داگرتنی وتارەکە: دەیڤید ڕۆمانۆ – داهاتووی سووریا پەیوەستە بە کوردەوە
ژووری هزری بەرژەوەندی نەتەوەیی
National Interest :First Published in
کاروباری جیهانی
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
زیاتر لە پەنجا ساڵ حوکمڕانی مشتی ئاسنین، ڕژێمی ئەسەد لە سووریا چەند حەفتەیەک لەمەوبەر ڕووخا. سەرکردایەتی هێرشی یاخییەکان لە دژی ڕژێم، ئەحمەد حسێن ئەلشەرع بوو کە زیاتر بە ناوە ڕێکخراوەییەکەی محەمەد ئەلجۆلانی ناسراوە. ئەلشەرع کە لەدایکبووی سووریایە، لەو کاتەوە کە بۆ ئەلقاعیدە لە عێراق شەڕی دەکرد -ساڵانی 2003 بۆ 2006- ناوەکەی بوو بە ئەلجۆلانی. دووای نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیکردنی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراق، لە ساڵی 2011 گەڕایەوە بۆ سووریا بۆ ئەوەی کە گرووپی جیهادی نوسرە -کە یەکێکە لە لقە ناوخۆییەکانی ئەلقاعیدە- لەوێ پێکبهێنێت. لە ساڵی 2016 ئەلشەرع لە ئەلقاعیدە جیابووەوە و ڕێکخراوەی هەیئەت تەحریر شام (HTS)ـی دامەزراند. تەنانەت لە کاتێکدا کە هەوڵیدا وێنەیەکی نوێ و میانەڕەوتر نیشان بدات، زۆری نەخایاند کە تەحریر شام تۆمەتبار کرا بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە بەشێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەو ناوچەیە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵیان و حۆکمڕانییەکی تاکڕەوانەیان لە سەر یاسای شەریعەت دامەزراند.
ئێستا، ئەلجۆلانی هیوادارە هەموو سووریا بەڕێوەببات. هەوڵەکانی بۆ پڕۆژەیەکی میانەڕەو و گشتگیر زیادی کردووە بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی سووریا. ئەو هەروەها ڕێنمایی هێزەکانی کردووە کە بەشداری لە تاڵانکردن نەکەن و خۆیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوە دوور بگرن. پێدەچێت هەوڵەکانی سوودی هەبووبێت، کاتێک دووای کۆبوونەوەیەکی ئەم دوواییە لە دیمەشق لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکی -کە دیپلۆماتکارەکان بە “باش” و “زۆر بەهرەدار” وەسفیان کرد- ئەمریکا ئەو خەڵاتە 10ملیۆن دۆلارییەی هەڵگرت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ئەلجۆلانی داینابوو. بە هەمان شێوە وا دیارە ئەورووپییەکان ئەیانەوێت لە گەل تەحریر شام پەیوەندیەکانیان باش بکەنەوە و دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ لابردنی ئەو ناوە تیرۆریستییەی کە پێشووتر لەسەر ئەو گرووپە دایاننابوو.
بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ناوچەیە سەبارەت بە ئەلجۆلانی و تەحریر شام گفتوگۆم لەگەڵیان کرد، کڕیاری ئەو قسانە نەبوون. هاوڕێیەکی ئێرانی گاڵتەی بەو قسەیە کرد کاتێک لێم پرسی، و لە وڵامدا وتی: «پێشتر لە ئێران ئەمەمان بینیوە. یارییەکی کۆنە، هەروەک چۆن لە ساڵی 1979دا خەڵک دەیانگوت خومەینی دێمۆکراتە. بینیمان چی ڕوویدا.» کەسێکی تر خەڵکی عێراق بوو، پێکەنی و وتی:«ئەو و خەڵکی دەوروبەری جیهادین. خەڵک بیر لە چی دەکەنەوە؟ کە لەناکاو تەنیا ڕەنگیان گۆڕیوە؟»
بێگومان مەترسییەکە ئەوەیە کە هەر کات ڕژیمە نوێکەی جۆلانی بە سەرۆکایەتی عەرەبی سوننە خۆی جێگیر کرد و هەستی بە ئاسایشی زیاتر کرد، ئەوە ڕەنگە ڕاستەقینەکەی پێشوویان دەگەڕێتەوە. کاتێک ئەوە ڕووبدات، ڕژیمێکی ئیسلامیی توندڕەو لە سووریادا جێگیر دەبێت، وڵاتێک کە گرنگییەکی زۆر زیاتری هەیە لە ئەفغانستان، سودان، یان شوێنەکانی دیکە کە چیرۆکێکی لەو شێوەیە تێیدا ڕوویداوە.
دەوڵەتانی خۆرئاوا یان خەڵکی سووریا بۆ ڕێگریکردن لە دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە، دەتوانن چی بکەن؟ ناتوانن سروشتی میلیشیاکانی تەحریر شام، کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕەوە جێگیربووە، بگۆڕن. ئیستا، لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا، کەس ئاگاداری زەروورەتی ئەم ئیشە نییە، لە کاتێکدا ئەمان (تەحریر شام) لاوازن، و هەر بۆیەش هەموو ژاوەژاویان باسی سازانە.
بەڵام، دەوڵەتانی خۆرئاوا و خەڵکی سووریا بۆ ئەوەی ئەو زیانانە سنووردار بکەن کە ڕەنگە جیهادییەکان بیگەیەنن، دەتوانن پاڵپشتی تووندی دەسەڵاتی لامەرکەزی بکەن لە سووریای نوێدا. ئەگەر جیهادییەکان تەنیا حوکمی پارێزگاکانی دیمەشق و حومس و حەما و ئیدلیبیان کرد، بە سنووردارکردنی توانایان بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناوەندی بەسەر هەموو وڵاتدا، ئەوە دەکرێت دۆخەکە باشتر بگەڕێت. عەلەوییەکان دەتوانن لە نێو ئیدارە ناوخۆییەکانی خۆیان لە کەناراوەکاندا بە ئاسایش بمێننەوە. هەمان شت بۆ دروزەکان لە باشووری خۆرئاوا و کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگە مەسیحییە پەرش و بڵاوەکانی وڵاتەکەش درووستە و دەگونجێت.
دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی زۆرینەی دانیشتوانی سووریا دەبێت، هەروەها هێزە خۆرئاواییەکان کە لە سەرهەڵدانی ڕژێمێکی ئیسلامی توندڕەوی نوێ لە دیمەشق نیگەرانن. ئەمە لەلایەن تورکیاوە بەتوندی دژایەتی دەکرێت، کە لە ئێستادا هەوڵدەدات ئەو مۆدێلە ئۆتۆنۆمیە ناوخۆییە کە لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بە سەرۆکایەتی کوردەکان هەیە، لەناوببات. ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 23ـی ژانویە ئەو لێدوانانەی دووبارە کردەوە کە لە چەندین بۆنەدا هێناویەتەوە بەر باس و دژایەتی لامەرکەزی دەکات و دەڵێت: «پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکهاتەی یەکگرتووی سووریا لە هەموو بارودۆخێکدا، ناوەرۆکی هەڵوێستی نەگۆڕی تورکیایە و هەرگیز لەوە پاشەکشە ناکەین.»
بێگومان تورکیا وەکوو پشتیوانی سەرەکی هەیئەت تەحریر شام دەمێنێتەوە و هەروەها هێزێکی پرۆکسی سووری کە بە سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) ناسراوە، بەکاردەهێنێت کە لە جیهادی و بەکرێگیراوانی سوننە پێکهاتووە. لە ئێستادا، سوپای نیشتیمانی سووریا لە باکوور و خۆرئاوای سووریا هێرش دەکاتە سەر ئیدارە سەربەخۆکان -بە سەرکردایەتی کورد- و هێزەکانی سووریای دێمۆکرات (SDF) کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. هەروەها، پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر، ئەوە تورکیا بوو کە ئیزنی بە ڕێکخراو و سەرچاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەدا کە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ سووریا ترانزێت بکەن.
دەرئەنجامەکە کارەساتبارە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئیدارە خۆسەرەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاکە هەواڵێکی دڵخۆشکەرن کە لە ناو شەڕی ناوخۆی سووریادا دەرکەوتوون (بێگومان لەگەڵ دەرکردنی ئەسەد لە ئێستادا). ئەم کانتۆنە خودموختار و سێکۆلارە پەناگەیەکی سڵامەتیان دابین کرد بۆ کورد، عەرەب، مەسیحی، ئێزیدی، ئەرمەنی، سوورییە سێکۆلارەکان و ئەوانی دیکە؛ پێشیان بە ملیۆنان پەنابەری دیکە گرت کە بەرەو سنوورەکانی ئەورووپا بڕۆن. ناوچە سەربەخۆکان بە هەمان شێوە مافەکانی ژنان بەرەوپێش دەبەن و ژنان و کەمینەکان بۆ پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتی بەرز دەکەنەوە.
لە کۆتایی مانگی نۆڤامبری ئەمساڵدا سەردانی ئیدارە خۆسەرەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریام کرد. ئەوە یەکەم گەشتم بوو بۆ سووریا لە دووای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011 و ویستم بە چاوی خۆم بزانم ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمییە دیفاکتۆیانە چۆنن. بە سەرنجدان بە نزیکایەتی ئایدیالۆژیک نێوان گرووپە کوردەکانی سووریا -کە ناوچەکە بەڕێوەدەبەن- و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە گروپێکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شەڕی دەوڵەتی تورکیا دەکات، چاوەڕێی ئەوە بووم کە (کەسانێکی) ئایدیالۆگ و ئەنارشیستی ڕادیکاڵ، هاوشێوەی ئەکادیمیستە ”شۆڕشگێڕەکان” ببینم کە هەندێک جار لە وڵاتانی خۆرئاوا چاومان پێیان دەکەوێت.
بە جیاتی ئەوە، لە سەرکردایەتییەوە تا دەگاتە کەسانی ئاسایی کە قسەم لەگەڵ کردن، کەسانی پڕاگماتیستم بینی کە تەنیا ئارەزوویان باشترکردنی ژیانیان، مانەوە لە سڵامەتی و دەستگرتن بەو سەقامگیرییەیە کە لە شکستپێهێنانی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا نەخشێندرابوو. پرسیارەکانیان بۆ من ئەوە بوو، «کێ یارمەتیمان دەدات؟ ئایا ئەمریکا لە پاڵمان دەوەستێت؟ ئایا ئیسرائیڵ یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ بەرگریکردن لە خۆمان؟ چی بکەین بۆ ئەوەی تورکیا ڕازی بکەین کە وازمان لێ بهێنێت؟ ئێمە پەکەکە نین؛ ئێمە دەمانهەوێت هیچ شەڕێک لەگەڵ تورکیادا نەبێت.»
کاتێک پرسیارم لێکردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم، وڵامەکەیان لە دەوری بڕیاردان بە شێوەی لامەرکەزی و ئەزموون و هەڵە کردن (trial and error) دەسوڕایەوە. کاتێک هۆزە عەرەبەکان لە دێرەزور و ڕەقە (پایتەختی پێشووی داعش) هەوڵەکانی ئەمانیان بۆ قەدەغەکردنی فرەژنی ڕەتکردەوە، وتیان: «باشە- لەو شارەوانییانەی کە بەڕێوەی ئەبن بە شێوازی خۆتان ئەنجامی بدەن. بەڵام هەڵمەتێکی پەروەردەییمان دەبێت بۆ بێهیواکردنی ئەو کردەوەیەی ئێوە.» کاتێک چالاکوانێک لە ئیسپانیاوە هات و ئاڵای ڕەنگینی “LGBTQ”ـی لە ناوەندی شاری ڕەقە هەڵکرد، ئەوان دەریانکرد، لە کاتێکدا ئەوان بۆ مافەکانی” LGBTQ” تێ ئەکۆشن، پێویستیان بە کەسێک نییە بچێتە ئەوێ بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کانسێرواتیڤ (نەریتپارێز) تووڕە و ناوچەکە ناسەقامگیر بکات. کاتێک لەبارەی سەرمایەداری لێیانم پرسی، پێکەنین و گوتیان: «ئێمە دژە-سەرمایەداری نین. ئێمە بازرگانیمان دەوێت، سەرمایەگوزاریمان دەوێت، دەمانهەوێت بەشێک بین لە ئابووری جیهان، پێویستمان بە سنووری کراوە و کاڵای زیاترە.»
بێگومان هەرێم [مەبەست ڕۆژاوایە] یۆتۆپیایەک نییە بۆ دێمۆکراسی- زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان، لەوانە پارتە کوردەکان، لە چالاکییان لەو ناوچەدا ڕێگری دەکرێت. هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک و دەستە خۆشکەکانی ئەوان (YPJ) بەپەرۆشەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی مۆنۆپۆلی خۆیان لەسەر بەکارهێنانی هێز بپارێزن و بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکانی تر لە دەرەوەی دەسەڵات بمێننەوە. سەرەڕای ئەوەی کە، تەنانەت سنوورەکانیان ڕوو بە تورکیا داخراوە، ڕێگەیان پێنەدراوە بازرگانییەکی ئەوتۆیان لە گەل باقی سووریا ببێت، و کرانەوەیەکی زۆر سنوورداریش بەڕووی کوردستانی عێراقدا هەیە؛ بەڵام ناوچەکە جێگەی ستایشە، لە شەڕەوە دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە. چەند خانوویەکی وێرانکراو ماونەتەوە. تەنیا بە کەمێک هەناسەدان لە نێوان ئاژاوە و شەڕدا، ئیدارە ناوخۆییەکان پێشوازییان لە هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی کردووە، و بۆ چەندین ساڵە کەشێکی پارێزراویان بۆ هەموو گرووپەکانی ئەوێ دابین کردووە. بە تایبەت، بەتۆزێک پاڵ پێوەنان بۆ فرەچەشنی سیاسی، ئەم جۆرە ڕێکخستنە دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ لامەرکەزییەت و دابەشکردنی دەسەڵات لە سووریای نوێدا. لامەرکەزییەت هەموو گرووپە جیاوازەکانی وڵات دڵنیا دەکاتەوە کە لە داهاتوودا پێگە و ڕۆڵیان دەبێت.
گەمژانە دەبێت ئەگەر وڵاتانی خۆرئاوا، کە نیگەرانن لە سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سەلەفی دیکتاتۆر لە دیمەشق، بەرگری لە بەدیلێک نەکەن کە ئێستا لە سووریادا و لەسەر ئەرزی واقع بوونی هەیە. هەرچەندە پێویست بە کێبەڕکێی ئیرادە لە گەڵ تورکیادا هەیە، ئەمریکا بە تایبەتی -بە 2000 سەربازەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا- دەتوانێت و پێویستە ئاماژە بە ئیرادەی خۆی بکات کە واز لە پێکهاتە جیاوازەکانی ئەوێ نەهێنێت و لە هەمان کاتدا دڵنیا بێت لەوەی هەرگیز هەڕەشە ناکەن لە تورکیا. واشنگتن دەتوانێت ناوبژیوانی قۆناخی گواستنەوە بێت کە ڕێگە بۆ لامەرکەزی لە سووریای نوێدا بکاتەوە و بەو هۆیەوە هیوایەک دابین بکات بۆ هەموو سووریاییەکان.
ئەگەر لەبری ئەوە، ڕێگە بە ئانکارا و پرۆکسیەکانی بدەین کە داواکاری ڕژێمێکی نوێی زۆر ناوەندگەرا و تاکڕەوانە ئەکەن، ئەوە شەڕی ناوخۆی سووریا بەڕاستی کۆتایی پێ نایێت. کورد وەک جاران دژی هەر هەوڵێک بۆ وەدەرنانیان و بێدەنگکردنیان دەجەنگێت، ئەمە بۆ گرووپە عەرەبە غەیرە سوننەکانیش ڕاستە.
_______
سەرچاوە:
https://nationalinterest.org/feature/syrias-future-depends-kurds-214470/
* دەیڤید ڕۆمانۆ خاوەنی کورسی “تۆماس جی سترۆنگ” لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی ویلایەتی میزۆری. نووسەری کتێبی بزووتنەوەی ناسیۆناڵیستی کورد (چاپخانەی زانکۆی کامبریج، 2006) و هاونووسەری گۆڤاری ململانێ، دێمۆکراتیزەکردن و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (پاڵگرەڤ ماکمیلان، 2014) و هەروەها کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کێشە بەردەوامەکان و… داینامیکی نوێ (لێکسینگتۆن، 2020). لە ساڵی 2010 تا 2020 حەفتانە ستوونی سیاسی بۆ ڕووداو کە گەورەترین سایتی میدیایی کوردییە نووسیوە و لە ساڵی 2024 وەک مامۆستای سەردانکەر لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر (باشووری کوردستان) کاری کردووە.