داگرتنی وتارەکە:
کاروباری جیهانی
ڕێککەوتنە هەشت خاڵييەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکرێت وەک ديارترين و گرنگترين ڕووداوی سياسی نێوان کوردی ڕۆژاوا و سووريا دابنرێت لەدووای کەوتنی ئەسەد. بەگشتی ڕێککەوتنی نێوان لایەن و دەوڵەت و گرووپە سياسييەکان… دوو ڕەهەندی سەرەکی لەخۆدەگرێت؛ خودی ڕێککەوتنەکە، واتە ئەو خاڵ و ماددانەی لە ڕێککەوتنەکەدان، هەروەها ئەو ژينگە و کاتەی کە ڕێککەوتنەکەی تيادا کراوە. ناسين و تێگەيشتن لە هەردوو ڕەهەندەکە گرنگە بۆ تێگەيشتن لە ڕووداوەکە، بەڵام بۆ ئەم ڕێککەوتنەی نێوان کورد و ديمشق، لەوانەیە ڕەهەندی دووەم “ژينگە وکات” گرنگتر بێت، چونکە فاکتەری سەرەکييە و، هاوکات خاڵەکانی ناو ڕیککەوتننەکە گشتین و مێکانيزمی جێبەجێکردنيان قورس و ناڕوونە. جگە لەوەی هەردوو لایەن کە ئيمزایان لەسەر ڕێککەوتنەکە کردووە، لەوە دەچێت ناچاربن و باوەڕيان بە ڕێککەوتنەکە نەبووبێت، بەڵام بە هۆی فاکتەری دەرەکييەوە ناچارکراون.
بۆ تێگەيشتن لە ڕووداوە سياسييەکان هەبوونی چوارچێوەیەکی تيۆریک یارمەتيدەر دەبێت. لێرەدا تێڕوانينێکی تيۆریک بەکاردەهێنم بۆ خوێندنەوە و تێگەيشتن لە ڕێککەوتنەکەی نێوان کوردانی ڕۆژاوا و ديمشق. ئەم تێڕوانينە خۆی لە پێناسەیەکی بەناوبانگ دەبينێتەوە بۆ سياسەت، کە زانای ئەمريکی لە بواری زانستی سياسەت هاڕۆڵد لاسوێل (Harold D. Lasswell) پێشکەشی کردووە. سياسەت پێناسە دەکات بە “کێ چی بەدەست دەهێنێت، کەی، چۆن“، ئەم پێناسەیە بووەتە ناونيشانی کتێبە بەناوبانگەکەی (Politics: Who Gets What, When, How) لە کە 1936 بڵاو کرایەوە. لێرەدا ئەم پێناسە و تێڕوانينە تەنيا بنەما گشتييەکانی وەردەگرين و لە کانتێکستێکی دیکەدا بەکاری دەهێنين، نەک دەقاودەق وەک ئەوەی لاسوێل خۆی بەکاری هێناوە کە زیاتر ڕەنگدانەوەی ژينگە و پڕۆسەی سياسەتە لەناوخۆی ئەمريکا.
ئەم تێڕوانينە چوار بنەمای سەرەکی هەیە: 1. کێ، واتە ئەو کەس و لایەن و گرووپانە کێن و چين کە بەشدارن لە ڕێککەوتنەکە یان لە پڕۆسە و ڕووداوە سياسييەکە؟ 2. چی بەدەست دەهێنن، واتە ئەو گرووپانە دەیانهەوێت چی بەدەست بهێنن و ئامانجيان چييە؟ 3. کەی، لە چ بارودۆخ و کات و ژينگەیەکدا ئەو پڕۆسەیە ئەنجامدەدرێت؟ 4. چۆن، واتە چۆن ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنن؟ بە ڕێککەوتن و دانوستان، بە خۆپێشاندان یان بە شەڕ؟ لەم وتارەدا لەسەر ئەو چوار بنەمایە، یاخود لەو چوار پرسيارەوە هەردوو ڕەهەندەکەی ڕێککەوتنی مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع شيدەکرێتەوە.
کێ: لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە
ڕێککەوتنەکە دوو لایەنی فەرمی واژۆیان کردووە، مەزڵوم عەبدی بەناوی “هەسەدە”ـەوە ئەحمەد شەرع بە ناوی سەرۆکی کۆماری سووريا. ئەگەر تەنيا ئەم دوو لایەنە فەرمی و ئاشکرایە لەبەرچاوبگرين، ئەوا بەشێکی زۆر بچووکی ڕووداوەکە دەبينين. بەڵگەنەويستە کە هەردوو ئەم لایەنە پشت بە لایەنی گەورەتر و کاريگەرتر دەبەستن. لێرەوە دەچينە سەر بابەتی پەيوەندی نێوان کڵایەنت و پەیترن (Patron-client relationship). كڵایەنت (وەکيل) بريتييە لە لایەنی لاواز و پەيترن لایەنی بەهێزی پەيوەندييەکەیە. هەسەدە “كڵایەنت” یان لایەنی لاوازە و ئەمريکا -پەيترن- یان لایەنی زاڵ و بەهێزە. جۆلانی یان سووریای نوێ “کڵایەنت”ـە تورکيا “پەيترن”ـە. لەم جۆرە پەيوەندييانەدا ناهەوسەنگييەکی گەورە هەیە لە ڕووی کاريگەری و هێزەوە لە نیوان هەردوو لایەنی لاواز (كڵایەنت) و لایەنی بەهێز (پەيترن). لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنی لاواز گرنگی و ڕۆڵی خۆی هەیە، بەرژەوەندييەک بۆ لایەنی بەهێز دابين دەکات، کە پەيترن بەبێ کڵایەنت ناتوانێت یاخود قورسە ئەو بەرژەوەندييە بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەو بەرژەوەندييە ئەگەر نەیەتە دی مەترسی گەورە لەسەر لایەنی بەهێز درووست نابێت. واتە دەستبەرداربوونی کڵایەنت لەو پەيوەندييە یاخود یاخبوونی، هەڕەشەیەکی گەورە نييە بۆ سەر پێگە و ئاسايشی نشتيمانی پەيترن. لەبەرانبەردا، کشانەوەی پەيترن لەو پەيوەندييەدا، دەکرێت هەڕەشەیەکی وجودی و گەورە بێت بۆ سەر كڵایەنت، چونکە بەشێکی سەرەکی ژیان و مانەوە و توانای كڵایەنت پەيوەستە بە هاوکاری و پشتگيری پەيترن. هەرچەند پەيوەندييەکە دوولایەنە و هەردوولا سوود دەبينن، بەڵام سوود و گرنگی پەيترن بۆ كڵایەنت زۆر گەورەترە وەک لە بە پێچەوانەوە. لێرەوەیە پەيوەندييەکە ناهاوسەنگە و پەيترن زاڵترە و زۆر کات ويست و فەرمانەکانی ئەو دەبێتە ئاڕاستەکەری كڵایەنت. بۆ نموونە ئەمريکا دەيويست لە سووريا هەژموونی هەبوایە بەرانبەر بە هەژموونی ئێران و ڕووسيا، هەسەدە و ڕۆژاوای کوردستان ڕۆڵی سەرەکييان بينی لە جیبەجێکردنی ئەو ويستەی ئەمريکا. بەڵام درووستبوون و مانەوەی ڕۆژاوای کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر گەورە پەيوەستە بە مانەوەی هاوکاری و پشتگيری ئەمريکا. واتە ئەو پەيوەندييە بۆ کورد پرسی مانەوەیە، بۆ ئەمريکا پرسێکی سياسی و ژیۆپۆڵیتیکە.
سەبارەت بە پەيوەندی تورکيا لەگەڵ دەستەی تەحريری شام و جۆلانی، لێکچوون و جياوازیيش هەیە بە بەراورد بە پەيوەندی رۆژاوای کوردستان و ئەمريکا. لێکچوونەکە ئەوەیە پەيوەندی تورکيا و جۆلانی هەر پەيوەندی پەيترن و کڵایەنت-ە. بەتايبەت پێش کەوتنی ئەسەد، مانەوەی دەستەی تەحريری شام بە ئەندازەیەکی زۆر پەيوەست بوو بە هاوکارييەکانی تورکيا. لەدووای کەوتنی ئەسەد تورکيا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پشتگيری دیپڵۆماسی و هەواڵگری بۆ حکومەتی نوێی سووريا. سەبارەت بە جياوازی ئەم پەيوەندييە لەگەڵ پەيوەندی رۆژاوا و ئەمريکا، حکومەتی نوێی سووريا لە ئێستادا جگە لە تورکيا، دەرەفەتی هەیە پەيترن-ی تر بدۆزێتەوە، بۆ نموونە سعودی و وڵاتانی تری عەرەبی. هاوکات سووريا دەوڵەتە، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی مسۆگەری مانەوەی زیاترە، تەنانەت ئەگەر تورکياش پشتگيری و هاوکارييەکانی بوەستێنێت. لە کاتێکدا رۆژئوای کوردستان جگە لە ئەمريکا، ناتوانێت پەيترن-ێکی دیکە بە هەمان کاریگەری بدۆزێتەوە. ڕاستە فەڕانسا و هەندێک دەوڵەتانی ئەورووپا هاوکاری دەکەن، بەڵام بەراورد ناکرێت بە کاريگەری ئەمريکا. ئيسرائيڵ یەکێکە لەو دەوڵەتە گرنگانەی کە پشتگيری بۆ رۆژاوای کوردستان دەردەبڕێت، بەڵام تا ئێستا پشتگيرييەکە زارەکیيە و ڕوون نييە لە واقعدا تا چەند کاريگەر دەبێت. هاوکات رۆژاوای کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتييە و، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەميشە سووريا شەرعيەت و دەرەفەتی زیاترە. لە لایەکی ترەوە، رۆژاوای کوردستان لە خاڵێکدا بەهێزترە بەرانبەر بە ديمشق، ئەويش ئەوەیە پەيترن-ەکەی بەهێزتر و کاريگەرترە لەوەی ديمەشق.
خاڵێکی گرنگ کە پێويستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع تا ڕادەیەکی زۆر ناچارانە ئەم ڕێککەوتنەیان کردووە. چونکە هەردوو لایەن، لە ڕووی فکری و سياسی و سەربازييەوە نەک جياوازن، بەڵکوو دژی یەکترن. لە ساڵانی ڕابردوودا هەسەدە و گروپەکانی سەر بە جۆلانی شەڕ و پێکدادانی سەربازييان هەبووە. بە پێی بۆچوونی جۆلانی، هەسەدە کافرە و دەبێت لەناوببرێن. بە پێی بۆچوونی هەسەدە جۆلانی و گرووپەکەی تيرۆريستن. جۆلانی ئەگەر بە ويستی خۆی بێت هەسەدە لەناو دەبات و هەموو ناوچەکانی داگير دەکات، مەزڵوم عەبدی ئەگەر بە ويستی خۆی بێت هەرگيز نايهەوێت جۆلانی و گرووپەکەی دەسەڵات بگرنە دەست لە ديمشق. بەڵام جارێ کەسيان ناتوانێت ئەویتر لەناوبەرێت. بۆیە ڕێککەوتنەکە، بە شێوەیەکی سەرەکی پەيترن-ەکان، بە تايبەت ئەمريکا ڕۆڵی تيا بينيوە. ئەمەش جۆرێک لە بێ متمانەیی و گومان درووست دەکات لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بە تايبەت بۆ داهاتوویەکی دوورتر.
بە پشتبەستن بەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا سەبارەت بە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە و سروشتی بکەرەکان، ئەوا دەکرێت بگوترێت ڕۆڵێ ئەمريکا لە ئەنجامدانی ئەو ڕێککەوتنەدا، زیاترە لە ڕۆڵی هەسەدە و جۆلانی و تەنانەت لە ڕۆڵی تورکياش. بە ئەگەری زۆرەوە پێشتر ڕێککەوتن و لە یەکتێگەيشتنێکی ئەمريکا و تورکيا هەبووە لەو بارەیەوە ، پاشان مەزڵوم کۆبانی و جۆلانی ئيمزایان لەسەر کردووە. تورکيا لەوانەیە هەندێک نيگەرانی هەبێت سەبارەت بەو ڕێککەوتنە، بەڵام گلۆپی سەوزی بۆ جۆلانی هەڵکردووە بۆ ئيمزاکردنی. (دواتر ئاماژەی زیاتر بۆ ئەم خاڵە دەکەم). بە کورتی دوو بەرەی سەرەکی هەن لەم ڕێککەوتنەدا، ئەمريکا-ڕۆژاوای کوردستان و تورکيا-حکومەتی نوێی سووريا. ڕۆڵی ئيسرائيڵ و فەڕانسا و سعودی و قەتەر و ئيمارات لەدووای ئەو دوو بەرە سەرەکييەوە دێتە نێو ڕێککەوتنەکە، لەوانەیە ڕۆڵی سعودی زیاتریش بێت.
چی بەدەست دەهێنن: دەستکەوت و ئامانجەکان
ئەم لایەنە تەنيا گريمانەییە چونکە ئاشکرایە جارێ ڕێککەوتنەکە جیبەجێ نەکراوە و مێکانیزمەکانی جێبەجێکردن ڕوون نيين. بۆیە تەنيا وەک ويست و ئامانجی گريمانەکراوی لایەنەکان ئاماژە بەم ڕەهەندە دەدرێت.
لەم جۆرە هاوکێشەیەدا، وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەمريکا و تورکيا ڕۆڵی زیاتریان هەیە لە ڕێککەوتنەکە بە براورد بە کۆبانی و جۆلانی. سەرەتا پێويستە بزانين ئەمريکا و تورکيا ئامانجيان چييە و دیانهەوێت چی بەدەست بهێنن.
ئەمريکا چەند ئامانجێکی هەیە: 1. شەڕ و ململانەکان لە سووريا کۆتایی پێ بێت و دەوڵەتەکە بگاتە سەقامگيری. خاڵی سێيەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژەیە بۆ ئەمە “ڕاگرتنی شەڕ لە سەرانسەی سووريا”. 2. ڕۆژاوای کوردستان و هەسەدە ببنە بەشێک لە سووريای نوێ، چونکە لەناوبردنيان لە چەند ڕوویەکەوە زیانی هەیە بۆ ئەمريکا. دووای ئەو هەموو ساڵە لە هاوکاری و بە یەکەوە شەڕکردن و کارکردن، ئەمريکا نایهەوێت هەسەدە و رۆژاوای کوردستان بەجێبهێڵیت لە بەردەم پەلاماری تورکيا و جۆلانی. ئەمە وەکوو بێ متمانەییەک و لەکەیەکی ئەخلاقی دەبێت بۆ سياسەتی ئەمريکا. هاوکات دەیهەوێت لە ڕێگەی لکاندنی رۆژاوای کوردستان و هەسەدە بە دامودەزگاکانی سووريای نوێ، هەژموون یان دۆستێکی هەبێت لە داهاتووی سووريا (خاڵی یەکەم و دووەم و چوارەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەم ئامانجە). 3. ئەمريکا نایهەوێت پێگەی کورد بە شێوەیەک بێت لە سووريا کە تورکيا تەواو نيگەران بکات، یا تورکيا وەکوو هەڕەشەیەکی گەورە بيبينێت. بۆیە لە رێککەوتنەکە رۆژاوای کوردستان بەشێکە لە سووريا و دژایەتی بانگەشەی جيابوونەوە کراوە و چەکدارانی هەسەدەش دەبنە بەشێک لە سوپای سووريا. (خاڵی چوار و شەش و حەوتەم). 4. ئەمريکا دەیهەوێت سوریایەکی تا ڕادەیەک دێمۆکرات درووست ببێت -(خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە)- هاوکات هەژموونی تورکيا و سعودی و کەنداو لە ئايندەی سووريا بوونی هەبێت، پێیوایە ئەمە ئاسايشی ئيسرائيڵيش دەپارێزێت.
تورکيا چەند ئامانجیکی هەیە: بە هۆی ڕۆڵی ئەمريکا و بارودۆخ و کاتی ڕێککەوتنەکە تورکيا تا ڕادەیەک ناچار بوو ڕێگە بە جۆلانی بدات ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات کە تا ئەندازەیەک لای پەسەند نييە. تورکيا نەيويست ڕێگە لە جۆلانی بگرێت بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ناکۆکی لەگەڵ ئەمريکا؛ هاوکات ويستی هاوکاری جۆلانی بکات بۆ دەربازبوون لە لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی ناوچەی عەلەوييەکان (دوواتر ئاماژەی پێدەکەم). دوو لە سەرەکيترين ئامانجەکانی تورکيا سەبارەت بە سووريا بريتييە لە پرسی ڕۆژاوای کوردستان و گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووريا کە ژمارەیەکی زۆريان لە تورکيان. تورکيا دەیهەوێت هەموو جۆرە خۆسەری و هيوا و ئەگەرێکی سەربەخۆیی لەناوببات لە رۆژاوای کوردستان (خاڵی شەش و حەوتەمی ڕێککەوتنەکە تا ئەندازەیەک پەيوەندی بەو ئامانجەوە هەیە، بەڵام جارێ بە دڵی تورکيا نييە). هاوکات خاڵی پێنجەمی ڕێککەوتنەکە (گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان…) لەگەڵ ئامانجەکەی تری تورکيا دەگونجێت. خاڵەکانی دوو و سێ لە ڕێککەوتنەکە، تورکيا قبوڵی ناکات. خاڵی چوارەمی ڕێککەوتنەکە بە دڵنياییەوە جێگای گومان و نيگەرانی تورکيایە، هەر بۆیە لە ڕووی مێکانيزمەوە زۆر ناڕوونە و دەرەفەتی بۆ تورکيا هێشتوەتەوە دەستێوەردانی زۆری تێدا بکات. بە گشتی تورکيا ڕازی نييە بە زۆریک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، هەر بۆیە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
ئامانجێکی تری تورکيا لەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە جۆرێک لە دانپێدانان و نزيکایەتی درووست بکات لە نێوان سووریای نوێ لەگەڵ ئەمريکا و ئەورووپا بەو هيوایەی سزاکانی سەر سووريا لاببرێت، کە تورکيا سوودمەندی یەکەم دەبێت لەوە، بە تايبەت لە ڕووی ئابوورييەوە. هەر وەها تورکيا هەست بە مەترسييەکی گەورە دەکات لە ڕۆڵی ئيسرائيڵ لە سووريا، بە تايبەت لە پشتگيريکردن لە کەمينەکان و بانگەشەکانی دابەشکردنی سووريا. خاڵی حەوتەمی ڕێککەوتنەکە دەکرێت وەک گوزاشت بێت لەو ترس و ئامانجەی تورکيا.
ئامانجەکانی هەسەدە: ئامانجی سەرەکی هەسەدە ئەوەیە سنوورێک بۆ هێرشەکانی تورکيا و ميليشياکانی دابنێت لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە، خاڵی سێ ئاشکرا ئاماژەیە بەم ئامانجە. هاوکات خاڵی شەش و حەوت جۆرێکە لە دڵنيایی بە تورکيا کە هەسەدە جيابوونەوەی ناوێت لە سووريا و دژيەتی. خاڵی چوار هەوڵدانێکی هەسەدەیە بۆ مانەوەی هێزی سەربازی و سياسی خۆی لە چوارچێوەی دەزگا فەرمييەکانی سووريا بە جۆرێک کە پاساوی تورکيا ببڕێت بۆ هێرش و دژایەتيکردنی رۆژاوای کوردستان. ئامانجێکی تر بريتييە لە جۆریک لە دانپێدانان بە کورد لە سووريا، هەرچەند بە شێوەیەک لاواز و ناڕوونە (خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە) بەڵام دەکرێت بە دەستکەوتێکی ڕەمزی دابنرێت بۆ کوردانی ڕۆژاوا.
ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت ئارگۆمێنتێکی باش بێت بۆ هەسەدە بۆ خۆلادان لە هەر داوایەکی ئۆجەلان سەبارەت چەکدانانی یەپەگە و خۆهەڵوەشاندنەوەی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی بەياننامەیەکی نوێی ئۆجەلان لەو بارەیەوە.
ئامانجەکانی ئەحمەد شەرع: حکومەتی نوێی سووريا بایەخی زیاتر بە دەرەوە دەدات، بەو مانایەی بەدەستهێنانی دانپێدانان و ڕەزامەندی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بە تايبەت ئەمريکا و ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی، ئامانجی سەرەکييەتی. ئەم ڕێککەوتنە جۆرێک لە نزيکبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووريا لەگەڵ ئەمريکا و ئەورووپا درووست دەکات، چونکە هەسەدە پەسەندکراوترین هێزی سووریایە لای ئەوان. ئەمەش دەکرێت وەک هەوڵێک بێت بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووريا، کە یەکێکە لە ڕێگرييە سەرەکييەکانی دووبارە بنياتنانەوەی وڵاتەکە. سەبارەت بە ناوخۆ، ئەم ڕێککەوتنە لە ڕووی ڕەمزييەوە شەرعيەت و هێزیک دەداتە حکومەتی نوێی سووريا، ئەویش لە ڕێگەی بەهێزترين گرووپی سووريا کە دان بە حکومەتەکەدا دەنێت. جۆلانی لەم ڕێگەیەوە دەکرێت گوشار خاتە سەر دروز و عەلەوييەکان تاکوو هەمان کار بکەن و دەرەفەتەکان کەمتر بکاتەوە بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێران و ئيسرائيڵ لەسەر ئەم درز و گرفتانەدا. ئامانجیکی تری جۆلانی بريتی بوو لە دوورخستنەوەی چاوی ميدياکان و جيهان لە ڕووداوەکانی ناوچەی عەلەوييەکان بۆ ڕووداوێکی تەواو جياواز و مەدەنی و دیپڵۆماتیک!
کەی: بارودۆخ و کات و ژينگەی ڕێککەوتنەکە
ئەم ڕەهەندەی ڕێککەوتنەکە، گرنگترينە و بە فاکتەری ڕاستەوخۆ و سەرەکی دادەنرێت. تێگەيشتن لەم ڕەهەندە، بەشێکی گەورەی ڕووداوەکە ڕوون دەکاتەوە. ڕێککەوتنەکە لە بارودۆخ و ژينگەیەکی ناوخۆ و هەرێمی و نێونەتەوەیی ئاڵۆز ڕوويدا کە دەکرێت بە چەند خالێک ئاماژەی پێبکرێت:
- بارودۆخی نێونەتەوەیی (ئەمريکا): گەڕانەوەی تڕامپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمريکا کاريگەرييەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخی جيهان هەیە. یەکێک لە دروشمەکانی تڕامپ کۆتایی هێنان بە جەنگ و شەڕە. هاوکات دەیهەوێت بایەخ و سەرنجی ئەمريکا زیاتر بۆ ناوخۆ بێت نەک دەرەوە و، تێچووەکانی دەوڵەت لە دەرەوە کەم بکاتەوە. ئەمەش ئەگەرێک درووست دەکات کە ئەمريکا ڕێژەیەکی بەرچاو لە سەربازەکانی لە هەندێک ناوچەی جيهان دابشکێنێت یان بکشێنێتەوە، یاخود دەستێوەردان و ئۆپراسيۆنی سەربازی لە زۆر ناوچەی جيهان بە تەواوی کەم بکاتەوە. ئەمە دەرەفەت دەداتە ئەمريکا کە زیاتر بایەخ بە پرسی چين بدات وەک سەرەکيترين هەڕەشە.
سەبارەت بە سياسەتی ئەمريکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستادا دوو پرسی گرنگی هەیە؛ پاڵپشتی لە ئيسرائيڵ و دژایەتی ئێران. سووريا پەيوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە هەموو ئەوانەوە هەیە کە ئاماژەی پێکرا. کۆتایپێهێنانی شەڕی ناوخۆی سووريا پەيوەندی بە درووشمەکەی تڕامپەوە هەیە بەتايبەت دوای ئەوەی ئێران لەوێ دەرکرا و ئيسرائيڵ لە پێگەیەکی بەهێز و براوەوە دەرکەوت. ئەمريکا پێیوایە سووريای ئارام و بێ شەڕ و دوور لە هەژموونی ئێران خزمەت بە بەرژەوەندی ئيسرائيڵ دەکات. ئەمەش دەرەفەت دەداتە ئەمريکا کە سەربازەکانی لە سووريا بکشێنێتەوە، یاخود بایەخ و ئۆپراسيۆنە سەربازييەکانی کەم بکاتەوە، کە دوواجار ئامانجی کەمکردنەوەی تێچووەکانی دەوڵەت دەپێکێت. هەموو ئەمانە وا دەکەن ئەمريکا پشتگيری ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی نوێی سووريا بکات کە دەکرێت ببێتە مایەیی سەقامگيری سووريا و کەمکردنەوەی تێوەگلانی ئەمريکا بە کێشە دەرەکييەکان و هاوکات قبوڵکردنی هەسەدە کە نزيکترين گرووپی سووريایە بە ئەمريکا؛ واتە گرووپێکی نزیک بە ئەمریکا وەک بەشێک لە سوريای نوێ ڕۆڵ دەگێڕێت.
- بارودۆخی هەرێمی (ئيسرائیڵ-تورکيا-کەنداو): ئيسرائيڵ بکەرێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکە نەبوو، بەڵام ياريکەرێکی سەرەکی کۆی هاوکێشەی سووريای دوای ئەسەدە. ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد، لە ئێستادا لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرييەوە کاريگەرترين بکەرە لە سووريا. وەک ئاماژەی پێکرا، بانگەشەی ئيسرائيڵ بۆ پشتگيری لە کەمينەکان و دابەشکردنی سووريا و دەستێوەردانە کاريگەرييەکانی، ترسێکی گەورەی لای تورکيا درووستکردووە. یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵکردنی گلۆپی سەوز لە لایەن تورکياوە بۆ جۆلانی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە -لەگەڵ ئەوەی هاوڕای زۆرێک لە خاڵەکانی نەبوو- ئەوەیە کە کورد لە ئيسرائيڵ دوور بخاتەوە و نزيکی بکاتەوە لە ديمشق و، کار لە دروز و عەلەوييەکانيش بکات کە ڕێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ جۆلانی واژۆ بکەن.
لە هاوکێشەی نوێی سووريا پێويستە ڕۆڵی کەنداو، سعودی و ئيمارات و قەتەر لەبەرچاو بگيردرێت. کەوتنی ڕژێمی ئەسەد و دەرچوونی سووريا لە ژێر هەژموونی ئێران ڕووداوێکی خوازراو بوو لای کەنداو. بۆ دووبارە ئاوەدانەکردنەوەی سووريا لە داهاتوودا، هاوکاری دارایی کەنداو ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت. جگە لەوەی کەنداو بە هۆی پەيوەندييەکانيان لەگەڵ ئەمريکا، بە تايبەت لەگەڵ تڕامپ، دەکرێت ڕۆڵی گرنگ ببينن بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووريا و دانپێدانان بە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع. بۆیە کاريگەریيان زۆرە لەسەر ئەحمەد شەرع. هەر سێ دەوڵەت پشتگيری ڕێککەوتنەکەیان کرد، بەڵام پشتگيری سعوودی و ئيمارات لە هەندێک ڕووەوە جياوازە لە پشتگيريیەکەی قەتەر. سعودی و ئيمارات خوازيارن سووريا لە هەژموونی ئێرانەوە بگوازرێتەوە بۆ هەژموونی عەرەبی، نەک تورکيایی. بۆ ئەو مەبەستە دەیانهەوێت ئەحمەد شەرع زیاتر پشت بە سعودی و ئيمارات ببەستێت و تا ڕادەیەک دووری بخەنەوە لە تورکيا و ئيخوانەکان؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە قەتەر لە ڕەهەندی ئيخوانی و ئيسلامييەوە پشتگيری جۆلانی دەکات و هەژموونی تورکيای لا پەسەندە لە سووريا نەک هی سعودی و ئيمارات. بەڵام بە گشتی هەر سێ دەوڵەت پشتگيری ڕێککەوتنەکەیان کرد. تەنانەت لەوانەیە رۆڵ و کاريگەرييان هەبووبێت لە هەڵوێستی ئەمريکا سەربارەت بە ڕێککەوتنەکە، چونکە هەر سێ دەوڵەت، بە تايبەت سعودی و ئيمارات جێگای ڕێز و بایەخ و گرنگی تڕەمپ-ن.
بارودۆخی ناوخۆ: سەبارەت بە جۆلانی، لە بارودۆخیکی قوورس و ئاڵۆزدا بوو. لەبەر ئەو کوشتار و ڕووداوە خوێناویەیی لە ناوچەی عەلەوييەکان لە کەناری سووريا ڕوويدا، حکومەتەکەی جۆلانی کەوتە بەردەم ڕەخنە و گلەیی و گوشارێکی گەورەی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی. لە کاتێکدا کورد و دروزەکان پێش ئەو ڕووداوەش ئامادە نەبوون بچنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێی سووريا. بۆ خۆ دەربازکردن لەو گوشارە ميديایی و نێونەتەوەییە و، بۆ ڕێگرتن لە ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی زیاتر لە سووريا، جۆلانی دەبوو هەنگاوێکی دیپڵۆماتیک و گرنگ بنێت کە چاوی جيهان و ناوخۆ بگوازێتەوە بۆ سەر ڕووداوێکی تر. ڕێککەوتنەکە تا ڕادەیەکی زۆر ئەو خزمەتەی بە جۆلانی کرد. ئەگەر ئەو ڕووداوە نەبوایە، لەوانەیە ڕێککەوتنەکە لەو کاتە و بەو خێراییە واژۆ نەکرایە، چونکە دەگوترێت ڕێککەوتنەکە نزيکەی مانگێک پێشتر ئامادەبوو بەڵام تورکيا ڕازی نەبووە لەسەری. ئەو ڕووداوە تورکيای ناچار کرد بۆ دەربازکردنی جۆلانی، بە خێرایی ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
سەبارەت بە هەسەدە، فاکتەری ئۆجەلان دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگی بينيبێت. ئەوەی پێی دەگوترێت پڕۆسەی ئاشتی و بەياننامەکەی ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و گروپەکانی تر… لەوانەیە ترسێکی لای هەسەدە و مەزلوم کۆبانی درووست کردبێت کە دەکرێت لە بەياننامەیەکی تر ئۆجەلان بە ئاشکرا داوا لە یەپەگە بکات چەک دانێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. ئەمەش دووبەرەکی یان دۆخیکی ئاڵۆز و ئيحراجی بۆ ڕۆژاوای کوردستان درووست دەکات. هەر وەها دەکرێت هەسەدە ترسێکی هەبێت، یان هەواڵێکی پێگەيشت بێت سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی سوپای ئەمريکا لە رۆژاوای کوردستان. بە تايبەت کە هاتن و مانەوەی ئەمريکا لە رۆژاوای کوردستان و سووريا بۆ سێ هۆکار دەگەڕایەوە؛ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران، ڕووسيا و شەڕی داعش، لە ئێستادا ئەم هۆکارانە نەماون. خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوە دەسەلمێنن کە هەسەدە بەشێکە لە سووريا، نەک پەکەکە و هێزێکی دەرەکی. ئەمەش دەکرێت وەک پاساوێکی کاريگەر بەکاربێت بۆ خۆلادان لە هەر بەياننامەیەکی ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانان، هەر وەک چۆن دەکرێت بەکاربێت بۆ فشاری نێونەتەوەیی لە تورکيا بۆ وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوا بە پاساوی پەکەکە، بە تايبەت لە ئەگەری کشانەوەی سوپای ئەمريکا.
چۆن: ئامرازەکانی گەيشتن بە ئامانج و دەستکەوتەکان
لە بەشی “چی بەدەست دەهێنن: دەستکەوت و ئامانجەکان” ئاماژە بەوە کرا کە جارێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و مێکانيزمەکانی بۆ جێبەجێکردن ناڕوونن ، بۆیە ئامانج و دەستکەوتەکان گريمانەیین. لێرەش لەسەر بنەمای گريمانەکانی بەشی پێشوو لێکدانەوەکان دەخرێنەڕوو. ڕوون و ئاشکرایە ڕێککەوتن و دانوستان و ئامرازی دیپڵۆماسی و ئاشتيیانە، تا ڕادەیەک، وڵامی پرسياری ئەم بەشەیە (ئایا لایەنەکان دەیانهەوێت چۆن بگەن بە ئامانج و دەستکەوتەکانيان؟) ئەمريکا کە لە هەمووان ڕۆڵی زیاترە لەو ڕووداوە (ڕێککەوتنەکەی کۆبانی و جۆلانی) ڕێگەی ڕێککەوتن و دانوستانی دياری کردووە بۆ گەيشتن بە ئامانجەکان. هەسەدە و جۆلانی لەبەر چەندين هۆکار ناتوانن و نایانهەوێت شەڕی یەکتر بکەن، بۆیە ئەوانيش ناچارانە ڕێککەوتن بە گونجاو دەزانن بۆ ئەم قۆناغە. تورکيا کە تا ڕادەیەک ناڕازييە، هەردوو ئامرازی سەربازی و دیپڵۆماسی بەکاردەهێنێت بۆ گەيشتن بە ئامانجەکانی. بۆ نموونە گلۆپی سەوزی بۆ جۆلانی داگيرساند بۆ ڕێککەوتنەکە، هاوکات بەردەواميشە لە هێرشە سەربازييەکانی.
ئيسرائيڵ کە نزيکترين هاوپەيمانی ئەمريکایە، هاوڕا نييە لەگەڵ پێشنيار و ويستەکانی ئەمريکا. ئەمەش ڕێگرييەکی گەورە درووست دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، تەنانەت ئەگەر لایەنەکانی تريش مەبەستيان بێت جێبەجێی بکەن، چونکە لە ڕووی واقعييەوە، لە ڕووی ئۆپراسيۆنی سەربازی و هەواڵگرييەوە، ئيسرائيڵ لە ئیستادا لە هەمووان کاريگەرترە لە سووريا.
پوختە
لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانينە تيۆريکە کە “کێ چی بەدەست دەهێنێت، کەی، چۆن” پاشان بەراورکردنی بە فاکت و واقعی ڕووداو و هاوکێشەکە، دەردەکەوێت کە بەشی “کێ” و “کەی” تا ئەندازەیەکی زۆر ڕوون و ديارە و پێشبينی دەکرێت، بەڵام بەشی “چی بەدەست دەهێنێت” و “چۆن” ناڕوون و ئاڵۆزە و پێشبينی کردنی ئەستەمە و تەنيا وەک گريمانە و سيناريۆ دەتوانرێت لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. ئەمەش کۆی پڕۆسەکە دەخاتە ژێر گومان. دەرکەوت ناچاری و فاکتەری دەرەکی زاڵە بەسەر ڕێککەوتنەکە، نەک ويست و فاکتەری ناوخۆ. بە مانایەکی تر، ويست و پلانێکی ڕوون نابينرێت بۆ درووستکردنی سوريایەکی نوێ لەسەر بنەمای یەکتر قبوڵکردن و ديموکراسی و هاووڵاتيبوون. سيمایەکی دياری ڕووداوەکە نەبوون یان کەمی متمانەیە لە نێوان لایەنەکان، بە تايبەت هەردوولایەنی فەرمی کە ئيمزای ڕێککەوتنەکەیان کردووە. هەردوو لایەن ڕێککەوتنەکە وەک چارەسەرێکی کاتی و خۆ پاراستن و خۆ دوورخستنەوە لە کۆمەڵێک مەترسی دەبينن، نەک وەک چارەسەرێکی ڕيشەیی کە مایەیی جێبەجێکردن بێت.
نا ڕوونی ڕێککەوتنەکە و ديارينەکردنی ميکانيزمێکی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی، هاوکات نا ڕەزایەتی ڕێژەیی تورکيا و هەڵويستی ئيسرائيڵ لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، وا دەکەن خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکە، بە بێ ڕێککەوتنێکی تۆکمەی دەوڵەتە سەرەکييەکانی وەک ئەمريکا و تورکيا و ئيسرائيڵ، ئەستەم بێت لە واقعدا جێبەجێ بکرێن. بۆیە ئەگەری ڕوودانی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە یان پێکدادانی سەربازی یاخود ناکۆکی سياسی… زیاترە وەک لە جیبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکە و بەرقەرابوونی سەقامگيری لە سووريا، بە تايبەت لەو ماوە کورتەی لە خاڵی هەشتەم دياريکراوە کە ئاماژە دەکات بەوەی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە ماوەی ساڵی 2025 جێبەجێ بکرێت.
————
سەرچاوە: بەشی کاروباری جیهانی ئەستێڵ
* ڕەنج نەوزاد (توێژەر لە زانستی سياسی و پەيوەندييە نێونەتەوەییەکان)