داگرتنی وتارەکە:
وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
لێدوانی تیۆریک
ژان سێڤیلیا، مێژوونووس و ڕۆژنامه‌نووسی فه‌ڕانسی، له ساڵی 2000 كتێبێكی به‌ناوی “تێرۆریزمی فیكری: له 1945ـه‌وه تا سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ” نووسی بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و مێکانیزمەی كه له دووای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م چه‌پی فەڕانسە له ناوه‌ندی گشتی و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر گرتوویانه‌ته‌به‌ر. ناوبراو پێی وایه كه دووای شكستی نازیزم له‌سه‌رده‌ستی بلۆكی چه‌پ و ستالین (ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی)، ئەمە چه‌په‌كانی هاندا بۆ دابه‌شكردنی ده‌وروبه‌ری خۆیان به‌سه‌ر “چاک و خراپ”دا. به‌و مانایه‌ی لایه‌نی براوه مافی ئه‌وه‌ی به خۆیدا کە خۆی وه‌ک به‌ره‌ی چاک پێناسه بكات. ناوبراو ده‌ڵێت: «(لای ئه‌وان) هه‌ر شتێک كه چه‌پ نه‌بێت فاشیسته.»[1] سێڤیلیا ئه‌وه‌ش زیاد ده‌كات كه: « به‌ڕاده‌ی پێویست باسی خراپییه‌كانی نازیزم کراوە به‌ڵام باسی خراپییه‌كانی كۆمۆنیزم (و چه‌پ) ئێجگار كه‌م بووه؛ كه ئه‌مه‌ش دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاكامه‌كانی دووای شه‌ڕی دووه‌م.»[2]
ئه‌مه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه پێشه‌كییەکی كورتی كتێبه‌كه‌ی ژان سێڤیلیایە.
تێرۆریزمی فیكری (ئه‌و وشانه‌ی كه ده‌كوژن)
وا چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه به‌رده‌وامه. له پاریس، چه‌ند كه‌سێک تۆنه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، له ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه ده‌دوێن. وتار ده‌نووسن، كتێب ده‌نووسن، له تریبۆنه‌كانه‌وه وانه ده‌ڵێنه‌وه. له كۆنفڕانسه‌كاندا قسه ده‌كه‌ن. بانگه‌وازنامه واژۆ ده‌كه‌ن. پێكه‌وه نانی نیوه‌ڕۆ ده‌خۆن: گۆرانییه‌كه‌ی ژاک برێل: به‌ڕێز ئێمه بیرده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه بیر بۆ ئه‌وانی تر ده‌كه‌ینه‌وه.[3]
ئه‌وان هه‌موو ئایدیالۆژییه‌كانیان قبوڵ كردووه. له ساڵی 1945ده‌یانوت یه‌كێتی سۆڤیەت به‌هه‌شته و شیعریان بۆ نووسی. له ساڵی 1960 بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه دیكۆلۆنیاڵیزم وه‌ک موعجیزه‌یه‌ک كێشه‌ی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات. له 1965، ئه‌وان ڕێزیان له خه‌باتی دادپه‌روه‌رانه‌ی فیدێل كاسترۆ، هۆشێ مین و مائۆ گرت. له ساڵی 1968، ڕایانگه‌یاند كه دڵخۆشی بریتییه له سڕینه‌وه هه‌موو سنوردارێتییه‌ک. له 1975 ئه‌وكاته‌ی پۆل پۆت (Pol Pot) له كامبۆج ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، دڵخۆشییان ده‌ربڕی. له ساڵی 1981 ئه‌وان پێیان وابوو كه تاریكیی شه‌و ته‌واو ده‌بێت و ده‌چینه نێو ڕۆشنایی. له ساڵی 1985 باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه فه‌ڕانسا ده‌بێت توندوتۆڵی سنووره‌كانی لاببات تا پێشوازی له لێقه‌وماوانی جیهان بكات. له ساڵی 1992، دڵنیایی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه چیتر سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ته‌واو بووه و گرێبه‌ستی ماستریخت، سه‌رده‌مێكی نوێی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا درووست كردووه. له ساڵی 1999، وتیان كه خێزان و ئه‌خلاق دوو بابه‌تی به‌سه‌رچوون.
عه‌قڵه‌كانی تر هاوكات ئه‌وه‌یان ده‌زانی كه ستالین، مائۆ و پۆل پۆت، ڕێبه‌رایه‌تی ڕژێمێكی تاوانبار ده‌كه‌ن، ئه‌م عه‌قڵانه پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كه ئه‌فسانه‌ی پچڕانی شۆڕشگێرانه، كاره‌ساتی لێكه‌وتۆته‌وه. به‌بیریان ده‌هێناینه‌وه كه نه‌ته‌وه، نه‌ریت، کەلتوور و ئایینه‌كان به سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێک ناسڕدرێته‌وه، به‌ڵام خۆیان له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌گراندا، گه‌ردوونێكی بچووک (میكرۆكۆسم)یان له پاریس بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ درووستكرد بۆ به‌گه‌ڕخستنی مێکانیزمێک؛ ئه‌م مێکانیزمە تێرۆریزمی فیكرییه.
ئه‌مه سیستمێكی تۆتالیتێره، سیستمێكی ڕقاوی، دووڕوو، به ئامانجی له‌ناوبردنی ده‌نگی دژ و جیاواز؛ و ده‌بێته گیانه‌وه‌رێک بۆ كه‌وڵكردن. كه‌وڵكردن بێ خوێن: ته‌نیا به وشه‌كان، بە قسه خۆشه‌كانی کەسانی خاوەن ویژدانە گه‌وره‌كان، ئه‌و وشانه‌ی ده‌كوژن.
هه‌لومه‌رجه‌كه ده‌گۆڕێت، به‌ڵام پرۆسه‌كه یه‌كسانه. به‌رله‌هه‌موو شتێک ده‌یانهەوێت ئاركیتایپێک له “خراپه” له خه‌یاڵدانی وڵات‌دا هه‌ڵكۆڵن. له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی دووه‌مه‌وه، ئه‌م كه‌سایه‌تییه به شێوه‌یه‌كی كاره‌ساتبار كراوه به فاشیست، سه‌رمایه‌دار، ئێمپێریاڵیست، كۆڵۆنیاڵیست، دژه-بیانی، ڕەیسیست و پارتیزانی ڕێكخسته‌ی (نەزمی) ئه‌خلاقی. ئه‌م مۆرک و له‌یبڵانه له باشترین حاڵه‌تدا ڕاستییه‌كان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن، له خراپترین حاڵه‌تدا درۆ ده‌كه‌ن. ئه‌م مۆركانه كه به شاره‌زایی پێكه‌وه نووسێنراون، مانایه‌كی ناڕوون له‌خۆ ده‌گرن كه سه‌رنجڕاكێشییه‌كه‌یان ڕێگه خۆش ده‌كات هه‌ر شتێک وا ئایدیالۆگەکان سه‌ركۆنه‌ی ده‌كەن، له خۆ بگرێت. دوواتر ئه‌م ته‌كنیكه له‌به‌رده‌م ئاركیتایپی خراپه‌دا دوژمن درووست ده‌كات. كاریگه‌ری ئه‌م تێكه‌ڵوپێكه‌ڵكردنه چاوترسێن كردنه: بۆ نموونه كێ هه‌یه ڕیسكی ئه‌وه قبوڵ بكات پێی بڵێن فاشیست یان نه‌ژادپه‌رست؟ ده‌كرێت تۆمه‌ته‌كه ڕاشكاو بێت، یان به‌ڕووپۆشكراوی به‌كاربهێنرێت و ده‌رگای دادگایی به‌سه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌دا بكاته‌وه: هه‌ر كه‌سێک كه جیاواز بیربكاته‌وه، نه‌ک له‌به‌ر بیركردنه‌وه‌كه‌ی، به‌ڵكوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێیه‌وه ده‌لكێنن، ده‌كرێت بخرێته به‌ر هێرش. ئه‌م دابه‌شكارییه‌ی چاک و خراپه‌یه[4]، ناچاری درووست ده‌كات: لۆژیكێكی تر ده‌كه‌وێته ڕێ: شه‌یتانسازی. هیچ باس و پرسیارێک بۆ به‌ڵگاندن نامێنێته‌وه جیا لە: بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن، هه‌ستی شه‌رمه‌زاركردن لەلای خه‌ڵک، له گرنگیخستن.
تێرۆریزمی فیكری سیستمێک درووست ده‌كات، به‌ڵام سیستمێكی په‌رته‌وازه، فره‌ڕه‌هه‌ند و ناجێگیر. نه پێویست به دۆزینه‌وه‌ی پلانێک له پشتیەوە هه‌یه و نه مایسترۆیه‌كی نهێنی. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه تێرۆریزمی فیكری به‌رگری له بابه‌تێكی دیاریكراو ناكات و به‌رژوه‌ندی هاوشێوه‌ی نییه. ئه‌م ئامێرە پشت بە هاوده‌ستی بیروباوه‌ڕ (دۆکترین) و تۆڕی پەیوەندیی نه‌وه جیاوازه‌كان ده‌به‌ستێت. ئه‌مه ئامێرێكی كوێره.
ئه‌مڕۆ به‌لاڕێدابردنی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت یان بابه‌تی كۆڕێكت پۆڵیتیک (Political Correctness) بووه‌ته بابه‌تێكی ئاسایی و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت چی پێخۆشه بیخاته پاڵ ئه‌م بابه‌تانه. بۆ ئه‌وه‌ی به ڕاشكاوی بیبینین ده‌بێت فاكته‌كان و كاردانه‌وه‌ی ئه‌وان بخه‌ینه‌ڕوو. ئه‌م گێڕانه‌وه مێژووییه له‌نێوان مێژووی ڕووداوه‌كان و مێژووی ئایدیاكاندا ڕوو دەدات؛ ئەم كتێبه ده‌یهەوێت پێداچوونه‌وه به ڕه‌وتی تێرۆریزمی فیكری له ساڵی 1945ـه‌وه بكات و بیخاته‌وه چوارچێوه‌ی خۆی. سیاسه‌ت به مانا كلاسیكه‌كه‌ی، واته بابه‌ت و پرسی تایبه‌ت به مرۆڤ وه‌ک گیاندارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه بەو مانایە نییه كه ده‌توانین به چه‌مكی تێرۆریزمی فیكری مێژووی سیاسی فەڕانسا ڕوون بكه‌ینه‌وه. ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه نیشانی بده‌ین كه ئه‌م دیارده‌یه ڕێگه‌ی له كام پرسیاری بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگا گرتبوو، یان هێشتا ڕیگری لێ ده‌كات.
ڕووماڵی هه‌موو بابه‌ته‌كان مه‌حاڵه. قۆناخ به قۆناخ ساته بنه‌ڕه‌تییه‌كان و ئه‌و قۆناخە گرژانه‌ی كه تێیدا هه‌ستی فه‌ڕا‌نسییه‌كان به‌ریه‌كتر دەکەوتن، له‌ناو كتێبه‌كه‌دا هاتوون. مێژوو، هونه‌ر، ئه‌ده‌بیات، زانست و ئێکۆلۆژی، له‌لایه‌ن تێرۆریزمی فیكرییه‌وه ڕاو كراون، به‌ڵام دەبێت هه‌ركامیان به‌جیا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
له‌م به‌رهه‌مه‌دا گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ گوته‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان: ده‌سته‌بژێر، نووسه‌ر یان رۆژنامه‌نووس؛ ده‌بێت به‌رپرسیاریەتی بۆچوونه گشتییه‌كانی خۆیان هه‌ڵبگرن، به‌ڵام كه‌سه‌كان گرنگ نین، ئایدیاكان گرنگن، چونكه ئایدیاكان ڕێبەرایەتی جیهان دەکەن. له‌م بواره‌شدا، كرۆنۆلۆژی زۆر گرنگه: زۆر له‌و كه‌سایه‌تییانه، ده بۆ بیست ساڵه بۆچوونیان گۆڕاوه و ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وام بێت ڕه‌نگه هه‌ندێكیان له 2010 تا 2020 له‌و وتانه په‌شیمان ببنه‌وه كه ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان خستووبوویانەڕوو.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بواری ڕۆشنبیری و فیكریدا هه‌ژموونی هه‌یه، چه‌پ بە سەختی خۆی له‌سه‌ر كورسی پرسیار (ی دادگا)دا ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته تایبه‌ته‌دا ده‌بینین كه یاسا بێ‌تاوان نییه.
________________________________________________________________________
سەرچاوە:
Le terrorisme intellectuel de 1945 à nos jours, Jean Sévillia, Parin, 2000, p9/13.
پەراوێزەکان:
[1] https://www.jeansevillia.com/2023/10/13/le-terrorisme-intellectuel-vise-a-eliminer-le-debat-en-delegitimant-ladversaire/
[2] شایانی باسه ساڵێ 2023 ژان سێڤیلیا، كتێبێكی دیكه‌ی بڵاوكرده‌وه بۆ شیكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م مێكانیزمه به‌ناوی “عاده‌ته نوێیه‌كانی تێرۆریزمی فیكری“.
[3] ئاماژه به گۆرانی Ces gens-là به‌رهه‌می گۆرانیبێژی ناودار، ژاک برێل.
[4] Manichaeism