داگرتنی وتارەکە:
The Geopolitics
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی
لە دیمەنی سیاسی جیهانی و ناوچەیی ئەمڕۆدا، ناکرێت تەنیا لە چاویلکەیەکی ئایینی یان سێکتارییەنەوە سەیری دابەشبوونی سوننە و شیعە بکرێت. بەڵکوو ئەمە ڕەنگدانەوەی واقعیەتێکی جیۆپۆڵتیکی ئاڵۆزترە. تێکەڵبوونی سیاسی دۆخێکی دروست کردووە کە ناکرێت سوننە و شیعە وەک بلۆکی یەکگرتوو سەیر بکرێن. هیچ کام لەم دوو گرووپە یەکپارچە نین و هیچ ئایینێک بەتوندی لە سنووری ئیسلامدا قەتیس نەماوە. تەنانەت لەناو ئایینی سوننە یان شیعەشدا، زۆرجار بەستێنە سیاسییەکان بۆ خۆیان تێکەڵاوی و نەبوونی یەکگرتوویی لەنێو هەڵوێستە ئایدیالۆژیکەکان ئاشکرا دەکەن. لە ئاستی جیۆپۆڵیتیکدا ئاستەنگەکە سەرووتر لە ئایین درێژ دەبێتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، بلۆکی سوننە تا ڕادەیەکی زۆر هاوتەریبە لەگەڵ هاوپەیمانییەکی فراوانتر بە سەرۆکایەتی ئەمریکای زۆرینەی مەسیحی کە دەوڵەتی جووی ئیسرائیڵیش لەخۆدەگرێت. بەڵام هەموو گرووپە سوننەکان ناچنە ناو ئەم ئۆردوگایە. بۆ نموونە، ئەو فراکسیۆنانەی کە پەیوەندییان بە ئیخوان موسلیمینەوە هەیە، تا ڕادەیەک لەگەڵ بلۆکی شیعەدا هاوتەریب بوون. قەتەر کە وڵاتێکی سوننەیە، کەیسێکی بەرچاوە: لە کاتێکدا لە ئاستی جیهانیدا هاوتەریبە لەگەڵ بلۆکی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام لە هەندێک پرسی ناوچەییدا مەیلی بەرەو بلۆکی شیعە هەیە. ئەمەش لە کاتی شەڕی غەزە و لە گرژییەکانی ڕابردووی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودی بەئاشکرا دیار بوو. زیاتر لەمەش، تورکیا -سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە- بەهۆی پشتگیریکردنی لە گرووپە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلیمین و حەماس، بووەتە نەیارێکی بلۆکی سوننە لە ناوچەکەدا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
بلۆکی سوننەکان بریتین لە وڵاتانی سعودی، ئیمارات، بەحرەین، میسر، ئوردن، ئیسرائیڵ و قەوارە کوردییەکانی وەک هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا. تورکیا، لە سەردەمی ئەردۆغانەوە، تورکیا و قەتەر -سەرەڕای پەیوەندییە بەهێزەکانیان لەگەڵ ئەمریکا- زۆرجار بەهۆی پاڵپشتیکردنیان بۆ ئیسلامی سیاسی و پەیوەندییان بە ئیخوان موسلیمینەوە، لەگەڵ ئەم بلۆکە ناکۆکییان هەبووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی تورکیا و قەتەر لەسەر زۆربەی پرسەکانی ناوچەکە ڕێککەوتوون، بەڵام پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران جیاوازە. پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ ئێران بەگشتی لە هەندێک بابەتدا هاوکارییە و دوورە لە بەریەککەوتن؛ لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران لە قەوارەی کێبەرکێی توند و ڕکابەریی ناوچەیی پۆلێن دەکرێت. لە ڕووی ستراتیژیکەوە ئەم بلۆکە هاوتەریبە لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ و بەشێکی زۆری ئەورووپا. هاوپەیمانێتییەکە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی سوننە، ئیسرائیڵ و قەوارە سیاسییە کوردییەکان لەخۆدەگرێت.
لەبەرامبەردا بلۆکی شیعە تەنیا لە گروپوە شیعەکان پێکنەهاتووە بەڵکوو بریتین لە ڕێکخراوە سوننەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی. قەتەر وێڕای پاراستنی هاوبەشی ستراتیژیک لەگەڵ ئەمریکا، لە پرسە هەڵبژێردراوەکاندا پاڵپشتی بۆ ئەم بلۆکە نیشانداوە. لەسەر ئاستی جیهانیش، بلۆکی شیعە زیاتر لەگەڵ چین و ڕووسیای مەسیحی ئۆرتۆدۆکسدا هاوتەریبە. هاوکات ئازەربایجان کە وڵاتێکی زۆرینەی شیعەیە، لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە لەگەڵ بلۆکی ئەمریکا-ئیسرائیل-سوننەدا هاوهێڵە و زۆرجار دژ بە بلۆکی شیعە ڕادەوەستێت.
لە ڕووانگەیەکی ڕیاڵیستییەوە، لێکدانەوەی ئەم هاوپەیمانییانە لە چاویلکەیەکی تەنیا ئایینی یان سێکتارییەن دەتوانێت ڕووبەڕووی هەڵەمان بکاتەوە. لە ململانەی غەزەدا، گرووپەکانی وەک حەماس و ئیخوان موسلیمین شەڕەکەیان وەک جیهادێک -جەنگێکی پیرۆزی ئیسلامی دژ بە ئیسرائیڵ- لەچوارچێوە دا. هاوکات حەماس وەک ئەکتەرێکی نێو هاوپەیمانێتی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، حزبوڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و ئێران هەژمار دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکان، ئەو ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت میحوەری مقاومە، بووەتە هۆی مردن و ئاوارەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە عەرەب کە زیاترە لەوەی ئیسرائیڵ بەدرێژایی مێژووی خۆی کردوویەتی، بە تایبەتی لە سووریا و یەمەن لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا ئەمە بەرچاوە. لە هەمان کاتدا ئەو بلۆکە کە هاوتەریبە لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ چین و ڕووسیا هەیە؛ سەرەڕای ئەوەی کە هەردووی ئەو وڵاتانە سیاسەتێکی توندیان لە دژی کەمینە موسڵمانەکانی خۆیان لە شینجیانگ و چێچێن پەیڕەو کردووە.
ئایین و سێکتاریانیزم ئەو هێزە سەرەکییە نین کە ئاراستە بەم جووڵێنەرانە دەبەخشن. بەرژەوەندییە جیۆپۆڵتیکەکان لەم پرسەدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. لە بەستێنێکی ئاودا، ئایین و ناسنامە گرووپییەکان وەک ئامرازێک شانبەشانی هێزی سەربازی، کاریگەریی میدیایی، هێڵی ئابووری، تێکنۆلۆژیا و سەرچاوەی وزە -بۆ پێشخستنی ئامانجە ستراتیژیکەکان کار دەکەن.
تێگەیشتنێکی ئاوا، بەرپرچی تیۆری “بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان” دەداتەوە کە بەردەوام بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەی پێکراوە؛ لەم چوارچێوە تیۆریکەدا دەگوترێت بلۆکە جیهانییەکان لەسەر بنچینەی کەلتوور و ئایین و ناسنامەی شارستانی هاوبەش بیچم دەگرن و ئەم بلۆکانە بە پێی ئەو بنچینانە یان هاوکاری دەکەن یان بەر یەک دەکەون. لە پڕاکتیس و ڕەهەندی کردەیییەوە ئەم تیۆرییە جێی نابێتەوە. هەندێک لە موسڵمانان -هەردوو ئایینی سوننە و شیعە- هاوتەریبن لەگەڵ بلۆکی ئەمریکا-ئیسرائیڵ، لە کاتێکدا هەندێکی تر -هەردوو ئایینەکە- هاوهێڵ دەبن لەگەڵ بلۆکی چین-ڕووسیا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شتێک نییە بە ناوی “بلۆکی شارستانیەتی ئیسلامی” کە تەنیا لەسەر بنەمای ئایین یان کەلتوور بیچمی گرتبێت. بۆ نموونە ئێرانی زۆرینەی شیعە، سەرەڕای گرژی لەگەڵ ئازەربایجانی زۆرینەی شیعە، لەگەڵ ئەرمەنستانی زۆرینەی مەسیحی هاوکۆکە. ئیمارات کە زۆرینەی سوننەیە، هاوکاری ئیسرائیڵ دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی ئێرانی شیعە و گرووپە ئیسلامییە سوننەکانی وەک ئیخوان موسلیمین. هاوهێڵبوونی دەوڵەتێک لەگەڵ بلۆکێکی دیاریکراو، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە گۆڕینی ڕژێم یان گۆڕینی ئەولەویەتە ستراتیژیکەکان. ئێران پێش ساڵی 1979. هاوپەیمانی ئەمریکا بوو بەڵام دووای شۆڕشی ئیسلامی گۆڕا بەرەو بلۆکی دژە ئەمریکی -سەرەڕای ئەوەی لە هەردوو قۆناغەکەدا وەک وڵاتێکی زۆرینەی شیعەش مایەوە.
_____________
سەرچاوە:
https://thegeopolitics.com/sunnis-and-shiites-a-geopolitical-perspective/
* ڕەنج نەوزاد لێکۆڵەری دوكتۆرا له زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانكۆی وارشۆ، له وڵاتی پۆڵهندا.