خوێندنەوەیەک بۆ هزری هێرش قادری
(ئێران و بوونی نائێرانی)

خ

داگرتنی وتارەکە:

ئەستێڵ ئینسایت
لێدوانی تیۆریک

 

کردنەوە

لە سەردەمی قاجاردا خوێندکار و نێردراوانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتە خۆرئاواییەکان ئاشنا بوون و لە ڕێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەیانویست ڕێفۆڕم و گۆڕانکاریگەلێکی جدی لە قەوارەی دەسەڵاتی سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بەدی بهێنن. گەشەی ئەم بیرکردنەوە و خواستە، بووە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە گەڕان بە شوێن ناسنامە و ساخکردنەوەی چەمکی و مۆدێرنی “دەسەڵاتی سیاسیی ئێران”. مەشروتەخوازەکان ئامانجگەلی خۆیان ئاوا دەناساند: بنیانتانی یاسای بنەڕەتی، دامەزراندنی پاڕڵمانی نەتەوەیی و سەربەخۆبوون لە دەسەڵاتی بیانی.[1] وا دیارە جۆرێک لە وشیاری یان کۆبوونەوەی نوخبەیی بۆ چاکسازی و داڕشتنی بناغەکانی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی زەق دەبێتەوە کە کەسانێک وەکوو سەید جەماڵی ئەسەدابادی و میرزا مەڵکوم خان دەسپێشخەری دەبن. گەورەیی شارستانیەتی ئێرانی، میراتی فارسی و یەکێتی ئوستورەیی نەتەوەی ئێران لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەندێشەی ئێرانی[2] لەم سەردەمە و قۆناخەکانی دیکەدا دەبێت. واتە جۆرێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە و ڕۆشنگەری دەبێتە هەوێنی بنیاتنانی پێناسەی ئێرانیبوون و زەقبوونی گرنگایەتیی دامەزراوەسازی.[3] بەشێکی بەرچاوی خوێندنەوەکان ڕوو بە ئێران وەک شارستانی و جیهانی فیکری لە ژێر کاریگەری نوخبەکانی ئەم سەردەمە و لە درێژەی قوتابخانەی ناسیۆناڵیزمی ئێرانیدایە. لەسەر توێژنەوە، بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی ئەم سەردەمەدا، خوێندنەوە زانکۆییەکان بۆ یەکێتی نەتەوەیی ئێران وەکوو شارستانیەتێکی ئێرانی-زەردەشتی-ئیسلامی خێرایی زۆرتر بە خۆیانەوە دەگرن. ئەمە بەشێک بوو لە گەڕان بەشوێن ئایدیای ئێرانی پێش ئیسلام و وێنای شارستانیەتێکی یۆتۆپیایی کە دەتوانێت لە دەرەوەی مێژوویەکی یەکدەستی ئیسلامی، باسی فارس وەکوو گشتێتییەکی کەلتووری و زمانی بکات.[4] ئەم فۆڕماسیۆنە لە نێو توێژینەوە مێژوویی و فیکرییەکان لەسەر ئێران، چ لە نێو قاڵبی مێژووی ئیسلام و چ لە نێو بەردەوامییەکی کەونار تا ئیسلام و سەردەمی هەنووکە، خاوەن زاڵترین جۆری تێگەیشتنە سەبارەت بە مێژوو و شارستانیەتیی ئێرانی.[5]

هێرش قادری سەرهەڵدانی خوێندنەوەیەکی ئاوا بۆ مێژوو، بە دەرەنجامی قۆناخی دەوڵەتی مۆدێرن یان دەسپێکی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی نابەستێتەوە؛ بەڵکوو ئەو دەیهەوێت ڕیشە مەعریفە-یەزدانناسانەی[6] شارستانیەتی ئێرانی یان فارسی وەکوو نەزمێکی دژ بە شارستانیەتی کوردی یان مادی پێناسە بکات. هەر بۆیە قادری کێشەی فۆڕموڵەنەبوونی کورد لە نێو مێژووی ئێران و هەروەها نەبوونی بوونێکی مێژوویی کوردی کە خاوەن گێڕانەوە بێت، لە نێو پرۆبلماتیکێک لە دەرەوەی خوێندنەوەی کۆمەڵناسانە و تیۆری سیاسی دادەڕێژێت.

 

کتێبی عەقڵی سیاسیی ئێرانی و ناسنامەخوازیی کورد

بە پێچەوانەی ئیدعاکانی مێژوونووسانی ئێران، هێرش قادری لە پێشەکی کتێبی یەکەمیدا ئاماژە بە دژیەکی و ئانتاگۆنیزمی نێوان ئێرانییەت لەگەڵ جیهانی کوردی وەکوو شارستانیەت دەکات. ئەو ئەم دژیەکییە لە سەرەوەی پرسێکی پەیوەندیدار بە ماف، یەکسانی و تەنانەت جیاوازی نەتەوایەتی؛ لەسەر کێشەیەکی ئۆنتۆلۆژیک-تێئۆلۆژیک ڕادەوەستێنێت، واتە دژیەکییەکی بوونناسانە و یەزدانناسانە لە نێوان جۆری تێگەیشتنی کورد وەکوو شارستانیەتی مادی بۆ کۆمەڵگا، مرۆڤ، یەزدان، دەسەڵات و ئەخلاق. لە درێژەی ئەم گریمانە سەرەتاییەوە هەروەها دەپرسێت کە کوردەکان لە کەتیبەکانی سومێرەوە تاکوو سەرەتاییترین موتاڵاتی مێژوونووسانەی خۆرئاواییەکان لەم ناوچەدا، وەکوو ئێتنیکێکی شۆڕشگێر و یاخی دەناسرێن، بەڕاستی هۆکاری ئەم هەموو یاخیگەریی و شکستە لە چیدایە؟[7] قادری پێی وایە وڵام بەم پرسە بەبۆنەی کێشەیەکی بنەڕەتییەوە هەردەم ڵێڵ و گوماناوییتر دەبێت؛ ئەویش ئەوەیە کە مێژوونووسان و نووسەرانی کورد پێیان وایە ئەم ڕاکێشانە مێژووییەی کورد بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان لەبەر مافخوازیی، یەکسانیخوازیی، دەوڵەتی مۆدێرن یان دەستێوەردانی بیانییە.[8] ئەو ئەم جۆرە تێگەیشتنە نابنەڕەتییە وەکوو مانەوە لە نێوان گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان و جۆرێک چاکسازی و پینەکردنی گوتارە گشتییەکە دەبینێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا توێژەرانی ئێرانی هەوڵی ئەوە دەدەن کە بیرکردنەوە یان بوونی جیاوازی کورد لە نێو گێڕانەوەیەکی شارستانیدا بتوێننەوە و وەکوو لقێکی ئەم گشتێتتیە شی بکەنەوە. لەبەر نەبوونی دەسەڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆش، ڕۆژهەڵاتناسەکان کورد وەکوو ئێتنیکێکی نێو دەسەڵاتی ئێرانی-فارسی لێکدەدەنەوە.[9] لەبەر بێتوانایی کورد لە بنیاتنانی سابجێکتیڤیتە و نەزم (ڕێکخستە) یەک لە بیرکردنەوەی چەمکمەند، سابجێکتی سیاسی کوردی نەهاتەتە بوون. بۆیە نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان تیۆر و کردە، هۆکاری گەورەی شکست و تواننەوە و داڕمانی ناسنامەی کوردە لە نێو شارستانیەتەکانی دیکەدا.[10] بەم هۆیەوە قادری پڕۆژەی خۆی وەکوو هەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی تێگەیشتنێکی فەلسەفی لە مێژوو یان مێژوویەتی کورد پێناسە دەکات و ئامانجی سابجێکتیڤی کارەکە نەک ساخکردنەوەی نەزمێکی ئەخلاقی بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد، بەڵکوو خۆ-ئاگایی کۆیی و ڕزگارکردنی ناسەربەخۆیی کردەیی کورد لە ئەوانیتر دەبینێت.[11]

 

ئایینی میترا، گرێبەست و زەردەشت وەک مافی خوایی

هاوشێوەی زۆربەی توێژنەوە و پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە مێژووی ئەندێشەی سیاسی[12] یان مێژووی ئایدیاکان، قادری سیمبوڵناسیی و ماناناسییەکی بێوێنە لە بواری مێژووناسیی شارستانیەتی کوردی (مادی) بە ئەنجام دەگەیێنێت. ئەو بۆ گەڕان بەشوێن وڵامی پرسیارە سەرەتاییەکە و جۆرێک لێکسازرانی[13] هزری کوردی، پێویستی بە یەکخستنی دوو ڕایەڵەی تیۆری و مێژووە؛ هەر بۆیە بنەمای سەرەتایی توێژینەوەکەی لەسەر ئەم گریمانەیە دادەڕێژێت کە عەقڵانیناونانی ڕەوتە مێژووییە ناسراوەکان خاوەن جۆرێک هاوەڵێتی لەگەڵ بەپەراوێزخستنی شتی ناعەقڵانییە.[14] مێژوو هەبوونی شتێکی بەرزەوەبووە بەرەو چەمک یان بیرکردنەوە؛ واتە مێژووی جیهانی، «ڕەوتی ئاگابوونە لە ئازادی.»[15] قادری ئەم ئاستە لە بوونی مێژوویی وەکوو بوونێکی مێتافیزیکی دەناسێت کە لە نێو بەشداری عەقڵ لە ئاستی یونیڤێرساڵدایە. بەڵام لە مێژووی کورددا بوونێکی نامێژوویی دەبینێتەوە؛ ئەو پێی وایە عەقڵی کوردی، عەقڵێکی نامێتافیزیکی و لە دەرەوەی مێژووە.[16] «مێژووی کورد ئێگزێستنس و بوونێکی واقعییە نەک بیرکردنەوە لێی.»[17] لەبەر ئاماژەی بە نەبوونی مێژووی نووسراو، مێژوویەک کە کورد تێیدا خاوەن گێڕانەوە بێت، قادری پێشنیاری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیاردەناسانە-هوسێرلی بۆ تەجربەی کوردی دەکات.[18] بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەو مێتۆدی لێکترازانسازیی گوتاری[19] بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنێت؛ چونکە لە سەرەتاوە مێژووی ئێرانی شارستانی یان دەسەڵاتی هەخامەنشی وەک دوژمنێکی یەزدانناسانەی شارستانیەتی مادی پێناسە دەکات و پێی وایە نەزمی ئێرانی، نەزمێکی نوێترە لە نەزمی کوردی؛ بە هەرشێوە لەبەر نەبوونی پێناسەیەکی فۆڕماڵ لە تەجربە و بوونی مێژوویی کورد، ئەو ناو و وشەی کورد وەک نادیارترین مانا پێناسە دەکات.[20]

لە درێژەی دەسخستنە سەر ئەم بۆشاییە تیۆریکە، قادری دەیهەێت لە ڕێگەی گەڕانەوەیەکی ئەندێشەیی و دیاردەیی بۆ مێژووی کورد، گشتێتیی گێڕانەوەی ئێرانی لەسەر مێژووی مادی و ئێرانی بخاتە ژێر پرسیارەوە و لەم ڕێگەوە چوارچێوەیەک بۆ دەستەبەرکردنی لێکسازراوێکی ئێپیستمۆلۆژیک (مەعریفەناسانە) بۆ بوونی مێژوویی کوردی بنیات بنێت یان یاریدەری ڕەوتێکی گەڕانەوەیی وەها بێت. بۆ قادری “میترا” چەمکێکی سەرەکییە لە دەسپێکەوە هەتا گشتێتی ئایدیای فۆرماڵی ئەو لە نەزم یان ڕێکخستەی کۆمەڵایەتی-مەعریفەناسانەی کورد. ئاماژە دەکات کە میترا ناواخنێکی تەواو دژیەکی لەگەڵ نەزمی زەردەشتی هەیە؛ میترا لە سەرەدمی پێش مادەکانەوە دەرخەری تێگەیشتنێک لە نەزمی کۆمەڵایەتییە وەک گرێبەستێکی بەشدارانە و ئازاد.[21] ئەو ڕیشەی ئەم تێئۆلۆژییە لە نێو فۆڕمی دەسەڵاتی مادیدا دەبینێتەوە؛ دەسەڵاتێک کە «ناوەندیبوونی هێز، زۆرداری و هیرارشی لەگەڵ گرێبەستی [ئازاد] ناکۆکە. و [ئێمە] جۆرێک سیستمی فێدڕاڵیزم، یەکێتی لە نێو فرەیی»[22] دەبینین. لە توێژینەوەی مێژووگرافیکی کتێبی یەکەمدا، قادری نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دێنێتەوە؛ بابلییەکان بە سەرکردەی ماد “بیل ئلی”دەڵێن.[23] کە واتای هیوپاتیس یان سەرۆکی نەتەوە (خەڵک) دەدات.[24] واتای سەرۆکی خەڵکان یان عەشایرێک نادات بەڵکوو سەرۆکی گشت سەرۆکە خەڵکییەکان لەخۆ دەگرێت. هیوپاتیس بە واتای “فرەیی پاشاکان” دێت.[25] قادری هەر لێرەدا ڕوونی دەکاتەوە کە فارسەکان دووای تێکدانی سیستمی مادی، چەمکی فرە، فرەیی پاشاکان (فرە ئێزە دی) کە بە واتای هیوپاتیس بووە، دەگۆڕن بەرەو “فرە ئێزەدی (فرّە ایزدی)” کە واتایەکی زەردەشتی خوایی بە خۆیەوە دەگرێت.[26] بە پێی ئەم گێڕانەوە نوێیە، نەزمی مادی-کوردی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و ئازادانە بووە کە دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەی هەڵبژاردن پەسەند کردووە.[27] لە حاڵێکدا واتای هەخامەنشی-زەردەشتی بۆ دەسەڵاتی سیاسی، ڕەزایەت و هەڵبژاردن لە لایەن خواوەیە.[28]

بەو شێوەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، قادری بناغەی ئەم دژیەکییە لەسەر جیاوازیی میترا و زەردەشت وەک دوو ئایینی کۆمەڵایەتی-سیاسی و دوو جیهانبینی مرۆیی پێناسە دەکات. ئەو ئێرانیبوونی میترا لە ڕێگەی سەرچاوەگەلێکی دەسنیشانکراوەوە ڕەد دەکاتەوە و بەڕوونی مادیبوونی میترا وەک ئایینێکی نائێرانی-نافارسی و لە دەرەوەی شارستانیەتی زەردەشتی دەسەلمێنێت[29] و ئایینی زەردەشت لە سەردەمی داریوش وەکوو پاڵنەر و دوژمنێک ناو دەبات کە تێکڕا زۆربەی پەرستگاکانی ئایینی میترا بە هۆیەوە لە ناو دەچن.

سەرەڕای ئەم وردەکارییە مێژوونووسانەیە کە لە توێژینەوەکانی قادری بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی چوارچێوەدار، وەکوو پرسێکی پەیوەندیدار بە مێژووی کورد و کێشەی سیاسی عەقڵی ناتیۆریکی کورد دادەڕێژرێت؛ واتای مەعریفە-یەزدانناسانەی میترا گرنگییەکی بەرچاو و بەشێوەیەک ڕێنمای جۆری بیرکردنەوەی قادری لە ئەستۆ دەگرێت. میترا لەم پێناسەدا جیا دەبێتەوە لە ئایین و جیهانبینییەک کە دەیهەوێت لە جەستەوە بەرەو یەزدان یان ڕۆح بەرز بێتەوە، هەروەها پەیوەندیی بە «هەتاهەتایی بوونی ڕۆح، ئاسمان و خۆرپەرستی وەکوو ئایینێکی سروشتییەوە نییە؛ بەڵکوو ئابستراکشێن [یان دەرهاوێشتەی] گرێبەستی کۆمەڵایەتی بووە.»[30] میترا چەمکێکی بێلایەنە و پەیوەندیی بە ڕۆشنایی یان خۆرەوە نییە. «لە میترای مادیدا نە واتای ئیلاهی [ئەهوورایی] و نە فەرمانی خودایی بوونی نییە، یاسای ئەخلاقی لە پێش گرێبەست جێی نەگرتووە.»[31]

بە پێچەوانەی ئەم تایبەتمەندییە سیمبوڵیک-ماناناسانە کە سەبارەت بە میترا وەکوو ئایین و جیهانبینییەکی مادی-کوردی باس دەکرێت، ئایین و جیهانبینیی زەردەشتی گریمانەگەلێکی ئەخلاقی و دەرە-گرێبەستی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ گوێڕایەلبوون و پابەندی بە شاهەنشا یان زەردەشت.[32] لە جیهانیبینی میتراییدا پەیمان و گرێبەست پێشەکییان بەسەر چاکە یان خراپەبوونی ناوەڕۆکی لایەنەکەدا هەیە؛ خودی پەیمان و خۆبەستەیی لە نێوان دوولایەنەکەیە کە وەک فەزیلەت و باڵایی گرنگایەتی هەیە؛ لایەن هەرکەس و هەر دین و خەڵکێک بێت. قادری ئاماژە دەکات کە بەپێچەوانەی زەردەشت کە جیهانبینییەکی دوواڵیستی (دوولایەنخوازانە)، واتە ئەهوورایی/ئەهریمەنی [خودایی/شەیتانی] هەیە، میترا خودی ئازادی و ڕەزامەندیی دوولایەنە بە خاڵی باڵا دادەنێت.[33] ڕەزامەندی-ئازادی ڕیشەی چاکەن و زۆرەملی و ناڕەزایەتی ڕیشەی خراپەن. قادری لە وتارێکی دیکەیدا[34] دوواڵیزمی [دووانەخوازی] خێر و شەڕ یان پیرۆز و ناپیرۆز بە ئایینی زەردەشت گرێ دەداتەوە و تیشکێک مەعریفە-یەزدانناسانە دەخاتە سەر ماناکانی نێو جیهانبینیی زەردەشت. ئەو بنیاتی ئەم جیهانبینییە وەک بناغەداڕێژەری عەقڵی سیاسیی ئێرانی دەبینێت کە چەمک و واتاکانی پەیوەندیدار بە خراپە/شەڕ/ناپیرۆز/تاریکی/ئەهریمەنی بەو تێگەیشتنەوەوە گرێدەدات کە هەرشتێک لە دەرەوەی ئەم بوون و جیهانبینییە زەردەشتییە -پابەندیی خوایی بە نەزم- نائێرانی دەبینێت. قادری جیهانی پێش هەردابەشکردنێک بەسەر خێر و شەڕدا، بە جیهانێکی سەرەتاییتر و پەتیتر دەبینێت و لەو باوەڕەدایە کە دابەشکردنی مەعریفە-یەزدانناسانە لە دووای هاتنی نەزمی دووایینە بەسەر نەزمی یەکەمین؛ بەم هۆیەوە ئایینی زەردەشت کە ڕەدکەرەوەی هەرجۆرە خراپە و تاریکییە کە وەکوو ڕەدکەرەوەی میترا یان جیهانبینیی مادی بنیاتنراوە کە لە پێش و لە دەرەوەی دوواڵیزمدا خاوەنی نەزم بووە. بەیارمەتی خوێندنەوەیەکی نیچەیی لەم وتارەدا قادری ئیدعای ئەوە دەکات کە ئایینی زەدەشتی لەبەر مانەوەی تایبەتمەندییە دوواڵیستییەکەی، جۆرێک نەلێکردنی ژیان، دووربوونەوە لە دیاردە و تەجربەی تێدایە، هەر بۆیە زەردەشت بانگەشەی جیهانێکی هیرارشیک و پابەندیی خوایی بە فەرمانڕەوا (پاشا) و تێگەیشتنێکی ئاپۆلۆنی دەکات.[35] بە پێچەوانەوە، ڕیشەی جۆرێک “جیهانویستن” و “تەجربەی دیاردەیی” و “زیندوو” لە نەریتی میترایی-مادیدا دەبینێتەوە. ئەو سیمبوڵی مار و سەربڕینی گا بە دەست میترا -کە لە گاتاکانی زەردەشت وەکوو کردەی شەیتانی پێناسە دەکرێت- بە جیهانی پێش دوواڵیزمی میترایی دەناسێنێت کە تێیدا چاکە و خراپە مژاری دەرەوەی خودی پەیمانی دوولایەنەن.[36]

لە درێژەی ئەم باسەدا نووسەر لە کتێبی دووەمی خۆیدا[37] ڕوونی دەکاتەوە کە بە پێی خودی دەقی ئەڤێستا، زەردەشت بۆ کۆتاییهێنان بە سەربڕینی گا و سەرمەستی لە نێو ئەشکەوتە تاریکەکاندا سەرهەڵدەدات و لە سەرەتاوە بۆ دژایەتیکردنی تاریکی و مار، ئەو ڕۆشنایی و گا دەکاتە سیمبوڵی خۆی.[38] بە پێی ئەم گێڕانەوە مێژووگرافیکە، زەردەشت بە دابەشکردنی جیهان بەسەر خێڕ و شەڕ یان ڕۆشنایی و تاریکی، پرسی سیاسی دەکاتە شەڕێکی هەتاهەتایی لە نێوان ڕۆشنایی و تاریکیدا کە کۆتاییەکەی بە سەرکەوتنی شاکانی پارس بەسەر ماددا بەئەنجام دەگات.[39]

 

میترا وەک جیهانێکی دیاردەیی[40]

قادری لە کتێبی “گەڕانەوەی خوددا” مژارە سەرەتاییەکانی پەیوەندیدار بە توێژینەوە مێژووییەکانی سەبارەت بە جیهانی میترایی-کوردی دەباتە ئاستی تێزگەلێکی مێتافیزیکی، هەروەها شێوازێک لە پێکبەندی چەمکمەند[41] لەم قۆناخەدا دەردەکەوێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی سەرەکیی قادری لە درێژەی پڕۆژەکانیدا. واتە دەستەبەرکردنی هێڵە جەوهەرییەکانی بوونی مێژووییی کورد لە ئاستی خوێندنەوەیەکی بوونناسانەدا.

میترا هێمای گەڕانەوەی شتی ئیلاهی و یەزدانی بۆ نێو جیهان و دیاردەییبوونەوەی مانایە.[42] «…[ڕەوتی] مێژوو دووری و گەڕانەوەی خوددایە بۆ سەر زەوی کە لە نێو ئایینی مەسیح و دەربڕینی فەلسەفییانەی ئەم دینە لە نێو هێگڵدا مەیسەر بووە.»[43] ئەو ئاماژە بە دابەشکردنی مێژوویی قۆناخ و ئاستەکانی ئازادیی مرۆڤ لە لای هێگڵ دەکات. ئەم ئاماژەیە پەیوەستە بە وانەکانی هێگڵ سەبارەت بە فەلسەفەی مێژووی جیهان.[44] لەم دابەشکارییەدا «جیهانی خۆرهەڵات وەها جیهانێکە کە تێیدا یەک کەس [سوڵتان، پاشا] ئازادە، لە یۆناندا هەندێک کەس و لە جیهانی ئاڵمانی-مەسیحیدا هەمووان ئازادن.»[45] قادری تێزێکی زۆر گشتگیر سەبارەت بەم زەویبوونەوە یان دیاردەییبوونەوەی چەمکی خودا یان یەزدان دەخاتەڕوو. لە سۆنگەی ئەوەوە ڕۆح یان جیهانبینیی میترایی بەرەو تێگەیشتنێک لە گرێبەست و دەستەبەرکردنی بەختیاریی مرۆڤ بەرەو دەوڵەتی مۆدێرن بەرزەوە دەبێت (transcended). ئەم مانایە لە پەیمان کە پێش چاکە و خراپە جۆرێک ڕەزامەندیی سەروو تاکەکان -بەڵام لەسەر بنیاتی ئاگایی تاک ئامادە دەکات- خۆی لە نێو گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ڕووسۆدا دەردەخات کە یەکسانی و ڕەزامەندی لە جێی نەزمی ئولیگارشی و ڕەوایی خوایی دادەنێت.[46] ڕوونە کە مەبەست بەشداربوون یان نەبوونی کورد لە پڕۆسەی خۆ-ئاگاییی فەلسەفیی خۆرئاوادا نییە، بەڵکوو مەبەستی قادری خوێندنەوەیەکی دیاردەییە بۆ جیهانە جیاوازەکان کە بە پێی سیستم و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆیان لە ڕەوتی مێژوودا گەشەیان کردووە. بە واتایەکی هێگڵی، لە ئاستی عەقڵێکی جیهانی (یونیڤێرساڵ)دا دیسانەوە دەرفەتی دەرکەوتنی ئابجێکتیڤیان لە نێو جومگەبەندیی چەمکیی دەوڵەتدا وەک “سابجێتکتیڤیتە” پەیدا کردووە.[47]

پێش ئەم دەرکەوتنە دووایینەی جیهانی میترایی، قادری بۆ ڕەدکردنەوەی فۆڕماسیۆنە هەمیشەییەکەی “مێژوونووسیی لە ئێراندا”، قۆناخە ئیسلامییەکانی مێژووی ئێران لە ڕێگەی مێتۆدی لێکترازانسازی گوتاری بە یەک شێوە وەرناگرێت؛ بەڵکوو ئەو “ئیسلامی شەرعخواز”ـی کەسانێک وەکوو غەزالی بەدرێژەوەبووی جیهانی زەردەشتی دەبینێت کە هەوڵی کۆکردنەوەی پرسی دیاردەیی و زەمینی دەدەن بۆ یەکێتییەکی خۆبەستە بە خودا.[48] هەر بۆیە لە ڕوانینی نووسەرەوە، ئەم شەرعخوازییە دۆگماتیکە قوتابخانەی عەقڵخوازی دەخاتە پەراوێزەوە و دەرەنجامی دەبێتە بەکافرزانینی “ئیبنە سینا”، “حەلاج” و “سۆرەوەردی” کە لە دەرەوەی چوارچێوەی جیهانی زەردەشتی-ئیسلامیدا پۆلێن دەکرێن.[49]

سەرەڕای نموونە مێژووییەکان کە قادری دەیهەوێت لە ڕێگەیانەوە گوتار و گێڕانەوەی یەکدەست لە جیهانی زەردەشتی-ئیسلامی ڕەد بکاتەوە، کە وەک قوتابخانەیەکی فیکری ئێرانیی لای توێژەرانێک وەک هێنری کۆربن[50] پۆلێن کرابوو. کۆربن وەک پسپۆڕی مێژووی فیکری و ئایینیی ئێران، توێژینەوەگەلێکی بەرچاوی لەسەر فیلسووفانی ئیسلامی و بە تایبەت سۆرەوەردی کردبوو.[51] ئەو لە کتێبی سوفیزمی ئێرانیدا سەرەڕای پۆلێنکردنی فەلسەفەی ئیسلامی لە ئێران، لە بەشی سێ و چواردا هەوڵ دەدات ڕیشەی تێرمینۆلۆژیکی فەلسەفەی “نوور” یان “ئەشراقی” سۆرەوەردی لەگەڵ جیهانبینی کەوناریی زەردەشتی گرێ بداتەوە و وەکوو ئەندێشەی سوفیزمی ئێرانی پێناسەی بکات. قادری ئاوا هەوڵێک بە مەبەستی سیاسی تۆمەتبار دەکات و پڕۆژەی فیکری کۆربن بە زانینی-سایکسپیکۆیی ناو دەبات. قادری بۆ ئیدعاکەی هۆکارگەلێکی بێ ڕوونکردنەوەی ورد دەخاتە بەر باس؛ بۆ نموونە ئەندێشەی سۆرەوەردی لە دەرەوەی جۆرە جیهانبینییەکی مەعریفەناسانەی دوواڵیستی پێناسە دەکات.[52] خێرایی و ناڕوونیی پێناسەکانی قادری سەبارەت بە سۆرەوەردی و ئیدعای دژیەکی فەلسەفەی ئەشراق لەگەڵ سوفیزمی ئێرانی، دەتوانێت یەکێک لە کێشەلەسەرترین پرۆژەکان بۆ توێژینەوەی فەلسفی بەدیبهێنێت و ڕاڤەکان لەسەر ئەم ڕایەڵە کە لە بواری فەلسەفە و مێژووی ئایدیاکان  پۆلێن دەکرێن، دەرگایەکی نوێ ڕوو بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کاری توێژەرانێک بۆ نموونە هێنری کۆربن و جەواد تەباتەبایی درووست بکات. هەرچەن لە دەرەنجامدا قادری پێی وایە فۆڕمی جیهانی میترایی بەردەوام لە مێژوودا گۆڕاوە: بەرەو تەسەوفی ئیسلامی، دەرکەوتنی لە نێو فەلسەفە، شۆڕشەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەت[53] و وێنای عەینییەکەی لە چەمکی هەڵپەڕکێ لە واتای خوددا کە کۆبوونەوەی ئازادانەی خودەکانە.[54]

 

دەرەنجام: کورد کڕۆڵ یان کرمۆڵ؟

هەر ئەو جۆرەی کە سەبارەت بە پێشەکیی “کتێبی عەقڵی سیاسیی ئێران و ناسنامەخوازیی کورد” ڕوون کرایەوە، قادری بەردەوام ئاماژە بە بوونێکی پەتیی بیرلێنەکراوە دەکات، کە لەبەر نەهاتنە ئاستی چەمک و پێناسەی چەمکی-قوتابخانەیی، جۆرێک لە داڕمانی بە خۆیەوە بینیوە و شکستە سیاسییەکانی بزووتنەوە کوردییەکانیش لای ئەو دەرخەری خووگرتن بە تراژێدیا و ناسەربەخۆیی تیۆریک و کردەییە. قادری بە خوێندنەوەی مەم و زینی خانی دەیهەوێت باس لە دوو هێڵی دووپاتەوەبوو لە جیهانی کوردیدا بکات:[55] چەمکی کڕۆڵ و کرمۆڵ. «خانی هۆکاری چەرمەسەریی کورد هەم بۆ بەخت و هەم بۆ نەبوونی یەکێتیی ناوخۆیی دەگەڕێنێتەوە، من بەخت بۆ هۆکاری دەرەوەیی واتە چەمکی کڕۆڵ دەگەڕێنمەوە… کاراکتەری مەم سەرەتا بە بۆنەی هۆکاری دەرەوەییەوە کڕۆڵ دەبێت و بەبۆنەی بەردەوامبوونی ئەمەوە، کرمۆڵبوون [داڕمان لە ناوخۆدا] ڕوو دەدات و کۆکنەبوونی بەختی دەرەوەیی لەگەڵ زین ناوخۆیی دەبێتەوە… [کڕۆڵبوونی سەرەتایی] نەویستنی دەروونی-ناوخۆیی لێ دەکوێتەوە.» قادری لە ڕاڤەی هێرمێنیۆتیکی بەرهەمەکەی خانییەوە دەیهەوێت پێشەکایەتیی کرمۆڵبوون و داڕمانی ناوخۆیی بەسەر کڕۆڵبووندا پێشان بدات؛ کە هێڵی بەرهەستبوونەوەی[56] لە نەبوونی بەردەوامییەکی عەقڵانی و نوێخوازانە لە نێو بزووتنەوە سیاسی و کەلتوورییەکاندا دەبینێت. بە وتەیەکی دیکە جیهانبینییەکی دەروونیکراو (هزری) وەک “ئەندێشەی سۆرەوەردی”، تێگەیشتن لە “یەکەی ناسنامەیی” لای خانی و “ڕەخنەی مۆدێرنی” حاجی قادری کۆیی لە نەریتی کوردی-خانەقایی، پرسی سیاسی لە هەلومەرجی مۆدێرنیتەدا، بە جێی عەقڵانیبوونەوە، جۆرێک جووڵە دەکات بۆ گەڕانەوە بەرەو سوفیزم و تەریقەت کە نوێنەرەکانی بە عەشیرە و حزبی کوردی ناو دەبات.[57] «… [بە بۆنەی] سیاسیبوونەوەی ئەم زەینییەتە لەگەڵ شێخایەتی و بزووتنەوەی حزبی، ئێمە لەگەڵ مەمگەلێکی[58] مۆدێرنی فکری و سیاسیدا ڕووبەڕووین کە تێڕوانینێکی ئەخلاقی و تاکییان بۆ سیاسەت هەیە کە بە گۆڕینی تاکەکان، هیوای جیهانێکی باشتر دەخوازن و کۆ-چەمکەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەت وەکوو تۆمەتی ئەخلاقی پێناسە دەکەن.»[59] بەرزەوەنەبوونی جیهانبینیی کوردی-میترایی بەرەو فۆڕماسیۆنێکی عەقڵانی لە سەردەمی مۆدێرندا، بۆ قادری “ئاستەنگێکی بیرلێنەکراوە”یە ڕوو بە نەریت و مۆدێرنیتە لە پرسی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوەی ناسنامە و بوونی نەتەوەیی کورد.[60] بۆ نووسەر ئەم ئاستەنگە ڕووی خۆی دیسان لە نەبوونی پەیوەندیی نێوان تیۆر و کردە و دوورەپەراوێزی لە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەردەخات. دابڕانی زەین و عەین، کەلتوور لە سیاسەت و پەرەسەندنی تێگەیشتنی فۆلکلۆر و ئێتنیکی لە بوونی کورد، لای قادری پێشاندەری داشکان و بچووککردنەوەی چەمکی خوددا (مانای دیاردەیی-زەمینی) بەرەو تێگەیشتنێکی سۆفییانەیە لە سیاسەت.[61]

_________________________

بەشی “لێدوانی تیۆریک”ـی ئەستێڵ

_________________________

 

پەراوێز:

[1] Afary, Janet (1996). The Iranian Constitutional Revolution, 1906-1911: Grassroots Democracy, Social Democracy, & the Origins of Feminism. Columbia University Press.

(pp. 21-43).

[2]  Keddie, N. R. (1969). Iranian Politics 1900-1905: Background to Revolution. Middle Eastern Studies, 5(1), 3–31.

[3]  Malayeri, S. E. (2016). Iranian Enlightenment and Literary Self-consciousness: A Discussion about Modernity and Philosophy of Literature with Regards to the Works of Mirza Fatali Akhundzade. In A. M. Ansari (Ed.), Iran’s Constitutional Revolution of 1906 and Narratives of the Enlightenment (pp. 129–148).

[4] Tavakoli‐Targhi M. Refashioning Iran: Language and Culture During the Constitutional Revolution. Iranian Studies. 1990;23(1-4):77-101. doi:10.1080/00210869008701750

[5]   بۆ نموونە:

  • Corbin, Henry (1972). For the Concept of Irano-Islamic Philosophy. Philosophical Forum 4 (1):114.
  • Homa (2009). The Persians: Ancient, Mediaeval and Modern Iran. Yale University Press.
  • Tabatabai, Javad (2015). History of Political Thought in Iran. Tehran: Minooye Kherad Publication (IPIS Publishing, 1988).
  • Tabatabai, Javad (2017). Decline of Political Thought in Iran. Tehran: Minooye Kherad Publication (Kavir Publishing, 1994).

[6]   Epistemic-theological

[7]  Qaderi, Heresh (2016). Aghle siyasye Irani va huviyat talabye Kurdha. Sweden: Arzan Publication (Final Edition 2018) pp.16.

[8]   pp. 16.

[9]   pp.17.

[10]   pp.18

[11]   ibid.

[12]   History of political thoughts.

[13]  Construction.

[14]   pp. 51.

[15] Brown, Robert F. (ed.) (2009). Hegel: Lectures on the History of Philosophy 1825-6: Volume I: Introduction and Oriental Philosophy. Oxford University Press. pp.154.

[16]   pp. 51.

[17]   Ibid.

[18]   pp. 52-53.

[19]   Deconstruction of discourse.

[20]   pp. 52.

[21]   pp. 57.

[22]   pp. 129.

[23]   pp. 130.

[24]   Ibid.

[25]   Ibid.

[26]   Ibid.

[27]   pp.134.

[28]   قادری بە پێی نووسراوەی کێستیاس، مێژوونووسی یۆنانی، گێرانەوەیەکی نەبینراو و کەمترئاشنا لە هۆکارەکانی هێرشی پارسەکان بۆ پاشایەتی ماد دەخاتەڕوو.

[29]   pp. 139.

سیمبوڵی میترا مار و دووپشکە، بە پێچەوانەی “پیرۆزبوونی گا” لە تۆتێمۆلۆژی زەردەشتی، وێنەی میترا لەسەر بەردنووسراوەکان ڕوونی دەکاتەوە کە میترا گا سەردەبڕێت. بە پێچەوانە لە بەردنووسەکانی سەردەمی دەسەڵاتی هەخامەنشی، گاکان مار لە ژێر پێیان دەکوژن.

[30]   pp. 142.

[31]   pp.143.

[32]   pp. 144.

[33]   Ibid.

[34]   https://www.radiozamaneh.com/222735/

[35]   چونکە نیچە لە دەرەنجامی کتێبەکەی لەسەر زەردەشت، دەیهەوێت وەک ڕەخنەیەکی دیۆنۆسیسی مانەوەی دوواڵیزم و ڕۆحی دەرە-جیهان لە زەردەشتدا دەربخات.

[36]   pp. 147.

[37]   Qaderi (2022)

“صورت معقول و شورشیان نامعقول، از هبوط خوددا به پردیس و صعود بشر به فردوس تا مرگ خدا و بازگشت خوددا”. لە درێژەدا ئەم توێژینەوەدا کتێبی دووەم بە ناوی “گەڕانەوەی خوددا” ناو دەبرێت.

[38]   Qaderi (2022), pp. 28.

[39]   pp. 28.

[40]   Phenomenal.

[41]   Conceptual.

[42]   لێرەدا دەمهەوێت ئاماژە بە لاپەڕەکانی 243 و 246 لە وانەکانی فەلسەفەی مێژووی جیهانی هێگڵ (بەرگی یەکەم) ئاماژە بکەم کە هێگڵ ئاستی تێئۆلۆژی میترایی لە سەرەوەی ئەخلاق پێناسە دەکات و دەڵێت «میترا دەردەکەوێت وەک سەرۆک [و زاڵ] بەسەر ڕەهەندی ناوەکی و دەرەکی لە بوونی مرۆییدا.»

Hegel: Lectures on the History of Philosophy 1825-6: Volume I: Oxford University Press. pp. 246.

[43]   pp. 38.

[44]   Hegel: Lectures on the History of Philosophy 1825-6: Volume I. Also pp. 450-9.

[45]   pp. 38.

[46]   pp. 38.

[47] Hegel; Knox, T. M. & Sibree, J. (2015). The Philosophy of Right. Chicago: Hackett Publishing. § 258.

[48]   pp. 62.

[49]   pp. 63.

قادری هەر لەم لاپەڕەدا هۆکاری ناونانی کورد بە جنۆکە، شەیتان و تێکدەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێکخستنی سیاسی خەلافەتی عەباسی-تاهیری و کەلتووری شەریعەتخوازانەی کەسانێک وەکوو غەزالی کە لە ئاستی تێئۆکراتەکانی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕۆڵیان هەبوو.

[50] Corbin, Henry & Pearson, Nancy (1982). Spiritual Body and Celestial Earth: From Mazdean Iran to Shî’ite Iran. Religious Studies 18 (2):233-236.

[51]  Corbin, Henry )1971). The Man of Light in Iranian Sufism.

[52]   pp. 82.

[53]   نووسەر گۆڕینی جیهانی زەمینیی میترایی بەرەو تەسەوفی مەولانا خالید و ئیسلامی نائێتنیکی سەعید نەورسی لە نموونەکانی دیکە بە هەژمار دەهێنێت.

[54]   pp. 47.

[55]   pp.131.

[56]   Objectivize.

[57]   pp.138.

[58] ئاماژەی دووبارە بە کاراکتەری مەم لە بەرهەمی مەم و زینی خانیدا.

[59]   pp. 146.

[60]   pp. 138.

لەم بەشە و لاپەڕەکانی پێشوودا قادری ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییە لەگەڵ ڕاڤەی دیاردەناسانەی شیعر و ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی هاوهەمبەر دەکات و دەیهەوێت لە سەرووی تێزی ئابستراکت، سەبارەت بە قۆناخبەندییە گوتارییەکانی مێژووی ئەم سەردەمە بە شێوەیەکی هێرمێنیۆتیکیش ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دابڕانی زەین و عەین لە ڕەوەنی ئەدەبی کوردیدا بخاتەڕوو. بەڵام ئەم ڕاڤەیە لە پۆلێنەکانی ڕاڤەی ئەدەبیدا جێگە ناگرێت، من ئەمە بە پڕاکتیسی خوێندنەوەیەکی دیاردەیی و مێتا-مێتافیزکی (meta-metaphysical) لە شیعری کوردی ناو دەبەم.

[61]   pp.237.

 

سەرچاوە:

– Afary, Janet (1996). The Iranian Constitutional Revolution, 1906-1911: Grassroots Democracy, Social Democracy, & the Origins of Feminism. Columbia University Press. (pp. 21-43).
– Brown, Robert F. (ed.) (2009). Hegel: Lectures on the History of Philosophy 1825-6: Volume I: Introduction and Oriental Philosophy. Oxford University Press.
– Corbin, Henry & Pearson, Nancy (1982). Spiritual Body and Celestial Earth: From Mazdean Iran to Shî’ite Iran. Religious Studies 18 (2):233-236.
– Corbin, Henry (1972). For the Concept of Irano-Islamic Philosophy. Philosophical Forum 4 (1):114.
– Corbin, Henry )1971). The Man of Light in Iranian Sufism.
– Hegel: Lectures on the History of Philosophy 1825-6: Volume I: Oxford University Press.
– Hegel; Knox, T. M. & Sibree, J. (2015). The Philosophy of Right. Chicago: Hackett Publishing.
– Katouzian. Homa (2009). The Persians: Ancient, Mediaeval and Modern Iran. Yale University Press.
– Keddie, N. R. (1969). Iranian Politics 1900-1905: Background to Revolution. Middle Eastern Studies, 5(1), 3–31.
– Malayeri, S. E. (2016). Iranian Enlightenment and Literary Self-consciousness: A Discussion about Modernity and Philosophy of Literature with Regards to the Works of Mirza Fatali Akhundzade. In A. M. Ansari (Ed.), Iran’s Constitutional Revolution of 1906 and Narratives of the Enlightenment (pp. 129–148).
– Qaderi, Heresh (2016). Aghle siyasiye Irani va huviyat talabyie Kurdha. Sweden: Arzan Publication (Final Edition 2018).
– Qaderi, Heresh (2022). Bazgeshty Xudda.
– Tabatabai, Javad (2015). History of Political Thought in Iran. Tehran: Minooye Kherad Publication (IPIS Publishing, 1988).
– Tabatabai, Javad (2017). Decline of Political Thought in Iran. Tehran: Minooye Kherad Publication (Kavir Publishing, 1994).
– Tavakoli‐Targhi M. Refashioning Iran: Language and Culture During the Constitutional Revolution. Iranian Studies. 1990;23(1-4):77-101. doi:10.1080/00210869008701750

سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌ر

سه‌رنجێك بنووسه‌