کورد و ژوورە فکرییەکانی خۆرئاوا؛ نەبوونی ستراتیژی و بەرنامەیەکی نوێ
لوقمان ڕادپەی

ک

داگرتنی وتارەکە:

گفتوگۆی ئەستێڵ ئینسایت لەگەڵ لوقمان ڕادپەی
پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی Middle East Forum

 

ئەستێڵ: ئەم کاتەتان باش بەڕێز ڕادپەی، سپاس کە بانگهێشتی ئێمەتان قبوڵ کرد. لە یەکساڵی ڕابردوودا وتارەکانی ئێوە بەشێک بوون لە پڕخوێنەرترین ڕاپۆرتەکان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان. ژوورگەلێکی فکری وەکوو کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دامەزراوەی ئوستراڵی کاروباری نێونەتەوەیی، دامەزراوەی “هاوپەیمانی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی”، ئەی‌بی‌سی نیوز، بڵاگی سیاسی زانکۆی ئاکسفۆڕد و هەروەها ئۆرشەڵیم پۆست، وتارەکانی ئێوەیان سەبارەت بە پەیوەندی کورد لەگەڵ گرژییەکانی ناوچە بڵاو کردەوە. ڕوونە کە ژوورە هزرییەکان، شڕۆڤە و مۆدێلە ستراتیژییە پێشنیارییەکانیان ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕن لە ئاراستەکردنی سیاسەتە درێژماوە و تەنانەت تاکتیکییەکان. هەروەها ڕوونیشە لە کوردستان ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک بوونی نییە؛ ئەم کەمایەسییە گەورەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ گواستنەوەی خوێندنەوە و زانیاری دروست لەسەر ڕووداو و هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکان بەربەست ساز دەکات، بۆ خۆیشی بووەتە هۆی ئەوەی پرسی کوردستان لە ئاستی هەرێمی و ناوچەییدا ناڕوونییەکی ستراتیژیک و تەنانەت مەعریفی بە خۆیەوە ببینێت. بەپەیوەست لەگەڵ ئەزموونی ڕابردووی ئێوە لەگەڵ ناوەندە لێکۆڵینەوەیی و ژوورە هزرییەکان، دەرکەوتنی کورد و باس لەسەر پرسی کوردستان لە درێژەی چەند دەیەی پێشوو لە نێو ژوورە فکرییەکانی وڵاتانی جیهان، لە چ قەوارەیەکدا دەبینن؟

ڕادپەی: زۆر سپاسی ئەستێڵ دەکەم بۆ ئەم بانگهێشت و ئەم دەرفەتە، ماوەیەکی بەڕچاوە ناوەندی ئێوە بەدوواداچوون دەکات بۆ ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە. زۆر جێی ڕێزە، سپاسی بەشی کاروباری جیهانی ئەستێل ئینسایت دەکەم.
لە ڕاستیدا گەر بمهەوێت زۆر بە کورتی باسی بکەم ئەو قەوارەیە قەوارەیەکی زۆر کەمە و دەتوانم بڵێم تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا نزیک لە سفر بووە؛ ئەگەرچی لە چەن ساڵی ڕابردوودا تۆزێک بەرەو زیاتر ڕۆشتووە. لێرەدا ڕوون کردنەوەیەک پێویستە ئەویش ئەوەیە کە خودی کورد پێویستە ببێتە نوێنەری پرسەکەی؛ واتە ئەوەیکە خودی کورد لە ژوورە هزرییەکاندا ببێتە نوێنەر و پرسەکەی بهێنێتە ئاراوە نەک وەک کەسانی غەیری کورد؛ بەڵێ، ڕاستە کە لە لایەن کەسانی غەیری کوردەوە لە ژوورە هزرییەکاندا لەسەر پرسی کورد و دۆزی کوردستان قسە کراوە و ڕاپۆرت نووسراوە و بە تایبەت هاوکات و لەدووای ڕێفراندۆمی 2017 لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هەر ئەو جۆرە لە پرسیارەکەتان ئاماژەتان پێدا، کورد بە هۆی کێشە مەعریفییەکەی نەیتوانیوە یان نەیویستووە ڕوانینی خۆی دەرخات لە ژوورە هزرییەکاندا. یان زۆرجار بۆچوونێکی وەهای هەبووە کە باشترە لە ڕێگەی دیکەوە پرسەکەی بناسێنێت و قسەی لەسەر بکات.

ئەستێڵ: نەبوونی بەشدارییەی کورد هەر ئەو جۆرە ئاماژەتان پێکرد کە خۆی نوێنەرایەتی پرسەکەی خۆی ناکات؛ ئایا ئەمە لە بنەڕەتەوە کێشەی زانیاری و مەعریفیشی بۆ خودی خۆرئاواییەکان درووست کردووە؟

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە! بە پێی ئەزموونی خۆم کە ساڵانێکە بە تایبەت لە 2008ـەوە لە زانکۆ وانەم وتووە و تەنانەت دووای هاتنەدەرەوە لە وڵات، ئەم ئەزموونە بە منی وتووە کە کورد زۆرجار هەستی کردووە کە تەنیا لە ڕێگەی ئاکادێمیکەوە دەتوانێت خۆی و پرسەکەی بناسێنێت و باسەکەی زەق کاتەوە. واتە تێڕوانینە گشتییەکە ئەوە بووە کە تەنیا لە ڕێگەی پەرتووک و کاری ئاکادێمیک دەتوانێت بەشوێن ڕێگەچارەی سیاسی بۆ پرسەکە بگەڕێت. وەکوو کەسێک کە یاسای نێونەتەوەییم خوێندووە و بە تایبەت دووای تەواوکردنی دوکتۆراکەم، بەو ئاکامە گەیشتم کە بواری یاسای نێونەتەوەیی نەک تەنیا چارەسەری تێدا نادۆزرێتەوە بەڵکوو ڕێگریشە.

ئەستێڵ: زۆر باشترە کە لە درێژەی پرسیارەکانی دیکەدا بگەڕێنەوە بۆ ئەم بابەتەی دوواین واتە پرسە یاساییەکە؛ بەڵام بەپەیوەست لەگەڵ پرسیاری سەرەتایی، ئەم ڕێژەیە لە بەشداری کورد لە ژوورە هزرییەکان کە تەنانەت وەکوو نزیک لە سفر باستان کرد؛ بۆ ئێمە چ شتێک سەبارەت بە پەیوەندی کورد لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار و ژوورە هزرییەکان بە گشتی دەردەخات؟ کەیسی کورد لە دەرەوەی هاوکێشە ناوخۆییەکان -بۆ نموونە دەوڵەتی عێراق و ئەخیرەنیش گۆڕانکارییەکانی سووریا- ئایا هەبوونێکی سەربەخۆی بووە؟ گەر کۆی گشتی ڕاپۆرتەکان لەسەر پرسی کورد لە بەرچاو بگرین -واتە ڕاوێژکاران و داڕێژەرانی سیاسەت- چ هەڵوێست و کۆیەکی زەینی هاوبەشیان سەبارەت بە پرسی کوردستان بە تایبەت لەو دوو ناوچە هەرێمییەدا هەیە؟

ڕادپەی: ئەتوانم بڵێم تەنیا خاڵی هاوبەش لە نێوان کورد و ئەو کەسانەی کە سیاسەت دادەڕێژن -سێناتۆر یان نوێنەرانی پاڕڵمان- ئەوەیە کە: بەڵێ نەتەوەیەک هەیە بە نێوی کورد و مافی خۆنووسەکەی دیاری نەکراوە یان دەرفەتی پێ نەبەخشراوە کە ئەو مافەی دیاری بکات یان ئەوەیکە کورد بە درێژایی مێژوو زوڵمی لێ کراوە. ئەگەرچی دەتوانین بڵێین هەموو ئەو داڕێژەرانەی سیاسەت ئاگاداری وردیان لەسەر ئەو ڕووداوانە نەبووە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر کورد ڕووی داوە؛ بەڵکوو دوواتر بە بۆنەی پەیوەندی لەگەڵ تاکە کوردەکان لە وڵات و ناوچەکانی خۆیان هەوڵیان داوە باسەکە لە ڕووییەکی سیاسییەوە لە پاڕڵمان زەق بکەنەوە. بەڵام لە ژوورە هزرییەکاندا…

ئەستێڵ: ئەساسەن ئێمە لە ژوورە هزری و ستراتیژیکەکاندا کەیسی کوردمان هەیە؟

ڕادپەی: لە ڕاستیدا بە هیچ شێوازێک! ئێمە لە ژوورە ئاکادێمیکەکانیشدا تەنانەت کەیسی کوردمان نییە. دەمهەوێت نموونەیەک باس بکەم. ناوەندێکی ژێئۆپۆڵیتیکمان هەیە لە زانکۆی کەمبریج، هەر لەم زانکۆیە بەش یان فاکەڵتییەک هەیە کە کار لەسەر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؛ بەڕێزتان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕەکەیان بکەن؛ بە هیچ شێوازێک تەنانەت ناوی کورد نەهاتووە! نموونەیەکی دیکە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە سێ زمانی تورکی، فارسی و عەرەبی لە فاکەڵتی ژێئۆپۆڵیتیکەکە چالاکە. خودی ئەم بەشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێمە شێواز و تێڕوانینێکی نوێمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە ڕوو؛ کەچی دیسان کورد لەوێدا بوونی نییە. بەڕاستی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی کورد کە ڕۆڵی هەبووە یان باشترە بڵێین ڕۆڵی نەبووە. بۆ نموونە کورد نەیتوانیوە بۆ جارێکیش بە شێوەی بەرچاو، نامەیەک، وتارێک یان ڕەخنە و ئاماژەیەک ئاراستەی ئەو ناوەندانە بکات و باسی ئەوە بهێنێتە ئاراوە کە چۆن پڕۆژەیەکی وا کە خاوەن بانگەشەی “تێڕوانینی نوێ” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کورد لە یاد دەکات؛ یان کۆرس یان خولی فێرکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن تەنانەت یەک کۆرس سەبارەت بە کورد لەو پڕۆژەی خوێندنە ئاکادێمیکەدا نییە، تەنانەت لە باسی مێژووییەکەشی. من بۆ خۆم نامەم بۆ هەر دوو ئەو ناوەندانە ناردووە و تەنانەت پێشنیار و پڕۆپۆزاڵی لێکۆڵینەوەم هەناردە کردووە کە ئێوە دەبێت پرسی کوردستان بە پڕۆژەکە زیاد بکەن، گەر نا خودی مێتۆد و بانگەشەی خۆتان لە سەرتاوە شکستی هێناوە؛ چونکە بە هەمان شێوازی ساڵانی ڕابردوو دەچێتە پێش و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لەگەڵ نییە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێوە ئیدعای نوێ بوونی ڕوانین سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بۆیە بەهەمان شێوە کە لە پرسیارەکەی ئێوەدا ئاماژەی پێکرا، نەبوونی خودی کورد لەو ناوەندانەدا بووەتە هۆی ئەم قەیران و کەمایەسییە. لە زۆربەی کۆرسەکانی پەیوەندیدار بە مێژوو، یاسا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆکانی بریتانیدا زۆر بە کەمی ئێمە چاومان تەنانەت بە یەک کۆرس سەبارەت بە کورد دەکەوێت. هەرچەندە فاکتۆری دیکەش هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت، ئەویش ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەیە کە هەمووکات دژی ئەو پرسە وەستاونەتەوە. بۆ نموونە فاکتەرێکی دیکەش یەکگرتوویی چەپ و ئیسلامیزم کە -ناوەندی ئێوە وتاریشی لەسەر بڵاو کردووەتەوە- بە هیچ شێوازێک تەنانەت یەکجار ئامادە نەبوون گەڵاڵەیەکی یاسایی ببنە نەتەوە یەکگرتووەکان. گەر چاو لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بپۆشێنین، تەنانەت لە کۆمیتە یاساییە بچووکەکانی دیکەشدا یەک گەڵاڵەش پێشکەش نەکراوە تاکوو لە دەنگدانی گشتی شکستی هێنابێت.

ئەستێڵ: لێرەدا گرنگە کە ئاماژە بە وتارێکی خۆتان بکەین لە 22ـی سێپتامبری 2024 لە ژێر ناوی “کورد پێویستی بە ستراتیژی جیاواز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر هەڵوێستی دوولایەنخوازانەی چەپ، ئیسلامی و خۆرئاوایی”. چەن خاڵی گرنگ لەم وتارەدا بەرچاوە؛ یەکەم ئێوە ئاماژە دەکەن کە “کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە گشتی لە تێکۆشانی کوردەکان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چاوپۆشی کردووە” -هەر بەو شێوەیەی کە باستان کرد- هەروەها ئێوە لەو ڕاپۆرتەدا داواتان کردووە کە “وڵاتانی خۆرئاوایی دەبێت مەیلێکیان هەبێت بۆ درووستکردنی سیاسەتێکی یەکدەست لە بەردەم کوردەکان”، هەروەها ئەم باسەیشتان زەق کردووەتەوە کە جۆرێک لە هاوپەیمانی دوو لایەنە هەیە لە نێو وڵاتانێک کە خۆیان بە نوێنەری چەپ یان یەکسانیخوازیی ئیسلامی بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان دەزانن بەڵام بەردەوام پرسی کوردستان “ناگرنگ پێشان دەدەن.” مەبەستان لەم دوولایەنخوازی یان ناگرنگ پێشاندانە چییە؟

ڕادپەی: لە چاوی دەوڵەتانی چەپ و ئیسلامیدا، پرسی کوردستان پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەیە وا کوردستان بەسەریدا دابەش بووە و چونکە ئەم دەوڵەتانە خۆیان وەکوو بەرەیەکی چەپی-ئیسلامی دەبینن کەواتە زەق کردنی پرسی کوردستان لە چاوی ئەواندا بە هیچ شێوازێک درووست نییە؛ تەنانەت گەر لە مێژووی سەدساڵی ڕابردوودا گێشتبێتە ئاستی کۆمەڵکوژی کورد و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش. هەر ئەوە جۆرەی ئاماژەم پێ کرد ئەو دەوڵەتانە تەنانەت ئامادە نەبوون یەک گەڵاڵەش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کەن.

ئەستێڵ: هەڵسوکەوتی ئەوان ڕوو بە پرسی فەڵەستین چۆن بووە؟

ڕادپەی: زیاتر لە هەزاران گەڵالە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە لەسەر فەڵەستین. بە تایبەتیش لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسەکەی. لەسەر کورد تەنیا یەک گەڵاڵەمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە -لە ساڵی 1991- کە ئاماژەی نەک بە کوردستان و بەتەواوی کورد بەڵکوو بە وشەی “دانیشتوانی کوردی” (Kurdish population) هەیە کە ئەو گەڵاڵەیە هیچ پەیوەندییەکیشی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەوە نییە بەڵکوو تێیدا باسی سەرکوتی کورد لە باشووری کوردستان لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە کراوە و تەنیا سەرکۆنەی ئەو ڕەفتارەی ڕژیم کراوە. ئەمە تەنیا گەڵاڵەیەکە وا باسی کوردی کردووە لە درێژەی تەمەنی هەشتاد ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

ئەستێڵ: لە وتارەکان و توێژینەوەکانتان کە لە چوارچێوەی کتێبێکیش بە ناوی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ” باس کراوە بەردەوام ئاماژەتان بە پەیماننامە نێونەتەوەییەکان داوە. پرسیار ئەوەیە کە پەیوەندی پەیماننامە نێونەتەوەییە سەدساڵەکانی ناوچەکە لەگەڵ کورد لەگەڵیان ئایا بەڕاستی ئێستا و لە دووای هەبوونی قەوارەی سیاسی و دامەزراوەی حزبی، گۆڕانێکی مەعریفی و سیاسی بە خۆیەوە دیوە؟

ڕادپەی: مەبەستان بەراوەردی ئێستا و ڕابردووە؟

ئەستێڵ: بەڵێ، بە تایبەتیش بە پەیوەند لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەی ناوچە کە بووەتە هۆی زەقتربوونی ڕۆڵی کورد.

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بە خۆیەوە دیتووە. بە تایبەت لەو کاتەیکە لە باشووری کوردستان باسی ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی کرا و تەنانەت پێش شەڕی داعەشیش. گەر بمانهەوێت وردتریش باسی بکەین: خاڵی 140ـی یاسای بنەڕەتی عێراق کە باس لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات. قەرار وابوو چارەنووسی ئەو ناوچانە تا کۆتایی ساڵی 2007 دەرکەوێت. لە حاڵیکدا دەوڵەتی عێراق هەرگیز ئەو کارەی نەکرد. و ئەو ڕێفراندۆمەی کە لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو بەجۆرێک چارەنووسی ئەو ناوچە دابڕاوانەی دەرخست کە بەداخەوە دووای ڕێفراندۆم ئێمە لەوێ چل لە سەدی خاکمان لە دەست دا. لە ڕاستیدا ئەو خاکەمان لە دەست دا کە دووای شەڕی داعەش کورد توانیبووی کۆنترۆڵی بەسەردا هەبێت.

ئەستێڵ: دەگەڕێینەوە سەر بابەتی ئاڵۆزییەکانی ناوچە بەڵام جێی باسە کە بڵێین زۆرجار پرسی کورد لە ڕاپۆرت و پێشنیارە سیاسییەکان -ئەو جۆرەی کە خۆیشتان ئاماژەتان پێکرد- لە چوارچێوەی کێشەی کەمینە و دەسەڵاتگەلی خاوەن کۆمەڵگای کوردستان شی دەکرێتەوە؛ ئایا ئەمە تەنیا وێنە گشتییەکەیە بۆ ناوەندەکان؟ تا چ ئاستێک ڕۆڵی ستراتیژی کوردی لەسەر دووپاتبوونەوەی ئەم هێڵە کۆنە کاریگەرە؟ ئەساسەن ستراتیژییەکی سەربەخۆی کوردستانی بوونێکی هەیە کە وڵاتە خۆرئاواییەکان بگەڕێنەوە بۆی و هەردەم لە بەرییەکەوتن و ئاڵۆزییەکانی ناوچە -وەکوو دوو ساڵی ڕابردوو- زەقتری کەن و بیکەن بە مژارێک؟

ڕادپەی: ئەو ناوەندانە تەنانەت لە چوارچێوەی مافی مرۆڤیشدا پرسەکەیان خستووەتە ناو خودی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە کە لەوێشدا دەبێتە پرسێکی کەمینەیی؛ چونکە یەکێک لە بنەما سەرەتاییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتەکانە، بۆیە زەقکردنی ئەو پرسە دیسانەوە شکستی هێناوە. نموونەیەک باس بکەم: دوو دەوڵەتمان هەیە، یەکێکیان کۆماری ئایرلەند کە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و بەشێکە لە یەکگرتووی ئەورووپا و دەوڵەتێکی دیکە بە نێوی ئەفریقای باشوور؛ ئەم دوو دەوڵەتە بۆ پرسی فەڵەستین تەنانەت زیاتر لەوەیکە لە دەستیان هاتووە کردوویانە. ئایرلەند تەنانەت بۆ بەرگریکردن لە فەڵەستین دادوەری گشتی خۆی بۆ دادگای دادی نێونەتەوەیی دەنێرێت. دەوڵەتی ئەفریقای باشووریش هاتووە کەیسێکی دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیڵ لە دادگای دادی نێونەتەوەیی تۆمار کردووە.

ئەستێڵ: لە درێژەی ئەم باسەی ئاخرتان گونجاوە کە مژاری شەڕی ناوچەکە بخەینە بەرباس. لە تێکهەڵچوونەکانی ناوچەکەدا جۆرێک گۆڕانکاری دەبینین کە بووەتە هۆی ناوهێنان و ئاماژەی زیاتر بە کورد لە لایەن وڵاتانی ناوچە و جیهان. ئێمە لێرەدا بۆشاییەک دەبینین ئەویش نەبوونی فۆرموڵاسیۆنێکی سیاسی کوردە بۆ دەرەوە کە زیاتر دەبێت لە چوارچێوەی پێشنیار و ڕاپۆرتی ستراتیژیک لە ناوەندەکان باسیان لێ بکرێت. چەنێک ئەم تێنەگێشتنە و نەبوونی ستراتیژییەکی کوردستانی پەرە بە بێمەیلی وڵاتانی جیهانی دەدات بە نیسبەت پرسی کورد؟ -گەر وەکوو هەمیشە نەڵێین کورد لە جیهاندا بڵاک یان چاوپۆشییەکی سەرانسەری لێ کراوە

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە نەبوونی ئەو ستراتیژییە و هێڵەکانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەم قەیرانە دەگێڕن. بە پێی بنەمای یاسای نێونەتەوەیی گەر نەتەوەیەک بۆ خۆی داوای سەربەخۆیی نەکات هیچ دەسەڵات و هێزێک بە دووای پرسەکەدا ناکەوێت. خودی نەتەوەکەیە کە دەبێت ئیدعای ئەو کارە بکات جا ئەو کات پرسی یاسا و پەیوەندی نێونەتەوەیی دێتە ئاراوە کە ئایا وڵاتێک وەکوو دەوڵەت بناسێت یان نا. ئەم شتە هەر ئەو جۆرەیکە لە پرسیارەکانی ئێوەدا ڕەنگی دایەوە لە ڕاستیدا لە نێو خودی ئەو ژوورە هزرییانەدا -کە سیاسەت و ستراتیژی دادەڕێژن یان لانیکەم تیشک دەخەنە سەر ڕێگاچارەکان- ڕوو دەدات. ئەم شتە بۆ کورد بە داخەوە هەر بوونی نەبووە و زۆرتر وا دیارە کورد پێی وابووە لە ڕێگای ئاکادێمیک یان ئاشتیخوازانەوە ئەو پرسە زەق دەکاتەوە.

ئەستێڵ: لە دووای دەسپێکی شەڕەکە ئێوە لە چەن وتاردا ئاماژەتان کردووە بە ناوهێنان و بەجۆرێک خاوەنداریەتی کردنی دیپلۆماتیکی وەزیری دەروەی ئیسرائیڵ لە پرسی کورد و کوردستان بە تایبەت لە ڕۆژاوا و لە وێنەیەکی گشتیشدا وەکوو نەتەوەی کورد کە وەزیری دەرەوە باسی “هاوپەیمانێتی سروشتی” کرد. ترافیکی پێشنیارە سیاسییەکان لە ژوەرەکان و هاوکات نەبوونی پڕۆژەیەکی نوخبەیی و ستراتیژیک لە لایەن کوردەوە، تا چ ئاستێک دەتوانێت زەبر لەم دۆخەی ئێستا بدات کە زۆرجار لە وتارەکانتان وەکوو دەرفەت باستان کردووە؟

ڕادپەی: ئێمەی کورد لە مێژوودا هەر کات کە توانیومانە دەسکەوتێکمان هەبێت کە مەبەستم زیاتر کۆنترۆڵ بەسەر خاکە کە ئامانجی کۆتاییەکەی هەمان “سەروەری” (sovereignty) ـیە، یان بە هۆی شەڕی ناوخۆیی بووە وەکوو نموونەی ڕۆژاوای کوردستان لە دووای 2011 کە بە شەڕی ناوخۆی سووریا ناسراوە یان بە هۆی شاخبەشاخبوونی دەوڵەتانی زلهێز لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە؛ کە لێرەدا مەبەستی من عێراقە.

ئەستێڵ: ئیزنم بدەن ئەم گۆڕانکارییەی ئێستا جیاوازتر پێناسە بکەم. چونکە گۆڕانکارییەکە وا پێشاندەدات کە هاوکێشە کۆنەکەی زلهێزانی ناوچە واتە ئێران/تورکیا تێکچووە و ئێستا ئەکتەر و بەرەیەکی دیکەش بەشێوەی چالاک بەشدارە کە وڵاتی ئیسرائیڵ و هاوپەیمانەکانیەتی. ئەم گۆڕانکارییە چۆن دەتوانێت دەرفەتی ئێستا جیاوازتر لە دەرفەتەکانی پێشوو پێناسە بکات؟

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە ئەو شتەیکە لە دووای 2012 لە ڕۆژاوای کوردستان دەیبینین و ئەو پرسەی کە لە یاسا و پەیوەندی نێونەتەوەیی پی دەڵێن “کۆنترۆڵی کاریگەر” (effective control) واتە دەسەڵاتێکی تەواو لەسەر خاکدا، بووەتە هۆی ئەوە کە ئەمجار دەرفەتەکە زۆر زەقتر بکرێت و ببینرێت؛ خودی کوردیش لە ڕاستیدا لێرەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە. لە دووای ڕووخانی ئەسەد زۆرتر لە مانگێکە کە کورد لە بەنداوی تەشرین شەڕ دەکات، دەتوانم بڵێم گەر ئەو شەڕە لە شەوی 16ـی ئۆکتۆبری 2017 ڕوویدابا، کۆمەڵگەی جیهانی دەهاتە دەنگ و یەکێتی ئەورووپا، ئەمریکا و ئیسرائیڵیش پەیوەست دەبوون. چونکە ئیسرائیڵ تا ئێستا زۆرترین لۆبی بۆ کورد کردووە، لە هەموو دانیشتنەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیڵ و لە بەیاننامە فەرمییەکانی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان باسی کورد و پشتیوانی لە کورد کراوە؛ بەڵام دیسان ئەوە خودی ئێمەین کە دەبێت ئەو دەرفەتەی کە ڕەخساوە بیقۆزینەوە.

ئەستێڵ: کەواتە ئێوە نەبوونی پرۆگرامێکی نوخبەیی و ستراتیژیک بە کەمایەسییەکی گەورە دەبینن، بە تایبەت لەم بەریەککەوتنانەی ناوچەکەدا و خێرایی ڕووداوەکان؟

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە… بەدڵنیاییەوە! یەکێک لە ڕاپۆرتەکان کە قەرار وایە حەفتەی داهاتوو بڵاو بێتەوە باس لەو هەڵانەیە کە لە باشووری کوردستان کراوە و نابێت ئەو هەڵانە لە ڕۆژاوای کوردستان دووپات بکرێتەوە. نەبوونی ناوەند و ژووری ستراتیژیکی کوردستان قەیرانێکی گەورەیە. دەمهەوێت ئاماژە بکەم کە ئامانجی من دامەزراندنی ژووری هزری بە ناوی “Kurdistan Strategic Studies Center” یان ناوەندی ستراتیژیکی کوردستانە. نەبوونی ژوور و پرۆگرامێکی ئاوا خەسارەیەکی یەکجار گەورەی لە ئێمە داوە. نەک تەنیا ئاڵۆزی و ڵێڵییەکی بۆ خودی کورد درووست کردووە، بەڵکوو بووەتە هۆی تێنەگیشتن لە کێشەکانی مێژووی هاوچەرخ و پرسە ناوچەییەکان؛ لە حاڵێکدا ئێمە دەبێت بە جۆرێک پرسی کوردستان زەق کەینەوە کە تێکەڵاوی ئەو گۆڕانکارییانە و داینامیزمی بەرژەوەندییەکان بکرێت تاکوو مژارەکە لە پرسی کوردستان بەرەو دۆز یان کەیسی کوردستان هەڵکشێت.

ئەستێڵ: بەرەو کۆتایی گفتگۆکەش دەچین؛ ئەو جۆرەی کە خۆیشتان ئاماژەتان پێکرد نەبوونی پرۆگرامێکی وا دەتوانێت دیسان قەیرانێکی گەورە بخاتەوە. لە دەرەوەی ئاوا پرۆگرامێکی ستراتیژیک، هەرێمی کوردستان لە عێراق و ڕۆژاوای کوردستان لە سووریا بە چ شێوەیەک دەتوانن لەگەڵ ئەم بۆشاییەی ئێستا مامەڵە بکەن؟ ئایا بە بێ پرۆگرامێکی وا سیاسەتوانانی کورد لەو دوو پارچەدا دەتوانن بەرژەوەندییەکانی کورد لەگەڵ گۆڕانکارییەکان گرێ بدەن و لە قۆناخگەلی کردەییدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟

ڕادپەی: بە دڵنیاییەوە دەتوانن. بە تایبەت لە باشووری کوردستان ئەو دەرفەتە هەیە؛ لەبەر ئەوەی تا ئاستێک دانپێنانی نێونەتەوەیی لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە وەرگرتووە، بە تایبەت دووای شەڕی داعەش و سەرەڕای سەرنەکەوتنی ڕێفڕاندۆمی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017. لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ئێمە بینەری سەردانی دیپلۆماتە پایەبەرزەکانی دەوڵەتانی ئەورووپی بووین لە هەرێمی کوردستان و ئەمە ڕۆڵی کوردی دیسانەوە زەق کردووەتەوە. زەروورەت و بەرپرسیارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو توانای پێ دەدات کە ژوورێکی ستراتیژیکی ئاوا دابمەرزێنێت؛ ئیزنم بدەن هەر لێرە و لە ڕێگەی ماڵپەڕی ئێوەوە ئەو شتە ڕابگەیێنم کە ناوەندێک بە ناوی موتاڵاتی ستراتیژیکی کوردستان … دابمەرزێت و من ئامادەیی خۆم دەردەبڕم، کە زانایانی یاسای نێونەتەوەیی، پەیوەندی نێونەتەوەیی، ئابووری، فەلسەفە و مێژوو بانگهێشت بکرێن بەڵام نەک وەک ڕووکەشێک، بەڵکوو ژوورێک بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیکی درێژخایەن کە ئێمە هەمووکات خۆمان ئامادە بکەین یان لە نێو ئامادەییدا بین و تەنیا چاو لەوە نەکەین کە ڕووداوێک ڕوو بدات؛ بەڵکوو بە پێچەوانە ئێمە توانای پێشبینیمان ببەینە سەرەوە و بەو پێیە ئامادە بین. من هەر لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیەوە بانگەشەی ئەوە دەکەم کە ئێمەی کورد پێویستە بەشداری ژوورە هزرییەکان بکەین تاکوو لەگەڵ کێشە هاوچەرخ و هاوکاتەکان ئاشنا ببین، خۆمان بگونجێنین و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و گشتییەکانمان پێوە گرێ بدەین و ستراتیژی خۆمان داڕێژین تاکوو هەم خۆمان وەکوو کورد بەرچاوڕوون ببینەوە و هەم دەوڵەتگەلێک کە پشتیوانی کورد دەکەن ئەوانیش ڕوون ببنەوە؛ کە پێویستیە بۆ پشتیوانی لە کورد چی بکەن.

ئەستێڵ: زۆر سپاس بۆ تەرخانکردنی کاتتان؛ گفتوگۆیەکی پڕ ناوەڕۆک بوو.

ڕادپەی: سپاس بۆ ئێوەیش.

_________

سەرچاوە: بەشی “کاروباری جیهانی” ئەستێڵ.

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌