داگرتنی وتارەکە: لوقمان ڕادپەی – پێویستە کورد لە سووریا خۆی بەدوور بگرێت لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی لە عێراق
ژووری هزری کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Middle East Forum :First Published in
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
دانوستاندنکارانی کورد لە سووریا دەبێت ئەو ڕێککەوتنانەی کە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت بخەنە پێشتر.
کورد لە چوارڕیانێکدا وەستاوە.
ژێنێڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک، پشتیوانی لە “یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا” دووپات دەکاتەوە و “پڕۆژەی دابەشکردن کە هەڕەشە لە یەکڕیزی وڵات دەکات” ڕەتدەکاتەوە. لە کاتێکدا کە جەختی لە گرنگی سەقامگیری و وتووێژ کردەوە، مەزڵوم عەبدی مەرجەکانی بۆ ئەم پشتیوانییە دیاری نەکرد. کورد پێشتریش لەم دۆخەدا بووە. هەروەک چۆن ئێستا و لەناو سووریایەکی دوژمنکاردا هەوڵی دانوستاندن لەسەر مافەکانیان دەدەن، بە هەمان شێوەش کەڕەتێک هەوڵیاندابوو دانوستاندن لەسەر مافەکانیان بکەن، لەناو عێراقێکدا کە لە هەمان ئاستی دوژمنکاریدا بوو. لە سووریا، کوردەکان یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەیان لە دەستدایە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی بەردەوامی تورکیا و پرۆکسیەکانی دەبنەوە.
دووای ئەوەی هێزی کورد بە سەرکردایەتی ئەمریکا، سەدام حوسێن سەرۆککۆماری عێراقیان لە پۆستەکەی دوور خستەوە، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بۆ بەفەرمیکردنی حکومەتی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان کە کورد لە دووای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 پێکیانهێنابوو، داوای ئۆتۆنۆمییان (خودموختاری) کرد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فێدێڕاڵدا. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق ڕێزی نەگرت لە ماددەی 140ـی یاسای بنەڕەتی عێراقی ساڵی 2005، کە بڕیار بوو پێش 31ـی دێسامبری 2007 جێبەجێ بکرێت بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی. دووای ئەوەی کورد لە سێپتامبری 2017 ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، حکومەتی عێراق بەشێکی زۆری ناوچە کێشەلەسەرەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوە؛ ئەو ناوچانەی کە بەغدا پابەند کرابوو بە چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـەوە.
کورد نابێت دوو جار هەمان هەڵە بکات. دانوستاندن شتێکە، جێبەجێکردنی شتێکی ترە. چیرۆکی ماددەی 140 مەترسی پشتبەستن بە بەڵێنەکانی چارەسەری لە داهاتوو نیشان دەدات، تەنانەت ئەگەر ئەم بەڵێنانە لە یاساشدا تۆمار کرابێتن.
لە ساڵی 2018ـەوە تورکیا بەشێک لە ناوچە کوردییەکانی سووریای داگیر کردووە، پاکتاوی ئێتنیکی کردووە و ئەو ناوچانەی بەتورک کردووە. ئەمە نابێت ببێت بە بنەمای دانوستاندنەکانی داهاتوو، بەڵکوو گەڕانەوەی کوردەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەبێت پێشمەرجێک بێت بۆ دانوستاندنەکانی دامەزراندنی سووریایەکی نوێ.
بۆ ئەوەی دەوڵەتانی وەک سووریا داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکیان بکەن، پێویستە مافەکانی هەموو ئێتنیک و نەتەوەکان لە سنوورەکانیاندا بپارێزن. دەستوورێکی نوێی سووریا کە داڕشتنی سێ ساڵ دەخایەنێت دەبێت دان بە سکاڵاکانی کورددا بنێت و مافی چارەی خۆنووسینی کورد بپارێزێت، هەروەها بەندەکانی سەربەخۆیی لەخۆ بگرێت ئەگەر حکومەتی داهاتووی سووریا جارێکی تر مافەکانی کورد پێشێل بکات یان بەدووای بەعەرەبکردنی زۆرەملێدا بگەڕێت.
لە سووریا، کوردەکان دەستیان بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەیدا گرتووە و ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوامی تورکیا و پرۆکسییەکانی دەبنەوە. ئەمان دەبێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستاندن بکەن، تەنانەت کاتێک تورکیا داوای چەک دانانیان دەکات و دژایەتی هەر جۆرە بەڕێوەبردنێکی کوردی دەکات. لە هەمان کاتدا، سەرکردایەتی نوێی دیمەشق کە تورکیا پاڵپشتی دەکات هێشتا لاوازە و سوپایەکی یەکگرتووی نییە. بەپێچەوانەوە، هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک بە ڕێبەرایەتی کورد خاوەن دیسیپڵینن. ئازارە مێژووییەکانی کورد دەبێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئیرادەی دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی.
کۆنترۆڵی کورد بەسەر ناوچە دەوڵەمەندەکانی نەوت لە سووریا کارتێکە بۆ یاریکردن. لێرەشدا دەبێت کورد بیر لە ئەزموونی خۆی لە عێراق بکاتەوە؛ کە کوردەکان لەوێ تووشی بڕینی بودجە و دوواکەوتنی مووچەی کەرتی گشتی دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانە لەگەڵ بەغدا لەسەر خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ناوچەکە. بۆیە بە سود وەرگرتن لەم وانەیە، دانوستاندنکارانی کورد لە سووریا دەبێت ئەولەویەت بەو ڕێککەوتنانە بدەن کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەپارێزێت.
دووای ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد لە سەرەتای مانگی ژانویەی 2024دا، ئەمریکا، ئیسرائیڵ و یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانییان لە کورد کرد لە سووریا. بەڵام ئەم پشتگیرییە گەرەنتی نییە. گەڕانەوەی سەرۆک دۆناڵد تڕامپ بۆ کۆشکی سپی ڕەنگە ڕێڕەوی دەستێوەردانی ئەمریکا بگۆڕێت. پێویستە سەرکردەکانی کورد خۆیان بۆ ئەو جۆرە حاڵەتە لەناکاوانە ئامادە بکەن.
کورد باجێکی زۆری داوە بۆ ئەو ئۆتۆنۆمییەی ئێستا کە لە سەر زێدی خۆیاندا هەیانە. جا چ لە عێراق، کە لە ڕێگەی دەستێوەردانەکانی ئەمریکاوە لە دژی سەدام حسێن بەدەست هاتبێت، یان لە سووریا کە لە نێوان شەڕی ناوخۆدا درووستکراوە، کورد قوربانییەکی گەورەی داوە. تەنیا لە سووریادا زیاتر لە 12 هەزار چەکداری کورد گیانیان لەدەست داوە و 15 هەزار چەکداریش برینداربوون.
سازشی بێ لێپرسینهوه، ههم تێچوو و ههم مهترسیی زۆری ههیه. ئازارە مێژووییەکانی کورد دەبێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئیرادەی دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی. سەرکردەکانی کورد دەرفەتیان هەیە بۆ داڕشتنی داهاتوویەک کە دامەزراندنی دووەم قەوارەی کوردی دانپێدانراو مسۆگەر بکات. نابێت ئەم دەرفەتە بە پەسەندکردنی بەڵێنی ناڕاستگۆیانە بەفیڕۆ بدەن وەک زۆرێک لە هاووڵاتییە کوردەکانیان کە لە عێراقدا کردیان.
________________________________________________________________________
سەرچاوە:
https://www.meforum.org/mef-observer/kurds-must-avoid-repeating-iraq-pitfalls-in-syria
- د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.