قەدبڕێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
دەینا ستڕۆوڵ

ق

داگرتنی وتارەکە:

 

First Published In Foreign Affairs
ئاپریلی 2025
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی

 

ڕێژیمی ئێران لە دۆخی بەرگریدایە، لە ناوخۆی وڵاتدا بێهێزترە و (ئەم دۆخەی) لە دەرەوەی وڵات، زیاتر لە هەموو کاتێک لە دووای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە ئاشکراتر دەرکەوتووە. پێش هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبری 2023 بۆ سەر ئیسرائیڵ و شەڕی فرەلایەنەی دوواتری ئیسرائیڵ دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەبەرهێنانە بەرفراوانەکانی ئێران لە جبەخانەی مووشەکی و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و تۆڕی پڕۆکسیە ناوچەییەکانی، ستراتیژی ئەمریکای بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردبوو. شرۆڤەکارانی سیاسەتی ئەمریکا کە سەرنجیان لەسەر ئێران بوو، جیاوازی بیروڕایان هەبوو لەسەر ئەوەی کە چ تێکەڵەیەک لە ئامرازەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ دەستدرێژییەکانی ئێران بەربەست ساز بکات، بەڵام بەگشتی شڕۆڤەکاران هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەگەر بەتوندی پاڵ لە تارانەوە بنرێت، ئەوە بژاردەی تۆڵەسەندنەوەی زەقتر دەبێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕی سەرتاسەری. چوار سەرۆکی یەک لە دووای یەک لە ئەمریکا -جۆرج بوش، باراک ئۆباما، دۆناڵد تڕامپ (لە خولی یەکەمی خۆیدا) و جۆ بایدن- هەموویان ڕێککەوتبوون لەسەر بەکارهێنانی دیپڵۆماسی و ئابڵۆقە بۆ ڕێگریکردن؛ و هیچیان ڕێگەیان بە هێرشی سەربازی لە ناوخۆی ئێران نەدا.

سەرکەوتنەکانی ئیسرائیڵ ئەو بۆچوونە گریمانەییەیان تێکشکاند و دەرفەتێکیشی کردەوە بۆ تەواوکردنی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی هەڕەشە ناوچەییەکانی ئێران و بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست پارێزراو و سەقامگیرتر. سەرکردە سەرەکییەکانی “میحوەری بەرخۆدانی” ئێران کوژراون و دەیان هەزار چەکداری سەر بە ئێران لە بەرەکانی شەڕ دەرهێنراون. جبەخانەکانی ئەم میحوەرە وێران بوون و ئیسرائیڵ ئەو بنکە سەربازی-پیشەسازییەی ئێرانی لاواز کردووە کە ڕۆژانێک چەکی دابین ئەکرد. کاتێک بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا لە مانگی دێسامبردا لە دیمشق هەڵهات، سەرکردەکانی تاران هاوپەیمانێکی چارەنووسسازیان لە دەست دا کە ساڵانێک یارمەتییانی دابوو سووریا بکەنە ناوەندەێکی ترانزیت بۆ دووبارە دابینکردنەوەی چەک و پارە و شەڕکەر بۆ میلیشیا پرۆکسییەکان. دوو هێرشی موشەکی بالیستیکی بۆ سەر ئیسرائیڵ لە ساڵی 2024دا وەک شکستێک دەرچوو کە ڕێگریکردن (deterrence) و هەروەها مۆڕاڵی گرووپەکانی سەر بە ئێرانی لاوازکرد و بوونی تارانی وەک سەرپەرشتێک خستە ژێر پرسیارەوە.
قۆناغەکە بۆ چوارچێوەیەکی سیاسی نوێ ئامادە کراوە کە ئەو بیرۆکراسییە گەندەڵ و لاوازانە کە ئێران سوودی لێ وەردەگرتن چاک و بەهێزیان بکات و جێگەی ئەو سەرکردە سازشکارانە پڕبکرێتەوە کە پێشوازییان لە دەستڕۆشتوویی ئێران دەکرد. ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی وێرانکەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانرێت بە تەنیا بۆ ئیسرائیڵ جێبهێڵرێت؛ کە سەرچاوە، پێکهاتەی هاوپەیمانی، و ئەزموونی دەیان ساڵەی بۆ دەستەبەرکردنی نەزمێکی ناوچەیی نوێ و ئاشتیانەتر، نییە. هەروەها دەسەڵاتی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت پێش به پاشەکشەی ستراتیژی ئێران بگرێت. تەنیا پڕۆسەیەکی سیاسی دەتوانێت ئەم ئامانجە بەدیبهێنێت -و ئەمریکا باشترین پێگەی هەیە بۆ پێشەنگایەتیکردنی.

بەڵام ئەو هەنگاوانەی تڕامپ کە لە مانگەکانی یەکەمی خولی دووەمی خۆیدا گرتووەتەبەر، تەنیا ئیشی واشنگتن لە قۆزتنەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە قورستر دەکات. ڕەنگە تڕامپ پێیوابێت کە بچووک کردنەوەی دەستەی دیپڵۆماسی وەزارەتی دەرەوە و ستافی فریاگوزاری دەرەکی، دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان دژی پرۆکسیەکانی ئێران لە یەمەن، ستراتیژی ئەمریکا چڕ دەکاتەوە و ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو هەڵمەتەی کە لە خولی یەکەمی خۆیدا دژی ئێران بەکاری هێنا. بەڵام ڕێبازێک کە تەنیا لەسەر یەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوە -کردەوەی سەربازی- وەستابێت ڕێگە نادات ئەمریکا سوود لە لاوازی ئێران وەربگرێت.
لە جیاتی ئەوە، پێویستە تڕامپ ڕێوشوێنی توند و دیپڵۆماسی داهێنەرانە تێکەڵ بکات کە تێیدا زیاتر لە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتان و گەڕان بەدووای ڕێکەوتنی بەرچاودا بێت. ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیڵ و زۆرێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەریی ئێران -کۆدەنگییەکی دەگمەنە. واشنگتن پێویستی بە کۆکردنەوەی ئەم لایەنە پەیوەندیدارانە هەیە بۆ داڕشتنی نەخشەیەکی واقعی بۆ حوکمڕانی، ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی غەززە. دەبێت بە ڕوونی باس لەوە بکات کە چ وەبەرهێنانێکی درێژخایەن لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. لەجیاتی ڕاگرتنی یارمەتییەکان، دەبێت ستراتیژییەکی ڕوون بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵکەکەی دابڕێژێت کە سەرچاوەی زیاتر بخاتە بەردەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەندیکا تاوانکارییانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەریی ئێرانیان درێژە پێدابوو،
بەبێ ستراتیژییەکی لەو شێوەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت دەستکەوتە سەربازییە سەرنجڕاکێشەکانی ئیسرائیڵ لە دژی ئێران بچەسپێنێت. سەرکردەکانی تاران لە ئێستاوە هەنگاو دەنێن بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتە لەدەستچووەکەیان: هەندێک لە شیکارییەکان بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی یارمەتی ورووژاندنی ئەو توندوتیژییە تائیفییەی داوە کە لە مانگی مارچ لە سووریا سەریهەڵدا. هەرچەندە تاران بە تەواوی ڕەتیکردووەتەوە، بەڵام سوود لە لاوازکردنی حکومەتی دیمشق وەردەگرێت. دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕینی ڕەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئەگەر ئەمریکا ئەم دەرفەتە بۆ سەرکردایەتیکردن لەدەست بدات، ڕەنگە بۆ چەندین نەوە دووبارە نەبێتەوە.

لێدانی کۆتایی
لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا ئیسرائیڵ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی ئێرانی خستە سەر ئەژنۆ. ئەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، توانای بەردەوامبوونیان لە هەڵمەتە جیدییەکانی دژە-شۆڕش و زاڵبوون بەسەر حکومەتە لاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدەستداوە. تا مانگی ئاگۆستی ساڵی 2024، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیڵ ڕایانگەیاند کە 22 لەشکر لە 24 لەشکرەکەی حەماسیان “هەڵوەشاندووەتەوە” و زیاتر لە نیوەی فەرماندە سەربازییەکانیان کوشتووە و هەروەها زیاتر لە 17 هەزار چەکداری پلەداریان لەناوبردووە. سوپای ئیسرائیڵ بەشێکی زۆری ژێرخانی تونێلەکانی حەماس لە غەززە و ئەو دامەزراوانەی کە گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و تەقەمەنی دیکە بەکاریان هێناوە، لە کاریگەری خستووە. ئامادەیی حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەستی بڕگەیی لە مانگی یەکدا ڕەنگدانەوەی تێکچوونی ئەو وڵاتەیە: سەرکردەکانی دەزانن کە مانەوەی گرووپەکە پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیڵ.
لەم نێوەندەدا، فەیلەقی سەرکردایەتی حزبوڵڵا -پارتنێری ئێران لە لوبنان- لەناوچووە. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیڵ زیاتر لە 70%ـی مووشەکی ستراتیژیکی مەودای دوور و مووشەکی دژە فڕۆکە و مووشەکی دژە کەشتی و مووشەکی هەڵدانی مەودای کورتی گرووپەکەیان لەناوبردووە. تاران لە دانپێدانانێک بە لاوازبوونی حزبوڵا، لە مانگی نۆڤامبردا سەرکردە ڕزگاربووەکانی گرووپەکەی ئاڕاستە کرد کە بە پێی مەرجەکانی ئاگربەست کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیڵ بوون، ڕێکبکەون. حزبوڵا ناچار بوو هەڵمەتی خۆی دژی ئیسرائیڵ لە شەڕی غەززە جیابکاتەوە، ئەمەش گورزێکی گەورە بوو لە هەوڵەکانی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیڵ لە نێو ئەڵقەیەکی ئاگردا. وە لە مانگی فیورییەدا لوبنان حکومەتێکی نوێی پێکهێنا کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا، سیاسەتمەدارانی هاوپەیمانی حزبوڵای پەراوێزخست.

ئێران نەیتوانی پارێزگاری لە ئەسەد بکات، کە تاکە سەرۆک دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە بتوانێت وەک هاوبەشێکی ستراتیژیک هەژمار بکات. دووای ئەوەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 سەریهەڵدا، ئێران 30 تا 50 ملیار دۆلاری تەرخان کرد بۆ بەهێزکردنی ڕژێمی ئەسەد، لەوانە جێگیرکردنی ئەفسەرانی ئێرانی، ئاراستەکردنی سەربازە پیادەکانی بۆ سووریا و پێشکەشکردنی پشتیوانییەکی بەرفراوانی لۆجستیکی و هەروەها ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر. لە بەرامبەردا ئەسەد ڕێگەی بە ئێران دا وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تۆڕی ناوچەیی خۆی، کۆنترۆڵی کۆگا و فڕۆکەخانەکانی پێبەخشی و ڕێگەی پێدا پارە و کەرەستە بەرەو پرۆکسیەکانی ئێران لە سەرتاسەری خاک و ئاسمانی سووریادا بگوازێتەوە. هاوپەیمانیی سوودبەخشی دوولایەنەی نێوان تاران و دیمشق لە مانگی دێسامبردا لەناکاو کۆتایی پێهات، دووای ئەوەی هاوپەیمانییەکی دژە ئەسەد بە سەرۆکایەتی گرووپی یاخیبووی هەئیەت تەحریر شام (HTS) وەکوو ڕەشەبا بەسەر دیمشقدا هات و پایتەختەکەی بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاریەکی جددی ببێتەوە کۆنتڕۆڵ کرد.

لە کۆتاییدا، ستراتیژی تاران لە پێشاندانی هێز لە دەرەوە -بۆ پاراستنی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا- لە ڕێگرتن لە هێرشی ئیسرائیڵ بۆ سەر سەر خاکەکەی شکستی هێنا. لەناوبردنی بەرگرییە ئاسمانییە ستراتیژیەکانی ئێران و هێرشەکانی ئیسرائیڵ بۆ سەر دامەزراوە بەرگرییە پیشەسازییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد و توانای دروستکردنی چەکی ئاسایی (conventional weapons) بە ئاستێکی زۆر دابەزاند. لە هەمووی گرنگتر، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیڵ ترسی هێرشکردنە ناو خاکی ئێرانی کەم کردەوە کە پێشووتر بەربەستێک بوو. لە ئاپریلی 2024، ئێران بە هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی ئیسرائیڵ وەڵامی کوشتنی دوو ژێنێراڵی باڵای لە دیمشق دایەوە. بەڵام بەرگرییەکی فرەلایەنەی هاواهەنگیش، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهاتبوو کە بریتی بوو لە توانا سەربازییەکانی ئیسرائیڵ، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی، کە توانییان زۆربەی مووشەکی کروز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران پووچەڵ بکەنەوە، پێش ئەوەی تەنانەت بگەنە ئاسمانی ئیسرائیڵ. پاشان لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیڵ بە یارمەتی ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشێکی ڕێکخراوتری ئێران کە زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستیک بوو، بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە خۆی کرد. ئەم ڕووداوانە نیشانی دا کە دەتوانرێت هێرشە ئاساییەکانی ئێران تێکبشکێنرێت و وڵاتانی دراوسێ ڕازی بکرێن کە بەشداری بەرگرییەکی هاوئاهەنگ و سەرانسەری بکەن لە دژی دەستدرێژی ئێران.

ئامادە و جێگیر
ئیسرائیڵ لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانەوە دەسەڵاتی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە. بەڵام ئەو قۆناغەی کە دووای ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانەوە دێت و دۆکترینی سەربازی ئەمریکا پێی دەڵێت سەقامگیری، بەهەمان شێوە گرنگە. بۆ ڕێگریکردن لە بازنەی زیاتری توندوتیژی و بەستنی دەرفەتی سوود وەرگرتن لە ئالۆزی دووای شەڕ، سەقامگیری بریتییە لە دووبارە دامەزراندنەوەی ئاسایشی بنەڕەتی کە دانیشتوان بتوانن متمانەی پێبکەن، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک کارەبا و پاکوخاوێنی، وەستاندنی خراپبوونی ئابووری دووای جەنگ و یارمەتیدانی حکومەتە نوێیەکان بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکانیان. ئەم قۆناغەی جەنگ کە لە بنەڕەتدا سیاسییە، ناکرێت بە تەنیا لەلایەن باڵی سەربازییەوە بەڕێوە ببرێت: بەڵکوو دەبێت دیپڵۆماتکاران، شارەزایانی تەکنیکی پاش شەڕ، سەرکردە ناوخۆییەکان و ئەکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەستی ئەم قۆناغە بن، تەنانەت ئەگەر هەندێک جووڵەی ناسەقامگیرکەر بەردەوام بێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیە بۆ سەقامگیریی ستراتیژیک. لە ئێستادا، سەرکردە نوێکان لە بەیروت و دیمشق کار دەکەن بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکانیان لە کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر ئاسایش و سیاسەتیان. جۆزێف عەون، سەرۆکی پێشووی لوبنان کە بەم دوواییانە دەستبەکار بووە، بە ئاشکرا داوای چەککردنی هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی کرد کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن. ئەو دەسەڵاتی داوە بە سوپا بۆ کارکردن لە باشووری لوبنان و بە کۆتایی گەیاندنی ڕەوتی چەک داماڵینی حیزبوڵا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2006ـەوە بانگەوازی ئەو جۆرە چەککردنە دەکات. بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵا، ئیرادەی سیاسی نوێی بەیروت و چاودێری ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکا، چانسی بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پڕۆژانەوە هەیە.

لە سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی هیئەتی تحریر الشام لەسەر سنووری لوبنان ڕووبەڕووی تۆڕە نایاساییەکانی بازرگانی چەک و ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە و ئازایانە ئێران تۆمەتبار دەکات بە ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. حکومەتە کاتییەکەی پلاتفۆڕمێکی بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانی سەبارەت بە نەخشەکێشانی داهاتووی سووریا بەستووە، ڕێکەوتنی تێکەڵاوبوون لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دیکەدا واژۆ کردووە و بەپێی زانیارییەکانی ئەمریکا، شەرع کاریشی کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش.) هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لە پەیوەندییەکانی ڕابردووی HTS بە ئەلقاعیدە، بەڵام ئەم هەوڵە سەرەتاییانەی شەرع ڕەنگدانەوەی مەیلی گشتگیری سیاسی و هاوکاری ئەمنییە کە ئەگەر بکرێت و پەرەی پێبدرێت، دەتوانێت سەنگەرێک بێت لە دژی دەستێوەردانی ئێران کە هەمووکات سوود لە درزی تایەفەگەری و نەهامەتی ئابووری دەبات. دانیشتووانی لوبنان و سووریا هەست بەوە دەکەن کە دەسەڵاتی ئێران لاواز بووە و هەر بۆیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان، چاویان بڕیوەتە حکومەتەکانیان، نەک گرووپە نادەوڵەتییەکان.
بەڵام بەبێ هاوکاری و بەشداریکردنی دەرەکی -و لە نەبوونی هیچ ڕوانینێک بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گشتگیر- خەڵکان و پێکهاتە ئازارچێشتووەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناچار دەبن بۆ مانەوەی ڕۆژانەیان پشت بەو تۆڕانە ببەستن کە لە دەرەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت کاردەکەن، لەوانەش تۆڕە نایاساییەکان. ئەمەش لە ئاکامدا لاوازی حکومەتەکانیانی لێ دەکەوێتەوە. سەرکردەکانی ئێران تێبینی شەپۆلی نوێی سەرکردە ناسیوناڵیستەکان دەکەن کە نایانهەوێت نەخشەی ئەوان بگرنەبەر، و دەزانن زۆرێک لە خەڵکی ئاسایی تامەزرۆی ڕزگاربوونن لە چنگی ستەمکارانەی میحوەری مقاومە. بەڵام ئێران بەتەواوی دەیهەوێت دەستڕۆشتوویی خۆی لە ناوچەکەدا بگەڕێنێتەوە: لە وتارێکی مانگی دێسامبردا پلانەکانی تاران بۆ دامەزراندنی گرووپی شۆڕشی نوێ لە سووریا ئاشکرا کرا؛ ژێنێراڵی باڵای رژێم، بێهروز ئیسباتی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سەرکەوتوو دەبێت لە چالاککردنەوەی وردەوردەی ئەو “چینە کۆمەڵایەتیی” قووڵانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا پەرەی سەندووە.
دوورخستنەوەی ئەسەد دەرفەتێک بۆ نەوەکان دەرەخسێنێت تاکوو سووریا بخەنە سەر ڕێگەیەکی سەقامگیر، کە چیتر نەبێتە بنچینەیەکی ئێران بۆ دەرخستنی دەسەڵات. شەرع چەندە بیهەوێت لە کاریگەرییەکانی ئێران -نزیک بە دەیەیەک- ڕزگاری بێت، بەڵام ئەگەر لە سزاکانی ئەمریکا ڕزگاری نەبێت، ناتوانێت ئەو کارە بکات. وە بەبێ پشتیوانییەکی بەرچاوی دەرەکی کە داوای گەیشتن بە پێوەرەکانی حوکمڕانیەکی واقیعی بکات، ناتوانێت قەیرانی مرۆیی و ئابووری سووریا سنووردار بکات -ناسەقامگیرییەک کە دەچێتەوە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێران.

ئێران هێشتا لە شوێنەکانی دیکەشدا پێگەی بەرچاوی هەیە. بزووتنەوەی حەماس سەرەڕای تێکچوونی دۆخەکەی، هیچ ئاماژەیەکی نەداوە کە شکستی قبوڵ کردووە و سەرکردەکانیش دانوستان لەسەر داهاتوویەک ناکەن کە تێیدا دەستبەرداری حوکمڕانی غەززە بن.  حەماس لە ئێستادا سوود لە کەمی سەرچاوەکان وەردەگرێت و ڕێگەی یارمەتییە مرۆییەکان دەگۆڕێت و کۆنترۆڵی دابەشکردنیان دەکات. حەماس لە بۆشایی حوکمڕانی غەززەدا خۆی دەسەپێنێت و بۆ هەوڵەکانی کوتانی واکسەنی ئیفلیجی منداڵان لە ساڵی 2024 -کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتیوانی ئیسرائیڵ و ئەمریکا جێبەجێی کردووە- متمانە کۆ دەکاتەوە. لەگەڵ تۆڕە تاوانکارییەکان کار دەکات بۆ پارەوەرگرتن لە هاووڵاتیانی مەدەنی و بۆ نیشاندانی بەردەوامبوونی هێزەکەی، ڕێوڕەسمی ئازادکردنی بارمتەکان ڕێکدەخات. لە 7 ـی ئۆکتۆبرەوە، بەراوەرد دەکرێت ئەم گرووپە زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی نوێی دامەزراندبێت و سەرمایەدارەکانی دەزانن چۆن خۆیان لە کەلێنەکانی سیستمی سزاکانی ئەمریکا دەرباز بکەن و سەرمایەگوزاریەکی جیهانی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار ڕێکبخەن. ڕێبەرانی ئیسرائیڵ بەرەنگاری هەر دەرفەتێک بوونەتەوە بۆ حوکمڕانیەکی فەڵەستینی بە بێ حەماس لە غەززە، هەروەها ئەو پێشنیارەی کە وڵاتانی عەرەبی لە مانگی مارس لە قاهیرە پێشکەشیان کرد، داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماسی تێدا نابینرێت.

هێرشەکانی ئیسرائیڵ بۆ سەر حزبوڵا، گرووپەکەی بە قووڵی لاواز کردووە. بەڵام سەرکردە نوێیەکانی بەیروت خۆیان دەوڵەتێکی لاوازیان بە میرات گرتووە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبوڵا بە تەواوی پێویستیان بە یارمەتی هەیە. بەڵام دووای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی عەون لە مانگی یەکدا، ئیدارەی تڕامپ ڕێگەی گرت لە گەیشتنی دەیان ملیۆن دۆلار هاوکاری ئەمنی بۆ هێزی سەربازی لوبنان. تەنانەت پێش 7ـی ئۆکتۆبر، ئەمریکا (و زۆرێک لە ئەکتەرە نێونەتەوەییەکانی دیکە) جگە لە یارمەتییە مرۆییە ڕاستەوخۆ و ناوخۆییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەن حزبوڵاوە، پشتیوانییان لە لوبنان نەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە بەرفراوانەی کە گەیشتووەتە بەیروت، واشنگتن پڕۆژەی خۆی بۆ هاوکاریکردن ڕێکنەخستووە. نەعیم قاسم، ڕێبەری نوێی حزبوڵا، پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینی دەکات هەوڵەکانی چاکسازیی بەیروت شکست بهێنن و بانگەوازی عەونی بۆ داماڵینی چەکیشی ڕەتکردەوە. ئەگەر حکومەتی لوبنان نەتوانێت بە خێرایی یارمەتی ئابووری و هاوکاری ئاوەدانکردنەوە پێشکەش بکات، ڕەنگە حزبوڵا جارێکی دیکە بە بەدەستهێنانی کورسییەکانی یاسادانان لە هەڵبژاردنەکانی پاڕڵمانی ساڵی داهاتوودا، دەوڵەتەکە بگرێتەوە دەست. حزبوڵا لە ئێستاوە کار دەکات بۆ چاککردنەوە و دووبارە پارەدارکردن و بەهێزکردنی پشتگیرییە جەماوەرییەکەی، هەزاران دۆلار وەک قەرەبوو پێشکەش بە خەڵکی لوبنان دەکات کە ماڵەکانیان لە کاتی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیڵدا وێران بووە.

کاوبۆی تەنیا
ئێران بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکەی، هەروەها کار بۆ زیاتر بەدامەزراوەییکردنی دەستڕۆشتوویی خۆی لە عێراق و یەمەن دەکات. سیاسەت لە هەردوو شاری بەغدا و سەنعا هێشتا بە توندی لە ژێر کاریگەری تاراندایە و گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی سەر بە ئێران هەردوو وڵات بۆ دەرخستنی دەسەڵات بەکاردەهێنن. لەگەڵ کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی حزبوڵا، حوسییەکان لە یەمەن وەک بیمەی نوێی سیاسەتی ئێران، شەڕنانەوەکانی خۆیانیان بەستەوە بە هەڵمەتی ئیسرائیڵ لە غەززە. ئەوان لە 7ـی ئۆکتۆبرەوە تاکتیک و توانای مووشەکیان باشتر کردووە و پەیوەندییە گشتییەکانیان پەرە پێداوە. ئەوان بەردەوامن لە حوکمڕانی سەنعا و چاپکردنی پارە و کۆکردنەوەی باج و لادانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ مەبەستی خۆیان، و تەنانەت لە مانگی دێسامبردا 500 ملیۆن دۆلاریان لە سعودی بۆ پاڵپشتی بودجە دەستەبەر کردووە. نە هێرشە فرەلایەنەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی حوسییەکان و نە هێرشەکانی ئیسرائیڵ بۆ سەر بەندەر و ژێرخانی وزە، هێرشەکانی حوسییەکانیان بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور ڕانەگرت تا ئەو کاتەی ئاگربەستی مانگی یەک لە غەززە جێبەجێکرا. هێرشەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شکستیان هێنا لە دروستکردنی دەروازەیەک بۆ سەرکردایەتییەکی نوێ لە یەمەن یان بڕینی ئەو چەک و مەشق و پشتیوانییە تەکنیکیانەی کە ئێران دەینێرێتە یەمەن.

تڕامپ ناساندنی حوسییەکانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیانی گەڕاندەوە، کە سەرۆکی پێش خۆی لە ساڵی 2021 هەڵیگرتبوو، ئەمەش هیچ زیانێک بە سەرکردایەتی حوسییەکان ناگەیەنێت، کە نە گەشت دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات و نە خاوەن هەژماری بانکی نێونەتەوەیین. بەڵام ئەم بڕیارە ئابووری وێرانبووی یەمەن زیاتر لاواز دەکات و زیان بەو هاووڵاتییە مەدەنیانە دەگەیەنێت کە لە ئێستاوە بەدەست کاریگەرییەکانی زیاتر لە دە ساڵ شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنن و ئەم لاوازبوونە کۆمەڵایەتییە دیسان دەرفەت بۆ ئێران دەڕەخسێنێت کە دەسەڵاتی خۆی لەو وڵاتە فراوان بکات. لە عێراق، هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ بۆ بێدەنگکردنی کاریگەرییەکانی ئێران بەهۆی ڕۆڵی عێراق -لە میوانداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش- سنووردار بووە. گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە پێشبینی گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ، بەرژەوەندییەکانیان لە بەغدا دامەزراوەیی دەکەنەوە، خۆیان لە سیستمی سیاسی عێراقدا دەچەسپێنن و دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابەش دەکەن دەکەن بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی تۆڕی هەڕەشەکانی ئێران. محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەندێک سیاسەتی گرتۆتەبەر کە زیانبەخشن بۆ تاران، لەوانە ڕێگریکردن لە گەشتی چەکدارانی سەر بە ئێران بۆ سووریا و دەربڕینی ئامادەیی بۆ بەردەوامبوون لە میوانداریکردنی سەربازانی ئەمریکا. بەڵام واشنگتن هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ پاداشتی ئەم هەوڵانە، لەبری ئەوە هاوکارییەکانی بۆ ئەو کۆمەڵگایانە داخستووه کە لەلایەن داعشەوە تێرۆر کراون و ئەو بەرنامانەی ڕاگرتووە کە پشتگیریان لە گەشەسەندنی ئابووری عێراق کردووە. هەروەها لە مانگی ئازاردا ئیدارەی تڕامپ کۆتایی بە ڕاگرتنی سزاکان هێنا کە ڕێگەی بە عێراق دابوو کارەبا لە ئێران بکڕێت، بڕیارێک کە جەخت لەسەر تۆڕی کارەبای عێراق دەکاتەوە کە لە ئێستاوە و لە پێش مانگە گەرمەکانی هاوین لاواز بووە و سودانیش دەخاتە ژێر گوشارەوە.

زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا لەم باوەڕە نوێیەدان کە لەبەر ئەوەی ڕژێمی ئێران لە لوتکەی لاوازیدایە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێڵێکی توندتر بگردرێتەبەر. هەر زوو دووای دەستبەکاربوونی تڕامپ لە مانگی یەکدا، فەرمانی جێبەجێکردن واژۆ کرا بۆ هەڵمەتی “زۆرترین گوشار” بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ڕژێمی ئێران، “کەمکردنەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و وەستاندنی پشتیوانی بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان”. سەرۆککۆمار چەندین خولی نوێی سزاکانی ئەمریکای ڕاگەیاند، لەوانە پاکێجەکانی ئامانجکردنی بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تاران، هەناردەکردنی نەوتی تاران و ئەو تۆڕە تاوانکارییە نێونەتەوەییانەی کە دەستڕاگەیشتن بە تێرۆریزمی پاڵپشتکراوی ئێران گەورەتر دەکەن. هەروەها ئیدارەی نوێ ئیلهامی لە یارییەکانی ئیسرائیڵ وەرگرت بۆ لاوازکردنی نمایشی دەسەڵاتی ئێران لە ڕێگەی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی دژی حوسییەکان لە یەمەن، مەودای هێرشە سنووردارەکانی پێشووی فراوانتر کرد و کەسایەتی و ژێرخانی سەربازی و بینا حکومییەکانی کردە ئامانج.
گەمارۆ و لێدانی سەربازی دەتوانێت پێکهاتەی ستراتیژیکی سەرکەوتوو بن، بەڵام لەم ساتەوەختەی دەرفەتدا، ناتوانن بەردەوام بن. ئەمریکا پێویستی بە سیاسەتی بەشداریکردنی فرەلایەنەیە بۆ پێشکەشکردنی ڕوانینێکی ئەرێیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوور بێت لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئێران. بەشداری نەکردنی واشنگتن لە سووریادا بە زەقی دەبینرێت، کە حکومەتی شەرع چەندین جار و بە ئاشکرا خواستی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و پاراستنی سنوورێکی ئاشتیانە لەگەڵ ئیسرائیڵ دەردەبڕێت. بە جەخت لەسەر ئەو دەرفەتەدا، سەرۆکەکانی وڵاتانی ئوردن، قەتەر، سعودی و تورکیا و هەروەها شاندە باڵاکانی ئەورووپا، پێشتر لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیەشق کۆبوونەتەوە. بەڵام ئەمریکا زیاتر لە پەراوێزی دیپڵۆماسی دەمێنێتەوە. هەندێک نیگەرانی مەعقولە، شەرع هێشتا تاقی نەکراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی نێونەتەوەیی زۆر ئیرادەدارترە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی لەلایەن تێکدەرەکانەوە تووشی بەرەنگاری نەبێت. هەروەها دەبێت کۆمەڵێک پێوەری ڕاستەقینەی پێبدرێت بۆ هاندانی هەوڵەکانی بۆ سەقامگیرکردنی وڵات و کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی ئابوورییەکی یاسایی بتوانێت دابمەزرێنێتەوە.
لە شوێنێک کە ئیدارەی تڕامپ سەرقاڵە، بۆچوونی تاکلایەنە و پەرچەکردارانە، مەترسی لاوازکردنی ئەنجامە درێژخایەنەکانی لێ دەکەوێتەوە. لە پێشنیاری دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە بۆ گواستنەوەی ملیۆنەها هاووڵاتی مەدەنی و دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس، درزێکی توندی لەگەڵ دیپڵۆماسی ئەمریکا درووست کردووە لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا، کە تێیدا بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ غەززە کردووە کە ئاسایشی ئیسرائیڵ بەهێز بکات، وەڵامی پێداویستییەکانی خەڵکی مەدەنی فەڵەستینی بداتەوە و مامەڵە لەگەڵ پێداویستییەکانی خەڵکی مەدەنی بکات. هەروەها دەبێت ڕاوێژ بە دراوسێیە عەرەبەکانی ئیسرائیڵ بکرێت. ئەو ڕێبازە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئاگربەست بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک کە ڕێگە بە گەڕانەوەی بارمتەکانی ئیسرائیڵ دەدات و یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە خەڵکی غەززە. لە بەرامبەردا، ئەم بۆچوونەی ئێستا لەوانەیە ببێتە هۆی ئیفلیجی سیاسەت لە نێو کۆمەڵێک پێشنیاری ناڕێک و ناواقیعی و زەمینەیەکی بەپیت بۆ حەماس و ئێران بڕەخسێنێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە.

گۆڵ لە خۆدان
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی ئێران، تڕامپ ڕەتیکردەوە پاڵپشتی نێونەتەوەیی بنیات بنێت و بەبێ هاواهەنگی پێشوەختە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئایەتوڵا عەلی خامنەییەوە کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستان. بە پشتگوێخستنی پێویستی ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە ناوچەییەکان، ئەو هەڵەیەی دووپاتکردەوە کە واشنگتن لە کاتی داڕشتنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران کردبووی: لەو کاتەدا ڕاوێژ نەکردن لەگەڵ ئیسرائیڵ و پایتەختە عەرەبییەکان گرژییەکی بەرچاوی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ئەو ڕێککەوتنە لایەنگری کەمی هەبوو و تڕامپ بڕیاریدا لە ساڵی2019دا لێی بکشێتەوە. پێدەچێت ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر ئێران لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە ستراتیژییەکی گوشار، کە تەنیا بە هاواهەنگی لەگەڵ ئیسرائیڵ ئەنجام دەدرێت، دەتوانێت ڕژێمی تاران ناچار بکات ئەو چالاکییانە ڕابگرێت کە بە پێویستی دەزانێت بۆ مانەوەی خۆی. بەڵام ئەمریکا بە بێ پاڵپشتی فراوانتر ناتوانێت ئابووری ئێران بڕووخێنێت و تەنانەت هێرشی سەربازی کاریگەریش دەست پێ بکات. ئەمریکا پێویستی بە هاوکاری چین هەیە -کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە-هەروەها هاوکاری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە میوانداری بنکە و هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. هەروەها ئەمریکا پێویستی بە پاڵپشتی ئەورووپا هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. وە بەبێ هاواهەنگییە زۆر فراوانتری نێونەتەوەیی لەسەر کاریگەرترین ڕێگەی گۆشەگیرکردنی تاران، ڕێژیمی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکەن و مۆسکۆ بەکاردەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ ئیمتیاز وەرگرتنی مانادار.

واشنگتن پێویستە ڕوونی بکاتەوە کە چۆن بەنیازە یارمەتی سزاکان پێشکەش بەو کەسانە بکات کە چالاکییە سزادراوەکان ڕادەگرن. پێداچوونەوە بە سزاکانی سەر سووریای دووای ئەسەد ئەولەویەتی دەستبەجێیە، بەڵام پێویستە بەڕێوبەرایەتییەکە ڕێگایەکی ڕوون دابڕێژێت بۆ دابینکردنی یارمەتی ئابووری مانادار بۆ خودی ئێران، ئەگەر تاران هەنگاوی پێویست بنێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوکیەکەی و وەستاندنی هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی تر.
ئەمریکا دەبێت سەرچاوە و شارەزایی مەدەنی بخاتە پشت ستراتیژی ناوچەیی خۆیەوە تەنانەت لە کاتێکدا وا هانی ئەوانی دیکە دەدات کە لە قورساییەکەدا هاوبەش بن. هاوکاری و شارەزایی تەکنیکی کە لەلایەن هاوڵاتییانی مەدەنیەوە پێشکەش دەکرێت، توخمێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی سەقامگیرکردنە. ئەمریکا دەیان ساڵ و سەدان ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنا بۆ بنیاتنانی پێکهاتەی بیرۆکراتی، لێژنەی پسپۆڕان و شارەزایی لە دامەزراندنی جۆرەکانی دارایی کۆکراوە و بەرنامەی هاوکاری زیرەک کە ڕێگە بە وڵاتان دەدات بە سەرکەوتوویی لە ململانێکان دەربچن. ئەم ئامراز و لێهاتووییانە بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکان لە دژی ئێران زۆر گرنگ دەبن: ئەو پێکهاتانەی کە بەهۆی توندوتیژیەوە وێران بوون، دەیانهەوێت ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام سەرکردە نوێیەکانیان، شارەزایی حوکمڕانی و تەکنۆکراتی و ئابووری پێویستیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ناوازانەی کە کۆمەڵگاکانی دووای ململانێ ڕووبەڕووی دەبنەوە. سوپاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ئامادەییەیان نییە بۆ داماڵین و یەکخستنەوەی گرووپەکانی سەر بە ئێران.
بەڵام دەوڵەمەندی ئەزموونی سەقامگیریی ئەمریکا ئێستا بەفیڕۆ دەچێت، چونکە واشنگتن بەشێوەیەکی سیستماتیک بودجە کەم دەکاتەوە و ئەو هێزی کارە کە سەرن لەسەر یارمەتییە مرۆییەکان دادەنێت، هەڵدەوەشێنێتەوە. ترامپ پێداگرە لەسەر لەناوبردنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی (USAID)، کە ئۆفیسی دەستپێشخەرییەکانی گواستنەوەی لەخۆئەگرت، و بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان گەشەپێدان و یارمەتییە مرۆییەکان دانرابوو.
نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی ململانێ و سەقامگیریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بوودجەکەی لە یارمەتی دەرەکی دابین دەکرێت و تڕامپ دەیهەوێت ڕێگری لێ بکات، پسپۆڕە لە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە زیانیان بەرکەوتووە. ڕاوێژکاری تایبەتی دامەزراندووە کە پێی دەڵێن “ڕاوێژکارانی سەقامگیری” کە ئامادەن لە ناوچە ناکۆک و قەیراناوییەکان بڵاو بکرێنەوە.

ئیدارەی تڕامپ بەنیازە دەستەی دیپڵۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ڕێک لە کاتێکدا کە دیپڵۆماتکاران پێویستیان بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر دەبێت دووای پێشهاتە سەربازییە گەورەکان لە ساڵی 2024دا. ئەم ئیدارەیە هاوکارییەکانی سەقامگیری بۆ عێراق و سووریا و یەمەن لە کاتێکدا ڕاگرتووە کە ئەم جۆرە هاوکارییە دەتوانێت زۆرترین کاریگەری ئەرێیی هەبێت. هەروەها هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزە چەکدارەکانی لوبنان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان پابەند ببوو بە چەکداماڵینی حزبوڵای لوبنان. جگە لەوەش هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەڵەستین کە لەگەڵ ئیسرائیڵ لە بەشی خۆرئاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی حەماس کاریان دەکرد، ڕاگیرا. ئەگەر ئەمریکا هیواخوازە تۆڕی کاریگەریی ناوچەیی ئێران بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت هاوکاری مەدەنی پێشکەش بکات و لە هەمان کاتدا فشار بخاتە سەر ئەوانی دیکە بۆ بەشداریکردن. ئەگەرنا بە سنووردارکردنی ستراتیژییەکەی، دەستبەرداری ئەو ئامرازە باشانە دەبێت کە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئەکتەرە بەدیلەکان گونجاون

لە کۆتاییدا، ئەمریکا پێویستە گەرەنتی ڕوونتر بداتە پارتنێرە ناوچەییەکانی سەبارەت بە پابەندبوونە ئەمنییەکانی خۆی، تەنانەت لە کاتێکدا کە داوا لە پارتنێرەکانی دەکات لەو جۆرە هاوکارییە ئەمنییە فرەلایەنەی کە لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێراندا زۆر سەرکەوتوو بوو، بەردەوام بن. ئەمریکا لە دووای 7ـی ئۆکتۆبرەوە، بوونی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد، ئەم پشتیوانییە کە هەواڵگری و چەک و بەشداری چالاکانە بۆ بەرگری لە ئیسرائیڵە، یارمەتی ئیسرائیڵی دا کە سەرنجی لەسەر بە ئامانجکردنی تۆڕی هەڕەشەکانی ئێران بێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەی لە دیمەنی ستراتیژیکی ناوچەکەدا درووست کرد. ئەم بناغەیەی پشتیوانی سەربازی پێویستی بە مانەوە دەبێت لە کاتێکدا ناوچەکە سەرنجی خۆی بەرەو سەقامگیری دەگۆڕێت.

بۆ ئەوەی زۆرترین گوشار لەسەر حوسیەکان ببێت، پێویستە ئەمریکا پاکێجێکی یارمەتی تایبەت دابڕێژێت کە ئامادەیە لە ئەگەر دەستبەرداری حووسییەکان لە دەسەڵات پێشکەشی گەلی یەمەنی بکات. دەبێت پارتنێرەکانی ئەمریکا لە هەڵمەتی سەربازی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەریای سوور بەشداری بکەن و خودی ئیدارەی ئەمریکا ڕوونی بکاتەوە کە ئامادەیە پشتگیری ئەو وڵاتانە، وەک سعودی و ئیمارات بکات کە لەلایەن حوسیەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت. پابەندبوون بە بەهێزکردنی بوونی سەربازی لە مامناوەنددا دەتوانێت سووربوونی ئەمریکا بۆ تاران نیشان بدات و سەرکردەکانی تری ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە کە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندان. له عێراق و سووریا پێویسته واشنگتن هێزەکانی لەسەر زەوی بهێڵێتەوە و به ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ هاوڵاتییانی ئەو دوو وڵاته نیشان بدات؛ لە لوبنان، پێویستە ئەمریکا بەردەوام لە گێڕانی ڕۆڵی چاودێری بۆ سەر سوپای لوبنان بەردەوام بێت کە هەوڵ دەدات حیزبوڵا چەک بکرێت؛ هەروەها ڕاستەوخۆ پشتگیری سەرکردە نوێکانی بەیروت بکات ئەگەر هەنگاوی زیاتر بەرەو چاکسازی دەبڕن.

لە حاڵێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە و سەرکردە نوێکان داوای پشتیوانی جەماوەر دەکەن و ڕێکخستنی ئەمنی نوێ لە ئارادایە، پاراستنی بوونی سەربازی ئەمریکا  وەبەرهێنانێکە کە ئەمریکا پێویستە بیکات. هەروەها، لە کاتێکدا سەرکردە نوێیەکانی سووریا ئامانجەکانی حوکمڕانی باش بەدیبهێنن، ئەمریکا دەبێت سزاکان سووک بکات، یارمەتی و هاوکاری تەکنیکی بۆ کۆمەڵگا لاوازەکان بەرز بکاتەوە و هەنگاو بنێت بۆ کۆکردنەوەی هاوکارە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان بۆ داڕشتنی ڕوانینێکی کۆنکرێت و واقعی بۆ نەزمێکی ناوچەیی دوور لە هەژموونی ئێران. هەوڵەکانی ڕابردووی تاران بۆ ناسەقامگیرکردنی حکومەتەکانی ناوچەکە، ملکەچکردنی خەڵکەکەی، تەحەدای بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بڵاوکردنەوەی تێرۆر لە دەرەوەی وڵات، تەنیا لە بەر ئەوە سەرکەوتوو بوو کە ئێران دەوڵەتانی ژێردەستە و گەندەڵ و لاوازی سیاسی کردە ئامانج. ئامانجی سەرەکی ستراتیژی سەقامگیرکردن دەبێت پشتیوانی لە سەرهەڵدانی حکوومەتی بەرپرسیار و شەفافتر بێت کە دەسەڵاتی خۆی لە سەر بەکارهێنانی هێز، توانای گەیاندنی خۆشگوزەرانی بە خەڵکەکەی و ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستڕۆشتوویی ئێران دەرببڕێت. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئاسایی دەیان ساڵە، دەرکەوت کە هەڵمەتێکی سەربازی ناوازە دەتوانێت پێگەی ناوچەیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنێت. ئێستا، ئەمریکا دەبێت ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵێکی مەدەنی جیاواز بۆ هەمیشەیی کردنی ئەم گۆڕانکارییانە.
________
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/middle-east/narrow-path-new-middle-east

دەینا ستڕۆوڵ بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە پەیمانگای واشنگتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک و لە فیورییەی 2021 تا فیورییەی 2024 جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌