ئیسرائیڵ لە سووریا چی بۆ کورد کردووە؟
لوقمان ڕادپەی

ئ

داگرتنی وتارەکە:

First Published In Middle East Forum
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی

 

هێرشی درۆنی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا بەردەوامە.

لە کاتی ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیڵ بۆ ڕێگری لە هەڕەشەکان لەلایەن ئیسلامیستە سووننەکانی سەر بە تورکیا، هێزی جووڵاندووە. لە کاتێکدا کە مەبەستی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیڵ ئەوە بوو کە کۆگای چەکی سەردەمی ئەسەد نەکەوێتە دەست ئیسلامیەکانی سەر بە ئێران و سوننە، هاوکاتیش ئۆرشەلیم دەیویست ئەو پەیامەش بگەیەنێتە تورکیا کە “ڕیگەتان پێ نادەین لە سووریا ئامادە بن.”

دووای کەوتنی ئەسەد و بەهۆی پاڵپشتی تورکیا لە گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان و لقێکی ئەلقاعیدە لە سووریا، ستراتیژیستەکانی ئیسرائیڵی بەردەوام کورد و درووزەکانیان وەک هاوپەیمانی سروشتی پێناسە کردووە.

درووزەکان بەهۆی نزیکبوون لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیڵ سوودیان لە پاڵپشتی ئیسرائیڵ وەرگرتووە و خۆبەخۆ لەبەردەم ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دژ بە عەلەوی  و کەمینەکانی دیکە دەیکەن، پارێزراون. بەڵام ئیسرائیڵ هەمان گرەنتی بە کوردەکان نەداوە، ئیسرائیڵ هاوسنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا نییە و ئەمەش درووستکردنی پەیوەندی لەنێوانیان ئاڵۆز دەکات. نەبوونی پەیوەندی جیۆگرافیایی بووەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیڵ ئاراستەیەکی ناراستەوخۆ بۆ پەیوەندی لەگەڵ کورد بگرێتە بەر. لەکاتی کەوتنی حکومەتی ئەسەدەوە، تورکیا و گرووپە پرۆکسیەکانی وەک تەحریری شام، هێرشەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆبەرێوبەری کورد و ناوچەکانی بەنداوی تشرین و دەوروبەری کۆبانێ چڕتر کردووەتەوە. هێرشی درۆنی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و پێگەکانی سووریای دێمۆکراتیک بەردەوامە.

سەرباری ئەم ئاڵنگارییانە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیڵ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ یارمەتی کوردەکانی داوە. ئیسرائیڵ لە ڕێگەی لەناوبردنی کۆگاکانی چەک لە سووریا، وەک چەکی کیمیاوی، ڕێگری لەوە کردووە کە ئەمانە دژ بەکوردەکان بەکاربهێنرێت. لە کاتێکدا کە هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک لە ژێر فەرماندەیی ژێنێراڵ مەزڵووم عەبدی، وەک هێزێکی ڕێکخراو و تۆکمە دەمێنێتەوە، ململانێی ماوەدرێژ لەگەڵ تەحریری شام و سەقامگیری دەسەڵات لە دیمشق دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕۆژاوا. کوشتاری عەلەوییەکان وەک هۆشدارییەکە لەسەر کردەوەکانی داهاتووی دەسەڵاتدارانی دیمشق. ڕەنگە هەندێ هاوبەشێتی هەواڵگری شاراوە بوونی هەبێت؛ فەرمیکردنەوەی ئەو دەزگایانە بەهۆی کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن کوردەکانەوە سەبارەت بە بزووتنەوە جیهادییەکان و دەستڕۆشتوویی ئێران لە سووریا، لە بەرژەوەندی ئیسرائیڵدا دەبێت.

لەکاتێکدا کە هێزی بەرگری ئیسرائیڵ چەندین ئۆپراسیۆنی چاوترسێنکردنی دژ بە تورکیا و هێزە پڕۆکسیەکانی تورکیا ئەنجام داوە -کە ناڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندی کوردەکانە- زۆرێک لە کوردەکان چاوەڕێی پاڵپشتی ڕاشکاوتری ئیسرائیڵن لە ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا.

بەداخەوە پاڵپشتی دیپڵۆماتیکی ئیسرائیڵ هێشتا وەک پێویست نییە.  گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیڵ، لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکەیەوە لە نۆڤامبری 2024دا، پاڵپشتی زارەکیی لە کورد کردووە؛ ڕوون نییە کە ئایا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیڵ لە ئاماژە بە چاکەکانەوە دەڕوات بەرەو جەوهەری باسەکە. دەبێت وابکەن.

دیپڵۆماتکارانی ئیسرائیڵی لە واشنگتن و ئەفسەرانی هەواڵگری پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کابینەی نوێی دۆناڵد تڕامپ هەیە و دەتوانن سەرباری بێ مەیلی تڕامپ بۆ شوێنگرتنەوەی یارمەتییە ڕاگوزەرەکانی تورکیا، گرنگیی ئۆتۆنۆمی کورد لە سووریا ڕوون بکەنەوە. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیڵیش دەبێت پاڵپشتی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە کوردەکان دەست پێبکەن. بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی تورکیا، نە کورد و نە ئیسرائیڵ نابێت ترسیان لە هاوکاری ئاشکرا هەبێت.

وەک ژێنێراڵ عەبدی وتوویەتی؛ کورد پێشوازی لە هەر یارمەتییەک دەکات کە لەبەردەم دەستدرێژی تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی بیانپارێزێت. قەیرانی سیاسی لە تورکیا دەتوانێت هەلێک بۆ پەیوەندی ئیسرائیڵ و کورد بڕەخسێنێت. پرسیار ئەوەیە ئایا ئیسرائیڵ ڕۆڵی ڕاستەوخۆتر لەئەستۆ دەگرێت و تا چ ئاستێک بۆ پاڵپشتی لە کورد و تەنانەت سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو دەنێت. هەرچۆن بێت خراپترین ئاکام هێشتنەوەی هەلومەرجی هەنووکەیە، لەوکاتەدا کە لێدوانی ئیسرائیڵ لەگەڵ پابەندییەکاندا هاوکۆک نەبێت، تورکیا زیاتر دەورووژێنێت کە ئیسرائیڵ پڵنگێکی کاغەزییە و ڕەنگە ئەگەری دەستدرێژی ڕاستەوخۆی تورکیا یان ناڕاستەوخۆی تەحریری شام خێراتر بکات.

______

سه‌رچاوه‌:

https://www.meforum.org/mef-observer/what-has-israel-done-in-syria-for-the-kurds

 

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌