بەناوەی نەتەوە؛ ڕەنگدانەوەی ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری
ڕاجێڕز بڕوبەیکڕ

ب

داگرتنی وتارەکە:

وەرگێڕان: ئەستێڵ ئینسایت
لێدوانی تیۆریک

 

 

ئەم توێژینەوەیە[1] بە مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەبوون وەک ئیدعایەکی سیاسی نەک وەک فاکتێکی ئێتنۆکەلتووری، ئەو پرسیارانە دەورووژێنێت کە چۆن “نەتەوە” وەک ڕەهەندێک لە پڕاکتیک، ئایدیۆمێکی سیاسی و ئیدعایەک کار دەکات. قسەکردن “بە ناوی نەتەوە” مانای چییە؟ مرۆڤ چۆن داوەری لەسەر پڕاکتیکی ئەو کارە دەکات؟ لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونە بەرفراوانە کە دەڵێت “نەتەوە” کاتێگۆرییەکی ئاناکرۆنیستی و بەرگری لێنەکراوە یان لانیکەم بە قووڵی گوماناوییە؛ ئەم توێژینەوەیە بەرگرییەکی شایستە لە فۆڕمە گشتگیرەکانی ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری دەکات لە چوارچێوەی ئەمریکای هاوچەرخدا و دەڵێت کە ئەم فۆڕمانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە گەشەپێدانی بەهێزتری فۆڕمەکانی هاووڵاتیبوون، پشتگیری لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی دابەشکردن، یەکگرتنی کۆچبەران، تەنانەت وەک چاوپیاخشاندنەوەیەک لە بەرانبەر پەرەپێدانی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکلایەنەی شەڕانگێزانە کار دەکەن.

 

سەد و بیست ساڵ لەمەوبەر، زانا و نووسەری گەورەی فەڕانسی، ئێرنێست ڕێنان لە زانکۆی  سۆربۆن لە پاریس وانەیەکی پێشکەش کرد لەسەر پرسیاری “نەتەوە چییە؟”. پێشکەشکردنی ئەم وانەیە دووای 12 ساڵ لە جەنگی فەڕانسا و پرووس هات کە بووە هۆی لەدەستدانی ئەلزاس-لۆرین، ئەو ناوچەیەی ناسیۆناڵیستە ئاڵمانییەکان بەهۆی دانیشتووانەکەیەوە کە زۆربەیان ئاڵمانی زمانن، ئیدعای خاوەنداریەتییان دەکرد. لە وڵامی ئەم جۆرە ئیدعایانەدا، ڕێنان ڕەخنەیەکی بەهێزی لە پێناسەکانی “ئێتنۆگرافی” لە نەتەوەبوون پەرە پێدا. ئەم ڕەخنەیە لەو هەوڵانە دەگیرا کە سنوورە نەتەوەییەکانیان لەسەر بنەمای هاوبەشییە گوماناوییە ئابجێکتیڤەکان وەک نەژاد، زمان، یان کەلتوور پێناسە دەکرد. ڕێنان ئاماژەی بەوەدا کە نەتەوەبوون لە ناوەڕۆکدا دیاردەیەکی سابجێکتیڤە، کە لەسەر “ویستی پێکەوەژیان” دامەزراوە. لەهەمان کاتدا رێنان، لە مێتافۆڕێکی بەناوبانگدا، نەتەوەی وەک “ڕاپرسییەکی ڕۆژانە” بەشێوەیەکی تایبەتمەند پێناسە کرد (Renan, 1996 [1882]).

باسەکەی ڕێنان، وەک باسێکی زەرووری سەبارەت بە نەتەوەبوون دەمێنێتەوە و تا ئەمڕۆش شایەنی خوێندنەوەیە. بەڵام من لیرەدا دەمهەوێت سەرنجتان ڕابکێشم بۆ پرسیارەکەی ڕێنان نەک وڵامەکەی. چونکە وڵامەکەی رێنان درەوشاوە بوو، بەڵام ئەو پرسیارەی کە کردوویەتی- “نەتەوە چییە؟”- بێ کێشە نییە. پرسیاری “نەتەوە چییە؟” -وەک چۆن شیکارە بێشومارەکان لەدووای ڕێنانەوە کردوویانە- هانمان دەدات بۆ پێناسەکردنی نەتەوەبوون لە نێو تێرمێکی جەوهەرخوازدا؛ هانمان دەدات وەک بوونەوەر مامەڵە لەگەڵ نەتەوەکان بکەین. پرسیارەکە خۆی ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەیە کە نەتەوە بەجۆرێک بریتییە لە بوونەوەرێکی جەوهەریی، هەرچەندە ڕەنگە یەکێک بێت لەو مژارانەی کە زەحمەتە پێناسە بکرێت.

من دەمهەوێت پرسیارێکی تا ڕادەیەک جیاواز بکەم: «چۆن  کاتێگۆری “نەتەوە” کار دەکات؟» پرسیارکردن بەم شێوەیە، تێگەیشتنی ڕۆژانەمان لە نەتەوەکان بەشێوەی کۆییبوون، بوونەوەر و وەک کۆمەڵەکان (communities) دەگۆڕێت؛ ئەم تێگەیشتنە پێشنیاری ئەوە دەدات کە پێناسەی “نەتەوە” بکەین لە ڕێگەی لەبەرچاوگرتنی نەتەوە وەک کاتێگۆری و چەمکێک؛ و ناسیۆناڵیزم وەک زمانێکی دیاریکراو و ئایدیۆمێکی سیاسی، هەروەها ڕێگەیەک بکەینەوە بۆ بەکارهێنانی ئەو چەمک و کاتێگۆرییە.

پاشان لەو گریمانەیەوە دەست پێدەکەم کە نەتەوەبوون ڕاستییەکی ئێتنۆدیمۆگرافی یان ئێتنۆکەلتووری نییە؛ بەڵکوو ئیدعایەکی سیاسییە. بانگەشەیەکە کە لەسەر وەفاداری خەڵک، لەسەر سەرنجیان و لەسەر یەکڕیزییان ڕاوەستاوە. ئەگەر ئێمە نەک وەک فاکت بەڵکوو وەک بانگەشە لە نەتەوەبوون تێبگەین، ئەوە دەتوانین بزانین کە “نەتەوە”  تەنیا کاتێگۆرییەکی شیکارانە نییە و بۆ وەسفکرنی جیهانێک کە سەربەخۆیە لەو زمانەی کە وەسفی دەکات، بەکار ناهێنرێت؛ بەڵکوو بۆ گۆڕینی جیهان بەکار دێت، بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خەڵک بۆ خۆیان، بۆ ڕێکخستنی وەفادارییەکانیان، بەگەڕخستنی وزە و دەربڕینی داواکارییەکانیان بەکار دێت. ماکس ڤێبێر کە نەوەیەک دووای ڕێنان بە هەژمار دێت، کاتێک لەم بابەتە تێگەیشت کە چەمکی نەتەوەی وەک (Wertbegriff) بەکار برد؛ واتە چەمکێکە کە دەبەسترێتەوە بە کایەی بەهاکان. (1964, 1992, pp. 675, 677; 1978 [1922], pp. 922, 925).  بە زمانی هاوچەرختر، دەتوانین بڵێین کە نەتەوە لە هەنگاوی یەکەمدا کاتێگۆرییەکە لە پڕاکتیک، نەک کاتێگۆرییەکی پەیوەندیدار بە شیکاری.

من  کاتێگۆری “نەتەوە” دەکەم بە ئابجێکتی (بابەت) شیکاری، نەک ئەوەی وەک ئامرازێکی شیکاری بەکاری بهێنم. من ناپرسم “نەتەوە چییە”، بەڵکوو دەپرسم چۆن “نەتەوە” کار دەکات وەک کاتێگۆرییەک لە پڕاکتیک، ئایدیۆمی سیاسی و وەک ئیدعایەک؟ قسەکردن “بە ناوی نەتەوەوە” مانای چییە؟ مرۆڤ چۆن دەبێت پڕاکتیکی ئەو کارە داوەری بکات؟ ئایا ئەمە کردەوەیەکە کە دەتوانرێت بەرگری لێبکرێت و پێویستە بچێنرێت؟ یان لە باشترین حاڵەتدا پڕاکتیکێکی ئاناکرۆنیستییە و لە خراپترین حاڵەتیشدا پڕاکتیکێکی مەترسیدارە؟ من هەوڵ نادەم وڵامێکی گشتی بۆ ئەم پرسیارە نۆرماتیڤانە بدرێتەوە لەبەر ئەوەی وا بیر ناکەمەوە کە بکرێر وڵامێکی گشتی و یەکلاکەرەوەی لەسەر بدرێتەوە.

بۆ ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆری زۆر فراوان و لە بەستێنی جیاواز کەڵک لە لە “نەتەوە” وەردەگیریێت. لە باسکردنی ئەم پرسیارە نۆرماتیڤانەدا لە نیوەی دووەمی ئەم توێژینەوەیەدا، خۆم لە بەستێنی ئەمریکای هاوچەرخدا سنووردار دەکەم. بەڵام من بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک ڕێگەی جیاواز دەست پێدەکەم کە ئیدعای نەتەوەبوون لە نێو کۆمەڵێک شوێن و بەشێوەی جیاواز کار دەکات.

لە هەندێک بەستێندا، ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەلایەن ناسیۆناڵیستەکانەوە وەک “نەتەوەیەک” وێنا دەکرێت، لەگەڵ خاک (قەڵەمڕەوی سیاسی) یان هاووڵاتیبوونی دەوڵەتدا یەک ناگرێتەوە. لەم حاڵەتانەدا ئیدعای نەتەوەبوون چوارچێوەی ڕێکخراوی قەڵەمڕەو و سیاسەتی هەنووکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. واتە ئەو کەسانە کە داواکاری بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیدا دەردەبڕن، یان لانیکەم ئاماژە دەکەن بە ئیمکانی گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیدا. ئەمە پێویست ناکات داواکاری دەوڵەتی سەربەخۆ لەخۆبگرێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی لانیکەم داواکاری بۆ سیاسەتێکی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت- سیاسەتێک کە بتوانێت وەک سیاسەتی نەتەوەی گوماناوی[2] و بۆ نەتەوەی گوماناوی بێت. ئەم بابەتە بۆ بزووتنەوە کلاسیکە ناسیۆناڵیستەکانی شەپۆلی یەکەمی ئەورووپای ناوەڕاست و خۆرهەڵات لە سەدەی نۆزدەیەمدا بوو؛ نموونەی هاوچەرخ بریتین لە فەڵەستینی، فلاندەرزی، ئاچێنی، تامیل و زۆر بزووتنەوەی ناسیۆناڵیستی دیکە.

ئەم جۆرە ئیدعانە بۆ نەتەوەبوون پێش هەموو شتێک زۆرتر ڕوو بە ئەندامانی بەگومانی خودی نەتەوەکەیە. ئەوان هەوڵ دەدەن شێوازی تێگەیشتن و ناساندنی مرۆڤەکان لە خۆیان بگۆڕن. ئەمەش لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئەو کەسانەی پێشتر بە زاراوەی جگە لە نەتەوە خۆیان ناساندووە- بۆ نموونە لەڕێگەی زاراوەی ئایینییەوە، یان بە زاراوەی ناوچەیی، یان وەک ژێردەستەی ئێمپراتۆری- ئەمجارە خۆیان وەک ئەندامی نەتەوەیەک پێناسە بکەنەوە؛ یان لەوانەیە هۆکار ئەوە بێت کە خەڵک خۆیان وەک ئەندامی نەتەوەیەکی جیاواز دەبینن، بۆ ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن کە سپانی نین بەڵکوو باسکی یان کەتەڵۆنن، بۆ نموونە؛ تورک نین بەڵکوو کوردن؛ کەنەدی نین بەڵکو کێبێکین.

ئیدعای نەتەوەبوون تەنیا روو بە ئەندامانی بەگومانی نەتەوەکە نییە، بەڵکوو بۆ ئەوانەشە کە دەتوانن ئیدعاکە پشتڕاست بکەنەوە. دەسەڵاتی پەسەندکردنی ئیدعای نەتەوەبوون لە سەرووی هەموو شتێکەوە، لای دەوڵەتەکانە، هەرچەندە ڕەنگە ئەکتەرە کاریگەرە نادەوڵەتییەکانیش گرنگ بن. مەبەستم لە پەسەندکردنی ئیدعای نەتەوەبوون، پێدانی جۆرێک لە دانپێدانانی فەرمییە بە نەتەوەی گوماناویدا، یان درووستکردنی جۆرێک لە بوونی دامەزراوەیی فەرمییە بۆی، تەنانەت تا دەگاتە خەڵاتی گەورەی دەوڵەتی سەربەخۆ.

کەواتە ئەمە ئەو کارە بنەڕەتییەیە کە کاتێگۆری “نەتەوە” لە چوارچێوەی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکاندا ئەنجامی دەدات کە بریتییە لە درووستکردنی سیاسەتێکی یەکخەر بۆ نەتەوەیەکی گوماناوی. ئەو بزووتنەوانە لە چوارچێوەی دیکەدا، کاتێگۆری “نەتەوە” بە شێوەیەکی زۆر جیاواز بەکار دەهێنن، بەجۆرێک مەبەستیان بەرەنگاربوونەوەی سنوور و نەزمی سیاسی نییە، بەڵکوو بۆ درووستکردنی هەستی یەکێتی نەتەوەییە لەپیناو سیاسەتێکی دیاریکراودا. ئەمە ئەو جۆرە کارەیە کە زۆرجار پێی دەگوترێت نەتەوەسازی، کە لەم دوواییانەدا زۆرمان بیستووە. هەر ئەم جۆرە کارەیە کە لەلایەن دەوڵەتگێڕی ئیتاڵی ماسیمۆ دی ئازێلیۆوە وەبیرهێنرایەوە، کاتێک بەناوبانگ بوو وتی، «ئێمە ئیتاڵیامان درووستکردووە، ئێستا دەبێت ئیتاڵی درووست بکەین.» هەر ئەم جۆرە کارەیە کە ئەنجامدرا (و ئێستاش هەیە) – بە پلەی سەرکەوتنی جیاواز بەڵام بە گشتی زۆر سەرکەوتوو نەبوو، بەتایبەت کاتێک لەلایەن سەرکردەکانی دەوڵەتانی پۆست-کۆڵۆنیاڵەوە کە سەربەخۆیییان بەدەستهێنابوو، تاقیکرایەوە. لەبەرئەوەی دانیشتووانیان بەقووڵی دابەشبوون و لەسەر هێڵە ناوچەیی، نەتەوەیی، زمانەوانی و ئایینییەکاندا مانەوە. هەر ئەم جۆرە کارەیە کە هەوڵدەدرێت لە عێراقی هاوچەرخیشدا بکرێت- لەپێناوی وەفاداری و بانگەوازکردن بۆ یەکڕیزی؛ ئەویش بەشێوەیەک کە بتوانێت دابەشبوونەکانی نێوان شیعە و سوننە، کورد و عەرەب، باکوور و باشوور،  ببڕێت.[3]

لە وەها چوارچێوەیەکدا دەکرێت کاتێگۆری “نەتەوە” بەشێوەیەکی دیکەش بەکاربهێنرێت، ئەمجارە نەک لەپێناو گەڕانەوە بۆ ناسنامەیەکی “نەتەوەیی” کە بەسەر جیاوازییە ئێتنۆزمانەوانی، ئێتنۆئایینی، یان ئێتنۆناوچەییەکان بەرزەوە بێت [یان لێیان درووست بێت]، بەڵکوو بۆ  “خاوەنداریەتی” لە سیاسەت بە نوێنەرایەتی کرۆکی “نەتەوە”ـەیەکی ئێتنۆکەلتووری کە جیاوازە لە شارومەندانی دەوڵەت وەک گشتێک؛ کەواتە پێناسە یان سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی دەوڵەت بۆ کرۆکی  ئەو “نەتەوە”ـەیە. (Brubaker, 1996, p. 83ff). ئەم شێوازەی بەکارهێنانی  “نەتەوە”، بۆ نموونە لەلایەن ناسیۆناڵیستە هیندووییەکان لە هیندستان پەیڕەو دەکرێت، کە هەوڵ دەدەن هیندستان وەک دەوڵەتێک پێناسە بکەنەوە کە لەسەر هیندوویی یان هیندووسییەت دامەزراوە، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای “نەتەوە”ی ئیتنۆئایینی هیندوویی و بۆ خۆی (Van der Veer, 1994). پێویست بە وتن ناکات کە ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی “نەتەوە” دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی موسڵمانان لە ئەندامێتی نەتەوە؛ هەر وەک چۆن ئیدعای هاوشێوە بۆ “خاوەنداریەتی” دەوڵەت بەناوی نەتەوەیەکی ئێتنۆکەلتوورییەوە، گرووپە ئیتنۆئایینی، ئێتنۆزمانی یان ئێتنۆنەژادییەکانی دیکە دەسڕێتەوە.

لە ئەمریکا و دەوڵەت-نەتەوە تاڕادەیەک جێگیر و تەمەندرێژەکانی دیکەدا، “نەتەوە” دەتوانێت بە شێوازێکی دانسقە کار بکات، وەک بزووتنەوە “نەیتیڤیست”ـەکانی ئەمریکا یان لە نێو رێتۆریکی بزووتنەوە راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەورووپا. وەک ئەو درووشمانەی کە دەڵێن، (‘la France oux Franc¸ais’,  ‘Deutschland  den  Deutshchen’) واتە، (فەڕانسا بۆ فەڕانسییەکانە و ئاڵمان بۆ ئاڵمانییەکان). هەروەهاش دەتوانێت بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و بنەڕەتییانەش، لەخۆگر بێت.[4] ئەمە دەتوانێت بۆ چوارچێوەدان بە یەکڕێزی ئەندامانی نەتەوەکە کار بکات. پێداگری لەسەر نەتەوەبوون لەم مانایەدا ئەوەیە کە ئەندامانی ئەو گرووپە هەوڵ ئەدەن بۆ تێپەڕاندن یان لانیکەم ڕێژەییکردنی جیاوازییە ناوخۆییەکان. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی خەڵک بیر لە خۆیان بکەنەوە -بۆ ئەوەی ناسنامە و بەرژەوەندییەکانیان دابڕێژن- وەک ئەندامی ئەو نەتەوەیە، نەک وەک ئەندامی هەندێک پێکهاتەی کۆیی و گرووپی دیکە.[5] پێداگری لەسەر نەتەوە دەتوانێت سەرچاوەیەکی ڕیتۆریکی بەهێز بێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وا نییە.

ئاکاێمیستەکان لە بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانستە مرۆییەکان لە ئەمریکا، بە گشتی گومانیان هەیە یان تەنانەت دوژمنایەتییان لەگەڵ ئەم جۆرە ئیدعایانە بۆ نەتەوەبوون هەیە. زۆربەی جار پێداگری لەسەر ئەمە وەک “تێپەڕیو”، “بەرچاوتەنگی”، “نەزانانە”، “دواکەوتووانە” و تەنانەت “مەترسیدار” دەبینرێت.

کەم زانای ئەمریکی هەیە کە ئاڵا هەڵبکات و زۆرێک لە ئێمەش گومانمان هەیە لەو کەسانەی کە ئاڵا هەڵدەکەن. زۆرجار هۆکارەکە دەسنیشان کراوە، بەو پێیەی ئاڵا هەڵدان پەیوەست بووە بە “نالێبوردەیی”، “بێگانەفۆبیا” و “میلیتاریزم”، و جۆرێک لە شانازی زیادەڕەوی نەتەوەیی و [پاڵپشتی لە] سیاسەتی دەرەوەی شەڕانگێزانە. چەندەها کردەوەی ترسناک کە بۆ باسکردن نابن، رێژەیەکی زۆر لە شەڕانگێزی- بەناوی نەتەوەوە ئەنجام دراون؛ نەتەوە نەک بە واتای ئێتنیکیی نەتەوەکان، بەڵکوو بە ناوی نەتەوەی “مەدەنی” کەوا دەگوترێت “مەدەنی”ـن (Mann, 2004). بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ شرۆڤەکردنی هەڵوێستی نەرێیی باو لەبارەی نەتەوەوە. لەبەرئەوەی چەندان تاوان و شەڕانگێزی هاوشێوە بەبۆنەی خۆبەستەیی بە کۆمەڵگەی خەیاڵی دیکەوە ئەنجامدراون لە ژێر ناوی دەوڵەت، نەژاد، گرووپی ئێتنیکی، چینی کۆمەڵایەتی، حزب و ئیمان.

سەرەڕای ئەو هەستەی کە ناسیۆناڵیزمی پێ مەترسیدارە، و پەیوەندییەکی نزیک بە هەندێک لە خراپەکارییە گەورەکانی سەردەمی ئێمەوە هەیە، هەر وەکوو چۆن جان دان (1979, p. 55) دەڵێت، ناسیۆناڵیزم «توختترین شەرمەزاری سیاسی سەدەی بیستەمە»، کەواتە دووڵییەکی بەرفراوان بۆ بانگەشەی نەتەوەبوون هەیە. ئەمەش لەو تێڕوانینە بەرفراوانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیوایە ئێمە لە سەردەمێکی پۆست-ناسیۆناڵدا دەژین. تێڕوانینەکە دەڵێت ئەگەر کاتێگۆری “نەتەوە” لە سەدەی نۆزدەیەمدا لەگەڵ واقعیەتە ئابووری، سیاسی و کەلتوورییەکاندا گونجاو بوو بێت، بەڵام ئەمڕۆ تا دێت لەگەڵ ئەو واقعیەتانە ناگونجێت. لەم شرۆڤەیەدا، نەتەوە لە بنەڕەتدا کاتێگۆرییەکی ئاناکرۆنیستییە و بانگەوازکردن بۆ نەتەوەبوون، تەنانەت ئەگەر مەترسیداریش نەبێت، لەگەڵ ئەو بنەما بنەڕەتییانەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ پێکدەهێنن، هاوئاهەنگ نییە.

هەڵوێستی پۆست-ناسیۆناڵیستی ئیدعای ئەزموونی، ڕەخنەی میتۆدۆلۆژیک و ئارگیۆمێنتی نۆرماتیڤ تێکەڵ دەکات. بە نۆرە چەند وشەیەک لەسەر هەرکامیان دەڵێم. ئیدعای ئەزموونی جەخت لەسەر نەمانی توانست و کەمبوونەوەی پەیوەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکاتەوە. دەوڵەت-نەتەوە لە ژێر کاریگەری سووڕانەوەی بێ وێنەی مرۆڤ، کاڵا، پەیام، وێنە، ئایدیا و بەرهەمە کەلتوورییەکاندایە؛ دەگوترێت کە وردەوردە توانای “قەفەسکردن” (Mann, 1993, p. 61)، و لە چوارچێوەدانی حوکمڕانی، ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و سیاسی لەدەستداوە. دەگوترێت توانای کۆنتڕۆڵی زۆر شت وەک سنوورەکان، ڕێکخستنی ئابووری، داڕشتنی کەلتوور، چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکان و سەرقاڵکردنی دڵ و مێشکی هاووڵاتیانی لەدەستداوە.

من پێم وایە ئەم تێزە زۆر زیادەڕەوی تێدا کراوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی هێرشەکانی 11ـی سێپتامبر بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ستەیتیزمی (دەوڵەتخوازی) شەڕانگێزانە.[6] تەنانەت یەکێتی ئەورووپا کە ناوەندێکی گرنگی نووسین لەسەر پۆست-ناسیۆناڵیزمە، بەبێ دوودڵی نوێنەرایەتی هێڵێک لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە ناکات. وەک میلوارد (1992) باسی کردووە، هەنگاوە سنووردارە سەرەتاییەکان بەرەو دەسەڵاتی سەروو نەتەوەیی لە ئەورووپا کاریان کردووە، کە مەبەست لێی گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە بووە. هەروەها ڕێکخستنەوەی بەرفراوانی فەزای سیاسی، هاوتەریب لەگەڵ هێڵە نەتەوەییەکان لە ئەورووپای ناوەڕاست و خۆرهەڵات لە کۆتایی شەڕی سارددا، ئەوە پیشان دەدات کە بەبێ تێپەڕین لە دەوڵەت-نەتەوە، هاوکات بەشێکی گەورەی ئەورووپا بەرەو دەوڵەت-نەتەوە دەگەڕانەوە.[7]  “سەدەی بیستەمی کورت”  بەو شێوەیەی کە دەستی پێکردبوو کۆتایی پێهات، ئەورووپای ناوەڕاست و خۆرهەڵات نەک هەر بەرەو پۆست-ناسیۆناڵیزم نەچوون، بگرە لە ڕێگەی بە نەتەوەییکردنی بەرفراوانی فەزای سیاسی کە پێشتر فرەنەتەوەیی بوو، چوونە سەردەمێکی پۆست-فرەنەتەوەیی. بەدڵنیاییەوە هاونیشتمانیبوون وەک فۆڕموڵی گشتگیر بۆ شەرعیەتدان بە دەوڵەتبوون مایەوە.

ئایا وەک لە کتێبێکی ئەم دوواییەدا هاتووە (Sheffer, 2003, p. 22)، دەتوانرێت باس لە “کوناودەربوونی بێ وێنە”ی سنوورەکان بکرێت؟ لە هەندێک ڕووەوە ڕەنگە؛ بەڵام لە ڕووی دیکەوە -بە تایبەت سەبارەت بە جووڵە و تێگەیشتنی خەڵکەوە- تێکنۆلۆژییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان بەردەوام لە گەشەکردندا بوون. ناکرێت باس لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی گشتگیری دەوڵەتەکان بەسەر سنوورەکانیاندا بکرێت؛ لە ڕاستیدا، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ڕەوتی پێچەوانە زاڵ بووە، چونکە دەوڵەتەکان تێکنۆلۆژی ئاڵۆزتریان بۆ ناسینەوە، چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن جێگیر کردووە، لە پاسپۆڕت و ڤیزاوە تا دەگاتە دەیتابەیسی یەکگرتوو و ئامێرە بایۆمێتریکەکان. هەژارانی جیهان کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کۆچی نێونەتەوەییەوە دۆخی خۆیان باشتر بکەن، ڕووبەڕووی تۆڕێکی توندتر لە ڕێکخستنی دەوڵەت دەبنەوە لە چاو سەدەیەک لەمەوبەر. (Hirst and Thompson, 1999, pp. 30-1, 267). ئایا کۆچکردنی ئەمڕۆ لە ڕووی قەبارە و خێراییەوە بێ وێنەیە، وەک زۆرجار جەختی لەسەر دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا وا نییە: لەسەر بنەمای سەرتاسەری، کۆرەوی دەرەوەی وڵات لە سەدەیەک لەمەوبەر بۆ ئەمریکا زۆر گەورەتر بوو لە چاو دەیەکانی ڕابردوو، لە کاتێکدا کۆڕەوی کۆچی جیهانی ئەمڕۆ “لە هاوسەنگیدا چرییەکەی کەمترە” لە چاو ئەوانەی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم (Held et al., 1999, p. 326). ئایا ئەمڕۆ کۆچبەران پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ڕەسەنیاندا دەپارێزن؟ بێگومان ئەوان دەیکەن؛ بەڵام سەدەیەک لەمەوبەریش دەیانتوانی بەبێ ئێمەیڵ و پەیوەندی تێڵێفۆنی هەرزان ئەو کارە بکەن و ڕوون نییە -بە پێچەوانەی ئەوەی تیۆریسیەنەکانی پۆست-ناسیۆناڵیزم ئاماژەی پێ دەکەن- کە ئەو شێوازەی ئەمڕۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەیە. ئایا سەرمایەداریی گڵۆباڵیزەکراو توانای دەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی ئابووری کەم کردووەتەوە؟ بێ گومان. بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا -وەک ڕێکخستنی ئەو شتانەی کە پێشتر بە ڕەفتاری تایبەتی (private behavior) دادەنرا- کۆنترۆڵی رێکخراوی دەوڵەت توندتر بووە نەک شلتر. (Mann, 1997, pp. 491–2).[8]

ڕەخنەی مێتۆدۆلۆژیکاڵ ئەوەیە کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژە بەدەست “ناسیۆناڵیزمی میتۆدۆلۆژی”ـەوە دەناڵێنن (ناوەندی لێکۆڵینەوە لە حوکمڕانی جیهانی، 2002؛ ;Wimmer and Glick-Schiller, 2002)- ئەمەش بەهۆی مەیلی پێناسەکردنی “دەوڵەت نەتەوە” وەک هاوتا لەگەڵ “کۆمەڵگا”، و گرنگیدان بە پێکهاتە و پڕۆسەی ناوخۆیی لەسەر حیسابی پڕۆسە و پێکهاتە جیهانییەکان یان سەرتر لە سنوورەکان. دیارە حەقیقەتێکی باش لەم ڕەخنەیەدا هەیە، تەنانەت ئەگەر مەیلی زیادەڕەویشی هەبێت، ئەو کارانە پشتگوێ دەخات کە هەندێک لە مێژوونووسان و زانایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژە لەسەر ڕەوت و تۆڕە سنوورییەکان ئەنجامی دەدەن.

بەڵام چی لەم ڕەخنەیە دێتە ئاراوە؟ ئەگەر خزمەت بە هاندانی لێکۆڵینەوە لە پڕۆسە کۆمەڵایەتییەکان بکات کە لە چەند ئاستێکدا ڕێکخراون -وەکوو ئاستی دەوڵەتی نەتەوەیی- ئەوە ئاکامێکی باشتری دەبێت. بەڵام ئەگەر ڕەخنەی مێتۆدۆلۆژیکاڵ -وەک زۆربەی جار- لەگەڵ ئیدعای ئەزموونی سەبارەت بە کەمبوونەوەی پەیوەندیی دەوڵەت-نەتەوە یەک بگرێتەوە و ئەگەر خزمەت بە دوورخستنەوەی سەرنج لە پڕۆسە و پێکهاتەکانی ئاستی دەوڵەت بکات، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە مۆدی ئاکادێمیک ببێتە هۆی ئەوەی کە بە باش یان خراپ، ئاستێکی بنەڕەتی ڕێکخستن و شوێنی بنەڕەتی دەسەڵات کە بەردەوام دەمێنێتەوە، لەبەرچاو نەگرین.

ڕەخنەی نۆرماتیڤ لە دەوڵەت-نەتەوە لە دوو ئاراستەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەرەوە، ئارگیومێنتی کۆسمۆپۆڵیتی (cosmopolitan) دەهێننەوە کە دەڵێت مرۆڤایەتی بە گشتی نەک دەوڵەت-نەتەوە، بەڵکوو پێویستە ئاسۆی سەرەتایی خەیاڵی ئەخلاقی و بەشداری سیاسیمان پێناسە بکات (Nussbaum, M.C, 1996). لە ئاستی خواریشەوە، فرەکەلتوورخوازی و سیاسەتی شوناس (identity politic) بە ناسنامەی گرووپی شاگەشکە دەبن و سەرووتر لە پەیوەندییە فراوانتر و گشتگیرەکانەوە، ئیمتیازی پێ دەدەن.

دەکرێت لایەنی بەهێزتر و لاوازەکانی ئارگیومێنتی کۆسمۆپۆڵیتی جیا بکرێتەوە. ئارگیومێنتی بەهێزی کۆسمۆپۆڵیتی ئەوەیە کە هیچ هۆکارێکی گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئیمتیاز بدرێت بە دەوڵەت-نەتەوە و قبوڵکردنی وەک تەوەرێک بۆ یەکڕیزی، بەرپرسیارەتی هاوبەش و پێگەیەک بۆ هاووڵاتیبوون.[9]

دەوڵەت-نەتەوە، لەڕووی ئەخلاقییەوە کۆمەڵگەیەکی دڵخوازانەیە، کەوابوو ئەندامێتی تێیدا لە زۆربەی کاتەکاندا، بە هەڵکەوتی لەدایکبوونەوە بەستراوەتەوە و هەر لەڕێگەی فاکتە دڵخوازە ئەخلاقییەکانیەوە شوێنی لەدایکبوون یان دایک و باوک دیاری دەکرێت. لایەنی لاوازی ئارگیومێنتی کۆسمۆپۆلیتی ئەوەیە کە پێیوایە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە نابێت بەرتەسکییەک بۆ بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و پابەندبوونە سیاسییەکانمان دابنێت. سەختە لەگەڵ ئەم خاڵەدا ناکۆک بین. گرنگ نییە نەتەوەیەک چەندە کراوە و ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی تاکی نوێ، خاڵێک کە لە خوارەوە دەگەڕێمەوە بۆی- وەک بێنێدکت ئەندێرسۆن (1991) باسیکردووە، نەتەوە، وەک کۆمەڵگەیەکی سنوورداری خەیاڵییە. ئەمە لە بنەڕەتدا بیرتەسکە و بەشێوەیەکی قەرەبوونەکراو تایبەتە. تەنانەت سەرسەختترین رەخنەگرانی یونیڤێرساڵیزمیش بەدڵنیاییەوە هاوڕان کە ئەوانەی لە دەرەوەی سنووری دەوڵەت-نەتەوەن، وەک هاوڕیشەیی لە مرۆڤبووندا، داواکاری هاوشێوەیان هەیە لەسەر خەیاڵی ئەخلاقی ئێمە، وزەی سیاسیمان و تەنانەت سەرچاوە ئابوورییەکانمان.[10]

ئاراستەی دووەمی ڕەخنەی نۆرماتیڤ لە دەوڵەت-نەتەوە کە ڕەخنەی فرەکەلتوورییە خۆی فۆڕمی جۆراوجۆر دەگرێتەبەر. هەندێک ڕەخنە لە دەوڵەت-نەتەوە دەگرن بە بۆنەی لۆژیکێکی یەکسانکەر کە گوایە دەوڵەت نەتەوە بەبێ وەستان جیاوازییە کەلتوورییەکان سەرکوت دەکات. هەندێکی تر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆربەی دەوڵەتە نەتەوەییە گوماناوییەکان (لەوانەش ئەمریکا) لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک دەوڵەت-نەتەوە نین، بەڵکوو دەوڵەتی فرەنەتەوەیین کە ڕەنگە هاووڵاتییانیان وەفادارییەکی هاوبەشیان بۆ دەوڵەتەکە هەبێت، بەڵام ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش نین (Kymlicka, 1995, p 11). بەڵام ناکۆکی سەرەکی لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕوانینی فرەکەلتووی و سیاسەتی شوناسەوە، کەمتر لە ئارگیومێنتی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵکوو لە مەیلی گشتی بۆ چاند و شانازیکردن بە شوناس و خۆبەستەیی گرووپییەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێچووەکەی پەراوێزخستنی شوناس و وەفادارییەکانە لە سەرانسەری دەوڵەتدا.

لە بەرامبەر ئەم ڕەخنە دوو ڕەهەندەی کۆسمۆپۆڵیتی و فرەکەلتووریدا، دەمهەوێت بەرگرییەکی شایستە بکەم لە ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری لە بەسێتنی هاوچەرخی ئەمریکیدا.[11] چاودێران لە مێژە سەرنجیان لەسەر کاراکتەری ڕووخساری جانوسی (جانوس: خودای کردەوەکانە لە رۆمای دێرین) ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری داوە و منیش باش ئاگاداری لایەنە تاریکەکەیانم. من وەک کەسێک کە لە خۆرهەڵاتی ئەورووپادا ناسیۆناڵیزمم خوێندووە، ڕەنگە بە تایبەتی ئاگاداری ئەو دیوە تاریکە بم و ئاگادارم کە ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری نەک هەر لەوێ بەڵکوو لێرەدا لایەنێکی تاریکیان هەیە. بەڵام هەڵوێستە دژە-نەتەوەیی، پۆست-ناسیۆناڵیستی و ترانس-ناسیۆناڵسیتییە باوەکان لە نێو زانستە کۆمەڵایەتییە مرۆییەکاندا، مەترسی ئەوەیان هەیە کە هۆکارە باشەکان- لانیکەم لە کانتێکستی ئەمریکادا- تەمومژاوی بکات کە بریتییە لە پەروەردەکردنی یەکڕیزی، بەرپرسیاریەتی هاوبەش و هاووڵاتیبوون لە ئاستی نەتەوەدا.

هەندێک کەس لە ڕێگەی جیاکردنەوەی لە ناسیۆناڵیزم بەرگری لە نیشتمانپەروەری دەکەن.[12] لەکاتێکدا، نیشتمانپەروەری و ناسیۆناڵیزم شتگەلێک نین کە سروشتی جێگیریان هەبێت؛ ئەمانە زمانی سیاسی زۆر نەرم و بگۆڕن (flexible)، [ئەمانە] شێوەکانی شکڵبەخشین بە ئارگیومێنتە سیاسییەکان و بانگەوازکردن بۆ نیشتمان، خاکی باپیران، وڵات و نەتەوەن. ئەم دەستەوشانە تا ڕادەیەک واتا و دەنگدانەوە جیاوازیان هەیە؛ و هەر بۆیە زمانە سیاسییەکانی نیشتمانپەروەری و ناسیۆناڵیزمیش بە تەواوی هاوتا نین. هەردوو زمانەکە، لێکئاڵاون و بەو لێکئاڵانەوە دەتوانرێت کاری جۆراوجۆر بە هەردوو زمانەکە ئەنجام بدرێت. بۆیە دەمهەوێت لێرەدا پێکەوە لەبەرچاویان بگرم.

دەمهەوێت پێشناری ئەوە بکەم کە نیشتمانپەروەری و ناسیۆناڵیزم لە چوار ڕەهەندەوە دەتوانن بەهایان هەبێت. دەتوانن یارمەتی پەرەپێدانی فۆڕمەکانی بەهێزتری هاووڵاتیبوون بدەن، پشتگیری لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی دابەشکاریی (redistributive social policies) بکەن، پەرەپێدان بە ئاوێتەکردنی (integration) کۆچبەران و تەنانەت درووستکردن و پاراستنی چاودێرییەک لەبەردەم سیاسەتێکی دەرەوەی یەکلایەنەی شەڕانگێزانە.

یەکەم: ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری دەتوانن جووڵێنەر بن بۆ بەردەوامیی بەشداریکردنی مەدەنی. هەندێک جار باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەتە لیبراڵ دێمۆکراتەکان پێویستیان بە هاووڵاتی پابەند و چالاک هەیە، هەر بۆیە پێویستیان بە نیشتمانپەروەرییە بۆ درووستکردنی ئەم جۆرە هاوڵاتییە و پاڵپێوەنانی بەرەو بەشداری چالاک. لاوازی ئەم ئارگیومێنتە بەشدار و هاوبەشە لە نێو لاوازی گشتی ئارگیومێنتە فانکشناڵیستەکاندایە سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان یان کۆمەڵگاکان چییان “پێویستە”. لە ڕاستیدا، وا دێتە بەرچاو کە دەوڵەتە لیبراڵ دێمۆکراتەکان لەم ڕێگەیەوە بتوانن ڕووبەڕووی هاووڵاتییانی تاڕادەیەکی زۆر پاسیڤ و ناپابەند ببنەوە، بەڵام مەرج نییە ئەم ئارگیومێنتە لەسەر فۆڕمێکی فانکشناڵیستی دابڕێژرێت. ڕەنگە [بۆ دەوڵەت] هاووڵاتی پابەند و چالاک زەروورەت نەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە کەمتر پەسند بێت. نیشتمانپەروەری دەتوانێت پەرەپێدەری بەشداریکردنی مەدەنی بێت. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە درووستکردنی هەستی هاوپشتی (یەکڕیزی) و بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر یەکتر کە سنووری گرووپە ناسنامەییەکانیش تێدەپەڕێنێت. وەک بێنێدکت ئەندێرسۆن (1991, p. 7) جەختی لەسەر دەکاتەوە، نەتەوە وەک “هاوڕێیەتییەکی ئاسۆیی قووڵ” هەستی پێدەکرێت. ناسینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەم کۆمەڵگە خەیاڵییە، دەتوانێت ئەو هەستە درووست بکات کە وا بیر بکرێتەوە کە کێشەکانی ئەوان لە ئاستێکدا کێشەکانی منن و منیش بەرپرسیارەتییەکی تایبەتم هەیە.[13]

خۆناسینەوەی نیشتمانپەروەرانە لەگەڵ وڵاتدا -هەستکردن بەوەی کە ئەمە وڵات و حکومەتی منە- دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە درووستکردنی بناغەیەک بۆ هەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر بەو کارانەی کە حکومەتی نەتەوەیی ئەنجامی دەدات، نەک خۆدوور ڕاگرتن لێی. هەستکردن بە بەرپرسیارەتی [بەرانبەر کارەکانی حکومەت]، بێگومان بە مانای ڕێککەوتن لەگەڵیان نییە؛ تەنانەت ڕەنگە هەست و سۆزی بەهێزی وەک شەرمەزاری، توڕەیی و ڕق درووست بکات کە بنەما و پاڵنەر بن بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی حکومەت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی  پابەندبوونی نیشتمانپەروەرانە چڕتر ببێتەوە نەک ئەو جۆرە هەستانە لاواز بکات. وەک ڕیچارد ڕۆڕتی (1994) تێبینی کردووە، «تۆ دەتوانیت هەست بە شەرمەزاری بکەیت بەهۆی ڕەفتاری وڵاتەکەت تەنیا تا ئەو کاتەی کە هەست دەکەیت وڵاتی تۆیە.»[14] پابەندبوونە نیشتمانپەروەرانەکان دەتوانن ئەو وزە و خولیایانە دابین بکەن کە جووڵێنەر و پارێزەری بەشداریکردنی مەدەنین.

دووەم: بەدیاریکراوتر، نیشتمانپەروەری و ناسیۆناڵیزم دەتوانن پشتگیری لە دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. ئەم جۆرە سیاسەتانە بۆ ئەوەی وەک شتێکی ڕەوا سەیر بکرێن پێویستییان بە هاوپشتی نێوان چینەکان و بەرپرسیارەتی بەرانبەر یەکتر هەیە؛ و ناسیۆناڵیزم دەتوانێت ئەو هاوپشتی و بەرپرسیارەتییە درووست بکات. زیادبوونی نایەکسانی لە دەیەکانی ڕابردوودا چەندین هۆکاری هەیە و هەندێک لەوانە سەربەخۆن لە سیاسەتی گشتی.[15] بەڵام سیاسەتە گشتییەکان بە جێی ئەوەی کار بۆ بەرپەرچدانەوەی بکەن، بەتوندی ئەم ڕەوتەیان خێراتر کردووە. هەروەها بەڕێکەوت نییە کە ئەمە لە قۆناخێکدا ڕوویدا بێت کە چەپەکان سەرقاڵی پرسەکانی ناسنامە و کەلتوور بوون و “کەلتوور”ـی  کردنی ریتۆریکی سیاسیش، وایکردووە ئاسان نەبێت تیشک بخرێتە سەر پرسە ئابوورییەکان.[16]

سێیەم: زمانی نەتەوەبوون دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئێنتێگرێبوونی (ئاوێتەبوونی) کۆچبەران. زۆرجار ڕەخنەگرانی ناسیۆناڵیزم دەڵێن کە ناسیۆناڵیزم تەنیا پێچەوانەکەی دەکات- واتە، ئەوانی دیکەی جیاواز لە ڕووی نەتەوەیی یان کەلتوورییەوە دەکاتە دەرەوەی خۆی، یان لۆژیکی هێمۆژێنیزەی (یەکسانکەری) دەوڵەت-نەتەوە، بەفەرمی ناسینی “جیاوازی” ڕەد دەکاتەوە. بەڵام مرۆڤ دەبێت وریا بێت کە زێدەڕۆیانە واتای ناسیۆناڵیزم یان دەوڵەت-نەتەوە بابەتی نەکات؛ [چونکە گەر ئەوان نەبن] هیچ کام لەوانەش لە دەرەوەی کات و شوێن و بارودۆخ بوونیان نابێت. وەک هەر چەمکێکی کاتێگۆریاڵی دیکە، “نەتەوە” هەمیشە تێکڕا هەم گشتگیرە هەم داخراو. هەر کاتێک مرۆڤەکان وەک ئەندامی یەک پۆل بەیەکەوە کۆ بکرێنەوە، ئەوا وەک جیاواز لە ئەندامانی پۆلەکانی دیکەش نیشانە دەکرێن. دەکرێت کەسێک زۆر کەم خواست و سەرنجی لەسەر ناسیۆناڵیزم بە گشتی یان “نەتەوە” بە گشتی هەبێت. پرسیارە سەرنجڕاکێشەکان پەیوەستن بەو شێوازە تایبەتانەی کە “نەتەوە” بۆ لەخۆگرتن یان وەدەرنان بەکار دەبرێت.

لە نێو نرخاندنێکی ئەرێیی بۆ ناسیۆناڵیزم، بێنێدکت ئەندێرسۆن باسی لە نەتەوەکان دەکات کە چۆن «لە نێو کاتدا پێکدەبسترێنەوە»، چونکە نەتەوەکان «لە نێو زماندا وێنا دەکرێن نەک لە نێو خوێن.» وەک پێوابوونەکانی دیکە سەبارەت بە ناسیۆناڵیزم بە گشتی، ئەم بۆچوونەش زۆر بەربڵاوە. ئەمە ئەو ڕاستییە ڵێڵ دەکات کە نەتەوەکان بە شێوازی جیاواز خۆیان وێنا دەکەن و هەر بۆیە جیاوازانە پێکدەبسترێنەوە. نەک هەر نەتەوە جیاوازەکان بە شێوازی جیاواز وێنا دەکرێن، بەڵکوو یەک نەتەوەش بە شێوازی جیاواز لە کاتە جیاوازەکاندا وێنا دەکرێت -تەنانەت زۆرجار لە یەک کاتدا، لەلایەن خەڵکانی جیاوازەوە.

لە هەندێک شوێندا، “نەتەوە” وەک کۆمەڵگەیەکی ئێتنۆکەلتووری کە جیایە لە هاووڵاتیبوونی دەوڵەت وێنا دەکرێت. کاتێک “نەتەوە” بەم شێوەیە وێنا دەکرێت، ناسیۆناڵیزم دەتوانێت لە ناوەوە و هەروەها لە دەرەوەش داخراو بێت، چونکە دەتوانێت هەندێک لە هاووڵاتییانی دەرەوەی خۆی، وەک بێگانە و ڕەنگە تەنانەت دوژمنی نەتەوە پێناسە بکات. بێگومان نموونەی ناشیرینی ئەم جۆرە وەدەرنانە ناوخۆییە، ئەم ئەمریکاخوازیی بەرتەسکە، یان نەیتیڤیزم (nativism)، لە مێژووی ئەمریکادا زۆرن (Higham, 1955; Smith, 1997). بەڵام بە گشتی نەتەوەی ئەمریکا -لەلایەن ئەندامەکانی ئێستای و داهاتوویەوە- بەشێوەی ڕێژەیی کراوە و پپێکبەستراو وێناکراوە، بە دڵنیاییەوە زۆر بە ئاسانی بەڕووی زۆربەی نەتەوەکانی دیکەدا دەکرێتەوە و دەیانخاتە پاڵ خۆی. لەم بەستێنەدا، فۆڕموڵی هەستبزوێنی (lyrical) ئەندێرسۆن بەتەواوی گونجاوە. لەم دەیان ساڵەی دوواییدا، نەتەوەی ئەمریکی تەنیا لە پەراوێزی پانتایی سیاسیدا نەبێت؛ بە بەردەوامی بەم شێوەیە خەیاڵ (وێنا) کراوە. پێموایە ئەم شێوازە باوەی خەیاڵکردنی نەتەوە، تەنانەت لە شۆکی هێرشەکانی 11ـی سێپتامبریش ڕزگاری بوو. بە سەرنجدان بەوەی کە “نەتەوە” بە شێوەیەکی باو وەک شتێکی پێکبەستراو لە نێو کاتدا (لە ڕاستیدا لە ماوەیەکی تاڕادەیەک کورتدا) خەیاڵ دەکرێت، ناسیۆناڵیزم لە ڕاستیدا دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ ئاوێتەکردنی کۆچبەران کار بکات.

زۆرێک لەو لێکۆڵەرانە کە ئێستا لەسەر کۆچبەری دەنووسن، ئەم بۆچوونە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەوان کۆچبەران بەو شێوەیە نابینن کە خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا ئاسێمیلە بکەن، بەڵکوو لەپێناو پاراستنی کەلتوور و ناسنامەی جیاواز پەنادەبەن بۆ شکلبەخشین بە “کۆمەڵگەی” ئێتنیکی، زۆرجار ترانس-نەتەوەیی (transnational) یان دیاسپۆرایی. بەبڕوای من، ئەو زمانە “جیاکارانەیە” کە ئەم لێکۆڵەرانە و زۆرێک لە خاوەنکارە ئێتنۆسیاسییەکان پشتگیری دەکەن، هەم لە ڕووی نۆرماتیڤ (ڕێسایی) و هەم لە ڕووی ئەزموونییەوە کێشەدارە. لە ڕووی نۆرماتیڤەوە، شاگەشکەبوون بە جیاوازی، قسە و کارکردن لەسەر هاوبەشییە نێوان-نەتەوەییەکان قورستر دەکات. لە ڕووی ئەزموونییەوە، سەرەڕای وەرچەرخانێکی گەورەی جیاوازیخوازانە لە بیری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەیەکانی ڕابردوودا، بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن کە کۆچبەرانی نەوەی دووەم و سێیەم لە ئەمریکا بەردەوامن لە ئاسێمیلەبوون- واتە بەردەوامن لەوەی کە لە ئەمریکییەکانی دیکە بچن و هاوشێوەی ئەمریکییەکانی دیکە لەڕووی ڕەهەندەکانی ڕەفتارەوە هەڵسوکەوت بکەن (Alba, R. and Nee, V, 2003).

سەرەنجام بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی چۆنن؟ لێرەدا پێدەچێت درووستکردنی نیشتمانپەروەری “پێشکەوتنخوازانە” قورستر بێت. ڕەنگە هەندێک هاوڕا بن لەسەر ئەوەی کە نیشتمانپەروەری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی بەشداریکردنی مەدەنی، پشتگیری و ئاسانکاری بکات لە دووبارە دابەشکردنەوەی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسانکاری بۆ ئاوێتەکردنی کۆچبەران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشەرمەوە مامەڵەدەکەن لە بەکارهێنانی زمانی نەتەوەبوون یان بانگەوازکردن بۆ هێماکان لەپەیوەند لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە و پرسە ئەمنییەکان. لە دووای هێرشەکانی 11ـی سێپتامبردا، وەک دەڵێن، نیشانە زارەکی و دیدەییەکانی نەتەوەبوون و نیشتمانپەروەری بە قووڵی پەیوەست بوون بەو بڕیارە چارەنووسسازەی کە هێرشەکانی لە چوارچێوەی “جەنگ” بە جێی “تاوان” پێناسە کرد؛ هاوکات لەگەڵ: تاکلایەنخوازیی شەڕانگێزانە لە سیاسەتی دەرەوەدا؛ بە دژایەتییەکی زەق و جەوهەری لە نێوان “ئێمە” و “ئەوان”، بە شانازییەکی نەتەوەیی زێدەڕۆیانە؛ و بە ڕیتۆریکێکی ئەخلاقی و تەنانەت لەچوارچێوەی جەنگی چاکە بەرامبەر بە خراپە.

من هێزی ئەم پاراستنانە بەرز دەنرخێنم، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی تا ڕادەیەک یەکلایەنەی نیشتمانپەروەری دووای11ـی سێپتامبر پێشکەش بکەن. لە یادی دەکەم کە فاکس نیوز لەبری هەموو ئەمریکییە نیشتمانپەروەرەکان یان تەنانەت ئاڵاهەڵگرەکان قسە ناکات. بەڵام ئەم پەیوەندییە باوانە وا دەکەن کە “وەرگرتنەوەی ئاڵا” زەرووری بێت، وەک چەند شرۆڤەکارێک (Moyers, B ,2003) پێشنیاریان کردووە. ئەوان زیاتر پەلە دەکەن کە بچنە ناو شەڕەکەوە، و کێبڕکێ لەسەر ئەو مەرجانە دەکەن کە بەناویانەوە بانگەشە بۆ هێمای “نەتەوە” دەکرێت. نابێت ڕێگە بە هیچ لایەن و حزبێک بدرێت کە کەڵک وەربگرێت لە مۆنۆپۆلی زمانیی ورووژێنەر و ئایکۆنۆگرافیای بەهێزی نیشتمانپەروەری. ئاڵا هێمایەکی ڕەسەنی بێڕادە بەهێزە، تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە ڕۆشنبیران لەو هێزە دوور بن، یان شەرمی لێ بکەن. دەسەڵاتی ئەو هێمایە و مافی قسەکردن “بە ناوی نەتەوە”، نابێت بدرێت بەو کەسانەی کە دەست بەسەر دەستەوشەی “نیشتمانپەروەر”دا دەگرن، بۆ نموونە، ناوزەدکردنی یاسایەک کە دەتوانێت بە هەمان شێوە ناوی لێ بنرێت “نانیشتمانپەروەر” یان “نائەمریکی” بۆ ئەوەی پشکنینی دادوەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن لاواز بکات بە بیانووی دەستکەوتی گوماناوی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی. ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی دووای11ـی سێپتامبر دەتوانن وەک نیشتمانپەروەرێک کەیسێکی کاریگەر بخەنە ڕوو، پابەند بن بە ئاسایشی نیشتمان، بەڵام ڕوانگەی فراوانتریان ڕوو بە ئاسایش هەبێت، و پابەندیشن بە پاراستنی ئەو ئازادییانە- لەوانەش ئازادی بۆ ڕوانگەی ناکۆک- کە بەشێکیان ئەمریکا وەک نەتەوەیەک پێناسە دەکەن. کۆی ئەمە دەتوانێت کاریگەری ئەرێیی هەبێت.

بێگومان پرسیاری ئەوەی کە چی “وەک نەتەوەیەک پێناسەمان دەکات” بابەتی ڕاستییەکی دڕندە و بێرەحم نییە، بەڵکوو بابەتی گێڕانەوە گشتییەکانە (Somers, 1994, p. 619)، [بابەتی] خۆ-فامکردنەکانە کە لەلایەن چیرۆکەکانەوە شێوەیان وەرگرتووە. گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لەم جۆرە خۆ-فامکردنە چیرۆکمەند هەیە، هەندێکیان زۆر بە شێوەیەکی بەرفراوان هاوبەشن، هەندێکی دیکەشیان کەمتر، و ئەمانە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن. “ئەوەی ئێمە وەک نەتەوە پێناسە دەکات” زیاتر نییە لە هاوسەنگییەکی کاتی لە ئارگیومێنت‌هێنانەوەی بەردەوام سەبارەت بەوەی کە چی ئێمە وەک نەتەوە پێناسە دەکات. ڕەخنەگرانی ئەو سیاسەتانەی ئێستا کە بەناوی نەتەوەوە دەدوێن، پێویستە بەشداری لەو ئارگیومێنت‌هێنانەوە بەردەوامەدا بکەن؛ پێویستە چیرۆک بگێڕنەوە و خۆ-فامکردنەکانیان لە خۆیان بخەنە ڕوو.

لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە ناکۆکن لەگەڵ پریڤاتیزمی (privatism) مەدەنی و پاسیڤیتی، پەرەسەندنی نایەکسانی و خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، جیابوونەوەی دەوڵەمەندەکان، زێدەڕەوییەکانی جیاوازخوازی (differentialism) و سیاسەتی شوناس و ڕیتۆریکی مانەوی (Manichean) و هەڵوێستی تاکلایەنە کە -نیشانەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکایە- پێدەچێت کە پەرەپێدان بە یەکڕیزی، بەرپرسیارەتی دوولایەنە و پابەندبوونی مەدەنی لەسەر ئاستی نەتەوەییدا خاڵێکی گونجاو و پێویست بەهەژمار بێت.[17] بێگومان، هەروەها خوازراوە کە هاودەنگی و هاوسۆزی فراوانتر بچێنرێت- خەیاڵی ئەخلاقی درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی سەر هەسارەکە بگرێتەوە. بەڵام یەکڕیزی و ناسینەوەی نەتەوەیی پێویستییەکی جدی هەیە بە پەروەردە کردن؛ مەبەستم شانازی نەتەوەیی نییە؛ کە لە ئەمریکا زیاتر لە پێویست هەیە. مەبەستم هاودەنگی و بەرپرسیارەتییە بەرامبەر بە هاووڵاتییان؛ و مەبەستم ناسینەوە (identification) و بەرپرسیارەتی ڕوو بەو شتەیە کە حکومەت بەناوی نەتەوەوە دەیکات. لاوازی کوالیتەی هاووڵاتیبوونی ئەمریکی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لاوازی ئەو جۆرە لە یەکڕیزی، پابەندبوون و بەرپرسیارەتییەوە هەیە.

بۆ هەندێک لە ڕێبەرانی پۆست-مۆدێرنیست کە شێوەی جیاواز و فرەیان بۆ [پێناسەی] هاووڵاتی هەیە، لاوازی هاووڵاتیبوونی نەتەوەیی بە هیچ جۆرێک هۆکاری نیگەرانی نییە. بەڵکوو قەرەبوو دەکرێتەوە بە جۆرەها هاووڵاتیبوونی دیکە کە لە پەرەسەندندایە، وەک وردنەتەوەیی (subnational)، سەروونەتەوەیی (transnational) و بان‌نەتەوەیی(supranational). ئەم ئەدەبیاتە باس لە هاووڵاتیبوونی جیهانی، هاووڵاتیبوونی ئێکۆلۆژیک، هاووڵاتیبوونی ئێکۆفێمێنیست، هاووڵاتیبوونی نەتەوەیی، هاووڵاتیبوونی کەلتووری، هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووری، هاووڵاتیبوونی دیاسپۆایی، هاووڵاتیبوونی تێکنۆلۆژیک، هاووڵاتیبوونی کۆمپانیایی، هاووڵاتیبوونی شوێنی کار، هاووڵاتیبوونی ناوخۆیی و هاووڵاتیبوونی سێکشواڵ لەخۆدەگرێت؛ و ئەمە ژماردنەش بە هیچ شێوەیەک هەمەلایەنە و تەواو نییە.[18]

ئەم ئەدەبیاتە گەشەسەندووە بەشێوەیەکی بەسوود سەرنجی بۆ شوێنە زۆرەکانی هاووڵاتیبوون لە سنووری دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دەرەوەی سنووری دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕاکێشاوە. بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە گرنگییەکی بەردەوامی هاووڵاتیبوونی نەتەوەیی، واتە ئەو هاوڵاتیبوونەی لەسەر بنەمای دەوڵەت نەتەوەیە پشتگوێ بخرێت. دەوڵەتی نەتەوەیی وەک شوێنێکی یەکلاکەرەوەی دەسەڵات لە کاروباری جیهانیدا دەمێنێتەوە؛ تاکە شوێنی سەرەکی دەسەڵاتە لەگەڵ کایەی گشتی و فۆڕمەکانی دامەزراوەیی، هەرچەندە ناتەواو بن، کە تاڕادەیەک ڕێگە بە بەشداری مەدەنی مانادار و کاریگەر دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش، نابێت هاووڵاتیبوونی نەتەوەیی -و بەو هۆیەوە یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری- بخرێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە.

_____________________________

سەرچاوە:

Brubaker, R. (2004). In the name of the nation: reflections on nationalism and patriotism. Citizenship Studies, 8 (2).

 

ڕاجێڕز بڕوبەیکڕ (Rogers Brubaker)

ڕاجێڕز بڕوبەیکڕ پرۆفیسۆری ناوداری کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە لۆس ئانجێلس کە خاوەن کورسی دامەزراوەی UCLAـە. بڕوبەیکڕ بەشێوەیەکی بەربڵاو لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی، کۆچبەری، هاووڵاتیبوون، ناسیۆناڵیزم، نەژاد، جێندێر، پۆپۆڵیزم- و بەم دوواییانە هایپێر-پەیوەندی دیجیتاڵی نووسیویەتی. یەکەم کتێبی ڕوونکردنەوە بووە لەسەر ئایدیای عەقڵانیەت لە کارەکانی ماکس ڤێبێر. لە دوو کتێبی کۆتاییدا ناسیۆناڵیزمی لە سۆنگەی مێژوویی و بەراوردکارییەوە شی کردووەتەوە.

بڕوبەیکڕ لە ساڵی 1991ـەوە لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە لوس ئانجێلس وانە دەڵێتەوە. پێش هاتنی بۆ UCLA ، ئەندام بوو لە کۆمەڵگەی زانکۆی هارڤارد (1988-1991). خەڵاتی زانکۆی MacArthur (1994-1999) و خەڵاتی لێکۆڵەری گەنجی سەرۆکایەتی لە دامەزراوەی زانستی نەتەوەیی (1994-1999) و بورسی ناوەندی خوێندنی پێشکەوتوو لە زانستە ڕەفتارییەکان (1995-1996) و دامەزراوەی یادەوەری جان سیمۆن گوگنهایم (1999-2000) و Wissenschaftskolleg ـی بەرلین (2016-2017) پێبەخشراوە. لە ساڵی 2009 بۆ ئاکادێمیای ئەمریکی بۆ هونەر و زانست هەڵبژێردرا.

 

 

سەرچاوەکان:

Alba, R. and Nee, V. (2003) Remaking the American Mainstream: Assimilation and Contemporary Immi- gration (Cambridge, MA, Harvard University Press).

Anderson, B. (1991) Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism (revised edn) (London, Verso).

Appadurai, A. (1996) Modernity at Large: Cultural Dimensions of Globalization (Minneapolis, MN, Univer- sity of Minnesota Press).

Appiah, K.A. (1998) ‘Cosmopolitan patriots’, in: P. Cheah and B. Robbins (Eds), Cosmopolitics: Thinking and Feeling Beyond the Nation (Minneapolis, MN, University of Minnesota Press).

Banting, K. and Kymlicka, W. (2003) ‘Do multiculturalism policies erode the welfare state?’, paper presented to Colloquium Franqui ‘Cultural Diversities vs. Economic Solidarity’.

Barry, B. (2001) Culture and Equality: An Egalitarian Critique of Multiculturalism (Cambridge, MA, Harvard University Press).

Brubaker, R. (1996) Nationalism Reframed: Nationhood and the National Question in the New Europe (Cambridge, Cambridge University Press).

Canovan, M. (1996) Nationhood and Political Theory (Cheltenham, Edward Elgar).

Centre for the Study of Global Governance, London School of Economics and Political Science (2002) Draft report on ‘Workshop on Methodological Nationalism’, 26–27 June 2002, available online at:< www.lse.ac.uk/Depts/global/Yearbook/methnatreport.htm > .

Dobson, A. (2003) Citizenship and the Environment (Oxford, Oxford University Press).

Dunn, J. (1979) Western Political Theory in the Face of the Future (Cambridge, Cambridge University Press). Evans, D.T. (1993) Sexual Citizenship: The Material Construction of Sexualities (London, Routledge).

Gitlin, T. (1995) The Twilight of Common Dreams: Why America is Wracked by Culture Wars (New York, Henry Holt).

Habermas, J. (1996) ‘The European nation-state—its achievements and its limits: on the past and future of sovereignty and citizenship’, in: G. Balakrishnan (Ed.), Mapping the Nation (London, Verso).

Held, D. (1995) Democracy and the Global Order: From the Modern State to Cosmopolitan Governance

(Stanford, CA, Stanford University Press).

Held, D., McGrew, A., Goldblatt, D. and Perraton, J. (1999) Global Transformations: Politics, Economics, and Culture (Stanford, CA, Stanford University Press).

Higham, J. (1955) Strangers in the Land: Patterns of American Nativism, 1860–1925 (New Brunswick, NJ, Rutgers University Press).

Hirst, P. and Thompson, G. (1999) Globalization in Question (2nd edn) (Cambridge, Polity Press). Hollinger, D.A. (1995) Postethnic America: Beyond Multiculturalism (New York, Basic Books).

Holmwood, J. and Siltanen, J. (1994) ‘Gender, the professions, and employment citizenship’, International Journal of Sociology, 24(4), pp. 43–66.

Isin, E.F. and Wood, P.K. (1999) Citizenship and Identity (Thousand Oaks, CA, Sage).

Kearney, M. (1991) ‘Borders and boundaries of state and self at the end of empire’, Journal of Historical Sociology, 4(1), pp. 52–74.

Koopmans, R. and Statham, P. (1999) ‘Challenging the liberal nation-state? Postnationalism, multiculturalism, and the collective claims making of migrants and ethnic minorities in Britain and Germany’, American Journal of Sociology, 105(3), pp. 652–96.

Krugman, P. (2002) ‘For richer’, New York Times Magazine, 20 October.

Kymlicka, W. (1995) Multicultural Citizenship: A Liberal Theory of Minority Rights (Oxford, Oxford University Press).

Laguerre, M.S. (1998) Diasporic Citizenship: Haitian Americans in Transnational America (New York, St.

Martin’s Press).

Lind, M. (1995) The Next American Nation: The New Nationalism and the Fourth American Revolution (New York, Free Press).

Mann, M. (1993) The Sources of Social Power: The Rise of Classes and Nation-States, 1760–1914

(Cambridge, Cambridge University Press).

Mann, M. (1997) ‘Has globalization ended the rise and the rise of the nation-state?’, Review of International Political Economy, 4(3), pp. 472–96.

Mann, M. (2004) The Dark Side of Democracy: Explaining Ethnic Cleansing (Cambridge, Cambridge University Press).

Miller, D. (1995) On Nationality (Oxford, Clarendon Press).

Milward, A.S. (1992) The European Rescue of the Nation-State (Berkeley, CA, University of California Press). Moyers, B. (2003) ‘Reclaiming the flag’, Rolling Stone, 15 May; available online at: < http://www.buzzflash.com/contributors/03/02/28 moyers.html > .

Nussbaum, M.C. (1996) ‘Patriotism and cosmopolitanism’, in: J. Cohen (Ed.), For Love of Country: Debating the Limits of Patriotism (Boston, MA, Beacon Press).

Nussbaum, M.C. (1997) Cultivating Humanity: A Classical Defense of Reform in Liberal Education (Cam- bridge, MA, Harvard University Press).

Pettus, K. (1997) ‘Ecofeminist citizenship’, Hypatia, 12(4), pp. 132–55.

Reich, R.B. (1992) The Work of Nations: Preparing Ourselves for 21st-Century Capitalism (New York, Vintage Books).

Renan, E. (1996 [1882]) ‘What is a nation?’, in: G. Eley and R.G. Suny (Eds), Becoming National: A Reader (New York, Oxford University Press).

Roche, M. (2002)

 

 

پەراوێزەکان:

[1]   وەشانێکی پێشووتری ئەم توێژینەوەیە بۆ کۆنفڕانسی “فرە روخساریی نیشتمانپەروەری”، دیترۆیت، 11-12ـی سێپتامبری 2003 ئامادەکرابوو. دەمهەوێت سپاسی ڕۆب یانسن، کریستی سوراک، و سەرنووسەران و پێداچوونەوەکارانی “موتاڵاتی هاووڵاتیبوون” بکەم بۆ سەرنجە یارمەتیدەرەکانیان.

[2]   و: دەستەوشەی (putative nation) لەم بەستێنەدا بە واتای ئەوە دێت کە نەتەوەبوونی ئەم نەتەوەیە وەک گومان و بابەتێکی گریمانەگیراو بوونی هەیە؛ نەتەوەی گوماناوی.

[3]   بە هەرشێوە، بە لەبەرچاوگرتنی قووڵایی ئەم دابەشبوونانە -دژایەتیکردنی دەسەڵاتی داگیرکەر ڕەنگە تەنیا لە بەشێکدا و تەنیا بە شێوەیەکی کاتی بتوانێت بۆشاییەکە لە ڕێگەی پردێک پڕ بکاتەوە- ڕەنگە کۆکردنەوەی “نەتەوە” لە خزمەت بزووتنەوەیەکی ناسیۆناڵیستی سیاسەتخوازدا ئەگەرێکی لەپێشتر بێت، بەڵام بە ناوی عێراقی نا بەڵکوو نەتەوەی کورد. (Wimmer, 2003).

[4]   بۆ ئەدەبیاتێکی بەرین لەم بارەیەوە بڕوانە:

  • Kearney (1991).
  • Soysal (1994).
  • Habermas (1996).
  • Appadurai (1996).

[5]   هەندێک لە شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ  “نەتەوەیەکی” ئەمریکی بوونی نییە- هیچ دانیشتووانێک کە بە “نەتەوایەتی” کەلتووری هاوبەشی ئەمریکی پێناسە بکرێت بوونیان نییە. دەوڵەتێکی ئەمریکی هەیە، هاووڵاتی ئەمریکی هەیە، بەڵام نەتەوەیەکی ئەمریکی نییە. لەسەر ئەم بۆچوونە، ئەمریکا جیاوازە لە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەورووپا؛ واتە بە هیچ شێوەیەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو دەوڵەتێکی فرەنەتەوەییە، یان لانیکەم دەوڵەتێکی نەتەوەیی نییە. هەندێکی تر دەڵێن ئەمریکا دەوڵەتێکی نەتەوەییە بە نەتەوایەتی (nationality) کەلتووری جیاوازەوە (Hollinger, 1995; Lind, 1995). ئەگەر مرۆڤ قبووڵی بکات کە نەتەوەبوون ڕاستییەکی ئێتنۆدیمۆگرافی یان ئێتنۆکەلتووری نییە بەڵکوو بانگەشەیەکی سیاسییە، ئەوا پرسیارەکە لەسەر ئەمە نییە کە کام لەم بۆچوونانە ڕاستە، یان بەڕاستی نەتەوایەتی کەلتووری ئەمریکی بوونی هەیە یان نا. پرسیارەکە زیاتر ئەوەیە کە ئیدعای نەتەوەبوونی ئەمریکا- یان ڕەدکرنەوەکەی- لە لێدوانی سیاسیدا چۆن کاردەکات.

[6]   بۆ روانین لە ڕەخنەی تێزی کەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی، بڕوانە Mann (1997).

[7]   بۆ وردبوونەوە لەم خاڵە، بڕوانە Brubaker (1996, pp. 1-3).

[8]   بۆ نموونە بڕوانە:

Hollinger (1995), pp.151ff.

Waldinger, Fitzgerald (2003).

Koopmans, Satatham (1999).

[9]   هەرچەندە مارتا نوسبام ئەندامێتی نەتەوە بە “تایبەتمەندییەکی ناپەیوەندیدار لە ڕووی ئەخلاقییەوە” و سنوورە نەتەوەییەکان بە”خۆویستانە لە ڕووی ئەخلاقییەوە” پێناسە دەکات (1996, pp. 5, 14) ، بەڵام ڕوون نییە کە ئەوەی من ناوم ناوە “ئارگیومێنتی کۆسمۆپۆڵیتی بەهێز” ئارگیۆمێنتی بەهێزیشە، چونکە ئەو گرنگیدانێکی پەروەردەیی تایبەت بە نەریتە ئەمریکییەکان بە ڕەوا دەبینێت، تەنانەت ئاماژە دەدات کە پەروەردە دەبێت زیاتر کۆسمۆپۆڵیتی بکرێت (1997, p. 68).

[10]   بڕوانە

Walzer (1983).

واڵزێر بەرگری دەکات لە «مافی داخراوی، کە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئەو بوونی نەدەبوو»، لە هەمان کاتیشدا سنوورەکانی ئەو مافە دیاری دەکات، و باس لەو داخوازییە ڕەوایانە دێنێتە پێش کە ڕەنگە“بیانییە خاوەن پێویستییەکان” هەیانبێت (98 ,64 .pp).

[11]   لەم کارەدا، بەشێک لە ئارگیومێنتی مێژوونووس دەیڤید هۆلینگێر پەیڕەو دەکەم، کە دۆسیەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ گرنگی یەکڕیزییە نەتەوەییەکان نووسیوە، کە دەکەوێتە نێوان ئیدعای ئێتنۆس و ئیدعای بەشەکان (1995 ,Hollinger). چەند کەسێکی دیکە لە چەپدا، بەرگرییان لە نیشتمانپەروەری یان ناسیۆناڵیزم کردووە (1992, Reich ,1995, Lind, 2001 ,Wilkins) ، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە جەستەیەکی بچووک بەڵام گەشەسەندوو لە کارکردن لە تیۆری سیاسیدا بووەتە هۆی داڕشتنی کەیس بۆ ناسیۆناڵیزمی لیبڕاڵ.

1996, Canovan. 1995, Miller. 1993, Tamir

بەڵام ئەم بۆچوونانە لانیکەم لە بواری ئاکادێمیادا تا ڕادەیەک پەسەندنەکراو و ناستاندارد دەمێننەوە.

[12]   بڕوانە:

Viroli (1995). Vincent, (2002).

[13]   بۆ تێچینێکی کورت بەڵام پاراو لەم بارەیەوە، بڕوانە: .(1996) ,Taylor

[14]   New York Times, 13 February 1994. Cf. Appiah (1998, p. 95):

«نیشتمانپەروەر یەکەم کەسە کە ئازاری شەرمەزاری وڵاتەکەی دەچێژێت.»

[15]   بۆ نموونە بڕوانە  .(2002) ,Krugman  .(1992) ,Reich

[16]

Gitlin (1995).

Hollinger (1995).

Lind (1995).

Barry (2001).

Banting, Kymlicka (2003).

هیچ بەڵگەیەک لەسەر پەیوەندی نێوان سیاسەتە فرەکەلتوورییەکان و لاوازبوون دەوڵەتی خۆشگوزەران نادۆزنەوە (هەرچەندە دان بەوەدا دەنێن کە ڕەنگە پەیوەندییەکی لەو شێوەیە لە ئەمریکادا هەبێت). بەڵام وەک بانتینگ و کیملیکا دان بەوەدا دەنێن، ئەو بەڵگانەی کە لەبەرچاویان دەگرن، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندی نێوان گوتار یان ڕیتۆریک و پابەندبوون بە سیاسەتەکانی دابەشکردنەوە نییە. ئەو ئارگیومێنتە لێرەدا (و لانیکەم بەشێکی لەلایەن ئەو نووسەرانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە) پەیوەندی بە کاریگەرییەکانی گوتاری سیاسییەوە هەیە- واتە شێوازە باوەکانی چوارچێوەدان بە ئیدعاکان و داڕشتنی ناسنامەکان- ڕاستەوخۆتر لەوەی کە داڕشتنی سیاسەتەکان دەیکات.

[17]   هەندێک لە فیلسووفە ئەخلاقییەکان پێشنیاریان کردووە کە سنووری خەیاڵی ئەخلاقیمان زیاتر فراوان بکەین، بەجۆرێک نەک تەنیا زیاتر لە سنووری نەتەوەکەمان، بەڵکو لە سنووری جۆرەکانمان زیاتر، بۆ ئەوەی هەموو جۆرە ئاژەڵێک لە باوەش بگرین کە سیستەمی دەماری ئاڵۆزیان توانای ئەوەیانی پێبەخشیوە هەست بە ئازار بکەن.

[18]   بۆ باسکردن لە زۆرێک لەم فۆڕمانەی هاووڵاتیبوون، بڕوانە Isin and Wood 1999. بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لە دێمۆکراسی کۆسمۆپۆڵیتی، سەیری Held, (1995) بکە. بۆ لێکۆڵینەوە لە فۆرمە نانەتەوەییەکانی هاووڵاتیبوون، لە نێوان زۆر کەسی دیکەدا سەیری ئەم سەرچاوانە بکە:

.(2003) ,Dobson

.(1993) ,Evans

.(1994) ,Holmwood,Siltalen

.(1995) ,Kymlicka

.(1998) ,Laguerre

.(1997) ,Pettus

.(2002) ,Roche

.(2001) ,Smart

.(2002) ,Weis et al

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌