فێڵە کۆنەکەی تورکیا، کورد لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەخاتەوە
لوقمان ڕادپەی

ف

داگرتنی وتارەکە:

The Jerusalem Post

وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی

 

پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئیسرائیڵ دەتوانێت هێزێکی هاوسەنگکەر بێت لە بەرامبەر پاوانخوازیی تورکیا و ئێران؛ سەقامگیری ناوچەکەش بەرەو پێش ببات و داینامیزمی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە پێناسە بکاتەوە.

جارێکی دیکە تورکیا کەڵک لە پرسی کورد بۆ سەپاندنی هەژموونی ناوچەیی وەردەگرێت. ئەمجارەیان، بەهێزترین کارتی خۆی بەکار دەهێنێت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پەکەکە -سەردەمانێک ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو- کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زینداندایە. بانگەوازی ئۆجەلان بۆ داماڵینی چەک -کە نەک تەنیا ئاراستەی پەکەکە بەڵکوو ئاراستەی “هەموو گرووپەکان” دەکات، ئانکارا ئامانجی ئەوەیە بزووتنەوە کوردییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا لەکار بخات.

بەڵام تورکیا بەڕاستی هەرگیز مەیلی چارەسەرکردنی پرسی کوردی نەبووە، کە ئەمەش «سەرچاوەی گرتووە لە داخستنی کاناڵە سیاسییە دێمۆکراتیکەکانەوە» لەلایەن ئانکاراوە، وەک ئەوەی ئۆجالان بەدروستی لە پەیامەکەدا باسی دەکات. تورکیا بۆ ماوەی سەدەیەک بە شێوەیەکی سیستماتیک کوردی ڕەد کردووەتەوە، تەنانەت لە چوارچێوەی سەرەتاییترین ئۆتۆنۆمی لە سنوورەکانی خۆیدا.

ئۆجالان لەژێر گوشاردا بووە بۆ ئەوەی لە داواکردنی هەر جۆرە فۆڕمێکی سیاسی خۆی بەدوور بگرێت، لەوانە “فێدێراڵیزم، ئۆتۆنۆمی ئیداری، یان چارەسەرەییە کەلتوورییەکان”، تەنانەت لەناو تورکیاشدا. پەکەکە بە ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆ دامەزرا کە هەموو ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا بگرێتەوە. چۆنە کە مرۆڤ ئامانجی گەورە و سەرەتایی خۆی لەبیر دەکات کە ئێستا کورتکراوەتەوە بۆ ئەوەی تەنانەت “چارەسەری کەلتووری”یش دەستەبەر نەکات؟

ئۆجەلان تەنانەت خۆی دوور ڕاگرتووە لە بانگەشەکردن بۆ مۆدێلی حوکمڕانی کۆنفێدێراڵیزمی دێمۆکراتیک. ئەم پاشەکشە توندە پرسیار سەبارەت بە ستراتیژی درێژخایەنی تورکیا و هەڵوێستی ئۆجالان لەژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیادا دەورووژێنێت؛ چونکە ئەو “ئاشتییە دێمۆکراتیکە” کە وەک چارەسەرێک پێشنیاری دەکات، چاکسازییەکی گشتی لە ناسنامەی ڕووتی ئێتنۆسێنتێریزم “تورک” کە لە دەستووری تورکیادا چەسپاوە، بەدوای خۆیدا ناهێنێت. کەواتە، چی لە پشت ئەو ئاماژەیەی تورکیاوەیە؟

 

پێداچوونەوە بە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێپتامبری 2024دا، نەخشەی پێداچوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لادا و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرینگی کورد لە ناوچەکەدا. کورد بە مۆدێلی حوکمڕانی سێکۆلات و دێمۆکراتیک و پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ گەلی جوودا، نوێنەرایەتی هێزێکی ستراتیژیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پەرەسەندوودا دەکات.

هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە مانگی ژانویە، پاشەکشەیەکی گەورە بوو بۆ ئێران و حزبوڵڵا، بەڵام ئیسرائیڵ ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێ بووەتەوە کە دەتوانێت ڕکابەری ئەو هەڕەشەیانە بکات کە ڕژێمی ئەسەد درووستی کردبوو.

شانبەشانی دوو پێکهاتەی ئایینی-نەتەوەیی بچووکتر، عەلەوییەکان و دروزەکان، کە لەم دوواییانەدا ئەنجوومەنێکی سەربازییان ڕاگەیاند، پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستای سووریا بەسەر سێ لایەنی گەورەدا دابەش کراوە: سوپای نیشتمانی سوریا (SNA) کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت، هاوپەیمانەکەی، تەحریر شام و هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک بە سەرۆکایەتی کوردەکان، لە ژێر فەرمانی ژێنێڕاڵ مەزڵوم عەبدی.

بەڵام هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک تاکە هێزی گەورەی لیبراڵ-دێمۆکراسین لە سووریا، شانبەشانی کۆمەڵگەی دروزەکان کە لەم دوواییانەدا ئەنجومەنێکی سەربازیی ڕاگەیەندراویان هەیە و ئیسرائیڵیش هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵیاندا درووست بکات. هەرچەندە عەبدی ڕایگەیاند کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان “پەیوەندی بە ئێمەوە نییە لە سووریا”، بەڵام وتەبێژی پارتی داد و گەشەی ئەردۆغان ئیدعای کرد کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان هێزەکانی یه‌په‌گه دەگرێتەوە.

دەستپێشخەرییەکانی ئەم دوواییەی تورکیا بەرەو چەکداماڵینی کوردەکان لە خواستێکی ڕاستەقینەی ئاشتییەوە نییە بەڵکوو هەوڵێکی ستراتیژیکە بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەریی ئیسرائیڵ لە ناوچەکەدا. ئانکارا ترسی ئەوەی هەیە کورد ببێت بە هێزێکی سەرەکی لە داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها هەژموونی تورکیا و ئەو تۆڕە ئیسلامییە کە پاڵپشتی دەکات، ڕووبه‌ڕووی کێشە ببێتەوە.

ئەگەر تورکیا بەڕاستی پابەندە بە ئاشتی، بۆچی لە سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان (24ـی ژولای1923) یان دامەزراندنی تورکیای مۆدێرن لە ساڵی 2023دا دەرفەتی بۆ ئەم پرسە نەڕەخساندووە؟ بۆچی ئێستا؟ ئەم هەنگاوە حیسابکراوەی ئەردۆغان لە دووای هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبری 2023 بۆ سەر ئیسرائیڵ زەقتر دەبێت.

بەو پێیەی ئێران بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەوڵدەدات ستراتیژی سەد ساڵەی تورکیا بۆ سەرکوتکردنی کەمینە ئێتنیکییەکان دووبارە بکاتەوە، یارییە ژێئۆپۆڵیتیکە فراوانەکە هێشتا ئاڵۆزی لەگەڵە. هەروەک چۆن ڕەزا میرپەنج -ناسراو بە ڕەزا شا- لە ساڵانی1930دا مۆدێلی شۆڤێنیزمی ئێتنیکی تورکیای گرتەبەر بۆ سەرکوتکردنی ناسنامەی کورد، ڕەنگە ئێرانی ئێستاش بەدووای ئەم مۆدێلە نوێیەدا بگەڕێت، ئەمەش داینامیزمی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات؛ بە هەمان ئامانجی نەهێشتنی هەر بزووتنەوەیەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەگەر تورکیا نەتوانێت ئامانجەکانی لە سووریا دەستەبەر بکات -واتە چەککردنی کورد و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە ئۆتۆنۆمەکەی لە ڕۆژاوا- ئەو کات لەناو تورکیاشدا کارتی ئۆجالان بەفیڕۆ دەچێت.

توانای ئانکارا بۆ دەستکاریکردنی سیاسەتی کوردی لە ڕێگەی بەدیلگرتنی ئۆجەلانەوە، پەیوەستە بە سەرکەوتنی لە لاوازکردنی هێزە کوردییەکان لەسەر زەوی. ئەگەر ئەم ستراتیژە شکستی هێنا، ئەوە کاریگەری تورکیا بەسەر کەیسی کوردستاندا کە وەک شمشێرێکی دوو لێوار بۆ تورکەکان کاردەکات، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

لەم دیمەنە ڕوو لە گەشەدا، هاوپەیمانی کورد و ئیسرائیڵ دەتوانێت فاکتەرێکی بڕیاردەر بێت. بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دووانە دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پاوانخوازییەکانی تورکیا و ئێراندا درووست بکات و سەقامگیری ناوچەکە بەرەو پێش ببات و داینامیزمی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناسە بکاتەوە. ئایا ئیسرائیڵ پێش ئەوەی درەنگ بێت ئەم دەرفەتە دەناسێتەوە؟ پێشتر هەنگاوی ناوە بۆ پاراستنی دروزەکان -ئایا قۆناخی دووایی کوردە؟

_________

سەرچاوە:فێڵە کۆنەکەی تورکیا، کورد لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەخاتەوە

https://www.jpost.com/opinion/article-845210

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

 

 

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌