بۆچی و چۆن ئەجێندای “یەکەم ئەمریکا” لە حکومەتی دووەمی تڕامپدا دەبێت کورد لەخۆ بگرێت
لوقمان ڕادپەی . مایکڵ گونتێر

ب

داگرتنی وتارەکە:

وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروبای جیهانی

 

لە ماوەی سەرۆکایەتی یەکەمی دۆناڵد تڕامپدا، ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا و عێراق کشاندەوە، ئەمەش کاریگەری گرنگی لەسەر ڕۆڵی کورد لە سەقامگیریی ناوچەکەدا هەبوو. لوقمان ڕادپەی و مایکڵ گونتێر دەنووسن لە کاتێکدا حکومەتی دووەمی تڕامپ سیاسەتی دەرەوە وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا دەبینێت، هاوکات کوردەکان و ئامانجەکانیان بۆ سەربەخۆیی، بوونەتە چارەیەکی سەرەکی بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بەرامبەر بە فراوانخوازی تورکیا و ئێران و هەروەها بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پاشماوەکانی داعش.

بڕیارەکەی تڕامپ لە ساڵی 2019 بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی ڕۆژاوای ژێر دەسەڵاتی کوردەکان -لە باکووری سووریا-، ئەو کاتە لەلایەن شرۆڤەکارە نەریتخوازەکان بەرگری لێکرا و دەتوانرێت وەک بەشێک لە “ڕیاڵیزمی بنەمادار“ـی ئیدارەی تڕامپ سەیر بکرێت. دووای زیاتر لە پێنج ساڵ دەتوانین پرسیارێکی گرنگ بکەین: ئایا ئەم ستراتیژییە هێشتا بەردەوامە؟

وتەیەک کە زۆرجار بە هەڵە دەخرێتە پاڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا هێنری کیسینجێر ئەوەیە کە «ئەمریکا هیچ دۆست و دوژمنێکی هەمیشەیی نییە، تەنیا بەرژەوەندیی هەیە.» ڕیشەکەی هەرشتێک بێت، بەشێوەیەکی گونجاو وەسفی سیاسەتی ناجێگیری مێژوویی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردەکان دەکات. کوردەکانی عێراق و سووریا، بەهۆی ڕۆڵیان وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە بە “کوردی باش” ناو دەبرێن. بە پێچەوانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ستراتیژی تورکیا وەک هاوپەیمانی ئەمریکا، کوردەکانی تورکیا بە “کوردی خراپ” دەبینرێن. لە هەمان کاتدا، کوردەکان لە ئێران وەک هاوپەیمانێکی شاراوە، هەرچەند ناچالاک، بۆ ئەمریکا دەمێننەوە. شایانی باسە ئەمریکا هەرگیز پشتگیری سەربەخۆیی کوردی نەکردووە، تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش (KRG). ئاکامەکانی ڕێفراندۆمی 25ـی سێپتامبری 2017 بۆ سەربەخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستانی عێراق مەسعود بارزانی دەستی لەکار کێشایەوە و  بووە هۆی ئەوەی کە هێزە عێراقییەکان خاکی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، مەترسی و ئاڵۆزییە گەورەکانی پەیوەست بەم کێشەیە دەردەخات.

 

ترامپ 2.0 و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

خولی دووەمی دۆناڵد تڕامپ کە هاوتایە لەگەڵ ئەجێندای یەکەم ئەمریکا، بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاشتی ناوچەیی پێداچوونەوە بە هاوپەیمانێتییەکانی ئێستادا دەکات. بۆ کورد و نیشتیمانەکەیان، کوردستان – کە دابەشکراوە لە نێوان ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا و باشووری قەفقاز- دەتوانێت بەهۆی بیری دێمۆکراتیکیانەوە، دەرفەتی نوێ بڕەخسێنێت. پشتیوانیکردن لە کوردەکان وەک ستراتیژییەکی واقعی کە ڕیشەکەی لە “ئایدیۆلۆژیا”دایە دەتوانێت “دەرئەنجامێکی” کۆنکرێت پێشکەش بکات، چونکە پابەندییان بە حوکمڕانییەکی دێمۆکراتیک وایان لێدەکات کە ببنە (یەکەیەکی)سەقامگیرکەری بەنرخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بڕیاری تڕامپ بۆ کشانەوەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆکتۆبری 2019 لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، برینێکی درێژخایەنی بەجێهێشت و ڕۆڵی گرنگی کوردی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا پشتگوێ خست. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای گۆڕانی داینامیکی ناوچەکە، کورد خۆڕاگری و پابەندبوونێکی نەگۆڕی نیشانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی لە سووریا و عێراق. هاوشانی هاوتاکانیان لە تورکیا و ئێران، بەهاکانیان بەرچاوهێنەری پرینسیپەکانی خۆرئاوایە و سوودی کرداری بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق سەقامگیرترین ناوچە بووە لە وڵاتێکی نائارامدا. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک تڕامپ پلانەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جێبەجێ دەکات، ئەگەری زۆرە بڕیار لەسەر هێشتنەوەی سنوورداری هێزەکان لە هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت. ئەم بڕیارە پێگەی سەربازی ئەمریکا دادەشکێنێت. سەرەڕای سەقامگیریی ڕێژەیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای سەربازی گرنگی نییە، بەتایبەتی لە بواری بەرگری ئاسمانی، ئەمەش وایکردووە لاواز بێت لە بەرامبەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لە ناوچەکەدا چالاکن. لەئەنجامی ئەم قەیران و ئاژاوە سیاسییەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگگەلێکی گەورە بووەتەوە کە توانای بۆ پەیوەستبوونی کاریگەر لەگەڵ ئابووری جیهانیدا لاواز کردووە. سیستمێکی بەرگری بەهێزتر بۆ کورد، پشتبەستنی ئەمریکا بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ کەم دەکاتەوە و ڕێگە بە ئەمریکا دەدات سەرنج لەسەر ئامانجە ستراتیژییە فراوانەکانی دابنێت بەبێ ئەوەی کە بکەوێتە ناو ململانێ ناوخۆییەکانەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بناغەیەکی بەنرخ بۆ هێزەکانی ئەمریکا دابین دەکات و توانای وەڵامدانەوەی خێرا لە دژی ئێران و پڕۆکسییەکان زیاتر دەکات و بۆ ئۆپراسیۆنەکانی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی داعش دەبێتە پاڵپشتێکی گرنگ. هەروەها [حکومەتی هەرێمی کوردستان] بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی بنکەی ئاسمانی باوەڕپێکراو و ستراتیژیک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئەمریکا، کە ئەمە بۆ خۆی دەتوانێت ئاڵتێرناتیڤێکی جێگیر بۆ بنکەی ئاسمانی ئینجرلیک (کە زۆر جار جێێ متمانە نییە) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا پێشکەش بکات.

 

کوردەکان لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا گیریان خواردووە

لە ساڵی 2019دا و بۆ دووەم جار، تڕامپ ڕەزامەندی بە تورکیا دا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەم هەنگاوە ڕێگەی بە هێزەکانی تورکیا دا بەشێک لە ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کورد داگیر بکەن و کوردەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و توندوتیژی و بەتورککردن ببنەوە. فراوانخوازی تورکی بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە بووەتە هۆی پاکتاوکردنی نەژادی کوردەکان و جێگرتنەوەیان بە تورک و عەرەب. تڕامپ ئەو سەقامگیرییەی لاواز کرد کە واشنگتن ئیدعای پشتگیریکردنی دەکرد.

ئێستا لە کاتێکدا تڕامپ هەوڵ دەدات هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا -و لەوانەیە عێراق-بکشێنێتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی هەندێک هێز بۆ دابین کردنی ئاسایشی بیرە نەوتییەکان، کوردەکان لە نێوان هاوپەیمانێتی ئەمریکا و هەڕەشەی هێرشی تورکیادا گیریان خواردووە. سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی ئەمنی گەورە لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، هێزە کوردییەکان بەردەوامن لە دابینکردنی ئاسایشی گرنگ بۆ ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پڕۆکسییەکانی سەر بە ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەکانیان پێویستی بە زۆنی دژە-فڕین هەیە، چونکە توانای بەرگری زەمینیان هەیە و هەروەها کەمپی هۆل بەڕێوە دەبەن کە هەزاران چەکداری داعش تێیدا ڕاگیراون. لە تورکیا، بارودۆخی کورد کێشەیەکی بێهاوتا درووست دەکات.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی تڕامپدا، بە پەیوەندی بەهێزی تڕامپ لەگەڵ ئەردۆغان، کە پێشتر خۆشحاڵی خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی تڕامپ دەربڕیوە، دەست نیشان دەکرێت. خۆرئاوا بەگشتی ڕێگەی بە تورکیا داوە کە وەکوو بابەتێکی ناوخۆیی لەگەڵ ماف و ئۆتۆنۆمی کورد مامەڵە بکات. ئەگەر تڕامپ بیهەوێت پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی تورکیا لەگەڵ خۆرئاوا و ئیسرائیڵ ئاشت بداتەوە، لەوانەیە ئەو داینامیکە بگۆڕدرێت. سەرەڕای هەنگاوەکانی ئەم دوواییەی تورکیا بۆ لایەنگری حەماس، تڕامپ کە سەرسامە بە ئەردۆغان، ئەگەری زۆرە هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیڵ بدات -بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ئاشتییە بەکار دەهێنێت بۆ پێشخستنی چوارچێوەیەکی نوێی پەیمانی ئیبراهیم.

پاش ئەوەی تڕامپ دەستی لە پشتیوانی هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک بە سەرکردایەتی مەزڵوم عەبدی کشایەوە، ئەمریکا هێشتا نزیکەی 900 سەربازی لە ناوچەکەدا هێشتەوە. هەرچەندە، ئەگەری نزیکبوونەوەی تورکیا و ئیسرائیڵ لەوانەیە هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک و بەڕێوەبەرایەتی ئۆتۆنۆمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (AANES) زیاتر بخاتە مەترسییەوە، چونکە هیواکانی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبردنی کوردەکان بەهێزتر دەکات. ئەم مەترسییە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە هەیە بۆ هەڵوێستەکانی سەبارەت بە پاراستنی کورد. لە دووای ڕووخانی ئەسەد، هەبوونی ئەمریکا لە سووریا بۆ نزیکەی 2000 سەرباز زیادی کردووە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە پڕۆکسییەکانی تورکیا کە دەیانهەوێت کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی خۆبەڕێوەبەری (AANES) داگیر بکەن.

 

ترامپ، کورد و ئێران

ئێران لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی تڕامپدا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی قورستر دەبێتەوە. هەڵوێستی تڕامپ بەرامبەر ئێران بەشێوەیەکی نەریتی هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار بووە کە لە ساڵی 2018دا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە کە بە JCPOA ناسرا بوو. لەگەڵ لاوازبوونی ڕژیمی ئێران دووای گۆڕانکارییە ژیۆپۆڵتیکەکانی ئەم دوواییانە، بەتایبەتی دووای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە ئۆکتۆبری 2024 و لاوازبوونی دووای لێدانێکی سەخت لە حەماس، حیزبوڵا و پڕۆکسییەکانی دیکە لە عێراق، تڕامپ هەڵوێستی توند بۆ گۆشەگیرکردنی تاران دەستپێدەکاتەوە.

کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە شۆڕشی ژینا 2022-2023، هاوپەیمانێکی شاراوەن بۆ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکا کە ئامادەیە پشتیوانی لە هێزە لیبڕاڵەکان بکات. ئەم جۆرە دانپێدانانانە لای دژبەرانی ئێران، متمانە بە واشنگتن دەبەخشێت و پەیامێکی بەهێزیش دژ بە سەرکوتکردنی ناوچەیی دەنێرێت. دەستێوەردانە سەرکەوتووەکانی پێشووی ئەمریکا لە ساڵانی 1991 و 2003 کە یارمەتیدەر بووە بۆ دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەرکێکی ئەخلاقی درێژخایەن بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجی سەرکووتکراوی کورد دەکاتەوە؛ ئەمەش پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەسەر هێڵێکی جێگیر و ستراتیژیک دادەڕێژێت.

 

لەخۆگرتنی کورد لە ئەجێندای نوێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا

هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا و لە چوارچێوەی پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا لە هێزە دێمۆکراتیکەکان، کوردەکان دەتوانن پێشەنگی چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بن. لە هەمانکاتدا، سەقامگیریی درێژخایەنی ناوچەکە پێویستی بە گۆڕین هەیە لە پشتبەستن بە تاکتیکی هەڕەشەوە بەرەو دامەزراندنی کەشێکی نوێ لەگەڵ هاوکارە متمانەپێکراوەکاندا.

ئەمریکا توانای تێڕوانینێکی جێگیرتری هەیە بۆ نەتەوەی کورد، کە گەورەترین گرووپی بێ دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبییۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەو شێوەیەی کە تڕامپ پێناسەی کردووە، تەنیا شوێنکەوتووی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکایە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویست ناکات ئەجێندای “یەکەم ئەمریکا” لە ئیدارەی دووەمدا کوردەکان دوور بخاتەوە؛ چونکە ئەوان لەنگەری سەقامگیرین کە ناکرێت لە حسابێکی ستراتیژیکی گەورەتری واشنگتنەوە پشتگوێ بخرێن. لە ڕاستیدا، سازانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەربەخۆیی و ئاسایشی کورد دەکرێت بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێز بێت لەبەرانبەر سەرهەڵدانی پاوانخوازی و هەروەها ڕێچکەیەک بۆ سەقامگیری نێونەتەوەیی پێشکەش بکات کە لەگەڵ ئایدیاڵەکانی ئەمریکا بۆ ئازادی، دێمۆکراسی، ئۆتۆنۆمی و هاوبەشێتی بگونجێت. پێویستیی بە هاوکارێکی نەتەوەیی لە کوردستانێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، چ لەسەر بنەمای حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرابێت یان لەسەر بنەمای خۆبەڕێوبەری ڕۆژاوا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازی تورکیا و ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات بابەتێکی زەروورییە و بۆ خۆی ڕەنگدانەوەی “ڕیاڵیزمی بنەمادار”ـە. تڕامپ شانازی بەوە دەکات کە سەرکردەیەکە کە کۆتایی بە جەنگە هەمیشەییەکان دەهێنێت، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە دەتوانێت نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەبینێت. وازهێنان لە هاوپەیمانان مەترسی ئەوەی لەگەڵە کە نیازپاکییەکی دەیان ساڵە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەفیڕۆ بچێت.

_________________________

سەرچاوە:

https://blogs.lse.ac.uk/usappblog/2025/02/24/why-and-how-trumps-renewed-america-first-agenda-should-include-the-kurds/

 

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.
  • د. مایکل م. گونتێر پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی تێکنۆلۆژی تێنیسی-کوکڤیل لە ویلایەتی تێنیسی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌