کردنەوەی ڕێکەوتنە نوێکەی سووریا؛ کاریگەرییەکان لەسەر داهاتووی حوکمڕانیی کورد
لوقمان ڕادپەی

ک

داگرتنی وتارەکە:

ناوەندی FPIF
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی

گرێبەست لەنێوان ژێنێڕاڵ مەزڵوم عەبدی -فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک (SDF) و ئەحمەد شەرع -حاکمی کاتی سووریا- لە ڕێکەوتی 10ـی مارس و لە ڕەوشێکی قەیراناوییدا واژۆ دەکرێت. ئەم گرێبەستە لەدووای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەر دەگرێت کە تێیدا خوازیاری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشانەوەی بوو.

ئایا پەیوەندییەک لەنێوان ئەم دوو ڕووداوەدا هەیە؟

بانگەوازی ئۆجالان بۆ چەکدانان تەنیا بە پەکەکە نەدەبەسترایەوە بەڵکوو “هەموو گرووپەکان”ـی لەخۆ دەگرت. گەرچی ژێنێڕاڵ عەبدی لەم بانگەوازە خۆی بەدوور گرت و وتی «ئەم پەیامە پەیوەندی بە ئێمەوە لە سووریا نییە»؛ بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکان لە تورکیا بەخێڕایی ئیدعای ئەوەیان کرد کە داخوازییەکەی ئۆجالان بریتییە لە هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیکیش. ئەم هەڵوێستە بە ستراتیژی هەمیشەیی ئانکارا بۆ یەکسانگرتنی هەسەدە لەگەڵ پەکەکە یارمەتی دەگەیێنێت و کەواتە ڕەوایی دەبەخشێتە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان. بەپێی ئیدعاکانی تورکیا، بانگەوازەکەی ئۆجالان دەبێت هەموو گرووپەکانی سەر بە پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە کە بۆ نموونە بریتین لەو گرووپانەی کە چالاکییان هەیە لە شاخەکانی شنگاڵ لە باشووری کوردستان. ئانکارا ماوەیەکی زۆرە کە هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک وەکوو درێژکراوەی پەکەکە دەبینێت و بەم پێیە بە دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە سووریا ڕەوایی دەبەخشێت. هەرچەندە، مانەوە و خۆڕاگری ئەم گرووپانە سەرەڕای گوشارەکانی تورکیا، ئاماژەیە بە بەرخۆدانی بەرفراوان لەبەرامبەر دەستڕۆشتوویی ئانکارا لە سەرانسەری قەڵەمڕەوی کوردستاندا.

تورکیا بەردەوام بەشوێن هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی کورد لە سووریا بووە و ڕوونە کە ئامانجی دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتییەکی لایەنگری تورکیا لە ناوچەکەیە. گرێبەستی واژۆکراو لە لایەن عەبدی لە خزمەت ناکاریگەرکردنی مانۆردانی ئانکارایە. گەرچی لەم گرێبەستەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکرێت سەبارەت بە تێکەڵکردنی “هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری سووریا لەنێو بەرێوبەرایەتی دەوڵەتی سووریا -لەوانە شوێنەکانی پەڕینەوەی سنوور، فڕۆکەخانە و چاڵەکانی نەوت و گاز”؛ بەڵام تێکهەڵکێشانی ئەو دوو هێزە سەربازییە بە واتای چەککردنی هەسەدە نییە؛ لە هەمانکاتیشدا ئاشکرا پێشنیار دەکات کە چی دیکە هەسەدە وەکوو دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بەردەوام نابێت. گەر هەموو “دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان” قەرارە لەنێو سوپای سووریا تێکەڵ بکرێت، ئەوە داهاتووی حکومەتی خودموختاری ڕۆژاوا دەچێتە نێو گومانێکی جدییەوە. سەرەڕای ئەمەش، چارەنووسی دامەزراوە سیاسییە بێهاوتاکانی ڕۆژاوا نادیار دەمێنێتەوە.

ئەم گرێبەستە، هەروەها پابەندبوون بە “ئاگربەست لە هەموو قەڵەمڕەوی سووریا”دا لەخۆ دەگرێت. ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی کوشتارەکانی ئەم دووایینەی تەحریر شام، وەک ماددەیەکی گرنگ دەردەکەوێت. هێزە عەلەوییەکانی سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکومەت (تەحریر) و ئەم ڕووداوە بووە هۆی زەقبوونی پێویستی تۆڵەسەندنەوە. لەم بەستێنەدا، بۆ کوردەکان ئەم ئاگربەستە شتێکی زیاتر لە ڕاگەیەندراوێکی سیاسییە. ئەم ماددەیە ئەنجامێکی پارێزەری دەبێت کە دەتوانێت مانەوەی خۆ-بەڕێوبەری ڕۆژاوا گەرەنتی بکات.

یەکێکی دیکە لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەم ڕێکەوتنە، ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هێلیکوپتێری ئەمریکی، ژێنێڕاڵ عەبدی بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە دەگەیێنێتە دیمشق. هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سووریای دێمۆکراتیک، جێبەجێکردنی هەر ڕێکەوتنێک دەبەستێتەوە بەوەی کە نابێت هێزە ئەمریکییەکان کەونە بەردەم هەڕەشە و مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا یان لایەنێکی سەر بە تورکیا وەکوو تەحریر شام و سوپای ئازادی سووریا. سۆپای ئازاد (FSA) هەمووکات کەرەستەیەک بووە بۆ دەستڕۆشتوویی تورکیا لە سووریا. ئەم هێزە لەدووای کەوتنی ڕژیمی ئەسەد لە دێسامبری ڕابردوو، هێرشی بەردەوامی کردەسەر کورد لە نزیکی بەنداوی تەشرین و شاری کۆبانی. لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، هەر گرێبەستێک وا ئۆتۆنۆمی کورد بهێڵێتەوە و پاڵپشتی ئەمریکاش بپارێزێت دەتوانێت وەکوو سەرکەوتنێکی دیپڵۆماتیک بۆ هێزەکانی هەسەدە بەهەژمار بێت. هەرچەندە مانۆرەکەی عەبدی پاراستنی کورد گەرەنتی دەکات، بەڵام لەوانەیە بە تەواوی لەگەڵ ئامانجە ستراتیژیکەکانی ئیسرائیڵ نەگونجێت، کە پشتیوانی خۆی بۆ کوردەکان بەرفراوان کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ یەکێک لە ماددەکانی رێککەوتنەکە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیڵ درووست ناکات. لە مێژوودا، خەباتی کورد بۆ مافی چارەی خۆنووسین، چ لە شێوەی ئۆتۆنۆمی و چ لە شێوەی سەربەخۆیی، لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئیسرائیڵ کێشەی نەبووە.

بۆ ئیسرائیڵ ناوچەیەکی سەقامگیر و سێکۆلار لە ژێر کۆنتڕۆڵی کورد، پێشەکایەتی هەیە بەسەر ڕژیمێکی ئیسلامی سوننی کە هاوپەیمانی تورکیا و باڵە تووندڕەوەکان بێت. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامیستی سوننی لەسەر سنووری ئیسرائیڵ کە تورکیا پاڵپشتی دەکات، سێناریۆیەکە وا ئیسرائیڵییەکان بەتوندی دژایەتییان لەگەڵی هەیە. گەرچی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد سنووری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیڵ نییە -بەپێچەوانەی کۆمەڵگەی دروزەکان کە ئیسرائیڵ پێشتر پابەند بووە بە بەرگریکردن لێیان- ڕێککەوتنەکە بەگشتی هاوپەیمانی ستراتیژیک لەنێوان ئیسرائیڵ و کوردەکان لاواز ناکات.

بڕیارە ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ساڵی 2025 جێبەجێ بکرێت و ماوەی نۆ مانگ دەمێنێتەوە تاکوو گەشەی هەلومەرجی ناجێگیری سووریا ببێتە هۆی چاکسازی. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی گەرەنتی جێبەجێکردن، ناوخۆیی یان نێونەتەوەیی، و زانیاری سنووردار لەسەر پەرەسەندنی باسەکانی پشت پەردە لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەکتەرە جۆراوجۆرەکانی وەک ئیسرائیڵ، تورکیا، ئێران، رووسیا، بریتانیا، فەڕانسا و وڵاتانی عەرەبی وەک سعودی، ئیمارات، میسر، قەتەر و حکومەتی کاتی، هەمووی ئەمانە دەتوانن پاڵنەری گۆڕانکارییەکان بن.

تێکئاڵاوبوونی پێشوەختەی ژێنێڕاڵ عەبدی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا مانۆرێکی ستراتیژیکی هەڵسەنگێندراوە کە لانیکەم لەم کاتەدا داڕێژراوە بۆ بەرگرتن بە بلۆکی خواستە ناوچەییەکانی تورکیا و هەوڵەکانی بۆ چەککردنی کورد و هەڵوەشاندنەوەی خۆ-بەڕێوبەری ڕۆژاوا. ئەم گرێبەستە بە گەرەنتی ئاگربەست و ڕاگرتتنی ڕەزامەندی ئەمریکا وەکوو قورساییەکی هاوسەنگکەر لەبەرانبەر پلانەکانی ئانکارا کار دەکات. گەرچی ئەمە هێزگەلێکی بگۆڕی نوێ دێنێتە ناو هاوکێشە ناوچەییەکەوە، بەڵام کاریگەرییە کۆتاییەکەی دەتوانێت لە درێژمەودادا ئەرێیی بێت.

_____________

سەرچاوە:

https://fpif.org/unpacking-the-new-agreement-in-syria/

  • د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌