داگرتنی وتارەکە:
ناوەندی The Geopolitics
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
کاروباری جیهانی
تورکیا لەدووای ڕووخانی ئەسەد لە سووریا پێشەنگی پێشهاتەکانی ناوچەکە بووە. بە چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و بەهێزبوونی ئامادەیی لە دیمشق و لێدانێکی ستراتیژیک لە ڕکابەرە دێرینەکەی- پەکەکە- لە ڕێگەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بانگەوازەکەی بۆ داماڵینی چەک، ئانکارا ناوچەکە لە قاڵب دەداتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ خواستە نیو-عوسمانییەکانیدا بگونجێت. بەڵام لە ژێر ئەم پاڵنەرەدا ئامانجێکی قووڵتر هەیە: پێکهێنانی بلۆکێکی ئایدیالۆژیکی نوێ کە ئیسلامیزم و چەپی دژە-لیبراڵیزم تێکەڵ دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پڕۆژەی نیو-عوسمانی تورکیا، کە لە ڕێگەی ڕەوتە سیاسییە سوننەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بێ هەڵە بووە. ئامانجی لەشکرکێشییە سەربازییەکانی لە سووریا و عێراق، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی نەبووە بەڵکوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دابەشبوونێکی گرنگی ناوچەیی بووە -کە دەتوانرێت بە “سەکۆیەکی ئامادە” بۆ نەزمێکی نوێی ناوچەیی ناو ببرێت. ئەم فراوانخوازییە هاوکات لەگەڵ کاریگەرییە ناوچەییەکانی ئێران، کوردەکانی کردووەتە ئامانج، کە لەمێژە لە چوار دەوڵەتی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقدا خەباتیان بۆ ئۆتۆنۆمی سیاسی یان سەربەخۆیی کردووە. تورکیا و ئێران لە ڕێگەی ئیخوانەکانی سوننە و “میحوەری مقاومە”ی شیعە، بانگەشەی گەڕاندنەوەی نەزمێکی بەناو سروشتی و ئیمپراتۆریایی دەکەن. مۆدێلی یەکگرتنی ئیسلامی و میلیتاریزمی ئەوان هەوڵدەدات خواستەکانی کورد بخنکێنێت و ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانی نەزمێکی سیاسی لیبراڵ-نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کوردەکان کە پێگەیەکی ناوازەیان وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی نائیسلامی هەیە، بەربەست بۆ تورکیا و قۆرخکاری ئایدیالۆژیکی ئێران درووست دەکات. لە ئەنجامدا ئانکارا و تاران ستراتیژییەکیان پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی کورد بخەنە تەڵەی چوارچێوەیەکی ئیسلامی-چەپخوازانە، کە دژایەتی لیبراڵیزەبوونی ناوچەکە دەکات. ئامانجی ئەوان ڕێگریکردنە لە هاوئاهەنگی کورد لەگەڵ هاوپەیمانێتییە سەرهەڵداوەکانی سەر بە خۆرئاوا، وەک بلۆکی ئیسرائیڵ و سعودی و جێگۆڕینە ژێئۆپۆڵیتیکەکانی نێو ڕێککەوتنی ئابراهام.
نموونەی قووڵتر لە دژایەتی تورکیا بۆ ڕێککەوتنەکانی ئابراهام و پێشکەشکردنی ئالتێرناتیڤی دیکە بۆ کۆریدۆری IMEC، ئاڵۆزی ئەم ستراتیژییە ئاشکرا دەکات. پەرەسەندنی گرژییەکانی تورکیا و ئیسرائیڵ، لەگەڵ نزیکایەتی مێژوویی نێوان ئیسرائیڵ و دیاریکردنی چارەنووسی کورد، بووەتە هۆی ئەوەی ئانکارا تاکتیکی هاوشێوە بەکاربهێنێت وەک ئەو شتەی کە لە سووریا لە سەردەمی ئیدارەی تڕامپدا بینرا. ئەمەش بریتییە لە ئاڵۆزکردنی پرسەکان لەسەر زەوی بۆ سنووردارکردنی بڕیارە تاکلایەنەکانی واشنگتن، هاوشێوەی دەستدرێژی تورکیا و دوواتر داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2018. لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی ئیسرائیڵ بۆ سەربەخۆیی کورد دیاردەیەکی نوێ نییە -بەڵکوو ئەوە سیاسەتێکی درێژخایەنە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕێکخستنەوە ژێئۆپۆڵیتەکەکانی ئەم دووایینە.
لە مێژوودا تورکیا و ئێران جەمسەرگیرییان وەک مێکانیزمێک بۆ بەردەوامبوونی دەستڕۆشتوویی ناوچەیی خۆیان بەکارهێناوە. مۆدێلی تورکیا، ناوەندی ئیسلامی سوننە و بەم دوواییانەش دووبارە براندکردنی گرووپەکەی جۆلانی لە سووریا بوو. لە بەرامبەردا ئێران پڕوپاگاندەی گێڕانەوەی مقاومەی شیعەی کردووە و شۆڕشی ئیسلامی هەناردە کردووە بەرەو دەرەوەی سنوورەکان. لە کاتێکدا ئەم ستراتیژییانە ڕەنگە وەکوو کاردانەوە دەرکەون، بەڵام لە بنەڕەتدا لە زەروورەتە ژێئۆپۆڵیتیکەکان و مەیلی ڕەدکردنەوەی سیستمی نێونەتەوەیی لیبراڵ سەرچاوەیان گرتووە.
تورکیا و ئێران بە پتەوکردنی کاریگەری ئیسلامی هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی ناوخۆیی لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەیی (قووڵایی ستراتیژی) تێکەڵ بکەن. بەڵام لەبەرئەوەی کورد لەڕێگەی ئیسلامی سیاسییەوە شوناسی سیاسی خۆی لەچوارچێوە نادات، ئەم ئەکتەرانە وەک ڕێبازێکی ئالتێرناتیڤ پەنایان بۆ یەکەیکی ئایدیالۆژیکی چەپ بردووە. ئامانج بەهێزکردنی خودموختاری کورد نییە بەڵکوو درووستکردنی درزە لە نێوان کورد و جیهانی خۆرئاوادا، بەمەش متمانەی خۆرئاوا بە خواستە سیاسییەکانی کورد دادەشکێت. نەبوونی مێژویی پشتیوانیی بەردەوام و سەقامگیری خۆرئاوا بۆ کورد، وایکردووە کە تووشی گوشارە ناوچەییەکان و دزەکردنی ئایدیالۆژیک بێت.
خەباتی کورد هەرگیز بەشێک نەبووە لە بزووتنەوەی ئیسلامی فراوانتر لە ناوچەکە. بەڵکوو شوناسی کورد ڕەگ و ڕیشەی لە خواستی نەتەوەیی و دێمۆکراتیکدا داکوتاوە، ئەمەش کەیسەکەیان دەکاتە نائاسایی لە ناوچەیەکدا کە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی تێیدا زاڵە. هەر لەبەر ئەمەشە تورکیا و ئێران دەیانهەوێت بزووتنەوەی کوردی لە ڕێگەی گێڕانەوەکانی ئایدیالۆژی چەپەوە پێکەوە ببەستن. هەوڵەکانی ئەم دوواییەی تورکیا بۆ دابڕانی کورد لە دەرفەتی ستراتیژیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، لە ڕێگەی پەیامی ئۆجەلانەوە کە پێی دەگوترێت “پڕۆژەی ئاشتی”، وەک مانۆڕێکی دژە-خۆرئاوایی کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هاوئاهەنگی کورد لەگەڵ بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ.
تورکیا و ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر ئیسلامیزم و وۆکیزم و ڕێتۆریکی دژە-خۆرئاوایان کردووە بە چەک بۆ لاوازکردنی کاریگەری لیبراڵ دێمۆکراسی لە ناوچەکەدا. هاوپەیمانی نێوان قەتەر، تورکیا و ئێران دەبێتە پەیوەندییەک بۆ بزووتنەوە جیهادییە دژە-سامییەکان کە خۆیان لە بەرگی بەرەی دژە-کۆڵۆنیاڵیزمی خۆرئاوا دەگۆڕن. ئاکەپە و ڕێبەری باڵای ئێران هەردووکیان خۆیان وەک بەرگریکار لە چەوساوەکان دادەنێن و خۆرئاوا بە ئیسلامۆفۆبیا تاوانبار دەکەن -گێڕانەوەیەک کە لە هەردوو بازنەی ئایدیالۆژی ئیسلامی و چەپدا دەنگ دەداتەوە.
پرسی دەستەبەرکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ و ڕزگاربوون لە دووانەی تورکیا-ئێران بابەتێکی گرنگی ستراتیژیکی تایبەتە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیڵ. بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی خۆرئاوا، مەترسی ئەوە هەیە کورد نوقمی ئەو چوارچێوە ئیسلامی-چەپە بێت کە ئانکارا و تاران بنیاتی دەنێن. ئەمەش نەک هەر چارەنووسی کورد دەخنکێنێت بەڵکوو ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی تورکیا پاڕادایمێکی ئایدیالۆژیکی نوێ گەشە پێبدات -پاڕادایمێک کە ئیسلامیزم و دژە-لیبراڵیزمی چەپ لەسەر زەوی تێکەڵ دەکات. ئەگەر واشنگتن نەتوانێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکات، ئەوا ڕەنگە ئەردۆغان سەرکەوتوو بێت لە دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی ئایدیالۆژیک و ژێئۆپۆڵیتیکی ناوچەکە بە شێوەیەکی بێ وێنە.
_____________
سەرچاوە:
https://thegeopolitics.com/will-trump-enable-turkey-to-forge-an-islamic-leftist-bloc/
- د. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی. بەرهەمی داهاتووی بەناوی “خۆدیاریکردن لە کاتی جەنگی سارددا” لە “مێژووی یاسای نێودەوڵەتی کامبریج” (بەرگی یازدەیەم) بڵاو دەبێتەوە.