داگرتنی وتارەکە: ژیل کێپێل – کەوتنی به‌شار ئه‌سه‌د، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ شڵه‌ژانێكی جیهانی
ڕۆژنامەی فیگارۆ
دێسامبری 2024
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی
گفتوگۆی فیگارۆ له‌گه‌ڵ سیاسەتناس و پسپۆڕی جیهانی عه‌ره‌ب، ژیل كێپێل كه به‌م دوواییانه كتێبێكی به‌ناوی “وه‌رچه‌رخانی جیهانی، دووای حه‌وتی ئۆكتۆبر” نووسیوه.
فیگارۆ: ڕاپه‌ڕیوه‌كان به سه‌ركردایه‌تی ئیسلامیسته ڕادیكاڵه‌كان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه له ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی سووریا “ئازادكردنی” دیمه‌شق و كه‌وتنی به‌شار ئه‌سه‌دیان، دووای هێرشێكی له‌ناكاو و خێرا، ڕاگه‌یاند. ئایا ده‌توانین وه‌ک ئێوه پێشتر له كتێبه‌كه‌تان باستان كردووه، باسی گۆڕانكارییه‌كی جیهانی بكه‌ین؟
ژیل كێپێل: له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ئه‌م كه‌وتنه، یه‌كێكه له ده‌ركه‌وتنه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییه. ئه‌مه به‌شێكه له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جیهانی كه ئێستا هه‌ڕه‌شه له ئێران ده‌كات و به كه‌وتنی ئه‌سه‌د ئێجگار لاواز بووه و هه‌روه‌ها ڕاچڵهكانێكیشه بۆ ئیسرائیڵ؛ چونکە له‌و شه‌یتانه‌ی كه ده‌یناسی ڕزگاری ده‌كات. به‌ڵام بوونی گرووپێكی ئیسلامیست (ئه‌گه‌ر شایه‌نی له‌به‌رچاوگرتنی سیاسیش بێت) له‌سه‌ر سنووری به‌رزاییه‌كانی گوڵان (جۆلان)، بۆ ئیسرائیڵ كێشه‌یه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ناوی سه‌رۆكی ئه‌و گرووپه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی عه‌له‌وی-به‌عسی تێكشاند، “ئه‌لجۆلانی” بێت، له زمانی عه‌ره‌بیدا به‌مانای “به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ناوچه‌ی جۆلان” دێت”، دایكوباوكی جۆلانی سوننی بوون و له ده‌ست حافز ئه‌سه‌د به‌ره‌و سعودیه هه‌ڵهاتبوون و له‌وێ كوڕه‌كه‌یان له‌دایک بوو و بە په‌روه‌ده‌یه‌كی په‌ڕگیر سه‌له‌فی كرا. هه‌روه‌ها ئه‌مه لێدانێكی قورسه بۆ ڕووسیا، كه له مه‌ترسیدایه دوو پێگه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر ده‌ریای مەدیتهرانه له ده‌ست بدات. پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی له ته‌ڕتووس، كه شه‌ش كه‌شتی ئه‌و پێگه‌یه ئێستا له وشكایی دووركه‌وتونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌كی هه‌وایی له حه‌میم، له سنووری درۆنه‌كانی ڕاپهریوهكانی سووریایه! له‌و كاته‌دا كه زلنسكی (سه‌رۆكی ئۆكراین) به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی كڵێسای نۆترۆدامی نۆژهنكراو، له‌ژێر چاودێری ئێمانۆئێل ماكرۆندا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی نوێی جیهان، دۆناڵد ترامپ، یه‌كتر ده‌بینن، ئه‌مه ده‌بێ ده‌ستی ئۆكراین كراوه‌تر و به‌هێزتر بكات. له ڕاستیدا سه‌رنجڕاكێشه، له ڕۆژی 6ـی سێپتا‌مبر، كه ده‌ست به‌سه‌ر حه‌له‌بدا گیرا، جۆلانی به تیشێرتێكی هاوڕه‌نگی سه‌رۆكی ئۆكراین له‌گه‌ڵ CNN چاوپێكه‌وتنی كرد!
فیگارۆ: ئه‌مه چ لێكه‌وته‌یه‌كی بۆ ناوچه‌كه ده‌بێت؟
کێپێل: سه‌ره‌تا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی “هیلالی شیعی”ـە كه وه‌کوو “به‌ره‌ی به‌رخۆدانی دژه زایۆنیزم” به‌سه‌رۆكایه‌تی تاران ده‌ناسرا. ئێران، یه‌ک له‌دووای یه‌ک حه‌ماس، حیزبوڵا و سووریای له ده‌ست دا. ئه‌مه نائاساییه، ئه‌گه‌ر ڕژێمی ئێران بیهەوێت فۆڕمێک له به‌رده‌وامی بداته خۆی، لانیكه‌م ده‌بێ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له ناوخۆدا بكات. دراوسێ نێچیره‌كانی ئێران ده‌شێ به خۆشحاڵییه‌وه ته‌ماشای ئه‌م دۆخه‌ی ئیران بكه‌ن. وڵاتێک كه له سه‌ره‌تای “ئه‌تۆمیبوون”دایه، سامانێكی زۆری هه‌یه، چینی ناوه‌ڕاستی زۆر گه‌شه‌سه‌ندووی هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كانی من له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاییه‌كان دانیان به‌وه‌دا نا كه له نیۆیۆرک چاوپێكه‌وتنی ئیلان ماسک و باڵیۆزی ئێران له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له 11ـی نۆڤامبر ئه‌نجام دراوه. ده‌كرێت بیهێنینه پێش چاومان كه “مامه‌ڵه” له‌گه‌ڵ ئێرانێكی ”پۆست-ئیسلامیست“ چه‌نده بۆ دۆناڵد ترامپ سه‌رنجڕاكێش و گرنگ بێت. ئه‌وه‌ش له بیرنه‌كه‌ین، كه ئێرانی سه‌رده‌می شا، هاوپه‌یمانێكی پته‌وی ئیسرائیڵ بوو. له‌م وه‌رچه‌رخانه جیهانییه‌دا ده‌رگا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا كراوه‌یه.
سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو (دۆناڵد ترامپ) دوێنێ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی “ئێكس”ی ئیلان ماسكی هاوڕێی، نووسی كه ئه‌مریكا خۆی دوور ده‌گرێت له پێكدادانه‌كانی سووریا، “ڕژێمێكی خراپ”. ئه‌مه به‌ته‌واوی درووست نییه، هه‌ندێ بنكه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی له ژێر كۆنترۆڵی ناوچه كوردییه‌كان، له باكوری خۆرهه‌ڵاتی سووریادا بوونیان هه‌یه. هێزه‌كانی سووریای دێمۆکراتیک SDF\هه‌سه‌ده، كه كوردن، دووای كه‌وتنی ئه‌سه‌د ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له ئه‌بووكه‌مال و دێره‌زوور، هاوسنووری عێراق، فراوان كرد، كه ناوچه‌یه‌كه وه‌ک شاڕیگهی یارمه‌تی ئێران بۆ به‌شار ئه‌سه‌د و حیزبوڵا؛ ده‌بێ بزانین كه هێزه‌كانی هه‌سه‌ده، به‌بێ ڕیگه‌پێدانی ئه‌مریكاییه‌كان ناجوڵێن.[i]
فیگارۆ: گروپی جیهادی “حه‌یاتی ته‌حریر ئه‌لشام” له پشت ڕووداوه‌كانی سووریاوه‌یه، ئه‌م گروپه كێن؟ له چیدا له له‌گه‌ڵ داعش جیاواز یان هاوشێوه‌ن؟
كێپێل: ئه‌بومحه‌مه‌د ئه‌لجۆلانی (ناوێكی خوازراوی جیهادی) له بنه‌ڕه‌تدا له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی داعشه‌وه، بۆ “پشتگیری له ڕاپهریوهكانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ئیسلامیكردنی ڕاپه‌رینی سووریا، ڕه‌وانه كرا. له دێسامبری 2013دا، یانزه‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی جه‌زیره گفتوگۆیه‌كی كرد و له به‌رگێكی جیهادیدا شانازی به‌م پێگه‌وه كرد. دووای دوو ساڵ له مانگی مه‌ی 2015دا، دیسان گفتوگۆیه‌كی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌ناڵه قه‌ته‌رییه كرد، سه‌دوهه‌شتا پله جیاواز و به‌بێ چەک، ئەویش بۆ ئەوەی کە په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده بدركێنێت و داعش مه‌حكوم بكات. ناوبراو دوواتر له ئیدلیب بووه سه‌رۆكی ناوچه‌ی ” زۆنی ئارامكردنه‌وه، خفض التصعید” و هه‌ر له‌وێوه هێرشه له‌ناكاوه‌كه ده‌ستی پێكرد و له ماوه‌ی دوو حه‌فته ڕژێمێكی ڕوخاند كه له 1970ـەوە له دیمه‌شق ده‌سه‌ڵاتدار بوو.
فیگارۆ: ئه‌م به‌ره نوێیه، ئاكامی ڕاسته‌وخۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستماتیكی “به‌رەی به‌رخۆدان”ـی ئێران و هه‌ژموونی هێزه‌كانی ڕووسیا له شه‌ڕی ئۆكراینه؛ چۆن گه‌یشتینه ئێره؟
كێپێل: دووای كوشتاری 7ـی ئۆكتۆبر له لایه‌ن حه‌ماسه‌وه، ئیسرائیڵ به‌شێوه‌ی هاوكات، دوو هێرشی ده‌ست پێكرد، سه‌رنجی جیهان له‌سه‌ر یه‌كه‌میانه كه ئێستا 45000 كه‌سی تێدا كوژراوه و تۆمه‌تی جینۆسایدی خستۆته پاڵ ئیسرائیڵ. به‌ڵام دوومیان ئامانجێكی درێژخایه‌نی هه‌یه كه بریتییه له لاوازكردنی “به‌ره‌ی به‌رخۆدان” به سه‌ركردایه‌تی تاران و به لاوازكردنی ئه‌سه‌د كه به‌شێكه له ” شوڕشی ئیسلامی ئێران” ده‌ستی پێكرد. هه‌روه‌ها میلیشیا شیعه جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت حیزبوڵای لوبنان له‌سه‌ر زه‌وی كه له ژێر چاودێری هێزی ئاسمانی ڕووسیا (له سورویا) جوڵه‌یان ده‌كرد.
گرووپه‌كانی سوپای سووریا كه به‌وه‌فابوون بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د، له كه‌مینه ئێتنیكییه‌كان، به‌زۆری عه‌له‌وییه‌كان، كه خێزانی ئه‌سه‌دیش عه‌له‌وی بوو، ژماره‌یه‌كی كه‌م بوون و به‌هۆی ساڵانێكی درێژی شه‌ڕكردن، داهێزرابوون. زۆربه‌ی ڕاپه‌ڕیوه سوننی و ئیسلامییه‌كان له ژێر چاودێری ئه‌فسه‌ره سوننییه ڕووسیه‌كان كه له قه‌وقازه‌وه هاتبوون، له ساڵی 2016 به‌ره‌و ناوچه‌ی ئارامی ئیدلیب -هاوسنووری توركیا- گوازرابوونه‌وه.
ئه‌م ژینگه و زه‌مینه ئیسلامییه‌ی ئیدلیب، ڕێگه‌ی به ته‌حریر ئه‌لشام ( HTS ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی شام) كه پێشتر لقێكی لۆكاڵی ئه‌لقاعیده بوو، خۆش كرد تا توركیای ئه‌ردۆغان بەدەستکراوەییەوە، كه ترانزیتی یارمه‌تی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی و ناسه‌ربازی بوو، سوودی خۆی وه‌ربگرێت. ئه‌م گرووپه تا ئه‌وكاته‌ی ڕووسه‌كان، پاسداره‌كان و ملیشاكانی حیزبوڵا له‌شه‌ڕدا بوون، خۆیان له ململانێكانی سووریا دوور گرتبوو. پاشان هێزی ئاسمان ڕووسیا له ئۆكراین جێگیر كرایه‌وه، دوواتر ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی پاسداران به هێرشه‌كانی ئیسرائیڵ له‌ناوچوون تا ئه‌و شوێنه‌ی كه هێرش كرایه سه‌ر كۆنسوڵی ئێران له دیمه‌شق. تاران ناچار بوو به هاژه‌ک له 1ـی ئه‌پریل هێرش بكاته سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسرائیڵ، بێ ئه‌وه‌ی ئاكامێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت. دوواجار له مانگی سێپتا‌مبر، ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌یجه‌ره‌كانی حیزبوڵا، كه هه‌زاران ئه‌فسه‌ری حیزبوڵای له لوبنان له كارخست و له كۆتاییدا سڕینه‌وه‌ی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا له 27ـی سێپتامبری لێكهوتهوه، شه‌ڕكه‌ره سوورییه‌كانی چاونه‌ترس كرد كه به خێرایی بگه‌ڕێنه‌وه، جێگۆڕكێی پێگه‌كان ڕوویدا و ته‌حریر ئەلشام دووای خۆئاماكردنێكی چه‌ند ساڵه سوودی لێوه‌رگرت. زۆربه‌ی ئه‌م چه‌كدارانه کە لە ناوچه سونییه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاته‌وه هاتوون و زۆر به‌باشی ناوچه‌كان ده‌ناسن، وه‌کوو ئه‌وه‌یه به ئاسانی گه‌ڕابێتنه‌وه ماڵی خۆیان، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی لۆكاڵی زۆریان هه‌بوو و سوپای ڕژێمی ئه‌سه‌دیش وێران ببوو و گه‌نده‌ڵییه‌كی ناوچه‌یی ته‌فروتونای كردبوون. موچه‌ی مانگانه‌ی سه‌ربازانی سووری گه‌یشتبووه پانزه دۆلار !
فیگارۆ: كه‌واته ئه‌م به‌ره نوێیه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، به‌ره‌نجامی دوو به‌ره‌ی دیكه‌یه: جه‌نگی ئۆكراین و به‌ره‌ی شەڕی ئیسرائیڵ و حیزبوڵا…
كێپێل: له‌ڕاستیدا ئه‌مه به‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی ڕووخانی سیستماتیكی ” به‌ره‌ی به‌رخودان”ـی ئێرانه له‌لایه‌ن ئیسرائیڵ و گه‌مارۆدانی هێزه ڕووسیه‌كان له جه‌نگی ئۆكراین. ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ پووتین، چونكه ده‌یسه‌لمێنێت كه توانای ئه‌و وڵاته له ده‌ره‌وه و پشتگیری له هاوپه‌یمانه‌كانی، زۆر لاواز بووه. له‌و كاته‌دا كه مانۆڕی سیاسی گه‌وره هه‌یه بۆ “مامه‌ڵه” له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ و كۆتاییهێنان به جه‌نگ له ئۆكراین، مۆسكۆ ناتوانێت له پێگه‌ی هێزه‌وه بچێته نێو دانوستاندنه‌وه.
فیگارۆ: ئایا ئه‌مه ناڕاسته‌وخۆ به‌مانای لاوازبوونی ڕژێمی ئێرانه؟ ئایا هێشتا پێتاوایه هه‌ره‌س ده‌هێنێت؟
كێپێل: تاران له دۆخێكی زۆر لاوازدایه، چونكه هه‌موو ستراتیژییه‌كه‌ی بۆ پڕچه‌ككردنی هێزه پرۆكسییه‌كانی له سووریا و هه‌ڕه‌شه‌كردن له ئیسرائیڵ، ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێكهوتهوه. له ئێستادا حه‌ماس ته‌نیا وه‌ک هێزێک ماوه‌ته‌وه كه دەیهەوێت له ڕێگه‌ی بارمته‌كانه‌وه باج و ده‌ستكه‌وت وه‌ربگرێت. حیزبوڵا ته‌نیا وه‌ک حاڵه‌تی گریلایی له باشووری لوبنان چالاكه و چیتر توانای پلانی ناوچه‌یی نییه. ڕژێمی سووریا ڕۆژی شه‌ممه له به‌ره‌ی عەلەوی كه ده‌كه‌وێته نێوان دیمه‌شق و كه‌ناراوه‌كانی مەدیتهرانه -ئه‌و شوێنه‌ی كه قۆناغی یه‌كه‌می جه‌نگی ناوخۆی سووریا له 2012 تێیدا ڕووی دا و ئه‌سه‌د به یارمه‌تی حیزبوڵاوه ڕزگاری بوو- شكستی هێنا. حه‌فته‌ی ڕابردوو، خێزانه عەلەوی و مه‌سیحییه‌كانی شار حمس (كه دوو له‌سه‌ر سێی شاره‌كه سوننین) به‌ره‌و كه‌ناراوه‌كان هه‌ڵهاتن و شاری حمس داڕما و له شه‌وی شه‌ممه له‌سه‌ر یه‌كشه‌ممه ڕێگه‌ی شاری دیمه‌شقی كرایه‌وه.
فیگارۆ: ئایا توركه‌كان له‌م هێرشه لهناكاوهدا ڕۆڵیان هه‌بوو؟
كێپێل: به‌بێ گوڵۆپی سه‌وزی ئه‌وان ڕووی نه‌ده‌دا. له‌لایه‌كه‌وه، میلیشیاكانی سوپای نه‌ته‌وه‌یی سووریا، كه له‌لایه‌ن ئانکاراوە پڕچه‌ک كراون، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان قۆسته‌وه بۆ ده‌ركردنی كورد له باكووری خۆرئاوا و ناچاركردنیان به پاشه‌كشێ به‌ره‌و باكووری خۆرهه‌ڵات (ڕۆژئاوا) كه له‌لایه‌ن هێزی كورده‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و له‌لایه‌ن پێگه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكاوه پارێزراوه. له‌لایه‌كی تره‌وه، لاوازكردنی جه‌مسه‌ری ئێران له شام، جه‌زیره و سه‌رووی فوڕات، كه له مێژوودا له‌ژێر گوشاری عوسمانی‌دا هاوسه‌نگییه‌كی به‌خۆوه بینیوه: ستراتیژییه‌ک كه سوڵتانێكی مۆدێرن به‌ناوی ئه‌ردۆغان، ڕۆڵی تێدا هه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌شەوە، ئه‌و ده‌ستی خۆی به‌ره‌و هه‌موو لایه‌ک درێژ ده‌كات. توركه‌كان ده‌توانن بە ڕێگری‌کردن له هێرشی “باشبوزوق”ـه‌كانی[ii] بۆ سه‌ر پێگه ده‌ریایی و ئاسمانییه‌كانی ڕووسیا، دڵنیایی بدەنە مۆسكۆ و باجێکیش له پووتین وەربگرن. هه‌م ئیسرائیڵ و هه‌م ئێران ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. توركه‌كان هاوكات، خۆیان خستۆته پێگه‌یه‌كی به‌هێز له “دانوستاندنه گه‌وره‌كه” كه ترامپ باسی ده‌كات. ئێمه له سه‌روبه‌ندی “وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره”ی جیهانداین.
فیگارۆ: ئایا مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) ڕاسته‌قینه‌یه؟ ئایا ده‌كرێت مه‌سیحییه‌كانی خۆرهه‌ڵات، یه‌كه‌مین قوربانی بن؟
كێپێل: داعش پێشتر له هێرشێكدا به‌ره‌و پالمێرا، كوشتاری كردبوو. به‌ڵام به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌حریر ئەلشام (كه پێشتر پێكدانانی خوێناوییان هه‌بووه) زۆر لاوازتره. ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی، له 4ـی دێسامبر، كه لە به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌زارساڵه‌ی حه‌له‌بدا خۆی ده‌رخست، به‌م دوواییانه هه‌ندێ گفتوگۆی كردووه و جلوبه‌رگی سه‌ربازی داناوه و له به‌رگی مه‌ده‌نیدا ده‌رده‌كه‌وێت تاکوو دڵنیایی بداته خۆرئاواییه‌كان. وانایهته به‌رچاو هیچ تاوانێک دژ به مه‌سیحییه‌كانی ئه‌م شاره ڕووی دابێت، به‌راورد به‌وه‌ی كه داعش له موسڵی عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سیحی و هاودینه‌كانی خۆیدا كردی. به‌ڵام ده‌بێ زانیارییه‌كان هه‌میشه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، چونكه ئه‌و كه‌مینانه خۆیان له نێوان دوو ئاگردا ده‌بینن، له‌م قۆناغه‌دا زیندانه‌كانی ڕژێم له هه‌موو شوێنێک شكێندران و هه‌زاران به‌ندكراو ئازاد كراون. به‌ڵام با چاوه‌ڕێ بین و بزانین چی ده‌قه‌ومێت، چونكه له‌وێ هه‌موو شتێک ڕێی تێ ده‌چێت.
فیگارۆ: ئایا له فەڕانسا ده‌بێ نیگه‌رانی به‌هێزبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی جیهادییه‌كان بین؟ ئایا كابووسی 2020 تا 2015 له باكگراوندی كه‌شێكی جیهادیدا دووباره ده‌بێته‌وه؟
كێپێل: ئێمه له هه‌لومه‌رجی هاوشێوه‌ی جاراندا نین و ده‌شێ كۆچی پێچه‌وانه‌ی سوورییه ئاواره‌كان ڕوو بدات و ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت ویستی ئه‌ردۆغانه كه هه‌ستی دژه بیانی و دژه سووری له‌ناو دهنگدهرهكانیدا گه‌شه‌ی كردووه. به‌ڵام ئێمه ناتوانین پێشبینی گۆڕانكارییه‌كانی داهاتوو بكه‌ین. من نیگه‌رانم له‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ به‌هۆی بیرۆكراتییهوه، پسپۆڕەکان لە داواكاری گشتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دژایەتی تێرۆڕ وگەشەی ئاسایشی ناوخۆی فه‌ڕانسا جیا دەبنەوە. بێتوانایی به‌ڕێوه‌بردن له ڕابردوودا، ئاكامی كاره‌ساتباری بۆ فه‌ڕانسا هه‌بووه.
_______________________________________________________________________________
سه‌رچاوه:
پەراوێز:
[i] (ئه‌م چاوپێكه‌وتنه پێش كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده له دێره‌زوور ئه‌نجام دراوه)
[ii] بۆ زانیاری له‌سه‌ر باشبوزوق بڕوانه: