگەی لێهاتوویی تاکەکەسیی مرۆڤەکان، دەبوا ئەم کەموکۆڕییە چاک بکرایەت.»[19]
کەواتە دەگەینە دەوڵەتی مۆدێرن کە لەسەر بنەمای سابجێکتیڤیتەیە. هێگڵ لە وانەکانیدا سەبارەت بە فەلسەفەی مێژوو، جەخت لەسەر چۆنیەتی دەرکەوتنی بنەمای سابجێکتیڤیتە دەکات، کە وردەوردە بە چەند قۆناخی مەسیحیەت، سەردەمی چاکسازیی و شۆڕشی فەڕانسا، گەشەی کردبوو.[20] لە پۆلیسی کەوناردا، سابجێکتیڤیتە لە ژێر جیهانێتی نێوانجینەکراوی پرسی سیاسیدا پۆلێن دەکرا. لە سەردەمی فێئۆداڵیزمدا ئیرادەی تایبەت بە بۆنەی لە خۆگرتنی جیهانێتی یان بەجیهانیکردن، سەرپرشتی بوارەکانی دەکرد، بەڵام دەوڵەت و تەنیا دەوڵەتی مۆدێرن توانی ئەم دوو چرکەسات و مۆدێلە لە نێو پێکهاتە جیاوازەکەی خۆیدا یەکبخات:
«دەوڵەتی مۆدێرن خاوەن هێزێکی دەسڕۆشتوو و قووڵاییەکی لەڕادەبەدەرە، چونکە ڕێگە دەدات بنەمای سابجێکتیڤیتەکەی بە تەواوی دابڕاو لە تایبەتێتی کەسیی گەشە بکات و هاوکاتیش [ئەم سابجێکتیڤیتەیە] دەگەڕێنێتەوە بۆ یەکێتییە جەوهەرییەکەی؛ هەر بۆیە تایبەتێتی لە نێو بنەمای دەوڵەت دەپارێزێت…
زاتی دەوڵەتی مۆدێرن، پرسی جیهانی و ئازادیی کامڵی تایبەتێتی پێکەوە گرێدەدات. وەکوو بەختیاریی تاکەکان… پرسی جیهانی یان جیهانێتی دەبێت چالاکانە گەورەوە بێت، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە سابجێکتیڤیتە دەبێت بە شێوەی گشتی گەشە بکات. تەنیا کاتێک کە هەر دوو پێکهێنەرەکە پێکەوە بەهێز بن، دەتوانین دەوڵەت جومگەدار و لە ئاست ڕێکخراوی ڕاستەقینەدا پێناسەی بکەین.»[21]
لە سۆنگەیەکی دیکەوە ئەمە ئاماژە بەوە دەدات کە لە کۆمەڵگای مۆدێرندا، پەیوەندیی سیاسیی مرۆڤ دەبێتە پەیوەندیی زاڵی ئەو؛ «بنەمای دەوڵەتی مۆدێرن پێویستی بەوەیە کە گشتێتی چالاکی تاک لە ڕێگەی ئیرادەی ئەوەوە [واتە دەوڵەت] نێوانجی بکرێت.»[22] ئەم خاوەن ئیرادەبوونە کە لە نێو دامەزراوەکاندا دەربڕدراوە، مانای سیاسیکردنی ژیان ئەدات. بە واتای ئەوە نییە کە مەیدانێکی ناسیاسی بوونی نییە؛ بە پێچەوانەوە دیمان کە هێگڵ جەختی لەسەر زەروورەتی بوونی بوارە خودموختارەکان و جەستە خۆبەخشەکان کردەوە؛ و هەروەها هێگڵ جەختی لەسەر ئەوەش کردبوو کە مەیدانە ناسیاسییەکانی ژیانی مرۆڤ -بنەماڵە، کۆمەڵگای مەدەنی و تەنانەت کڵێسا- دەبێ ژیانێک بەرەو پێش بەرن کە لە دەوڵەت دابڕاو و سەربەخۆ بێت. هەر جۆرێک بێت ئەمە بڕیارێکی سیاسییە کە دەڵێت دەبێ وا بێت و تێگەیشتن لە پلۆڕاڵیزمی پەسەند لە لای هێگڵ، نابێت سەرنجەکە لەسەر ئەم واقعە هەڵگرێ کە [پلۆراڵیزم] لەگەڵ پێشەکی یەکلاکەرەوەی پرسی سیاسیدا هاوبوونن. ئەمە هەر ئەو پێشەکییەیە وا هەندێک لە ڕاڤەکارەکان بە هەڵە بۆ ئاشکراکردنی تایبەتمەندی ئۆتۆریتاریەنی هێگڵ دەست دەخەنە سەری. گەرچی ئاوا ڕاڤەیەک هەڵەیە، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە کە تێڕوانینی هێگڵ لەگەڵ لیبراڵیزمی کلاسیک دەگونجێت. دووەمیان [واتە لیبراڵیزمی کلاسیک] لە ئاستی جۆراوجۆردا، هەمووکات گومانی لە دەوڵەت هەبوو و لە باشترین حاڵەتدا پێکهاتەکانی دەوڵەتی تەنیا وەکوو گەرەنتیی ئازادیی تاک دەدی. [ئازادییەک] وا لە دەرەوەی بوونی دەوڵەت ڕادەوەستێت. بەڵام ڕوانینی هێگڵ بۆ دەوڵەت لەسەر ڕۆڵی پازێتیڤی خودی بوونی [دەوڵەت] دەوەستێت؛ واتە دەوڵەت وەکوو گیانبەبەرداکردنی (جەستاندنی) خۆ-ئاگایی مرۆڤ.
هەروەها خودی ئەمە دەرخەری توانستی تێڕوانینی ڕەخنەیی هێگڵە ڕوو بە پرسی دەوڵەت. دەوڵەت وێنای باڵاترین پەیوەندیی مرۆڤە لەگەڵ بوونە مرۆییەکانی دیکەدا، کەواتە پێئاژۆی دەوڵەت مەرجدارە، نەک موتڵەق. بۆ ئەوەی کە لێهاتوو و شیاوی وەها ڕۆڵێک بێت، دەبێت دەوڵەت ڕەنگدانەوەی خۆ-ئاگایی تاک بێت. لەم ڕووەوە هەموو دەوڵەتێک خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە نییە کە هێگڵ بۆ شیکردنەوەی ئایدیای دەوڵەت لەسەری دەوەستێت. سەرەڕای ئەمەش، ئەوە شێوازی دامەزراوەکانی دەوڵەتە کەوا دیاری دەکات کە ئایا خۆ-ئاگایی تاکی، دەربڕینی شیاوی خۆی لە هەر نموونەیەکی تاقانەدا دەدۆزێتەوە یان نا:
«دەوڵەت بە شێوەی ڕەبەق (موتڵەق) عەقڵانییە تا ئەو کاتەی کە ڕاستەقینەبوونی ئیرادە جەوهەرییە؛ کردەیەک کە لە نێو خۆ-ئاگایی تایبەتدا [کەسی] دەبێتە خاوەنی ئەو ئاگاییەی کە بەرەو ئاگایی لە جیهانێتیی خۆی هەڵکشاوە. ئەم یەکێتییە جەوهەرییە، ئامانجێکی موتڵەقی نەگۆڕ و و نەجووڵە کە لە ناویدا ئازادی بەرەو باڵاترین حەقی خۆی دەگات. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەم ئامانجە کۆتاییە، خاوەن باڵاترین حەقە لە بەرانبەر تاکدا، کە باڵاترین ئەرکیان ئەندامبوون لە نێو دەوڵەتدایە.»[23]
هەرچەنە گونجاندنی دەرەکی لەگەڵ یاسادا، بەو پێیەی خاوەنی چرکەساتی ئاگایی نییە، لە نێو خۆیدا تەنیا ڕیچواڵێکی (دابودەستوور) پووچە.[24] کاتێک هێگڵ لە پێشەکی فەلسەفەی حەقدا دەڵێت کە دەوڵەت «وەها عەقڵێکە کە خۆی لە نێو پێکهەنەری خۆ-ئاگاییدا ڕاستەقینە کردووەتەوە.»[25]؛ ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دامەزراوەکان وەکوو بەرهەمی ئۆرگانگەلی زۆرەملێیانەی دەرەکی [داسەپاو] نین؛ بەڵکوو دەبنە درێژکراوەکانی خودی خۆ-ئاگایی مرۆڤ بەگشتی:
«دەوڵەت ڕاستەقینەبوونی ئازادی کۆنکرێتە. بەڵام ئازادی کۆنکرێت لە سەر ئەوەدا بنیاتنراوە کە تاکێتیی کەسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی نەک تەنیا گەشەی کامڵی خۆیان بە دەست دەهێنن و بە ڕاشکاوی بە فەرمی دەناسرێن (لە نێو پانتایی بنەماڵە و کۆمەڵگای مەدەنی) بەڵکوو بۆ یەک شت، ئەو تاکێتی و بەرژەوەندییە تایبەتانە لە پێناو بەرژەوەندی یونیڤێرساڵ (عەقڵانیەتی گشتی) لە خۆیان تێدەپەڕن و شتە یونیڤێرساڵەکە دەناسن و ئیرادەی دەکەن… دەرەنجام ئەوەیە کە پرس یان شتە یونیڤێرساڵەکە زاڵ نابێت و بە کامڵبوونی خۆی ناگات، مەگەر لە تەنیشت بەرژەوەندییە تایبەتەکان و لە ڕێگەی هاوکاری ناسین و ئیرادەکردنی تایبەتەوە. هەروەها تاکەکانیش وەکوو کەسگەلێکی خاوەن ژیانی تایبەت نین کە تەنیا بۆ ئامانجەکانی خۆیان دەژین، بەڵکوو ئەوانیش لە کردەی ئیرادەکردندا لە ژێر تیشکی پرسی یونیڤێرساڵدا دەبنە ئونیڤێرساڵ [گشتی] و چالاکییەکانیان بە شێوەی ئاگایانە شتێک جیا لە پرسە ئوینیڤێرساڵەکە ناگەیێنێت.»[26]
هێگڵ سەرەڕای ئەمەش، وشیارە کە لە سۆنگەی بەرژوەندییە کەسییەکانیی تاکەوە، ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەت هەندێکجار وەکوو پێویستییەکی دەرەکی[27] ببینرێت و لە ڕاستیدا ئێمە لە فەلسەفەی واقعیدا (Realphilosophie) ڕووبەڕووی چەمکێکی هاوشێوە دەبینەوە. بەڵام لە سەرووی ئەم دەرکەوتە دەرەکییە، دەوڵەت هەر ئەوەندە لە نێو خۆ-ئاگایی تاک جێخۆیە (ناونشین) (immanent) کە کەسێک، بۆ بە فەرمی ناسینی کەسایەتی خۆی پێویستی بە ئەویترە. ئەم خوێندنەوەیە بۆ چەمکی ئەرکیش هاوشێوەیە، کە هێگڵ لە واتا دەرەکییەکەدا وەکوو سنوور یان بەربەست دەیبینێت. هێگڵ بە دووپاتکردنەوەی مژارێکی کانت -هەرچەنە لە نێو بەستێنێکی دامەزراوەیی جیاواز- ئاشکرای دەکات کە ئازادیی مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی تێپەڕاندنی ئابستراکشن و کۆنکرێت [بەرهەستبوونەوەی] و لە نێو پەیوەندییەکدا، دەتوانێ خۆی دەرببڕێت:
«[زۆرجار] ئەرک یان پابەندی تەنیا وەکوو کۆتوبەندی سابجێکتیڤیتەیەکی دیارینەکراو و ئازادییەکی ئابستراکت دەردەکەوێ، یان وەکوو جووڵەیەکی سروشتی یان ئیرادەیەکی ئەخلاقی کە لەگەل خێرێکی دیارینەکراو، تاوتاوانە هاودەق دەبێت. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە تاک لە نێو ئەرکدایە، کە ئازادی خۆی دەدۆزێتەوە. ئەو لە ڕکێفی جووڵەیەک کە تەنیا سروشتییە ئازاد بووە. ئەو لە بەستراوەیی بەو شتەی کە بە شێوەی زەینی و تایبەت بەرەو ڕێگەدان و فەرمانی ئەخلاقی ڕایدەکێشا، ئازاد دەبێت. هەروەها ئازاد دەبێت لەو سابجێکتیڤیتە پێناسەنەکراوەی کە لەنێو بەدیهاتن عەینی کردەدا هەڵناقوڵێت و لە نێو ناواقعیەتیی شپرزیی خۆیدا دەمێنێتەوە. [بۆیە] لە ئەرکدایە کە تاک ئازادانە دەچێتە نێو ئازادییەکی جەوهەرییەوە.»[28]
باسێکی ڕەخنەیی دێتە ئاراوە، هێگڵ لەسەر جیاوازی نێوان ئەکچواڵیتی (Wirklichkeit) (ڕاستەقینەبوون) و دازاین ڕادەوەستێت، تاکوو پێشنیاری ئەوە بدات کە دەوڵەتێک کە تێدا پرسی تایبەت و گشتی (یونیڤێرساڵ) یەکگرتوو نین -واتە دەوڵەتێکی خراپ- ئەوە تەنیا لە پانتایی دازایندا [کە دەوڵەت] لە پەیوەندیدایە و لە عەقڵانیەت بێبەرییە:
«دەوڵەت ڕاستەقینەیە و ڕاستەقینەبوونەکەی لە نێو ئەم شتەدا بنیاتنراوە کە بەرژەوەندیی گشت، لە نێو و لەگەڵ ئامانجە تایبەتەکان بەدی دێن. ڕاستەقینەبوون هەمووکات یەکگرتوویی پرسی یونیڤێرساڵ و تایبەتە… لە شوێنێک وا ئەم یەکگرتوویە نەبێت، تەنانەت گەر بوونیشی مەیسەر بووبێت، ئەوە شتێکی ڕاستەقینە نییە. دەوڵەتێکی خراپ دەوڵەتێکە وا تەنیا بوونی هەیە؛ جەستەیەکی نەخۆشیش بوونی هەیە، بەڵام واقعیەتێکی ڕاستەقینەی نییە…»[29]
هەر ئەم ئاماژەیە هێرشی هێگڵ بۆ سێ هێڵی تیۆریکی چاکسازیی لە لایەن کەسانی وەک -ساڤیگنی، موولر، هەڵێڕ- ڕوون دەکاتەوە. لە نێو کاری هەر سێ بیرمەندەکە، هێگڵ فەلسەفەیەکی سیاسی دەدۆزێتەوە کە لە کۆتاییدا دەوڵەت لەسەر دەستووردان، هێز و قبوڵکردنێکی ناڕەخنەیی بوونێکی پازێتیڤ ڕادەوەستێنێت. هێگڵ لە پەراوێزێکی دوورودرێژدا کە هێرش دەکاتە سەر ئەم چوارچێوە تیۆریکە، نەریتخوازیی هەڵێڕ وەکوو «تێپەڕین لە فکر» و پڕ لە «نفرەت لە یاسا و یاسادانان» پێناسە دەکات. لە درێژەشدا دەڵێت: «نفرەت لە یاسا و مافێک کە لە یاسادا دیاریکراوە، جۆرە باوەڕێکی ڕزیوە کە بە بۆنەیەوە دەمارگرژی، زەینی شڵەژاو و هیپۆکراسیی نییەتە چاکەکان، بە ڕوونی لە نێویدا ئاشکرا دەبێت؛ هەرچەندیش کە لە ڕێگەی جۆراوجۆر خۆی بشارێتەوە.»[30]
رەدکردنەوەی عەقڵانیەتی ڕێکخستنەوەی یاسا لە لای هەڵێڕ، ئەوەمان پێشان دەدات کە توانایی هێز، ڕاست و یەکلاکەرەوەیە و جیهانی ئاژەڵان دەبێتە پارادایمی کۆمەڵگای سیاسی. بە پێی ڕوانینی هەڵێر «ئەوە بڕیاڕێکی ئەبەدی و نەگۆڕی خودایە کە دەسەڵاتی بەهێزتر دەبێت فەرمان بگێڕێت و هەتاهەتایە فەرمانگێڕ بێت. … [بۆ هەڵێڕ]، توانای هێز دادوەری و ئەخلاق نییە، بەڵکوو دەسەڵاتی ناعەقڵانیی هێزێکی بێبەزەییە»[31]
هێگڵ پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەتە مێژووییەکان لە ئاکامی هێزەوە درووست کرابێتن، بەڵام «پرسیار لە فۆڕمێک وا ئەو دەوڵەتانە لێیەوە سەریان هەڵداوە، بەتەواوی شتێکی جیایە لە وردبوونەوە لە بنچینەی عەقڵانییان.»[32] لای هێگڵ گرنگترین هەڵەی هەڵێڕ ئەوەیە کە هەر شتێک لە ڕابردوو تا ئێستا ڕووی داوە، بە بێ جیاوازیدانان وەکوو ڕەواییدانێکی گشتی بۆ داهاتوو دەبینێت. لەم خوێندنەوەدا هیچ پێوەرێکی گەشە بوونی نابێت و ناکرێت بەسەر هیچ شتێکدا تێپەر بین یان بیگۆڕین و بۆ ئاستێکی سەرتر بیگوازینەوە. کەواتە سەرەتاییترین قۆناخی مێژووی مرۆڤ، وەکوو پێوەرێکی ڕەواییبەخش بۆ رەفتار و ئاکاری ئێستا دەردەکەوێت.
لە بەستێنی ئەم باس و بەڵگاندنە لەگەڵ هەڵێڕدا، هێگڵ ڕایەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە ڕووسۆ دەخاتە ڕوو. هاوکات کە هێگڵ ئەوەی لەبەرچاو گرتووە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر ئیرادە ڕاوەستاوە، بەڵام ناتوانێت بایەخ و بڕوای خۆی بە تێڕوانینی ڕووسۆ ببەخشێت:
«لێهاتوویی بەشداری ڕووسۆ بۆ دۆزینەوەی [چەمکی فەلسەفیی دەوڵەت]، لەوەدایە کە ئەو بە باسکردنی ئیرادە وەکوو بنەمای دەوڵەت ئاماژە بە بنەمایەک دەکات کە هەم بیر لە فۆرم و هەم ناوەڕۆکەکەی کراوەتەوە؛ بنەمایەک کە بەڕاستی خودی بیرکردنەوەیە، نەک تەنیا بنەمایەکی بۆش وەکوو غەریزەی کۆمەڵایەتی [ژیانی بەکۆمەڵ]. یان بۆ نموونە وەکو ئۆتۆریتەی ئیلاهی کە وەک فۆڕمێک، تەنیا خۆی بیری لە خۆی کردبێتەوە.»[33]
لە هەمانکاتدا ئەم پێناسەیە بە مەرجێکەوە دەبەسرێتەوە کە ئاماژە بەو شتە دەدات کە هێگڵ وەکوو بەربەستی سەرەکیی ڕووسۆ دەیدیت؛ واتە ئەو هیچ هەوسارێک لەسەر ئیرادەیەک دانانێت کە بە تەواوی تاکخوازانەیە. وا دیارە هێگڵ لێرەدا چاوپۆشی لە جیاوازیدانانی ڕووسۆ لە نێوان la volonte generale و la volonte des tous دەکات. وا دەردەکەوێت کە هێگڵ “ئیرادەی گشتی” ڕووسۆ تەنیا وەکوو کۆیەکی پەتی لە ئیرادە تاکەکەسییەکان دەبینێت و ئەم واقعە لە دەست دەدات، کە لای ڕووسۆ ئیرادەی گشتی وەبەرچاوهێنەری ئاستێکی باڵاتر و -کۆیی تری ئاگاییی کۆمەڵگەتەوەرە. [واتە] بەرزتر لە ئیرادەی (خوارترە) کە تەنیا بەرەو ئامانجە تاکییەکان مەیل دەکات. بە هەرشێوە؛ ڕەخنەکەی هێگڵ لە ڕووسۆ ئاماژە بە شێوازی دیالێکتیکی هێگڵ دەدات، کە لە ڕێگەیەوە پێگەی ئیرادەی تاکی لە نێو دەوڵەت وێنا دەکات. بۆ ئەو [هێگل] ئەمە بنچینەی دەوڵەتە کە دەبێت …. بکرێت -بەرزەوەبێت و ڕایشبگیریێت- ئەویش لە ئاستێک کە تاکەکان ئیرادە بۆ ئامانجەکانی یەکتر دەکەن، وەکوو بەختەوەری کۆیی، نەک تەنیا چاکەی تایبەتی خۆیان.[34]
ئەمە هەر ئەو ئیرادە پەتییە تاکخوازانەیە کە هێگڵ لەگەڵ بیرۆکەی بەلاڕێدابەری بنچینەیی کە خۆی لە نێو ئاراستە توندڕەوەکانی نێو شۆڕشی فەڕانسا دەربڕی، دەبەستێتەوە. ئەم ئایدیایە کە پی وایە دەکرێ لە واقعیەتی مێژوویی دابڕان ڕوو بدات و بە پێی ئیرادەی کۆبوونەوەیەکی مرۆیی، ڕێکخستنێکی سیاسی بسازرێت، بوو بە هۆی بشێوی و تۆقانێک کە دەبوا خەونە ئۆتۆپییایەکان لە نێویدا بە کۆتایی خۆیان بگەشتنایە:
«بەم هۆیەوە، کاتێک ئەم ئاکامە ئابستراکتانە بە دەسەڵات گەیشتن، بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤدا دیمەنێکی سەیروسەمەر ڕووی دا، ئەویش سەراونخوونی یاسای بنەڕەتی دەوڵەتێکی مەزنی واقعی و دووبارە درووستبوونەوەی لە دووای لێکترازانی هەبوونەکەی و هەموو بەستێنە بەردەستەکانی؛ ئەمجارەیان لەسەر بنچینەی فکرێکی تەواوپەتی.
ئیرادەی دامەزرێنەرانی [دەوڵەتی فەڕانسا] ئەوە بوو کە بنچینەیەکی تەواوەن عەقڵانی پێوە گرێ بدەن، بەڵام ئەمە تەنیا ئابستراکشنەکان بوون کە بەکار دەهاتن، ئایدیا نەبوون. لە ئەوپەڕی ترس و تۆقاندندا ئەم تاقیکردنەوەیە کۆتایی پێهات.»[35]
لەسەر هێڵێکی هاوتەریبدا، دەبێت سەرنجی ئاگادارکردنەوەکەی هێگڵ بدرێت کە نابێت دەوڵەت وەکوو گرێبەستێک ببینرێت کە دەتوانێت بە مەیلی خۆی کۆتایی پێبێت:
«ئێمە لەوەوپێش، لە لەدایکبوونەوە هاووڵاتی دەوڵەتین؛ ئامانجی عەقڵانی مرۆڤ، ژیانە لە نێو دەوڵەتدا.»[36] مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە و دابڕاندنی لە پەیوەندییە سیاسییەکان، مرۆڤایەتییەکەی لەبەین دەبات.
لە نێو ئەم واتایەدایە کەوا هێگڵ ئایدیاکەی خۆی لە دەوڵەت بە تایبەتی لە 258§ دا دەردەبڕێت؛ ئەم ئایدیایەش بەرزەوەبووتر لە هەر دوو فەلسەفەی سیاسیی شۆڕش و چاکسازیییە.
یاسای بنەڕەتی و مۆنارشی
لێدوانی هێگڵ لەسەر پێکهاتەی دەستووریی دەوڵەت لە نێوان بابەتی ئایدیای مۆنارشی (پاشایەتی) و تێگەیشتنی ئەو لە مۆنارشی، ژمارەیەک تایبەتمەندی لە خۆی دەگرێت کە شایەنی ئەوەیە بەوردی لەسەری بدوێین.
جۆرە مۆنارشییەک وا هێگڵ لە زەینیدایە سیستمێکە کە لە نەریتی موتڵەقخواز و ئۆتۆریتاریەن دوور دەبێت و بەرەو فۆڕمێکی سنووردارکراوی پاشایەتی دەستووریی دەڕوات: «گەشەی دەوڵەت بەرەو مۆنارشی دەستووری دەسکەوتی جیهانی مۆدێرنە.»[37] هەرچەنە، ناکرێت سیستمێکی وا وەکوو شتێکی لەوەوپێش، بەسەر هەموو کۆمەڵگایەکدا بسەپێنرێت؛ چونکە خۆی گەشەکراوی ژێرخانێکی سەرلەبەر لە دامەزراوە و داب و نەریتەکانە، و هەرجۆرە هەوڵ بۆ گونجاندنی فۆڕمی مۆنارشییەکی دەستووریی لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە ئامادەیی بۆی نییە، ئەوە شکستێکی حەتمی دەخوات.
هێگڵ باسی ئەوە دەکات چۆن ناپێلۆن یاسایەکی بنەرەتیی بە سپانییەکان بەخشی کە زۆر لەو شتەی کە لە سەرەتایەوە خاوەنی بوون، عەقڵانیتر بوو، بەڵام «ئەوان وەکوو شتێکی نامۆ بینییان و سڵیان لێ کردەوە، چونکە هێشتا لەو ئاستەدا پەروەردە نەبووبوون.»[38] لە هەمان پەرەگرافدا هێگڵ دەڵێت: «دەستووری هەر نەتەوەیەک بە گشتی دەبەسترێتەوە بە کەسایەتی و گەشەی خۆ-ئاگاییەکەی…یاسای بنەڕەتیی نەتەوەیەک دەبێت گیان بە بەرکەوتنەکانی لەگەڵ مافەکان و پێگەکەی ببەخشێت، بێجگە لە ئەمە ئەگەری ئەوە هەیە یاسای بنەڕەتی بە شێوەی دەرەکی هەبێت بەڵام خاڵی لە مانا و بایەخ بێت.»
ئەم ڕوانینە قەرزاری مانتێسکییۆیە، کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئیمکان و زەروورەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی گشتی لە ئاستی مەرجی سەرەتایی بۆ گەشەی سیاسی. هێگڵ چەند نموونەیەک سەبارەت بەم بابەتە لە مێژووی دەستووریی ئینگلیس و ئەڵمان دێنەتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێگڵ فامی دیالێکتیکی خۆی سەبارەت بە سروشتی گۆڕانی مێژوویی دەخاتە ڕوو؛ لە هەمانکاتیشدا هەڵوێستی ئەو، بەرچاوهێنەری ناکۆکییەکەیەتی لەگەڵ گۆڕانی توندتیژدا، کە وەها گۆڕانێک خاڵی لە ڕەهەندی دیالێکتیکی دەبینێت: «پێشەوەچوونی دۆخی کاروبارێک بۆ دۆخێکی دیکە، لە ڕوواڵەتدا هێمن و لەبەرچاونەگیراوە. بەم شێوەیە لە ماوەیەکی درێژدا بنیاتێک دەبێتە شتێکی سەرلەبەر جیاواز لە ڕەچەڵەکەکەی.»[39]
لایەنگریی هێگڵ لە مۆنارشی دەستووریی وەکوو مۆدێلی دەوڵەتی مۆدێرن، پرسی جیاکردنەوەی بوارەکانی دەسەڵات دێرێتە پێش. ڕوونە کە لێرەدا ڕوانینی هێگڵ لە هەرجۆرە ڕاڤەی ئۆرتۆدۆکس لە تیۆری جیاکردنەوەی بوارەکانی دەسەڵات دوور دەبێتەوە. گەرچی بنیاتی دابەشکردنی دەسەڵات وەکوو “گەرەنتی ئازادیی گشتی” ستایشت دەکات[40]؛ بەڵام دژی هەر سیستمێکە کە بیهەوێت لە ڕێگەی تەرخانکردنی هەر دامەزراوەیەکی سیاسی -بە کارکرد جیا و دابڕاو- جیاکردنەوەی بوارەکانی دەسەڵات مسۆگەر بکات. هێگڵ ئەمە وەکوو ئابستراکتێکی شیاوی فام (تێگەیشتن) ڕادەوەستێنێت نەک وەک عەقڵ. ئەو شتەی هێگڵ بەدووای دەگەڕێت سیستمێکە کە لە نێویدا هەر بوارێکی دەسەڵات بتوانێت هەموو بوارەکانی دیکەی دەسەڵات بەگونجاوی لە خۆ بگرێت. ئاوا پێکەوەبەستراوییەکی ئۆرگانیک گەرەنتی ئەوە دەکات کە کارکردی سنووردارکراوی دوولایەنە، خودی کارکردی یەکپارچەییەکە نەسڕێتەوە:
«کەواتە بێگومان بوارەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێت جیابکرێنەوە، بەڵام هەر کام لەوانە دەبێت گشتێک لە نێو خۆیاندا شکڵ ببەخشن و چرکەساتەکانی دیکە لە نێو خۆدا هەڵبگرن. کاتێک ئێمە سەبارەت بە چالاکییە جیاوازەکانی ئەم بوارانە لە دەسەڵات قسە دەکەین، نابێت بخزینە نێو ئەم هەڵە گەورەیەی کە جیاوازییەکانیان بەم شێوەیە لێک بدەینەوە کە بمانگەیێنێتەوە ئەم گریمانەیەی کە هەر بوارێکی دەسەڵات دەبێت سەربەخۆ لە یەکتر و دابڕاو لە ئەوانی دیکە بمێنێتەوە.»[41]
بە شێوەیەک ئەگەری ئەوە هەیە ئەمە جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو شتەدا نەبێت کە لە کۆتاییدا بووە ڕەوتی یاسای بنەڕەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ شوێنێک کە سەرۆککۆمار بەشداریی لە یاساداناندا هەبوو لە کاتێکدا سێنا لە ڕێگەی دەسەڵاتەکەیەوە بۆ چەسپاندن یان ڕەدکردنەوەوی پلەوپایەکان، لە سەر دەستی کۆمیتە بەهێزەکانییەوە، توانی دەنگێک لە نێو بەڕێوبەرایەتی (ئیدارە) بە دەست بهێنێت. هێگڵ بەڕوونی دەیهەوێت لە نێوان کارکردەکانی یاسادانان و لێژنەی دادگەری جیاکاری بکات -هاوڕانەبوونی لەگەڵ یاسا نەریتی و نەنووسراوەکانیش هەر بۆ ئەم بنەمایە دەگەڕێتەوە؛ چونکە لە نێو سیستمێکی یاسای نەریتیدا، دادوەر بۆ هەموو ئامانجە کردەییەکان یاسا دادەنێت و باوەڕی هێگڵ ئەوەیە کە ئەم ڕەوتە تێکدەرە و قبوڵنەکراوە.[42]
بەڵام ئەم دەستەبەندییەی بوارە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات، جیاوازییەکی کەمی هەیە لەگەڵ سێ بەشە نەریتییەکەی دەسەڵات کە لە لایەن مانتێسکییۆ وێنا کرابوو، لێرەدایە کە ڕۆڵێکی تایبەت بە مۆنارش (پاشا) لە لایەن هێگڵەوە دەدرێت. بوارەکانی دەسەڵات ئەمانەن:
(a) دەسەڵاتی دیاریکردن و بنیاتدانانی پرسی یونیڤێرساڵ، [واتە] دەستەی یاسادانەر.
(b) دەسەڵاتی دانانی کەیسە یەکە و بوارە تایبەتییەکان لە ژێر پرسی یونیڤێرساڵ – دەسەڵاتی جێبەجێکار.
(c) دەسەڵاتی سابجێکتیڤیتە، وەکوو ئیرادە لەگەڵ دەسەڵاتی بڕیاردانی کۆتایی – تاج. لە تاج و تەختدا، دەسەڵاتە جیاوازەکان لە نێو یەکێتییەکی تاکی دەبەسترێنەوە کە ترۆپک و بنچینەی گشتێتیە؛ واتە مۆنارشیی دەستووری.[43]
کەواتە مۆنارشی بۆ پێکهاتەی سیاسیی هێگڵ بنچینەییە، بەڵام شێوەیەک کە ئەو لێی تێدەگات و وێنای دەکات، تاقانەیە و جیاوازە لەو سۆنگە زاڵانەی کە لە نێوان تیۆریستە سیاسییەکانی بەرەی بووژاندنەوەدا باون؛ کەسانێک کە مۆنارشییان وەکوو شتێکی ڕیشەداکوتیو لە نێو بنەمای ڕەوایی و حەقێکی ئیلاهیدا دەدیت. لە باسی ڕەخنە لە هەڵێڕدا، هێگڵ ئیدعای حەقی ئیلاهی بچووک دەکاتەوە؛ لە هەمانکاتیشدا سۆنگەی مانتێسکییۆ سەبارەت بە مۆنارشی، لە ڕوانینی هێگڵەوە لە نێو نەریتی فێئۆداڵیزمدا نوقم بووە. «کە لە نێویدا پەیوەندییە بەفەرمی ناسراوەکانی نێو یاسای بنەڕەتی لە نێو مافەکانی بواری کەرتی تایبەت ڕەنگ ئەداتەوە.»[44] لە ڕوانینی هێگڵەوە، [سیستمی] مۆنارشی هەموو چرکەساتە جۆراوجۆرەکانی دەستوور و دامەزراندن ئاوێتە دەکات و ئێلێمێنتی خۆ-دیاریکردن کە دەوڵەتی مۆدێرنی لەسەر بنیاتنراوە، ئاشکرا دەکات:
«دەسەڵاتی تاج و تەخت، لە خۆیدا بریتییە لە سێ چرکەساتی گشتەکە؛ واتە 1. یونیڤێرساڵبوونی دەستوور و یاساکان، 2. ڕاوێژ و نوێنەرایەتی: پرسی تایبەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر پرسی یونیڤێرساڵ.
- چرکەساتی بڕیاردانی کۆتایی وەکوو خۆ-دیاریکردنێک کە هەمووشتێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆی و دەسپێکی ڕاستەقینەبوونی خۆی لە ئەوەوە وەردەگرێت.»[45]
ئەمە شێوەیەکی نائاسایی و تایبەتە بۆ دیتنی مۆنارشی. لەو لایەنەوە کە لای هێگڵ دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر سابجێکتیڤیتە و خۆ-دیاریکردن بیچمی گرتووە، کەواتە دەبێت دەربڕینی ئەم سابجێکتیڤیتەیە لە نێو دامەزراوە ئابجێکتیڤەکانی دەوڵەت بوونی هەبێت:
«حەقیقەتی سابجێکتیڤیتە تەنیا لە نێو سابجێکتێک بە دەست دێت و حەقیقەتی کەسایەتی تەنیا لە نێو کەسێک… کەواتە ئەم چرکەساتە ڕەبەقە یەکلاییکەرەوەی گشتێتی، تاکێتی نییە لە گشتدا، بەڵکوو تاکێکی تاقانە، [واتە] پاتشایە…
ئەم شتەی دووایی کە هەموو پرسە تایبەتییەکان لە نێو خودە تاقانەکەیدا ئاوێتە [aufhebt] دەکات، قورسایی شتە بەسوود و شتە تێکدەرەکان، کە ڕێگەی ئەوە دەدەن لە نێوانیاندا لاسەنگییەک بەردەوام بێت، کورت دەکاتەوە. و بە وتنی “من ئیرادە دەکەم” بڕیاری خۆی درووست دەکات؛ کەواتە بناغەی هەموو چالاکییەکان و ڕاستەقینەبوون دادەمەرزێت.»[46]
لێرەدا پاڕادۆکسێک لە نێو تیۆری مۆنارشی هێگڵ شاردراوەتەوە. لە کاتێکدا کە فۆڕمی نەریتی مۆنارشی ڕادەگرێت، بەڵام هێگڵ بە کردنی تاج و تەخت بە سیمبۆڵی خۆ-دیاریکردن، مۆنارش لە هەرجۆرە دەسەڵاتێکی واقعی [و کارتێکەر] بێبەری دەکات. لەوە دەچێت کە هێگڵ وای بیر کردبێتەوە کە تەنیا ڕێگەی کاریگەر بۆ دژایەتی ئایدیای موتڵەقخوازی کۆن لە بەرانبەر مۆنارشیدا و درووستکردنی بەربەست بۆ تیۆرییەکانی ڕەوایی بووژانەوە، ئەوەیە کە فۆڕمی مۆنارشی وەک سیمبۆڵێک بۆ ئایدیای مۆدێرنی سیاسیی لە سابجێکتیڤیتە و خۆ-دیاریکردندا بهێڵێتەوە. هەرچەنە بێگومان ئەمە لەگەڵ ڕوانینی خودی هێگڵ -کە پێشووتر باسکرا- سەبارەت بە گۆڕینی سیاسی کە “سەرنجپێنەدراوە” هاواهەنگە.
هێگڵ لێرەدا ئەو شتەی کە دەبوو ببێتە شوبهاندنێکی ناسراو، فورموڵە دەدکات- هەڵسەنگاندنی کارکەردی مۆنارش لەگەڵ خاڵدانانی (پەنجە لەسەردانان)ـی “من”ـەکان:
«لە نێو دەوڵەتێکی تەواو ڕێکخراودا، شوێنێكه كه تیایدا بڕیاری فهرمی دهگاته دووائاستی خۆی، [مۆنارش] تەنیا دەبێت بڵێ “بەڵێ” و “من” وەک خاڵ داچەقێنێت، چونکە پێگەی دەسەڵات [تاج و تەخت] دەبێت بە شێوەیەک بێت کە خاوەنەکەی [یان ڕاگرەکەی] خودی نەخشەڕێژەکە نەبێت. لە نێو مۆنارشییەکی بەباشی ڕێکخراودا، ڕەهەندی ئابجێکتیڤ تەنیا پەیوەند دەدرێت بە یاساوە و بەشی مۆنارش تەنیا ئەوەیە کە “من ئیرادە دەکەم”ـی زەینی لەگەڵ یاسا بگونجێنێت.»[47]
کەواتە پاشا دەتوانێت پێویستییەکی زاتی بێت -ئەگەر نەبێت، منەکان بەبێ خاڵکوتان زۆر دەبنەوە- بەڵام هاوکاتیش تەواو بێ بایەخە. هەر بۆیە سیستمی نەوە خستنەوە لە هەموو سیستمەکانی دیکەی پارێزەری پاشایەتی باشتر و کاریگەرترە؛ ئەگەر توانستێکی عەقڵانی لە مۆنارش دەخوازرا, کەواتە نەوەی سەرەتایی دەبێتە سیستمێکی بە هەڵکەوت. بەڵام هەرکەس دەتوانێت بڵێت “من ئیرادە دەکەم” بە مەرجی ئەوەی کە ڕێککەوتنێک هەبێت سەبارەت بەوەیکە ئەو کەسە کێ بێت و بتوانێت بنەمای بەردەوامی نەوەی [پاشایەتی] بپارێزێت. ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک پی وابێت هێگڵ بە نموونە ئەمەی خوارەوە بە توانجەوە دەنووسێت:
«کێشە گەورەترەکە ئەوەیە کە ئەم “من ئیرادە دەکەم” ـە، وەکوو کەس یان شەخس فام بکرێت. ئەم ئیرادە دەکەمە بە واتای ئەوە نییە کە مۆنارش تاوتاوانە ڕەفتار بکات. بە پێچەوانەوە بەو ناوەڕۆکە پێشنیارکراوەی کە وەری دەگرێت پابەند دەمێنێت. و ئەگەر دەستوور سەقامگیر بێت، [مۆنارش]کارێک زیاتر لە واژۆی ناوی خۆی ئەنجام نادات. بەڵام ئەم ناوە گرنگایەتی هەیە. ئەمە شوێنێکە کە تێپەڕبوون لێی مومکین نییە…
ئەم “من ئیرادە دەکەم”ـە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان جیهانی کەونار و مۆدێڕن بنیات دەنێت و دەبێت لە نێو بینای گەورەی دەوڵەتدا بوونی جیاکەرەوەی خۆی هەبێت.»[48]
بەم شێوەیە پاشا تەنیا تاکە سیمبۆڵی یەکگرتوویی دەوڵەتە. لە کاتێکدا وەزیر و کارگێڕەکان وڵامدەرەوەی کارەکانیانن، ئەو [پاشا] وڵامدەر نییە.[49]
وەزیر و کارگێڕەکان لەسەر بنەمای توانستەکانیان دیاری دەکرێن؛ بەڵام هەمووان دەتوانن ببنە پاشا، و هەر دەبێت وایش بێت. پاشا دەبێت لە سەرووی ناکۆکی نێوان هێزە بەرییەکەوتووەکانی نێو کۆمەڵگادا بێت. ئەمە تیۆری مۆنارشە کە لەو سەردەمەیدا کە هێگڵ فورموڵەی کرد لە هیچ شوێنێکی ئەورووپا نەبووە بوونێکی واقعی. بە دڵنیاییەوە ئەمە پارادیمێک لە مۆنارشی پرووس نییە و تەنیا لە دوواییدا و لە سەدەی نۆزدەیەم بە هێمنی گەشەی کرد:
«لەم یەکگرتووییەدا یەکگرتویی ڕاستەقینەی دەوڵەت شاراوەیە، و تەنیا لەم ڕێگایەوە…
[دەکرێت] یەکگرتوویی دەوڵەت لە مەترسیی کەوتنە نێو بوارە تایبەتییەکان، هەوەسەکان، ئامانجەکان و بیروڕا جیاوازەکان بپارێزرێت. و هەروەها [یەکگرتووییەکە] لە شەڕی باڵەکانی [دەسەڵات] لە دەور و بەری تاج و تەخت لاوازی و ڕووخانی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، دەپارێزێت.»[50]بە پێی لێدوانی هێگڵ، ئەم سروشتە گەشەکردوو و بێلایەنکراوەی مۆنارشی دەشتوانێت دووبەرەکیی نێوان دێمۆکراسیی کلاسیک و مۆنارشیی کلاسیک چارەسەر بکات. هێگڵ دەڵێت کە: “بنەمای جیهانی مۆدێرن ئازادی سابجێکتییڤیتەیە.” دێمۆکراسیی کلاسیک هەر وەک مۆنارشیی کلاسیک، تاک لایەن بوو. کەواتە درێژەی پێ دەدات: «کام فۆڕمی حکومەت، مۆنارشی یان دێمۆکراسی باشترە؟ تەنیا دەتوانین بڵێین کە هەموو فۆڕمە دەستوورییەکان یەک لایەنەن مەگەر ئەوەی کە ئەوان بتوانن بنەمای سابجێکتیڤیتەی ئازاد لە ناو خۆیاندا ڕابگرن و بزانن چۆنچۆنی لەگەڵ عەقڵانیەتێکی خۆناسیودا هاودەقی دەکەن.»[51]
بە پێی لێدوانی هێگڵ مشتومڕی تەریب سەبارەت بە سەروەریی خەڵک لە بەرانبەر سەروەریی پاشا بە شێوەیەک بە وێناکردنی دەوڵەت وەک خۆی، لە ئاستی هەڵگری سەرەوەری دەتوانێت چارەسەر بکرێت، نەک دەوڵەت وەکوو یەکێک لە دامەزراوە و بەشەکان.[52]
لە هەموو نووسراوە سیاسیەکانی هێگڵدا، ئەوە لە نێو فەلسەفەی حەقدایە کە ڕۆڵی مۆنارشی لە کەمترین ئاستدا باس دەکرێت. لە ماوەی دەسەڵاتداریی ناپێلۆن، هێگڵ لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ پاشای پرووسدا، پێناسە و ڕۆڵێکی زیاتری بە ئێمپراتۆری مەزن [ناپێلۆن] بەخشی. لە کاتێکدا هێگڵ ستایشی خۆی بۆ ڕۆڵی سیمبۆڵیکی مۆنارش دەردەبڕێت، بەڵام لەگەڵ هەرجۆرە هەوڵێک ناکۆکە بۆ تەرخانکردنی مۆنارشی لەگەڵ [بیرۆکەی] واقعیەتی دەسەڵات یان بنیاتنانی لەسەر هەڵوێستی بەڵگە ڕەواییخوازەکان: مۆنارشێکی بەدەسەڵات خۆی لە نێو ململانەی سیاسیدا دەکاتە حزبێک. سەردەمی چاکسازیی پرووس لە ژێر ڕێبەرایەتی شتەین و هاردێنبرگ ڕەنگە وەکوو سەرهەڵدانی هیوایەک بینرابێت کە مۆنارشی لە وەها ڕێگە و ڕەوتێکدا لە جووڵەدایە. بەڵام ژیانەوەی ڕوانینێکی ڕەواییخواز، مەسیحی و ڕۆمانتیست، لەسەر مۆنارشی -لە دەیەی 1830دا- بە یارمەتی فریدریش ویلهلم چوارەم، بووە هۆی وەلانانی تیۆری مۆنارشی هێگڵ. لەو کاتەدا و دەسبەجێ دووای مەرگی هێگڵ، نامیلکە و وتاری جۆراوجۆر لە ئەڵمان بڵاو بوویەوە کە هێرشی دەکردە سەر تیۆری هێگڵ سەبارەت بە دەوڵەت و مۆنارشی و لەگەڵ بنەماکانی دەوڵەتی پرووس و خانەدانی هوهێنزولێرن بە نەگونجاو پێناسەی دەکرد.[53] وەکوو زۆربەی نموونەکانی دیکە، هاوچەرخەکانی هێگڵ لە پەیامی ڕەخنەیی تیۆری سیاسەتی هێگڵ بە باشی تێگەیشتن.
سەروەریی یاسا
هەرچەن سەردێڕی فەلسەفەی حەقی هێگڵ هەموو پانتایی ڕۆحیی ئابجێکتیڤ لە خۆ دەگرێت نەک تەنیا بواری یاسایی لە واتا بەرتەسکەکەی خۆیدا؛ بەڵام ئاساییە کەوا [چەمکی] یاسا ببێتە ناوەندی تیۆری ژیانی دامەزراوەیی و گشتی. لە سەردەمی دەستووری ئەڵمانییەوە هێگڵ سەبارەت بە پێویستی جیاکردنەوەی بواری یاسای تایبەت و گشتی زۆر پێداگرانە قسەی دەکرد. بەڵگاندنەکانی ئەو دژ بە یاساناسەکانی ڕایشی کۆن، نەریتخوازەکانی ورتمبێرگ، هەروەها دژ بە هەڵێڕ، هەمووکات لەسەر ئەم بنەمایە بووە کە ئەوان ئەم جیاکارییە پێویستە درووست ناکەن و دەوڵەت [لەم بیرۆکەدا] دابەزیوە بەرەو ئاستی بەرژەوەندییە شەخسییەکان، و بواری گشتیش (res publica) لەگەڵ ئەمەدا لە باسەکاندا دیار نەما.
لە سەرەتای فەلسەفەی حەقدا، هێگڵ بەڵگاندن دەکات کە یاسا پانتاییی ئازادییە.[54] پەرەسەندنی عەقڵانیبوونەوەی پێکهاتە یاساییەکان، یەکێکە لە پێوانەکان بۆ پێشکەوتنی مێژوویی.[55] ڕێکخستنەوەی یاسا، کە هەوڵ دەدات میراتی یاسایی سەردەمەکانی ڕابردوو لە هەر کۆمەڵگایەکدا بە سیستماتیک و بە عەقڵانی بکات، پێشوازی لێ دەکرێت و ئەو فەرمانگێڕانەی کە دەسپێشخەری وەها ڕێکخستنەوەیەکی یاسایی هەمەلایەن بوون «لە گەورەترین خزمەتکارەکانی خەڵک بە هەژمار دێن.»[56]
سەرەڕای ئەمەش، بە پێی لێدوانی هێگڵ، ئەو شتەی کە لە نێوان زۆرداری و دەوڵەتێکی باشڕێکخراودا جیاوازی درووست دەکات، بوونی ڕێسا و دەستوورگەلی سەقامگیر و ناسێنراوە کە بریتییە لە شیرازەی حکومەت. ناکۆکی هێگڵ لەگەڵ موتڵەقخوازیی پاشایەتی و دێمۆکراسیی زۆرینە لەم خاڵەدا هاوبەشە کە لە نێو هەر دوو کەیسەکەدا، یاسا وەکوو دامەزراوەیەکی ئابجێکتیڤی هاوسەنگیبەخشی ڕەفتار، ون دەبێت؛ زۆرینەیەک دەتوانن هەر وەکوو ستەمکارێک زۆردار بن:
«ستەمکاری بە واتای حاڵەتی هەر کاروبارێکە کە تیایدا یاسا ون بووە و لە نێویدا ئیرادەی تایبەت چ وەکوو مۆنارش یان حەشیمەتێک (ئۆکڵاکراسی) دەبێتە یاسا یان ئەوەیکە پێگەی یاسا دەگرێت. لە کاتێکدا تەنیا لە نێو حکومەتی دەستووریدایە کە سەروەری وەکوو چرکەساتی ئایدیاڵیتە دەدۆزرێتەوە – ئایدیاڵیتەی (ئایدیاڵبوونی) بوار و کارکردە تایبەتەکان.»[57]
بنەما گشتییەکانی حکومەتی یاسا لە 228 – §222§ فەلسەفەی حەقدا باسکراوە و دادگاکانی یاسا لێرەدا دەبنە سەرچاوەی مافەکانی تاک. ئەم مافانە هەم تاک وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگای مەدەنی و هەم سەرپرشتیی دادوەری لە خۆ و ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت. هەر تاکێک مافی ئەوەی هەیە لە بەرانبەر دادگادا بوەستێت و «لە نێو دادگادا ئەو تایبەتمەندییەی کە ماف بە دەستی دەهێنێت، ئەوەیە کە دەبێت هەڵگری سەلماندن بێت.»[58]
یاساکان دەبێت ڕاگەیەندراو و گشتی بن؛ کەیسە یاساییە تایبەتەکان جیاواز لە ڕێکخستنە یاساییەکان (codificaion) ڕەنگە ئەم سروشتە گشتییەی یاسا بێ بایەخ بکەن:
«گەر پێویست بێت کە یاساکان هێزی پێکبستنەوەیان هەبێت کەواتە لە چوارچێوەی حەقی خۆ-ئاگاییدا، دەبێت بە شێوەی یونیڤێرساڵ بناسرێن.
هەڵواسینی یاساکان بە شێوەیەک کە هیچ هاووڵاتییەک نەتوانێت بیانخوێنێتەوە ( وەکوو دیونیسیسی زۆردار) نادادییەکە وەک ئەوەی کە کتێبە گەورە زانستییەکان و کۆمەڵێک لە داوەری و بۆچوونەکان، نەریتە تۆمارکراوەکان و هتد بە زمانێکی مردوو بکەینە ژێر خۆڵ؛ تاکوو ئەوەی کە زانین سەبارەت بە یاسا تەنیا بۆ کەسانێک دەستڕاگەیشتنی بێت کە دەیخەنە بەردەوم موتاڵایەکی پسپۆڕانە.»[59]
بەگشتی کردنەوەی دادخوازییە یاساییەکان ئەنجامی جیهانیبوونی یاسایە. لە کاتێکدا کە زۆربەی حکومەتە ئەورووپییەکان بەرەو دادخوازییە یاساییەکان دەگەڕانەوە؛ ئاگادارکردنەوەکەی هێگڵ تەنیا بەڵگاندنێکی تیۆریک بۆ ئاقاری گشتی نەبوو، بەڵکوو هەروەها پەیامێکی سیاسیی بەهێزیش بوو:
«مافەکانی ئاگایی سابجێکتیڤ تەنیا بریتی نییە لە بڵاوکردنەوەی یاساکان؛ بەڵکوو هەروەها ئیمکانی زانینی دادخوازییە یاساییەکانە لە پانتاییی گشتیدا. هۆکارەکەی ئەوەیە کە دادخوازی [دادپرسی] لە خۆیدا ڕووداوێکە بە ئیعتباری یونیڤێرساڵەوە، گەرچی ناوەرۆکە تایبەتەکەی سکاڵاکە تەنیا کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیی لایەنەکان هەیە، بەڵام ناوەڕۆکە یونیڤێرساڵەکەی کە بریتییە لە مافی بەپرسکردن و داوەری لەسەریان، کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی هەمووان هەیە.
ئەمە تێگەیشتنێکی کۆیی سادەیە گەر بڵێین بەڕێوەبردنی گشتی دادگا، مافێکە و ڕەوایە… یەکێک لە بەشە پێکهێنەرەکانی ماف و دادوەری، متمانەی هاووڵاتییانە بەوان، ئەمە پێویستییەکە وا دادخوازیی یاسایی دەکاتە بابەتێکی گشتی.»[60]
جیا لەو بابەتەی کە باسکرا؛ هێگڵ جەخت دەکاتەوە کە بەگریمانەگرتنی چوارچێوەگەلی گشتی، کە بە وردی دەگەڕێتەوە سەر کاروبارێک کە بۆ یاسادانان لە لایەن دەوڵەتەوە ڕێگەپێدراوە، ئەستەمە. لە کاتی شەڕدا ڕەنگە حکومەت ناچار بێت سەبارەت بە بابەتگەلێک کە لە کاتی ئاساییەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانیەتی، یاسا دابنێت. هێگڵ هەروەها وشیارە کە وەها زەروورەتێک، زۆربەی جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە حکومەت لە چاوی خەڵکدا «ئاستێک لە بێزاری بە دەست بێنێت.»[61]
بەڵام لە دەرەوەی ئەم ڕێکەوتانە، هێگڵ لەو باوەڕەدایە کە ڕەوتی یاسادانان نابێت لە نێو بابەتگەلی پەیوەندیدار بە باوەڕ و باشترزانینراوە سابجێکتیڤەکان دەستێوەردان بکات؛ بواری شەخسی و مۆراڵی تاک نابێت ببێتە بەشێکی یاسادانان:
«ئاکارێتی و حوکمە ئاکارییەکان (مۆراڵ) دەگەڕێتەوە سەر ئیرادەکردن لە نێو شەخسیترین، سابجێکتیڤترین و تایبەتترین لایەنی خۆیدا، کەواتە ناکرێت ببێتە بابەتێک بۆ یاسادانانی پازێتیڤ…
یاسادان لە سەردەمی سەرەتایی کەوناردا پڕ بوون لە دەستوور و حوکمگەلێک سەبارەت بە چاکەکاری و حورمەت کە بە پێی سروشتی خۆیان نەگونجاوبوون لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسایی؛ چونکە ئەو یاسایانە بە گشتی لە نێو بواری ژیانی دەروونیدا جێیان گرتووە.»[62]
لە ڕێگەی بەڵگاندنێکی ئاڵۆز و هەندێکجاریش ڵێڵ، هێگڵ بەم ئاکامگیرییە دەگات کە سروشتی یاسا، واتە دەربڕینی خۆ-ئاگایی، دەبێت لە لایەن دەستەی دادوەرانەوە ڕێنوێنی بکرێت؛ دیسان ئەمە بابەتێکە کە لە سەردەمی خۆیدا بە گشتی لە ڕەوتی باو و جێگرتوو لە پرووس و ئەورووپا دوور بوو. هێگڵ بەڵگاندن دەکات کە لە نێو دادوەریدا هەمووکات دوو ڕەهەند بوونیان هەیە – پرسی ڕاستی (فاکت) و پرسی یاسا. دووەمیان پێویستی بە بڕیاری دادوەرە، بەڵام تا ئەو شوێنەی کە دەگەڕێتەوە سەر پرسی ڕاستی «هیچ بنیاتێک کە بتوانێت دادوەر -واتە پسپۆڕی یاسا- وا گریمانە بکات کە دەبێت تەنیا کەسێک بێت کە چۆنیەتی ناڕاستبوونی ڕاستییەکان دیاری بکات، بوونی نییە؛ چونکە توانای وەها کارێک دەبەسترێتەوە بە پەروەردەی گشتییەوە نەک تەنیا ڕەوتی یاسایی»[63]، لەم ڕووەوە هەر وەک یاسای ئینگلیس، پرسی ڕاستی دەبێت لە لایەن لێژنەی دادوەرانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
لەسەر ئەم تێگەیشتنە کۆییەی دادوەریی لێژنەی دادوەران، هێگڵ ڕەهەندێکی زیاتر جێی ڕامان سەبارەت بە خۆ-ئاگایی زیاد دەکات: حوکمی هاوتەمەن و هاوپلەپایەکانی کەسێک، هەر حوکمی تاوانکارەکەیە لەسەر خۆی، کە لە ڕێگەی خۆ-ئاگایی خەڵکانێک کە نوێنەری هەمان ئاست لە ئاگایی تاوانبارکراوەکەن، نێوانجی دەکرێت.[64]
بێ متمانەیی هێگڵ بە پارێزەران، دەستی ئەو بۆ بەڵگاندێک سەبارەت بە حوکمی لێژنەی دادوەران دەکاتەوە. دادگاکانی لێژنەی دادوەران یارمەتی رێگریکردن لە پاوانخوازیی پارێزەرە پسپۆڕەکان دەدەن و مەیلێکی بەرچاویان بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی دادخوازیی وەکوو ڕەوتێکی ڕەمزاوی و ناڕوون هەیە. گەر یاسا قورخکراوی دەستی پیشەی یاسا بێت، «ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی بە نامۆیی لەگەڵ یاسا دەمێننەوە»، و هاووڵاتی لە بەشداری لە نێو ڕەوتی یاساییدا -کە لە ڕێگەیەوە نۆڕمە یاساییەکان لە لایەن هەمووان دەروونی دەبنەوە- بێبەش دەبێت.[65]
سەبارەت بە عەقڵانیبوونەوەوی پێشکەوتنخوازانەی یاسا لە درێژایی کاتدا، هێگڵ ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ بۆ داشکاندنی توندگری یاسای سزادان دەدۆزێتەوە: «ئەم ڕاستییە کە کۆمەڵگا بەهێز بووە و لەسەر خۆی دڵنیایی هەیە گرنگی دەرەکی خەسارەکان کەم دەکاتەوە و ئەمە هۆیەکە بۆ داشکاندنی سزاکەی.»[66] یاسایەکی توندی سزادان نیشانەی ناسەقامگیری دەروونی کۆمەڵگایە. هێگڵ پێشنیار دەکات، وەکوو هەموو دامەزراوەکانی دیکە، یاسای سزادان «دەبێت وەکوو نەوەی سەردەمی خۆی و [هاواهەنگ ]بێت لەگەڵ حاڵەتی کۆمەڵگای مەدەنی لە کاتی خۆیدا.» ئەم شلگرتنە ڕوولەپێشەی زەروورەتی کەڵکوەرگرتن لە یاسای سزادان، لە کۆتاییدا دەبێتە ڕەنگدەرەوەی بنچینەی تیۆری دەوڵەتی هێگڵ. واتە دەوڵەتی مۆدێرن کە لەسەر خۆ-ئاگایی و ئامادەیی هاووڵاتییان بۆ هاوکاریکردنی یەکتر بیچمی گرتووە، خوازیاری کەمکردنەوەی زۆرلێکردنە. زۆرلێکردن نیشانەی پێکهاتەگەلی گەشەنەکردوو و یەک ئاستە. شوێنێک کە خۆ-ئاگایی بەرەو خۆی دێتەوە، چیتر پێویست بە زۆرلێکردن ناکات.
___________________________
سەرچاوە:
“The State – the Consciousness of Freedom” In Hegel’s Theory of the Modern State, by Shlomo, Avineri. London: Cambridge University Press (1972).
شڵۆمۆ ئەڤینێری (Shlomo Avineri)
شلۆمۆ ئەڤینێری پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان و بەڕێوەبەری پەیمانگای موتاڵاتی ئەورووپی بوو لە زانکۆی هیبرو لە ئۆرشەلیم. هەروەها توێژەری میوان لە سەنتەری ویڵسۆن و ئەندامی پەیمانگای نێونەتەوەیی فەلسەفە بوو. کتێبەکانی بۆ بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون: بیری کۆمەڵایەتی و سیاسی کاڕڵ مارکس، کاڕڵ مارکس لەسەر کۆلۆنیالیزم و مۆدێرنیزاسیۆن، تیۆری دەوڵەتی مۆدێرنی هێگڵ، ئیسرائیڵ و فەڵەستینیەکان، بنیاتنانی زایۆنیزمی مۆدێرن، موسا هێس: پێغەمبەری کۆمۆنیزم و زایۆنیزم، کۆمەڵایەتی و تاکگەرایی، یاسای ناسنامەی ئایینی: مۆدێلەکانی پۆست کۆمۆنیزم.
- Avineri, Shlomo (1968). The Social and Political Thought of Karl Marx. Cambridge University Press.
- Avineri, Shlomo (1984). The Making of Modern Zionism: The Intellectual Origins of the Jewish State. International Journal for Philosophy of Religion 15 (3):181-182.
- Avineri, Shlomo (1961). The problem of war in Hegel’s thought. Journal of the History of Ideas 22 (4):463.
- Avineri, Shlomo (1973). Comment on Doull’s ‘Hegel and Contemporary Liberalism, Anarchism, Socialism’. In Joseph J. O’Malley (ed.), The legacy of Hegel. The Hague,: M. Nijhoff. pp. 249–252.
وشەنامە:
Statement: پێوابوون
Positive: ئەرێیی
Actuality: ڕاستەقینەبوون\واقعیبوون
Actual: ڕاستەقینە\واقعی
Order: ڕێکخستن\ڕێکخستە\نەزم
Co-existence: هاوبوون
Embodiment: گیانلەبەرداکردن\ جەستاندن
Self-determination: خۆ-دیاریکردن\خۆ-سەلماندن
Addition: هاوپێچ
Despotism: زۆرداریی
Jury: لێژنەی دادوەران
Morality: ئاکارێتی
Particular: تایبەت
Universal: گشتی\جیهانی\یونیڤێرساڵ
Trial: دادخوازی\دادپرسی
Codification: ڕێکخستنی یاسایی
Justice: دادوەری
[1] Hegel, Selections, ed. J. Loewenberg (New York, 1929), p. 443.
[2] In E. F. Carritt’s article on ‘Hegel and Prussianism’, reprinted in Kaufmann’s Hegel’s Political Philosophy, p. 36.
[3] Knox’s translation, p. 279.، بە شێوەیەکی دیکە ئاوایە: «ئەوە ڕێڕەوی خودایە لە ڕێگەی جیهانێکەوە کەوا دەوڵەت بنیات دەنێت.»
The Philosophy of Hegel, ed. C. J. Friedrich (New York, 1953), p. 283.
[4] Kaufmann, Hegel’s Political Philosophy, p. 279.
[5] J. N. Findlay, The Philosophy of Hegel, 2nd printing (New York, 1966), p. 326; cf. Rosenkranz, Hegels Leben, p. 332.
[6] Philosophy of Right. addition to § 258.
[7] Ibid. addition to § 279.
[8] Ibid. § 257.
[9] Ibid. § 146; cf. also § 144.
[10] Ibid. § 146; cf. also § 144.
[11] Ibid. addition to § 281.
[12] Ibid. addition to § 268.
[13] Ibid. addition to § 265.
[14] Ibid. § 268.
[15] Ibid. § 289.
[16] Ibid. § 261.
[17] Ibid. § 155.
[18] Ibid. § 33.
[19] Ibid. § 150. Cf. addition to § 261:
«لە دەوڵەتانی سەردەمی کەوناردا، ئامانجی سابجێکتیڤ بە سادەیی لەگەڵ ویستی دەوڵەت یەکێک بوو. بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا، ئێمە بانگەشەگەلێک بۆ داوەری کەسی، ئیرادەی کەسی و ویژدانی کەسی دەکەین.»
[20] Philosophy of History, pp. 413-37, 438-57.
[21] Philosophy of Right, § 260, and addition.
لە درێژەی پەیوەستەکەدا دەڵێ: «ئەو دەوڵەتانەی گەشەنەکردوون کە هێشتا ئایدیای دەوڵەت تیایاندا داپۆشراوە و دیاریکراوە تایبەتەکانی هێشتا بە خۆ-ڕاوەستاوەیی ئازاد نەگەیشتوون.»
[22] Ibid. addition to § 299.
[23] Ibid. § 258.
[24] Ibid. § 258.
[25] Ibid. p. 4.
[26] Ibid. § 260.
[27] Ibid. § 261.
[28] Ibid. § 149.
[29] Ibid. addition to § 270.
[30] Ibid. § 258.
[31] Ibid. § 258. Cf. Wilhelm Metzger, Gesellschaft, Recht und Staat in der Ethik des deutschen Idealismus, new ed. (Aalen, 1966), esp. pp. 251-78; Carl Schmitt, Politische Romantik (Miinchen anel Berlin, 1925). For further re marks by Hegel on Haller, see Berliner Schriften, pp. 678-84.
[32] Philosophy of Right, § 219.
[33] Ibid. § 258.
[34] Ibid.
[35] Ibid.
[36] Ibid. addition to § 75.
[37] Ibid. § 273.
[38] Ibid. addition to § 274.
«هەر نەتەوەیەک دەستووری گونجاو و تایبەت بە خۆی هەیە»
[39] Ibid. addition to § 298.
[40] Ibid. § 272.
[41] Ibid. addition to § 272.
[42] Philosophy of Right, § 21.
[43] Ibid. § 273.
[44] Ibid. § 273.
لەسەر بەڵگاندنی هێگڵ دژ بە تیۆری حەقی ئیلاهی: 281§
[45] Ibid. § 275.
[46] Ibid. § 279.
[47] Ibid. addition to § 280.
[48] Ibid. addition to § 279
هێگڵ دەڵێت لە زەمەنە پێشترەکان پەرسگە هەر ئەم کارکەردەی سابجێکتیڤیتەی موتڵەقی هەبوو.
[49] Ibid. § 284.
[50] Ibid. § 281.
هێگڵ زیادی دەکات: مۆنارشەکان بە بۆنەی توانا جەستەیی و فکرییەکان جیاواز نین.
[51] Ibid. addition to § 273.
[52] Ibid. §§ 278-9.
[53] K. E. Schubart’s Uber die Univereinbarkeit der Hegelschen Stautslehre mit dem obersten Lebens- und entwicklungsprinzip des prreussischen staats (Breslau, 1839).
سەبارەت بە هەموو ڕوانینە ڕەواییخوازە دژە هێگڵییەکان بڕوانە بۆ:
‘Hegel Revisited’, Journal of Contemporary History (1968), 133-47.
[54] Philosophy of Right, § 4.
[55] Ibid. § 216.
[56] Ibid. § 215.
ژوستێنیەن فرێدریکی گەورە و ناپێلۆن وەکوو نموونەگەلی ئەم فەرمانگێڕانە لە لایەن هێگڵەوە ئاماژە پێ دەکرێن.
[57] Ibid. § 278; also § 286.
[58] Ibid. § 222.
[59] Ibid. § 215.
[60] Ibid. § 224 and addition.
[61] Ibid. § 223 and addition.
[62] Ibid. § 213 and addition.
هێگڵ هەروەها دەڵێت کە سەبارەت بە بابەتگەلێک وەکوو هاوسەرگیری، عەشق و ئایین، دەوڵەت دەبێت تەنیا ڕەهەندگەلێک هاوسەنگ بکات کە «لە بنەمادا دەرەکین.»
[63] Ibid. addition to § 227.
[64] Ibid. § 228.
[65] Ibid.; also addition to § 215.
[66] Ibid. § 218.